با بەرهەم ساڵح ئەمە بخوێنێتەوە
Sunday, 27/07/2014, 12:00
2204 بینراوە
کاتێک نەوشیروان مستەفا نامەکەی بۆ جەلال تاڵەبانی نووسی لەسەر پڕۆسەی چاکسازی لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا کۆسرەت ڕەسوڵ و زۆرینەی کادرە سەربازیەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی ئیمزایان لەسەر نامەکە کرد ، تەنانەت شێخ جەعفەری مەکتەب سیاسی ئێستای یەکێتی ووتبووی گەر ئێوە ڕازی بن دەچمە قەڵاچوالان و تاڵەبانیتان بەدیلی بۆ دەهێنم هێندەی نەبرد زۆرینەیان پەژیوان بوونەوە و لەسەر ئەساسی ئەو نامەیە پۆستی زل زل و پارەو پولی باشیان بەدەست هێنا و پاشتر بوونە سەرسەخترین نەیاری نەوشیروان مستەفا ، هەر هەمان شێخ جەعفەر لە ڕاپەڕینی خەڵک لە ١٧ ی شوباتدا کاتێک بە تانک و تۆپ هەڵی کوتایە سەر مەکۆی سەرەکی بزووتنەی گۆڕان لە گردەکە بە مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی ووتبوو من گردەکە دەگرم و نەوشیروان مسەتەفا دەکوژم و هەموو بەرپرسیارەتیەکەش بخەنە ملی من گەر لە دادگای لاهای هۆڵەنداش داداگایی بکرێم. کاتێک نەوشیروان مستەفا تەیاری ڕیفۆرمی دروست کرد لەناو یەکێتیدا بەهەمان شێوە کەسانێک هەلپەرستانە لەگەڵیدا بوون و هەر زوو ئەمانەش بە پێدانی بڕێک پارە و مەسئولیەت پشتیان لە نەوشیروان مستەفا کردو گەڕانەوە ناو هێلانە کۆنەکەی خۆیان ، کاتیک (ڕەگ) خۆی ئیعلان کرد بە هەمان شێوە کەسانێکی هەلپەرست کە پێشتر بەداوی موچەو خانەنشینەوە بوون و بۆیان نەکرابوو بوونە ڕەگ و پاشانیش بە پێدانی ئەوەی مەحرومکرابوون لێی پاشەکشەیان کردو چوونەوە قاوغەکەی جارانی خۆیان ، لەگەڵ درووستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانیش هەمان پرۆسەمان بینی و تەنانەت هاوڕێ نزیکەکانی نەوشیروان مستەفا لەنموونەی سالار عەزیزو عوسمان بانی مارانی هەمان دیاردەیان دووبارە کردەوەو بوونەوە بەو کەسایەتیەی پێش هاتنیان بۆ ناو گۆران هەیان بوو.
ئێستا دکتۆر بەرهەم وەک ئەوەی بینیمان لەسەر دەستی باڵی زاڵی ناو یەکێتی و بە فەرمانی ئێران پۆستی سەرەک کۆماری لێ مەحروم کرا ، ئیتر لەمەودوا کۆمەڵێک بەناوی پێشمەرگەی دێرین گروپێکی تریش بەناوی پێشمەرگەی کەم ئەندامانی ناو سەنگەر ، جەماعەتێکی تریش بەناوی ڕێکخستنی دێرین و کادری پێشکەوتو و نوسەرو چاودێری سیاسی پشتیوانی لە دکتۆر بەرهەم دەکەن تا ئەوکاتەی داواکاریەکانیان لەلایەن باڵی زاڵی ناو یەکێتیەوە بۆ فەراهم دەکرێت پاشان هەر ئەمانە دەهێنرێن و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یەکێتیەوە تۆمەتی خیانەت و ترازانی یەکێتی و هۆکاری لەتکردنی یەکێتی ناو یەکێتی دەنێن بە ناوچەوانی دکتۆر بەرهەم ساڵحەوە .
ڕزگار ساڵح
بەریتانیا
٢٧-٧-٢٠١٤