لە فیدایی سەدامەوە بۆ فیدایی بارزانی
Monday, 26/12/2011, 12:00
لەم ڕۆژانە فازل میرانی لە ئاخافتن لە گەل میدیاکان دوو لێدوانەی دا کە شایان ئەون مرۆ هەڵوەستەیەك لە ئاستیان بکات:
١. پارتی ٣٠،٠٠٠ چەکداری هەیە کە ئامادەیی گیان فیدایین بۆ بارزانی
پێش هەموو شتێك ئەوە دانپێنانێکی ڕوونە کە لە کوردستان شتێك نییە بە ناوی داموودەزگای حکوومی. شتێك کە دەسەڵاتداری کوردستان نەك هەر بە تووندی ڕەتی دەکەنەوە و ، بەلكۆ دەلێن خەلکی تریش دەبێت سوود لە مۆدلی حوکمرانی ئەوان وەربگرێت !. بۆ ئەوەی میرانی و پارتی بزانن لە کێی مێژوو وەستاوەن، پێویستە پرسیار لە خۆیان بکەن و بپرسن: ئەمرۆ لە جیهاندا لە کامە چەشن لە ووڵاتان سەرۆك فیدایی هەن؟ و کام لە سەرۆکانی جیهان چەکداری گیان لەدەستیان هەیە؟
گرنگە بە بیر میرانی و پارتی بهێنرێتەوە کەوا سەدامیش دەیان هەزار فیدایی بوون. هەق وایە میرانی و پارتی پەند و وانە لە سەدام و فیداییەکانی وەرگرن. چەندە فیداییانی سەدام بە هانای سەدام هاتنن، هەر هێندەش فیداییانی بارزانی دەتوانن بە هانای سەرۆك و بنەمالەکەیانەوە بێن.
٢. میرانی دەڵێ "بنەماڵەیی" خاڵی بەهێزی پارتیە و شتێکە ئەوان شانازی پێوە دەکەن
دیسان میرانی ڕاسیتەك ئاشکرا دەکات کە پارتی وا بە ئاسانی دانی پیانانێت، ئەویش دەسەڵاتی بنەماڵەیییە. قسەکەرانی پارتی بەرامبەر بە ڕەخنەگرانی دەسەڵاتی بنەمالەیی دەلێن پارتی کۆنگرە و هەلبژاردنی هەیە، پارتی حیزبی بنەماڵەی بارزانیی نییە. ئەم لێدوانەی میرانی پێچەوانەی ئەو قسانەیەو نیشانیش دەدات کە هەموو کۆنگرە و هەلبژاردنێکی پارتی جگە لە نمایش چیتر نیین؛ مەبەستی کۆبوونەوەکانی پارتی جگە لە پیاهەلدانی بنەماڵەوە و تەقدیسکردنی ئەوان هیچ مەبەستێکی تری نیە.
ئەم لێدوانەی میرانی سووکایەتیەکی زۆریشە بە ئەندام ڵایەنگرانی پارتی. چونکی میرانی بە ئەندام و ڵایەنگرانی پارتی دەلێ ئەوان تا ماون هەر ڕەعیەت و ماڵی بارزانیش هەر سەرۆك دەبن. لە بەر هیچیش نا، تەنها ئەوە نەبێت کە ئەوان نەوەی مەلا مستەفای بارزان نیین.
ئەگەر پێوەری بنەماڵەیی خاڵی بەهێزی پارتی بێت لە ئێستادا وەك میرانی دەلێ، ئەوا دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە نێوان باووك و کوڕ وکچ بۆتە مایەی نەهامەتیەکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان. شکستی هەموو ئەو کەسانەی کە پارتی لە بەر خاتری بنەماڵەکانیان پۆستی پێداوان بۆ نموونە، کچی مامۆستا سەعد، کچی سامی عەبدولرەحمان، کوڕی فرانسۆ هەریری، کوڕی سەید کاکە، کوڕی محسن دزەیی، کوڕی مەحموود عوسمان، مناڵەکانی شەوکەت شیخ یزالدین و دەیانی تر گەواهی شکستی ئەم پێوەرە دەدەن. میژووی ووڵاتان و کوردستانیش نیشانی دەدات کە حکوومرانی و حیزبایەتی کردن بە پێوەری بنەماڵەیی زوو یان درەنگ هەرەس دێنێ و ئاشبەتاڵ دەکات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست