کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاینده‌ی‌ سیاسی‌ عێراق و كوردستان له‌به‌رده‌م ڕێگاكان و خواسته‌كاندا

Wednesday, 30/09/2009, 12:00


هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌ ئه‌ڵێن كه‌ئاینده‌ی‌ سیاسی‌ عێراق و كوردستان، جارێكیتر به‌ره‌و ئاڵۆز بوون و پشێوی‌ و نائارامی‌ ئه‌چێت، چونكه‌ ئه‌مریكا له‌ ساڵی‌ داهاتووه‌وه‌ ده‌ست ئه‌كات به‌كشانه‌وه‌ی‌‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌و، ئه‌و به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێئه‌كات كه‌ئۆباما به‌ ده‌نگده‌رانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ خۆیدا له‌كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
عه‌لی‌ ئه‌دیب ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌ب سیاسی‌ حزبی‌ ده‌عوه‌ی‌ مالیكی‌ هه‌واڵێكی‌ خه‌ته‌رناكی‌ ڕاگه‌یاند ووتویه‌تی‌: ئه‌مریكا ڕازی‌ بووه‌ كه‌ هێنانه‌وه‌ی‌ به‌عسیه‌كان بۆسه‌ر حوكم و بۆماوه‌ی‌ دووساڵ‌ (حكومه‌تی‌ فریاگوزاری‌) دائه‌مه‌زرێنێت. (سایتی‌ ئاوێنه‌- 29-9). ئه‌م لێدوانه‌ خه‌ته‌رناكه‌ی‌ كه‌سایه‌تیه‌كی‌ ناو حزبی‌ حاكم له‌م سه‌روبه‌ندی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، چه‌ندین خوێندنه‌وه‌ی‌ جۆربه‌جۆر هه‌ڵده‌گرێت و په‌رده‌ش له‌سه‌ر چه‌ندین ڕاستی‌ شاراوه‌ له‌خه‌ڵك هه‌ڵئه‌ماڵێت. چونكه‌:
1- پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و (ئاشتی‌ نیشتمانی‌) و حكومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردن و ته‌واوی‌ ئاڵوگۆڕه‌كانی‌ پاش ڕمانی‌ ڕژێمی‌ به‌عس ئه‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.
2- ئاماژه‌ به‌هێنانه‌وه‌ی‌ سه‌رانی‌ به‌عس ئه‌كات، تازه‌ ئه‌وانه‌یشی‌ كه‌ پاش ڕووخانی‌ ڕژێم هه‌ر ده‌ستیان سورتر كردوه‌ به‌خوێنی‌ خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ عێراق.
3- بێئومێدی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ عێراق، له‌سه‌وری‌ هه‌مویانه‌وه‌، مالیكی‌ و حزبه‌كه‌ی‌ و گشت پشتیوانه‌كانی‌ ئه‌و كه‌ ئیچستا له‌هه‌موان باڵاده‌ستترن له‌عێراقدا.
4- ستراتیژی‌ نوێی‌ ئه‌مریكا ده‌رئه‌خات، كه‌ نیازی‌ هه‌یه‌ هێزه‌كانی‌ له‌عێراق بكشێنێته‌وه‌و له‌ ئه‌فغانستانیش لایه‌نیتر له‌گه‌ڵ‌ خۆی‌ به‌شداری‌ شه‌ڕه‌كه‌ بكات.
5- .....
ئه‌مانه‌و چه‌ندین فاكتی‌ تریش هه‌ن كه‌ ئه‌كرێت ڕیز بكرێن هێشتا دیوێكی‌ ئه‌م واقیعیه‌ته‌ نوێیه‌ پێك ئه‌هێنن، دیوێكیتری‌ ئه‌م هاوكێشه‌یه‌، بنبه‌ست و شكستی‌ مالیكی‌ و گروپه‌كه‌ی‌ ده‌رئه‌خات كه‌نه‌یتوانیوه‌ پشتیوانی‌ ئه‌مریكا بۆ خۆی‌ ڕابكێشێت، تا به‌ هاوبه‌شی‌ بچنه‌ ناو ئه‌و پرۆسه‌ی‌ مفاوه‌زاته‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌عسیه‌كاندا. چونكه‌ خودی‌ ئه‌م سه‌ردانه‌ی‌ مالیكی‌ بۆ سوریاو دانوسان له‌گه‌ل به‌عسیه‌كان له‌ دوای‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ و ئه‌منی‌ ئه‌مریكی‌ دێت بۆ سوریا كه‌ دروست پێش هه‌فته‌یه‌ك له‌ته‌قینه‌وه‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ سه‌وزد سه‌ردانی‌ سوریایان كردو ڕاگه‌یاندنه‌كانیش هه‌واڵه‌كه‌یان بڵاو كرده‌وه‌. هاوكات دوو ڕۆژ به‌ر له‌ته‌قینه‌وه‌كانی‌ به‌غدا، كه‌پاشتر به‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ خوێناوی‌ ناسرا، نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق و شاندێكی‌ وه‌زرای‌ سه‌ردانی‌ سوریایان كردو، له‌ كۆتایی‌ سه‌ردانه‌كه‌ وێڕای‌ ئه‌و قسه‌ كلاسیكیه‌ی‌ كه‌پاش هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كی‌ دبلۆماسی‌ ئه‌گوترێت، كه‌گوایا جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌ دووقۆڵیه‌كانی‌ ئه‌و دوو وڵاته‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، هاوكات ئه‌وه‌ش له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕرژنامه‌نوسیدا له‌هه‌مان به‌رواردا ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ ئه‌نجومه‌نێكی‌ هاوكاری‌ هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ دامه‌زراوه‌، ئه‌وه‌ش ووترا كه‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ئاستێكی‌ باڵادا سه‌رپه‌رشتی‌ ئه‌كرێت و ته‌واوی‌ په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانی‌ و ئه‌منی‌ و ڕۆشنبیری‌ و سیاسیه‌كانی‌ نێوان سوریا و عێراق ڕێكده‌خات و ساڵانه‌ دووجار كۆبوونه‌وه‌ی‌ فراوان ئه‌كرێت جارێك له‌به‌غداو جارێكیش له‌ دیمه‌شق، كه‌چی‌ پاش دوو ڕۆژ له‌م سه‌ردانه‌ كه‌ به‌مێژوویی‌ وه‌سف كرا، نوری‌ مالیكی‌ سوریای‌ تاوانبار كرد كه‌ ده‌ستی‌ هه‌یه‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌كاندا و داوای‌ كرد كه‌ سه‌رانی‌ به‌عسی‌ پێشووی‌ دانیشتوی‌ سوریا ته‌سلیم به‌عێراق بكاته‌وه‌. ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای‌ قه‌یرانی‌ دبلۆماسی‌ نێوان عێراق و سوریا بوو. كه‌ چه‌ندین هه‌ڵبه‌زو دابه‌زی‌ به‌خۆوه‌ بینی‌ و ڕیزه‌كانی‌ ناوخۆی‌ عێراقی‌ چه‌ند كه‌رت كرد.

هه‌ڵوێستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمارو سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

پاش ته‌قینه‌وه‌كانی‌ به‌غدا، یان دروستتر بڵێم پاش شكستی‌ دانوسانی‌ نێوان به‌عسیه‌كان و مالیكی‌، به‌هۆی‌ پێداگرییه‌كانی‌ سوریا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌عسیه‌كان سه‌همی‌ زیاتریان بدرێتی‌، سه‌ره‌نجام نێوانی‌ عێراق وسوریا له‌ڕووی‌ دبلۆماسیه‌وه‌ تێكچوو سه‌فیری‌ هه‌ردوولا كشانه‌وه‌ وڵاتی‌ خۆیان. به‌هۆی‌ لێدوانی‌ ئاگرینه‌وه‌ سه‌رباری‌ هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانه‌وه‌یان، به‌تایبه‌تی‌ هه‌وڵی‌ هه‌ردوو حكومه‌تی‌ توركی‌ و قه‌ته‌ری‌، گشت ئه‌و هه‌وڵانه‌ شكستیان هێناو تا ئێستاش قه‌یرانه‌كه‌ هه‌ر درێژه‌ی‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی‌ سه‌رانی‌ كوتله‌و حزبه‌كانی‌ ناو په‌رله‌مان، له‌په‌یوه‌ند به‌م كێشه‌ نوێیه‌وه‌ جۆربه‌جۆرو جیاواز بوون، مالیكی‌ و حزبی‌ ده‌عوه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ پشتیوانه‌كانی‌ خۆی‌، داوای‌ لیژنه‌یه‌كی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌كه‌ن كه‌ گوایا ئه‌وان ئه‌توانن له‌وێ‌ بیسه‌لمێنن كه‌ سوریا تاوانباره‌و ده‌ستی‌ هه‌یه‌ له‌و ته‌قینه‌وانه‌. عه‌لاوی‌ و كوتله‌ی‌ العراقیه‌ داوای‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ئه‌كات بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان. حه‌كیم و كوتله‌ی‌ سه‌درو فه‌زیله‌و ژماره‌یه‌كیتری‌ هاوشێوه‌ی‌ جه‌عفه‌ری‌ و چه‌له‌بی‌، زیاتر هه‌ڵوێستیان له‌یه‌كتری‌ نزیكه‌و له‌ژێر كاریگه‌ری‌ جمهوری‌ ئیسلامی‌ ئێراندان، كه‌ خوازیاری‌ ووتووێژی‌ زیاترن و ئه‌یانه‌وێ‌ كه‌ كێشه‌كان به‌ لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكه‌ن. هه‌رچی‌ سوونه‌كانی‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌ به‌ته‌واوی‌ دژی‌ لێدوانه‌كانی‌ مالیكی‌ هه‌ڵوێستگیریان كردوه‌و به‌ڕۆشنی‌ لایه‌نگیری‌ له‌سوریا ئه‌كه‌ن و به‌ پشتیوان و هاوكارێكی‌ دڵسۆزی‌ "گه‌لانی‌ عێراق"ی‌ له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ پرسیاربوو هه‌ڵوێستی‌ سه‌رانی‌ ئه‌حزابی‌ باڵاده‌ستی‌ كوردستان بوو. تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق چه‌ندین لێدوانی‌ دژ به‌یه‌كی‌ له‌وباره‌یه‌وه‌دا، جارێك ویستی‌ ده‌وری‌ حه‌كه‌م ببینێ‌، تاوێك داوای‌ ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رانی‌ به‌عس له‌سوریا ئه‌كات، له‌ ئه‌مریكاش داوای‌ لیژنه‌ی‌ نێو ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌كرد بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كه‌، كه‌ئه‌م قسه‌یه‌ی‌ دواییان له‌وه‌ ئه‌چێت مه‌رجی‌ مالیكی‌ بوبێت تا ڕێگه‌ی‌ بدات ئه‌و بچێت له‌كۆبونه‌وه‌ فراوانه‌ی‌ UNدا نوێنه‌رایه‌تی‌ عێراق بكات.
به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ر وورته‌یه‌كی‌ لێوه‌ نه‌هات و تا ئێستاش ڕۆشن نیه‌ كه‌ داخۆ لایه‌نگری‌ كام له‌و هه‌موو ئاڕاسته‌جیاوازانه‌ن؟ سوریا تاوانبار ئه‌كه‌ن، یان مالیكی‌ به‌بیانووگێڕ ئه‌بینن له‌به‌رامبه‌ر سوریادا؟ پرسیاری‌ جدیتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆچی‌ "سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم" له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌ی‌ نیه‌؟ ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كه‌بۆ ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ دانراوه‌و ئه‌و ئه‌ركه‌ی‌ پێسپێردراوه‌، ئه‌ویش قسه‌ی‌ نه‌كرد؟ به‌بڕوای‌ من ئه‌گه‌ر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و بێده‌نگیه‌ی‌ سه‌رانی‌ ئه‌حزابی‌ حاكم له‌كوردستان، له‌سه‌ری‌ تێگه‌یشتنه‌وه‌ بێت له‌و كێشه‌و ململانێیه‌و، به‌م سیاسه‌تی‌ بێده‌نگیه‌ ویستبێتیان ئاگری‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌خۆیان كۆمه‌ڵگای‌ كوردستان دوور بخه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بێده‌نگیه‌ له‌ نه‌بوونی‌ ستراتیژێكه‌ له‌لای‌ ناسیونالیزمی‌ كورد سه‌رچاوه‌ی‌ گرتوه‌، كه‌ بتوانێ‌ ڕوخساری‌ سیاسی‌ ئاینده‌ی‌ كوردستان نیشان بدات، هێشتا مه‌علوم نیه‌ دۆسته‌كانی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ هه‌رێم كێن و دوژمنه‌كانی‌ كامانه‌ن؟ سیاسه‌تكردن به‌نرخی‌ ڕۆژ، سیاسه‌تی‌ هه‌میشه‌یی‌ پارتی‌ و یه‌كێتیه‌و، هه‌رئه‌مه‌شه‌ هیچ ده‌وریه‌كدا هیچ كه‌س و لایه‌نێك نایه‌وێ‌ نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ی‌ ستراتیژیان له‌گه‌ڵ‌ جێبه‌جێناكات و لانی‌ كه‌م له‌ئێستا ئه‌و متمانه‌یه‌یان له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ده‌ستداوه‌.

دوملیون ده‌نگده‌ری‌ عێراقی‌ له‌ ته‌نها له‌سوریادا هه‌یه‌

سوریا له‌لایه‌ك به‌هۆی‌ ئه‌و پشتیوانیه‌ی‌ كه‌ له‌ به‌عسیه‌كان و به‌شێك له‌سوونه‌كانی‌ عێراقی‌ ئه‌كات، له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ ئاواره‌ عێراقیه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ وه‌زعی‌ ئه‌منیه‌وه‌ وڵاتیان جێهێشتوه‌و نیشته‌جێی‌ سوریا بوون، ئه‌توانێ‌ له‌هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی‌ پارله‌مانی‌، یان هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكیتردا چه‌ندین كورسی‌ به‌ده‌ست بێنێت كه‌ ناڕاسته‌وخۆ نوێنه‌رایه‌تی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆی‌ پێبكات. مالیكیش له‌م وه‌رزی‌ دروستكردنی‌ لیسته‌كان له‌عێراقدا، ئه‌م جێگه‌و ڕێگه‌یه‌ی‌ سوریای‌ به‌رٍِۆشنی‌ دیوه‌و ویستی‌ له‌و ڕێگایه‌وه‌ جێگه‌و ڕێگه‌ی‌ "لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا"ی‌ پێ‌ به‌هێز بكات، هاوكات به‌هۆی‌ سازان له‌گه‌ڵ‌ به‌عسیه‌كانیشدا ئه‌توانێ‌ ئارامیه‌كی‌ زیاتر له‌عێراقدا دابین بكات، كه‌ئه‌مه‌ش ئۆتۆماتیكی‌ ئه‌كاته‌ ئه‌و گره‌نتیه‌ی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازییه‌ی‌ كه‌ئه‌مریكا به‌ر له‌كشانه‌وه‌ی‌ له‌عێراق پێویستی‌ زۆری‌ پێیه‌تی‌. هاوكات خودی‌ ئه‌مریكا پێشتر ئه‌م زه‌مینه‌ی‌ نزیك بوونه‌وه‌ی‌ مالیكی‌ و به‌عسیه‌كانی‌ خۆش كردوه‌و به‌ گڵۆپی‌ سه‌وزی‌ ئه‌مریكا مالیكی‌ هه‌ستاوه‌ به‌م هه‌نگاوه‌. به‌ڵام پێداگری‌ به‌عسیه‌كان له‌ وه‌رگرتنی‌ پله‌و پایه‌ی‌ باڵا له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داهاتوی‌ عێراق و جێگه‌و ڕێگه‌ی‌ زیاتر له‌ قه‌باره‌ی‌ خۆیان، هاوكات دودڵی‌ مالیكی‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌گه‌ر به‌م ته‌نازولاته‌ زۆرانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌عسیه‌كان بسازێ‌ ئه‌وا ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌ به‌م هۆیه‌وه‌ له‌ده‌ستی‌ ئه‌دات،وایكرد كه‌مالیكیش به‌ئه‌ندازه‌ی‌ ئه‌وان ململانێ بكات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ كه‌مترین ئیمتیازیان پێبدات، دانوسانه‌كه‌ بێئاكام مایه‌وه‌. به‌ڵام مالیكی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و نه‌رمی‌ نواندنه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ هاوكاری‌ هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا، چاوه‌ڕوانی‌ له‌ سوریا هه‌بوو، كه‌ فشار بهێنێت بۆ به‌عسیه‌كان و ناچاریان بكات كه‌ له‌گه‌ڵ‌ مالیكی‌ بسازێن، به‌ڵام كاتێك سوریا ئه‌و كاره‌ی‌ نه‌كرد، ته‌واوی‌ ئه‌و لێدوانانه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی‌ دووقۆڵی‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ هاوكاری‌ و ..هتد، به‌هۆی‌ سیاسه‌تی‌ چه‌وتی‌ مالیكیه‌وه‌ وه‌ك "یاری‌ مناڵان"ی‌ لێهات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ جدی‌ هه‌بوو له‌سه‌ر له‌ده‌ستدانی‌ ئه‌و متمانه‌یه‌ی‌ كه‌ مالیكی‌ له‌ ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ ڕابردوودا له‌لای‌ سه‌رانی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌وه‌ به‌ده‌ستی‌ هێناو بوو. چه‌ند ڕۆژێك پێشتر مالیكی‌ ڕایگه‌یاند كه‌ "هیچ ئۆمێدێكی‌ به‌ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كان نه‌ماوه‌"، چاوه‌ڕوانی‌ كارێك ناكات له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌ بكرێت و هیچ قازانجێكی‌ سیاسی‌ بۆ مالیكی‌ تیادا بێت.

دانوسان له‌گه‌ڵ‌ به‌عسیه‌كان به‌ته‌نها پرۆژه‌ی‌ مالیكی‌ و حزبه‌كه‌ی‌ و پشتیوانه‌كانی‌ بووه‌

هه‌رچه‌نده‌ مالیكی‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی‌ عێراق چووبوه‌ سوریاوه‌، ئه‌گه‌ریش به‌و پێوه‌ره‌ بوایه‌ ئه‌بوایه‌ داروپه‌ردووی‌ ئه‌و شكسته‌ دبلۆماسیه‌ پشكی‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ تیادا بوایه‌، كه‌چی‌ له‌م شكسته‌ی‌ مالیكی‌ له‌سوریا باجه‌كه‌ی‌ به‌ته‌نها خودی‌ حزبه‌كه‌ی‌ مالیكی‌ و پشتیوانه‌كانی‌ ئه‌یده‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رهه‌مێكیشی‌ بوایه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ مالیكی‌ خۆی‌ لێی‌ به‌هره‌مه‌ند ئه‌بوو. ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ڕوكه‌ش و له‌ ڕووی‌ مه‌عنه‌ویشه‌وه‌ بێت مالیكی‌ لاواز كردوه‌و كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ری‌ داناوه‌، هه‌ربۆیه‌ دوای‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ دبلۆماسیه‌ی‌ نێوان عێراق و سوریا، هه‌ڵوێستی‌ ڕكابه‌ره‌كانی‌ مالیكی‌ له‌چه‌شنی‌ عه‌لاوی‌ و جه‌عفه‌ری‌ و چه‌له‌بی‌ توندتره‌و فشاره‌كانیان زیاتره‌و ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌یان نیه‌ له‌مالیكی‌ كه‌جارێكیتر پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت بانگه‌وازه‌ یه‌كله‌دواكانی‌ عه‌مار حه‌كیمیش بۆ چوونه‌ ناو ئیئتلافی‌ شیعه‌وه‌، له‌سه‌ری‌ ئه‌م به‌بچوك ته‌ماشاكردنه‌ی‌ مالیكیه‌وه‌ دێت، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رانی‌ حزبی‌ ده‌عوه‌ ڕایانگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك هه‌فته‌ی‌ داهاتوودا لیسته‌كه‌یان ڕاده‌گه‌یه‌نن و ئه‌ڵێن گوایا چه‌ندین لیست و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پێكهاته‌ی‌ جیاوازی‌ تیایه‌و به‌نیازن جارێكیتر پشكی‌ یه‌كه‌می‌ په‌رله‌مان له‌ده‌ستخۆیاندا بمێنێته‌وه‌.

بێئومێدی‌ ئه‌مریكا به‌م هێزانه‌ی‌ كه‌ پاش داگیركاری‌ كردنی‌ به‌ بریكاری‌ خۆی‌

به‌ڵام ئه‌مریكا بۆچی‌ نیگه‌رانه‌و به‌دوای‌ چیه‌وه‌یه‌و كام خواستی‌ هه‌یه‌ له‌ لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی‌ عێراق؟ ئایا لایه‌نه‌كانی‌ عێراق و حكومه‌تی‌ عێراق له‌و ئاسته‌دایه‌ كه‌ داواكانی‌ ئه‌مریكای‌ بۆ جێبه‌جێبكرێت؟ بێگومان ئیداره‌ی‌ ئێستای‌ ئه‌مریكا، وه‌ده‌ستهێنانی‌ ئارامی‌ سیاسی‌ له‌عێراق وه‌ك ده‌سكه‌وتی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ پاش هاتنی‌ ئۆباما ته‌ماشا ئه‌كه‌ن و، به‌یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی‌ دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ دیموكراته‌كانی‌ ئه‌زانن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ ئه‌مریكادا. هه‌ر بۆیه‌ كاتێك ئه‌مریكا ئه‌زانێ‌ كه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ ناتوانن ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خۆی‌ پێویستی‌ پێیه‌تی‌ دابینی‌ بكه‌ن، ئیتر ناچاره‌ بیر له‌ستراتیژیه‌تێكیتر بكاته‌وه‌و له‌ڕێگه‌یه‌كیتره‌وه‌ ئه‌و ئارامیه‌ جێبه‌جێبكه‌ن، هاوكات ئه‌وبه‌ڵێنه‌شیان كه‌دابوویان به‌ده‌نگده‌ره‌ ئه‌مریكیه‌كان سه‌باره‌ت به‌كشانه‌وه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌عێراق، جێبه‌جێبكه‌ن، به‌مه‌ش ئۆباما ئاستی‌ ئه‌و جه‌ماوره‌یه‌ی‌ كه‌هه‌یه‌تی‌ ئه‌توانێ‌ تا ئاینده‌یه‌كی‌ زیاتر بیپارێزێت.
بۆیه‌ ئه‌مریكا پێده‌چێت به‌هۆی‌ ئه‌و بێئومێدیه‌ی‌ كه‌ له‌به‌شێك له‌لایه‌نه‌كانی‌ عێراق هه‌یه‌تی‌، پێده‌چێت شێوه‌ كوده‌تایه‌ك له‌ئاستی‌ باڵادا ئه‌نجام بدات، به‌مه‌ش ئه‌توانێ‌ به‌عسیه‌كان بهێنێته‌وه‌ ده‌سه‌ڵات، كه‌هاوكات خواستێكی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ عه‌ره‌بیه‌و، له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ئارامیه‌كی‌ زیاتر بۆ عێراق به‌ده‌ستدێنێت. هه‌ر بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ به‌وهۆیانه‌وه‌و هه‌ندێك هۆكاریتری‌ ته‌كنیكی‌ كه‌ خۆی‌ یان له‌ڕێگه‌ی‌ دارده‌سته‌كانیه‌وه‌ دروستی‌ ئه‌كات، هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ داهاتوو بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق دوا بخات. به‌مه‌ش ده‌رگا ئه‌خاته‌سه‌ر پشت بۆ ئه‌و ستراتیژیه‌ نوێیه‌و سه‌ره‌نجام سه‌رخستنی‌ كاندیدی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ عه‌ره‌بی‌، كه‌ به‌بڕوای‌ من ئه‌یاد عه‌لاوی‌ له‌هه‌موان له‌وباره‌یه‌وه‌ چانسی‌ زیاتره‌، ئه‌مه‌ش گورزێكی‌ كوشنده‌شه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئێران له‌عێراقدا. كه‌ ده‌وڵه‌تانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌گشتی‌ و سعودیه‌و میسر به‌تایبه‌تی‌ زۆر زیاتر له‌هه‌موان خۆشحاڵ‌ ئه‌كات. كه‌هه‌ر ئێستا ئێران سه‌رباری‌ قه‌یرانه‌كانی‌ ناوخۆی‌ و قه‌یران نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی‌، قه‌یرانی‌ سه‌ختیشی‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ریه‌ك له‌ میسر و عه‌ره‌بستانی‌ سعودی‌ هه‌یه‌.

چاره‌نوسی‌ كوردستان به‌هه‌ڵواسراوای‌ مایه‌وه‌و دیسانه‌وه‌ كه‌وته‌وه‌ نێوان دوو ئه‌گه‌ره‌ مێژوویه‌كه‌

له‌م نێوه‌دا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هه‌ر به‌شی‌ چاوه‌ڕوانی‌ و چاو له‌ده‌ستی‌ لایه‌نه‌كانیتره‌، سه‌رانی‌ ئه‌حزابی‌ باڵا ده‌سته‌ له‌كوردستان و به‌هۆیه‌شه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان هه‌مان چاره‌نوسیان به‌سه‌ردا فه‌رز كراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ژماریه‌ك ئیقداماتی‌ سیاسی‌ ڕه‌نگه‌ سه‌رانی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌ده‌سكه‌وتی‌ بزانن و ئه‌مه‌به‌پێشڕه‌وه‌ی‌ له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌نده‌یتر ڕیسه‌كه‌یان ئه‌كاته‌وه‌ به‌خوری‌. مه‌سه‌له‌ی‌ بڵاوه‌ پێكردنی‌ هێزی‌ هاوبه‌ش له‌ ئه‌مریكیه‌كان و حه‌ره‌س حدوده‌كان (پێشمه‌رگه‌- له‌ده‌ستوری‌ عێراق كه‌ پارتی‌ ویه‌كێتی‌ ده‌نگیان داوتێ‌ ئه‌م ناوه‌ی‌ له‌پێشمه‌رگه‌ ناوه‌) له‌ناوچه‌كانی‌ كه‌ پێیان ئه‌وترێت كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، یان ئه‌وناوچانه‌ی‌ كه‌ كورده‌كان به‌ هی‌ خۆیانی‌ ئه‌زانن و ئێستا كێشه‌یان له‌سه‌ره‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌. ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكه‌ نه‌ك هه‌ر كوردستان ناكاته‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام و ئه‌و جێگایانه‌ش ناپارێزێرن، به‌ڵكو به‌هۆی‌ شه‌ڕو پێكدادانه‌كانه‌وه‌، دوور نیه‌ كه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌چه‌وته‌ ببێته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ لایه‌نه‌ ناسیونالست-ئیسلامیه‌كانی‌ عێراق یه‌كبخات و ئه‌و جه‌نگه‌ی‌ كه‌ چه‌ندین چاودێری‌ سیاسی‌ ئاماژه‌ی‌ پێكردوه‌، له‌ موسڵ‌ یان له‌ كه‌ركوك ڕوونه‌دات و ئه‌وه‌نده‌یتر قڵشتی‌ نێوان كورد و عه‌ره‌به‌ زیاتر و فراوانتر نه‌كاته‌وه‌. یان ئه‌و خه‌یاڵه‌ی‌ كه‌ پێیان وابێت جۆ بایدن خاوه‌نی‌ پرۆژه‌ی‌ پارچه‌كردنی‌ عێراق، ڕه‌نگه‌ كارێك بكات كه‌ له‌داهاتوودا كوردستان بكاته‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ. به‌ڵام ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ش هه‌رچه‌نده‌ زه‌مینه‌كه‌ی‌ به‌هێزه‌و ڕێگریه‌كانی‌ زۆر كه‌مترن له‌ده‌وره‌ی‌ پێشوو، به‌ڵام نه‌ سیاسه‌تی‌ دیموكراته‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌وشێوه‌یه‌یه‌ كه‌ ته‌واوی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ عه‌ره‌ب له‌خۆیانبڕه‌نجێنن، نه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ئه‌و ئیراده‌یه‌یان هه‌یه‌ له‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ له‌وشێوه‌یه‌دا به‌رگه‌ی‌ هه‌ڕه‌ش ده‌ره‌كیه‌كان بگرن و سه‌ركردایه‌تی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بكه‌ن بۆ ئه‌و ڕووداوه‌.
ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌رلێشێواویه‌ی‌ كه‌ یه‌خه‌ی‌ ئه‌مانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌ كارێكی‌ به‌سه‌ردا هێناون كه‌ ئه‌وه‌تا ماوه‌ی‌ دوومانگ زیاتره‌ جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كه‌پۆستی‌ ئه‌وانه‌، به‌به‌تاڵی‌ ماوه‌ته‌وه‌، یان هێشتا له‌فه‌زای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستان ده‌رنه‌چوون و هیچیان دیار نیه‌ كه‌ داخۆ بۆ په‌رله‌مانی‌ داهاتوو چۆن به‌شداری‌ ئه‌كه‌ن؟
به‌بڕوای‌ من ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ سه‌راسه‌ریانه‌ی‌ عێراق، سه‌رباری‌ چه‌ندین ئاڵوگۆڕی‌ گه‌وره‌و جدی‌ كه‌ له‌وكاته‌وه‌ تائیستا ڕویداوه‌، كه‌چی‌ كوردستانی‌ له‌ڕووی‌ سیاسیه‌وه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ ئاستی‌ ده‌ورانی‌ ساڵانی‌ یه‌كه‌می‌ پاش ڕاپه‌ڕین، كه‌ ڕۆشن نه‌بوو كوردستان ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌، یان سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تی‌ عێراقه‌؟ چونكه‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆ ئه‌بێت ئیعترافی‌ پێبكرێت و كه‌س نه‌توانێ‌ هێرشی‌ بكاته‌ سه‌رو له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ پارێزارو بێت، ئه‌گه‌ریش سه‌ربه‌ ناوه‌ند بێت، ئه‌بێت داموده‌زگاكانی‌ ناوه‌ند نه‌خشیان ببێت له‌دیاریكردنی‌ یاساو ڕێساكانی‌ و بتوانن لێپێچینه‌وه‌ بكه‌ن له‌كه‌موكورتیه‌كان و دیارده‌ دزێوه‌كان.
به‌ڵام كوردستان له‌هیچكام له‌و دووحاڵه‌ته‌ به‌هره‌مه‌ند نابێت و، دیسانه‌وه‌ ئاینده‌ی‌ سیاسی‌ به‌هه‌ڵواسراوی‌ ئه‌مێنێته‌وه‌و، تازه‌ فرسه‌تیش نادرێ‌ به‌دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌باره‌ی‌ ئاینده‌ی‌ خۆیان قسه‌یه‌كیان ببێت و، ڕێگایان نادرێ‌ سه‌باره‌ت به‌داهات و سه‌رچاوه‌كانی‌ داهاتی‌ خۆیانه‌وه‌ زانیاریان ببێت و، له‌خراپترین ئاستی‌ بژێوی‌ وگوزه‌راندا- له‌چاو ئه‌و داهاته‌ زۆره‌ی‌ كه‌ كوردستان هه‌یه‌تی‌- ڕایانبگرن و، دوریش نیه‌ به‌هۆی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ جیاجیاوه‌ دیسانه‌وه‌ كوردستان نه‌بێته‌وه‌ به‌مه‌یدانی‌ جه‌نگی‌ نێوان هێز و لایه‌ن و پارته‌ ناوخۆیی‌ عێراق و ئیقلیمیه‌كان.
زمناكۆ عزیز
30-9-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە