سروشتێكى جوان و ژینگەیەكى نالەبار
Thursday, 03/07/2014, 12:00
2121 بینراوە
بەگشتى لەوڵاتانى جیهاندا كێشەى گەورەى ژینگەیى هەیە, هەرێمى كوردستانیش وەك بەشێك لە عێراق, بەدەر نیە لەم كێشە ژینگەییانە, قەزایى دەربەندیخان وەك نمونەیەك, كێشە ژینگەییەكانى گەیشتووە بەئاستێك, كە مەترسى لەسەر ژیانى دانیشتوانەكەى دروست كردووە, ئەمەش بەهۆى پیس بوونى ڕەگەزە ژینگەییەكانى (ئاو و هەوا و خاك)ى شارۆچكەكە, بۆ خستنە ڕوو و چارەسەركردنى كێشە ژینگەییەكان, چەندین جار كەسانى چالاك و ڕێكخراوەكانى بوارى ژینگە و دانیشتوانى ناوچەكە, گردبوونەوە و خۆپیشاندانى ناڕەزایى ژینگەییان ئەنجامدراوە, بەڵام كێشە ژینگەییەكان هەر وەك خۆیانن, پێشبینى دەكرێت كێشەكان گەورەترببن و مەترسى پیس بوونیش زیاتربێت, ئەمەلەكاتێكدا كەبەرپرسان كەمتەرخەمن و لەئاست بەرپرسیارێتى ژینگەیى دەڤەرەكەدا نین, چونكە لەماوەى ساڵانى ڕابردوودا نەیان توانیوە تەنها یەك كێشەیى ژینگەیش چارەسەر بكەن, لەڕێگەى چەند خاڵێكەوە تیشك دەخەمە سەر كێشە ژینگەییەكان و ڕێگاكانى چارەسەركردنى كێشەكان.
خستنە ڕووى كێشە ژینگەییەكان:
1- ئاوى خواردنەوە و بەكارهێنان هیچ مەرجێكى تەندروستى تێدانیە و تام و بۆن و ڕەنگى گۆڕاوە و هەرئاوێكیش ئەوسێ ڕەگەزەى گۆڕا بۆ بەكارهێنان دەست نادات, بەڵام ئاوى تۆڕى گشتى دەربەندیخان زۆر دەمێكە هەرسێ ڕەگەزەكەى لەدەست داوە و بەهیچ جۆرێك بۆ بەكارهێنان نابێت.. ئەمەش بەگەورەترین كێشەى ژینگەیى و مەترسیدارترین هەڕەشە بۆ سەرتەندروستى دانیشتوانى دەربەندیخان هەژمار ئەكرێت.
2- چەندین كارگەى بەرد و گەچ لەچواردەورى شارۆچكەكەدان, ژمارەیەكى زۆرییان دەكەونە ناو بەشێك لەماڵ و گەڕەكەكانەوە كە هەواى شارۆچكەكەیان بەتەواوى پیس كردووە.
3- ڕێژەى سەوزایى لەناوەندى شارۆچكەكەدا زۆر كەمە, بەپێى ئەو ئامارانەى لەبەردەست دایە ڕێژەى سەوزایى لە(2%) تێناپەڕێت, ئەمەش ڕێژەیەكى زۆر كەمە كەبەپێى ستاندار دەبێت لە (15%)كەمتر نەبێت.
4- كاركردنى بەردەوامى ژمارەیەك كانى دەرهێنانى بەرد, لەناوچە سەوز و شاخاوییەكاندا, بووە بەهۆكار بۆ لەناو چوونى ڕوبەرى سەوزایى و ڕاماڵیى خاك و شێواندنى سیما و سروشتى جوانى ناوچەكە.
5- ژمارەیەكى زۆر كارگە و غەسالەى چەو ولم لەسەر ڕووبارى سیروان لەكاركردن بەردەوامن, ڕۆژانە كار بۆ لەناوبردنى سەدان درەخت دەكەن, بەهەزاران درەختى بەتەمەنیان لەناو بردووە و مەترسى گەورەن بۆ لەناوبردنى هەزارەها درەختى تریش؟!!! ئەمە جگەلەوەى ڕێ ڕەوى ئاوى ڕوبارەكەیان گۆڕیوە و بوون بەهۆكار بۆ پیس كردنى ئاوى ڕووبارەكە.
6- هاتوو چۆكردن و وەرگەڕانى بەردەوامى تەنكەرەكانى نەوت, وەرگەڕانیان دەبێت یان بووە بەهۆكار بۆ تێكەڵ بوونى نەوت بەخاك و ئاوى دەربەندیخان, گرفتى زۆرى بۆ ژینگە و شین بوونى ناوچەسەوزەكان دروست كردوە, جگەلەوەى زۆرجار وەرگەڕانی ئەم تەنكەرانە ئاگرى لێ دەكەوێتەوە كە ڕەگەزى هەواش پیس دەكات, بەپێى ئامارى هاتووچۆ تەنها لەساڵى 2013دا (23)تەنكەرى نەوت لەسنورى دەربەندیخان وەرگەڕاوە كەئەمەش ژمارەیەكى زۆر زۆرە لەكاتێكدا یەك لیتر نەوت (100)هەزار لیتر ئاو پیس دەكات!!!
7- زبڵ و پاشماوەكان تا ئێستا (ڕیسایكلین)ناكرێت, كەچى بەشێوەیەكى زۆر نازانستیانە لەدەربەندیخان لەدوو شوێنى جیادا كۆدەكرێتەوە, بەشێكى زۆرى دەسوتێنرێت و بەشێكى تریشى دەكرێت بەژێر خاكەوە, كەلەدواجاردا بەشێكى ترى لەڕێگەى لافاو و بارانەوە تێكەڵ بەسەرچاوە ئاوییەكان دەبێت بەتایبەت ئاوى ژێر زەوى, كە نابێت هەرسێ ڕەگەزەكەى ژینگە(ئاو,هەوا.خاك)پیس بكرێت.
8- دیاردەى ئاژەڵدارى یەكێكە لەو دیاردانەى كە بەهۆیەوە ڕوبەرێكى زۆر سەوزایى لەناو دەچێت, تەنانەت ئەم دیاردەیە یەكێكە لەهۆكارەكان بۆ ڕێگرى كردن لە زیادبوونى ڕووبەرى سەوزایى.
9- جیانەكردنەوەى ڕەنگى گەڕەكەكان و دیارى نەكردنى ڕەنگى تایبەت بەبینا و باڵەخانەكان بووەبەهۆى پیس كردنى ژینگەى بینین و كاریگەرى نەرێنى لەسەرهاوڵاتیان دروستكردووە.
چارەسەركردنى كێشەژینگەییەكان:
1- پەلەبكرێت لەچارەسەركردنى ئاوى خواردنەوەى دەربەندیخان و كاتێك دیارى بكرێت بۆ تەواو بوونى پرۆژەكە, لەدواى تەواو بوونى پرۆژەكەش, نمونەى ئاوەكە وەربگیرێت و بنێردرێتە دەرەوە, لەڕێگەى ناردنەدەرەوەى دانیشتوانى دەربەندیخان دڵنیابكرێتەوە لە پاكى ئاوى خواردنەوە.
2- گواستنەوەى سەرجەم كارگەكانى هاڕینى بەرد و گەچ بۆ دەرەوەى شارۆچكەكە و دانانى فلتەر بۆیان و تەرخان كردنى سەرجەم پارچە زەوییەكان بۆ پرۆژەى ژینگەیى كە ئێستا كارگەكان كارى لەسەر دەكەن.
3- دروستكردنى پاركى دارستانى دەستكرد, بەدروستكردنى ئەم پاركەش ڕوبەرێكى زۆر سەوزایى زیاد دەبێت.
4- داخستنى كانەكانى دەرهێنانى بەرد و قەرەبووكردنەوەى ئەو زیانانەى كەگەیەنراوە بەژینگەى ناوچەكە.
5- گواستنەوەى كارگە و غەسالەكانى چەو ولم لەڕوبارى سیروان و ڕوبەرەسەوزاییەكان.. بۆ ئەوناوچانەى كە زیان بەژینگە ناگەیەنێت, وە ڕێكخستنى كارەكانیان بەشێوەیەك كەدوور بێت لەتێكدان و شێواندنى ژینگە, وە قەرەبووكردنەوەى ئەو زیانانەى كە گەیەنراوە بەژینگەى ناوچەكە.
6- دۆزینەوەى ڕێگەیەكى تر بۆ گواستنەوەى نەوت, چونكە بەدڵنیاییەوە ڕێگاوبانى دەربەندیخان بۆ هێرشى ئەوتەنكەرانە دەست نادات.. تا دۆزینەوەى ڕێگەیەكى تر بۆ گواستنەوە پێویستە بەشێك لەپارەی نەوت تەرخان بكرێت بۆ گەشەپێدانى ژینگەى دەربەندیخان, وە قەرەبووى ئەو زیانانەش لەپارەى نەوت بكرێتەوە, كە لەلایەن تەنكەرەكانى نەوتەوە گەیەنراوە بەژینگەى ناوچەكە.
7- پەلەبكرێت لە خستنەكارى سیستەمى (ڕیسایكلین) تا ئەو سیستەمەش دەكەوێتە كار, پێویستە بەپێى ڕێنماییەكانى دەستەى ژینگە و وەزارەتى شارەوانیەكان, كار بۆ لەناوبردنى پاشماوە و زبڵ ەكان بكرێت.
8- هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەى دیاردەى ئاژەڵدارى لەڕێگەى دروستكردنى شوێنى تایبەت بەڕاگرتنى ئاژەڵ لەدەرەوەى شار و زیاد كردنى باج لەسەر خاوەن ئاژەڵەكان لەناوشارۆچكەكەدا و وەرگرتنى بەڵێنامەیەك بۆ دروخستنەوەى ئاژەڵەكان.
9- دانانى دوورەِنگى تایبەت و گونجاو بۆهەر گەڕەكێك بەڕاوێژ كردن لەگەڵ ئەنجومەن و دانیشتوانى گەڕەكەكە, كەلەماوەى چەند ساڵێك تەواوى گەڕەكەكان ڕەنگى تایبەت بەخۆیان وەردەگرن و كاریگەرى ئەرێى لەسەردانیشتوانەكەى دەبێت.