کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌نێوان شلبوون و داته‌پین و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌دا، نه‌وشیروان مسته‌فا، هه‌ڵه‌ناکات. (به‌شی سێیه‌م)

Friday, 15/04/2011, 12:00








نه‌وشیروان مسته‌فا، به‌وردی ئه‌جنداکانی له‌گه‌ڵ دۆخ و که‌شی سیاسی ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانیدا تاوتوێ ده‌کات. به‌پێی گۆڕانکاریه‌کان له‌ژیان و بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکدا ده‌یگونجێنێت و به‌خواسته‌کانی خه‌ڵك زاخاوی ده‌دات. هه‌ربۆیه‌، ئه‌و، هه‌ڵه‌ناکات.

ئه‌و، ده‌زانێت که‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ کورده‌کان، له‌ئاستی خواست و داواکاریه‌کانی خه‌ڵکدا نین و ناشتوانن پێ به‌پێی هۆشیاری خه‌ڵك و ئاگاییان هه‌نگاوبنێن. وێڕای ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێگه‌ی حیزبایه‌تییه‌وه‌ له‌ڕابردودا، ئاگاداری ته‌واوی نهێنیه‌کانه‌ و شاره‌زاشه‌‌ له‌بواری داتاشینی وشه‌ و پێناسه‌کردنی دۆخه‌کاندا.

نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌یه‌که‌م به‌یاننامه‌یدا له‌ڕێگای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌، ته‌نها (3) مانگی دایه‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردی و وا خه‌ریکه‌ نیوه‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت. هه‌ڵبه‌ته‌، ئه‌م ماوه‌یه‌ پێدانی فرسه‌تێکی باشه‌ بۆ داته‌پینی ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می حیزبایه‌تی له‌کوردستاندا، به‌ڵام خاڵی کۆتایی نییه‌ و لوتکه‌ هێشتا چه‌ند فرسه‌خێکی ماوه‌. بۆیه‌، تاکو هه‌نوکه‌، جوڵانه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ سیاسییه‌که‌ی خه‌ڵك، نه‌یتوانیوه‌ به‌ته‌واوی چۆك به‌ ده‌سه‌ڵات دابدات. ئه‌مه‌ش هۆکارێکی گره‌نتیبوونی له‌پشته‌وه‌یه‌ که‌ کاروانه‌که‌ هێشتا نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ جێ.

لێره‌دا، با سه‌رکرده‌کان له‌دیدێکی دییه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فادا شرۆڤه‌ بکه‌ین.

جه‌لال تاڵه‌بانی، سکرتێری یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و سه‌رۆکی هه‌نوکه‌یی کۆماری عێراق، له‌دوو کاری جیاواز به‌یه‌کترییه‌وه‌ گیری خواردووه‌ و ده‌ستی ناچێته‌ پاڵپێوه‌نانی یه‌کێکیان و سوککردنی ئه‌رکه‌کانی سه‌رشانی. له‌ دۆخێکی دوفاقه‌ییدا سیاسه‌ت ده‌کات. جارێك سه‌رۆکی هه‌موو عێراقه‌ به‌بێ جیاوازی و جارێکیش سکرتێری یه‌کێتییه‌ که‌داوای مافه‌کانی کورد ده‌کات. خه‌ڵك، بینینی تاڵه‌بانی بۆ ده‌سته‌به‌ر ناکرێت و ده‌بێت پێشتر له‌ڕێگایه‌کی تایبه‌ت به‌خۆیه‌وه‌، ئه‌و مافه‌ فه‌راهه‌م بکات. به‌و مانایه‌ی خه‌ڵك به‌زه‌حمه‌ت ده‌توانێت روبه‌ڕو ده‌ستی پێ بگات.

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سه‌رۆکی هه‌نوکه‌یی هه‌رێمی کوردستانه‌. له‌دوو کاری جیاواز به‌یه‌کتریدا، سه‌رقاڵه‌ و هه‌ردوکی له‌ ئه‌جنده‌یه‌کدا به‌یه‌که‌وه‌ گرێداوه‌. مه‌گه‌ر ده‌کرێت و له‌ده‌ستی دێت که‌ وه‌کو سه‌رۆکێك، جیاوازی نه‌کات له‌نێوان حیزبه‌که‌ی خۆی و حیزبێکی تردا؟. هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌ڵامه‌که‌مان نه‌خێره‌. ئه‌و، له‌پێش هه‌موو شتێکدا، ئه‌جندا و سیاسه‌تی حیزبه‌که‌ی په‌یڕه‌و ده‌کات و کار بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ئه‌ندام و لایه‌نگر و ده‌سه‌ڵاتی فراوانتری حیزبه‌که‌ی ده‌کات. خه‌ڵك، نه‌ك هه‌ر به‌زه‌حمه‌ت ناتوانێت بارزانی ببینێت، به‌ڵکو پێویسته‌ له‌ڕێگایه‌کی زۆر ناڕه‌حه‌ته‌وه‌ که‌له‌خۆی زه‌حمه‌تتره‌ ده‌ستی پێ ڕابگات. ئه‌گه‌ر بڵێم خه‌ڵك هه‌ر ناتوانن بیبینن، هه‌رگیز هه‌ڵه‌م نه‌کردووه‌، مه‌گه‌ر که‌سه‌ نزیکه‌کانی یان خزمه‌کانی، یان ئه‌ندامه‌ پایه‌به‌رزه‌کانی حیزب و حکومه‌ت ده‌توانن ئه‌و مافه‌، بۆ خۆیان فه‌راهه‌م بکه‌ن.

نه‌وشیروان مسته‌فا، ڕێبه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌ و هیچ ئه‌رکێکی تری له‌سه‌ر شان نییه‌. ته‌نانه‌ت به‌ڕێوه‌به‌رێتی کۆمپانیای وشه‌ی به‌ (بابه‌کر دڕه‌یی) به‌خشیوه‌ و خۆی ته‌نها و ته‌نها ته‌رخان کردووه‌ بۆ گۆڕانکاری له‌ سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردندا. خه‌ڵك، له‌گه‌وره‌ و بچوکه‌وه‌ له‌ته‌واوی دنیاوه‌، هه‌ر کاتێك بیانه‌وێت ده‌توانن سه‌ردانی بکه‌ن و ڕوبه‌ڕو بیبینن. ئه‌مه‌ش ئاسانترین کاره‌ که‌خه‌ڵك ده‌ستیان پێڕابگات و مافی ئه‌وه‌یان پێبڕاوه‌.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، فره‌دید و بۆچون و لایه‌نه‌. تاکو ئێستا حیزب نییه‌ و هیچ ڕایه‌ڵه‌یه‌کی سه‌پێنراوی نه‌کردۆته‌ به‌ری جه‌ماوه‌ره‌که‌ی. خه‌ڵك، چی به‌بیرکردنه‌وه‌یاندا بێت بۆ خۆشگوزه‌رانییان و ژیانێکی باشتر، له‌ناو ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌دا ده‌یکه‌نه‌ ستراتیژ. ئه‌رکه‌کان، خه‌ڵك خۆی ده‌ستنیشانی ده‌کات و هه‌وڵی بۆ ده‌دات. وێرای ئه‌مانه‌ش، که‌لتورێکی نوێی هێنایه‌ ناو بواری حیزبایه‌تییه‌وه‌، ئه‌ویش به‌رگریکردنی تاکه‌‌ له‌ خود. ئه‌مه‌ مانای به‌مه‌ده‌نیکردنی کۆمه‌ڵگایه‌. وێڕای ئه‌وه‌ش، ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌، به‌مانای هه‌ستکردن به‌ گیانی به‌رپرسیارێتییه‌ و فڕێدانی زنجیری پشتبه‌ستن به‌ سه‌رۆك یان سه‌رۆکی خێڵ یان سه‌رۆکی حیزب، یان خودی حیزبه‌. له‌کاتێکدا، ئه‌ندامانی حیزبه‌کانی تر، له‌کردنی کارێکی خراپ و دژ به‌خه‌ڵك و یاساشدا، په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر حیزبه‌که‌یان و ئه‌ویش ده‌یشارێته‌وه‌ و له‌سزادانی یاسایی دووری ده‌خاته‌وه‌، که‌ئه‌م ڕه‌وشته‌، سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌ و تێکچوونی باری ئاسایشی تاکه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا و به‌گشتی کۆمه‌ڵگا خۆیه‌تی.

ڕۆژانه‌، هه‌زاران که‌س، له‌سه‌رای ئازادییه‌وه‌، بانگی " بڕۆن، ده‌ست له‌کار بکێشنه‌وه‌، پێویسته‌ دادگایی بکرێن، هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ ده‌بێت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، له‌زیاتر له‌ 30 خاڵدا داواکارییان دایه‌ په‌رله‌مان و حکومه‌ت، تاکو به‌ڕێگای چاره‌سه‌ری گه‌یشتوون و بڵاوکردنه‌وه‌ی وا خه‌ریکه‌ په‌رله‌مان داده‌نێن" ده‌ده‌ن. ڕۆژانه‌ش، فراوانتر و ڕونتر و به‌هێزتر و به‌داخوازی زۆرتره‌وه‌ گه‌شه‌ی پێده‌درێت. له‌ناوچه‌کانی دیشدا، پشتیوانی ده‌کرێن و خۆپیشاندانی له‌وشێوه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

ڕه‌وه‌ندی کوردی، له‌ده‌ره‌وه‌ و به‌تایبه‌تی له‌به‌ریتانیا، گوڕ و تینێکی سیحراوی داوه‌ته‌ پرۆسه‌که‌. شێوه‌که‌شیان، به‌ داگیرکردنی باره‌گای پارتی که‌ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌ت ده‌که‌ن به‌سه‌رۆکایه‌تی به‌یانی سامی عه‌بدولڕه‌حمان، ده‌ستیان پێکرد و بێجگه‌ له‌شاره‌کانی تر، که‌له‌شارێکی وه‌کو مانچسته‌ردا نزیکه‌ی هه‌زار که‌س له‌به‌رده‌م بی بی سی دا خۆپیشاندانیان ئه‌نجام داو له‌له‌نده‌نیش، کاریانکرد بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی گرته‌ڤیدیۆیی و دۆکۆمێنته‌کانی دی ڕاده‌ستی حکومه‌ت و په‌رله‌مان بکه‌ن و تێشیدا سه‌رکه‌وتوو بوون.

له‌سوید و ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی دیکه‌ هه‌مان کار کرا و داخوازی و کاره‌ دزێوه‌کانی ده‌سه‌ڵات، گه‌یه‌نرایه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی. هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، ئه‌و ڕێکخراوه‌ به‌نامه‌یه‌ك ڕه‌خنه‌ی توندی له‌ده‌سه‌ڵاتی کوردی گرت.

هاتنی یه‌کێ له‌به‌رپرسه‌ باڵاکانی ئه‌مریکا بۆ عێراق و سه‌ردانیکردنی بۆ هه‌ولێر و ئاگادارکردنه‌وه‌ی مه‌سعود به‌رزانی له‌ توندوتیژیه‌کان، یه‌کێ له‌ ده‌ستکه‌وته‌ گرنگ و پاڵپشته‌ گره‌نتیه‌کانی خه‌ڵکی خۆپیشانده‌ر و هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان بوو. ئالێره‌وه‌ جارێکی تر ته‌رازووی هێزه‌که‌ سه‌نگینتر بوو و به‌بوونی نه‌وشیروان مسته‌فا و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ پێشه‌نگی ئه‌م شۆڕشه‌دا، که‌به‌شۆڕشی نێرگز ناسراوه‌، ئاراسته‌کانی گۆڕی و ده‌سه‌ڵات نائومێدانه‌، هه‌نوکه‌، به‌ده‌ستپێشخه‌ری یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی متمانه‌ و مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر کورسی حکومه‌تی هه‌رێم به‌ نوێنه‌رایه‌تی د. به‌رهه‌م ساڵح، ده‌ستی داوه‌ته‌ چاکسازی و یه‌که‌م کاریشی بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی سامانی نیشتیمانییه‌ بۆ حکومه‌ت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە