کۆنتراکت: ئەو گۆڤارە سیاسییەی بەر لە هەموومان پێشبینێکانی ڕۆماڵ کردووه
Friday, 04/01/2013, 12:00
"میللەتی بێ کۆنتراکت هەموو شتێکی بەسەردا تێدەپەڕێت "
هیچ کەسێک بە سەرکردەیی لەدایک نابێت، هیچ سەرکردەیەکیش تا مردن نییە .
هەموو دەسەڵاتێک دەبێت لەگەڵ ئەو گفتەدا لاچێت کە نای باتە سەر .
بە دەوڵەت بوون ئەگەر وویستی ئەندامەکانی نەبێت، میللەتێک ناتوانێ پێی بگات .
مەسەلەی سەرکردەکان نییە چیبکەن، ئێمەین چۆن لە بەردەمی دادگاییدا ڕایان گرین .
فەرموون کۆنتراکت لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بخوێنەوە.
http://www.kurdistanpost.com/library.aspگۆڤاری کۆنتراکت، کۆڤارێکی سیاسییە و تەنها چوار ژمارەی لێدەرچووە . چوار ژمارە، بەڵام تهژی لە نووسینی بەپێز و ڕاو بۆچوون و پێشبینی دروست و چارەسەری دروستیش خۆی لە ناو گۆڤارەکەدا دیاری کراوە. کۆنتراکت جوینەوەی سیاسەتێک نەبوە کە مێژووی سیاسێکان خەتیان کێشاوە و بەموو لێی لانادەن یان پرۆگرام کراوبن . کۆنتراکت لەزۆر دەرکی داوەو توێژینەوە و قسەی کردوە کە دەکرێ خوێنەری ووریا ڕووی زۆر باسی بۆ ئاواڵابێت تێیدا بۆ نموونە، بەر لە ١٥ساڵ کۆنتراکت پێمان دەڵێ "حیزبەکان ئەو قۆناغەیان بەجێ هێشتوە ڕەخنەیان لێ بگیرێت" . تەنانەت ئەو کەسانەی کە چاوپێکەوتنیشیان لەگەڵدا کراوە بە زمانێکی جودا لە کۆنتراکتدا قسە دەکەن . وەک "شێرکۆ بێکەس" کە باس لە وە دەکات لە دوای ٣١ئاب و ١٤ی ئایار شتێک نەماوە پێی بڵێیت شەڕی ناوخۆ . هەمان شێرکۆ لە ١٧ی شوباتدا هۆنراوەیەکی خوێندەوە ووتی (لەگەڵتاندام) بەڵام ئەو دەم کۆنتراکت ئەی دوێنی پارە نەبوو ١٠٠٠٠ دۆلارەکەی مامە جارێ چرۆی نەکردبوو. کۆنتراکت لە باشوری ووڵاتدا قەتیس نەماوە و پەلی بۆ کێشە و گرفتەکانی هەر چوار بەشه داگیر کراوەکە درێژ کردوە و قسە و گفتوگۆی لەسەر کردووە، ئەنفال و هەڵەبجە و، شەڕی پارتی کرێکاران و ڕژێمی تورکیا، کردنەوەی قوتابخانەی تورکی لە هەولێر و بەر لە ١٥ ساڵ کۆنتراکت نووسیوێتی دەڵێ تورکیا پلانی هەیە هەولێر بکاتە شارێک لە تورکیا، کەچی ئەمڕۆ بەکردار ئەوە دەبینین و میللەتێکین لە خەوی قوڵداین .(ئەوەی بە سەر مندا هات لە تۆ ڕووی داوە، ئەوانەی لە ڕێگە دەخنکێن، دەکوژرێن، دەستیان دەبڕن، کوا کێن ئەوانە ؟ ئەوانەی ئەشکەنجەی داگیرکەرانیان دیوە، بەهۆی کوردەوە توشی ناسۆر بوون، کوا لە کوێن ئەمانە؟ لە کوردستان بەردەوام تاوان دەکرێت، دزی، نیشتمانفرۆشی، پیاوخراپی، بۆ لێی بێدەنگن؟ ئەوەی بە سەر تۆدا دێت لە ڕێگەی تۆوە لە هەموومان ڕوودەدات، چیت بینی ؟ چیت بەسەر هات ؟ ئێمە دەستمان ناگاتە تۆ بۆمانی بنێرە) کاتێک گۆڤارێک ئاوا لە خەمی نەتەوەیەکدایە لەو پەڕی دنیاوە کۆمەڵێ کەس لە خەمی نیشتمان و ئازادیدا خەبات دەکەن، کەچی گۆڤارەکە تەنها چوار ژمارەی لێ دەر دەچێت، لە ژمارەیەکدا باس لە چەند ڕۆژنامەی سوئیدی دەکات کە مێژوویان له ١٠٠ ساڵ زیاترە و ڕۆژنامەی کوردی و گۆڤارەکان چونکە بێنیشتمانین و میللەتێکی خوێنەواریش نین زوو زوو گیان دەدەن و دوای یەک دووساڵ گەر بەختی یاربێت درێژ دەبێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەقسەی دەسەڵاتداران زیاتر لە ٨٠٠ شێوەی مێدیایمان هەیە هیچی بەقەدەر ژمارەیەکی ئەم کۆنتراکتە قسەی لەسەر ڕووداوەکان نەکردووە. پرسی نەوت و شەڕی داهاتووی ئاوی پاکییش لەناو ئەم گۆڤارەدا دەخوێنیتەوە. قسەکردن لەسەر :ئاش بەتاڵ " و خوێنەوە بۆ ئەوەی کە کێ بەرپرسی یەکەمە لەئاشبەتاڵدا و بەدواچوون، کە ئەمە دیاردەیەکی شارستانی و تێگەیشتنە لە مێژوو ڕووداوەکان، قسەکردنە لەسەر ئەنفالی ٩ کە بەلای منەوە ئەمە گەورەترین داهێنانی ووشهی سیاسییە و باس لە خستەوەی ئەنفال دەکات بۆسەر سکەی خۆی بەدەستی شۆڕشگێڕەکان، لە هەمبەر ئەنفالکردنی دارو بەرد و شۆفڵ و کەرەسەی بەها لە نیشتمانەوە و هێنانی کەرەسەی پوچ و بێبەها بۆ نیشتمان، کۆنتراکت ناوی ناوە ئەنفالی ٩ چونکە بەعسییهکان بە هەشت ئەنفال نیشتمانیان سوتماک کرد، دوای ڕاپەڕین شۆڕشگێڕەکان بەئەنفالێک نیشتمانیان ڕووت کردەوە لە هەموو بەهایەک کە جوان بوو . هەر زوو دوای گیرانی " ئۆجەلان " بڵاو بوونەوەی کە گوایە لە تورکیا لە دار دەدرێت "کۆنتراکت" بە ووتارێک ئەو قسەیە پوچ دەکاتەوە و دەڵێ (ئیعدام کردنی ئۆجەلان سودی تیا نییە بۆ تورکیا) ئەوەتانێ دوای ١٣ساڵ تورکان خەریکی مامەڵەکردنن لەگەڵ ئەو بەڕێزەدا، "کۆنتراکت " .
تەنها گۆڤارێک بووە بەڵام خەتی سیاسی ڕۆشن و دیار بووە و کەسی ووریا دەزانێ ئەم گۆڤارە و نووسینەکانی و پێشبینییهکانی پێمان دەڵێن میللەتی کورد نەزۆک نییە، ئەم گۆڤارە بەسەر هاتی هاوڕیەکمی هێنامەوە بیر کە لە ڕێخستنی کۆمەڵەدا کاری کردبوو قوتابی زانکۆی سەلاحەدین بوو لە سەرو بەندی گفتوگۆی یەکێتیی و ڕژێمی بەغداددا لەگەڵ چەند هاوڕیەکی دەچن سەردانی سەرکردەیەکی مارکسی دەکەن دوای گفتو گۆ لێی دەپرسن (پێشبینی چی دەکەیت بۆ شەڕی ئێران و عێراق)؟ سەرکردەکە کە ئیستا خەریکی گۆڕینە دەڵێ خۆ من" فەتاح فاڵ نیم" . بەڵام ئەم گۆڤارە سیاسییە فەتاح فاڵ نییە، بەڵام زۆربەی پێشبینییهکانی لە ڕووی سیاسییهوە ڕاست و دروستن و ئێستا ئێمە لەگەڵیدا لەناو ڕووداوەکاندا دەژین .
لەناو لاپەڕەکانی ئەم گۆڤارەدا "سەبری بۆتانی " دەبینی دەڵێ هێنانی سوپای داگیرکەرانی کوردستان جگە لە تاوان و خیانەت بەولاوە ناتوانم ناوێکی دیکەی لێ بێنم . ئەم گۆڤاره زیادە ڕەوی نابێت گەر بڵێم لەگەڵ ئەوەی تەنها چوار ژمارەیە کەچی لەسەر زۆر شت قسەی کردوە، بۆ نموونە "ئاڵا" کە من ئەو چەکدارە ناشرینەم دی خەریکی تەلبەند کردنی ئەو جێگەیە بوو ناوی سنورە و ئاڵایەکی بەناو کوردستانی کردبوو بە تاقمەکەیەوە کە لەج ەیشی شەعبی کۆن دەچوو، بهبینینی ئهو کورده قێزم لە کوردبوونی خۆم دەکردەوە . پرسی مین و ئاماری لە دەستدانی گیانی خەڵک و کەلەپاچەبوونیان، پرسی منداڵەکانی کە وون دەبوون و پارتی کرێکاران دەیبردن، ئیسلامییهکان بۆ لە ووشەی ئەنفال سڵ دەکهنهوە ؟ پرسی ئەنفال و ڕۆژی حەشر، کوژرانی خەڵکی بێتاوان، خنکاندنی کۆچبەران لەناو دەریادا، کوژرانی ڕەوە گەنج بە دەستی تورکان، کێشەی قوتابخانەی منداڵان نەبوونی کتێب و پێداویستی، جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، بیابان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ئەوانەی کوردستان جێ دەهێڵن دەڵێن چی ؟ چیرۆکەکان خۆیان دەدوێن، قسەکانی سەدام، عەلی حەسەن مەجید و، قسە مێژوویەکەی مەسعود بارزانی، کە ووتی: "ووتارەکەی سەرۆکی فەرماندە بەڕێز سەدام حسێن لەبیرەوەری ٢٣ساڵەی مەزنی ١٧/٣٠ تەمووزدا ووتارێکی مێژوویە و ئاواتی هەموو عێراقیەکی شەریف دێنێتە دی . ئێستاش مەسعود بارزانی پشگیری ڕاپەڕینەکانی ئەنفال دەکات، بەڵام زرێڤانی دەنێرێت بۆ سلێمانی و سەرکوتی خەڵک دەکات . لێرەدا دەوەستم هیوادارم کۆنتراکت بێتەوە ناومان و درێژە بەو نەهجە سیاسییە بدات چونکە میللەتی خەوتوو دەبێت کەسانێک هەبێت بە ئاگای بێنێتەوە، هەر هیچ نەبێت بۆ ئەوەی مانایەکیان فێربکەن بۆ ژیان . هەواڵەکان چی دەگەیەنن و چیمان پێدەڵێن، نووسراوێکە دەبێ خوێنەر چەند بارەی بیخوێنێتەوە چونکە لە وانەی قوتابخانەی مامۆستایەکی خۆشەویست دەچێت کە ئارەزووی وانەکەی بکەیت، پرسیارەکان زوو زۆر بەزووی چەکەرە دەکەن .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست