قەلاب لە روانگەی سونەگەرایی خۆیەوە شیكاری دەكات
Friday, 13/03/2015, 12:00
(لە پرسی سەرۆكی هەرێم رێگە لە دەستێوەردانی دەرەكی بگرن)
ماوەیەكە باس لە هەستیارترین و بابەتێكی زۆر گرنگ و خاڵی یەكەمی سەروەری هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە پرسی مانەوە یان هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و كۆتایی هاتن بەو ماوەیەی كە بۆی درێژ كراوەتەوەلە ئارادایە و، بۆتە جێكە باس و خواسەكان و هەر یەكە و بە پێی پشتخانی فكری و حزبی و مەبەستی تایبەتی و پێگەی خۆی لە ململانێی نێوخۆی كوردستاندا چۆن بێت باسی دەكات، لەم بارەشەوە لایەنی دەرەكی قسوری نەكردووە لە دەستێوەردان و بە پێی ململانێی میحورە ئیقلیمیەكە بارەكە شەن و كەو دەكات .
ئەوەی جێگەی نیگەرانیە لەم پرسە گرنگەدا، تا ئێستا، لایەنە نێوخۆییەكانی كوردستان بە پێی پەیوەندی و پێویستیەكانی ململانێكانیان مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارەدا دەكەن و، هەڵوێستیان پابەندە بە رێنماییە هەمەجۆرەكانی نێوخۆیی و دەرەوە، چ وەك توركیا كە مەبەستێتی سەرۆكی هەرێم وەك خۆی بمێنێتەوە و لە بەرامبەردا ئێران پێی باشە یەكێكی تر بێت و لە هەنگاوە چاوەرنكراوەكانی پاش داعش لە بەرژەوەندی ئەودا بجوڵێتەوە . دیارە هەردوو دەوڵەت بە باشی ئیستغلالی ناكۆكیەكانی لایەنە كوردستانیەكان دەكەن و لە نێوانیاندا یاری خۆیان دەكەن .
ئەوەی لەم كاتە هەستیارەدا كە بۆ ماوەیەكە تەنگی پێهەلچنیوین و لە بەر دەرگاكەمانە، هاتنی داعشە، كە دەبێت سەرجەم تواناكان بۆ بەرەنگاربونەوەی تەرخان بكرێت، نەك هیچ مەسەلەیكی تر، كە زەرەر لە یەكگرتویی كورد بدات . بۆ كورد زۆر پێویستە لە پرسێكی هەستیاری وەك دەستنیشانكردنی لوتكەی دەسەڵات بە یاسایی مامەڵە بكات، بەڵام یاسایەك ئەگەر بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بكات دەبێت بە یاسا دوابخرێت و لایەنەكان بە رێكەوتنێك بگەن كە ئەم بارودۆخە بە هێمنی تێپەرێنرێت و رێگە لە هەر بەرژەوەندخوازێك (ناوەكی بێت یان دەرەكی) بگرن، كە نیازی هەبێت بە مەیلی خۆی یاری بە چارەونوسی كورد بكات .
ئەوەی نوسینەكانی (ساڵح قەلاب) ی خوێندبێتەوە، باش ئاگادارە كە جگە لە روانگەی بەرژەوەندی سونەگەرا و ئەنتی شیعەگەرایی هیچ شتێكی تری پێ نیە . لەونێوەندەشدا دەیەوێت لەهەر كوێیەك هەست بە بونی پێگەی شیعە و یاریەكانی بكات گۆمەكە بشلەقێنێت و گومان لە هەنگاوەكانی دروست بكات . قسەكانی قەلاب لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێكی كورد نیە، بەڵكو دەیەوێت درزی زیاتر دروست بكات و لە ململانێكە دابەشیان بكات و تەنانەت گومان بخاتە نێوانیانەوە، ئەگینا هەڵبژاردن یان دانانی سەرۆكی هەرێم بەتاكە لایەنێك ناكرێت ئەگەر رەزامەندی زۆرینەی لەسەر نەبێت . بۆیە پێویستە هەر پێنج لایەنە سەرەكیەكەی كوردستان لەم كاتەدا بە چاوێكی گشتگیری كوردانەوە سەیری ئەم مەسەلەیە بكەن ولە بابەتی ململانێی ناوخۆیی دەریكەن و هەستیاری قۆناغەكە لەبەر چاو بگرن و بریاری گونجاو بدەن دوور لە هەر موزایەدەی سیاسی .
چ لە روانگەی یاساییەوە بێت یان سیاسی، زۆرێك بیرورا لەم بارەوە گۆراوەتەوە و بڵاو بۆتەوە، ئەوەی زۆر گرنگە كە لە بارودۆخێكی سیاسی و ئابوری وادا كێشەی گەورەتر نەخولقێت، بۆیە تا شەر لەبەردەرگا بێت پێویستە بارە عەسكەریەكە لەبەرچاو بگیرێت و مانەوەی سەرۆكی هەرێمی ئێستا بۆ دوای كۆتاییهاتن بە داعش قازانجی هەیە و زەرەر بە هیچ لایەنێك ناگەیەنێت وتا ئێستا بەم شێوەیە هێناویەتی و هەر ئەویش هەڵگری بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەكانە هەر چۆنێك بكەوێتەوە . لە قۆناغی پاش داعش، ئەوسا كە خەڵك هەست بەوەدەكات لە كاتێكی ئاساییدایە، لە هەڵوێستەكانیدا، رازیبونی یان نیگەرانی لەم واقعە، كە سەرۆكی هەرێم بەشی گەورەی بەرپرسیارێتیەكەی دەكەوێتە ئەستۆ، لە هەڵبژاردندا راوبۆچونەكانی خۆی دەردەخات . بۆ ئەو مەبەستەش دەكرێت پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەتی بە پشت بەستن بە حاڵەتی نائاسیی ئەم قۆناغە تایبەتیە، یاسایەك دەربكات و سەرۆكی هەرێم وەك بریگرتەی خەڵك بۆماوەیەكی دیاریكراو و تەنها بۆ مەبەستی بەرێكردنی ئەم قۆناغە بهێڵێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست