کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چی بە ماملێ ئەڵێن !

Sunday, 19/01/2014, 12:00






ماملێ لە گۆرانی (خاكی کوچەی یارم)دا وا دەڵێت:

هەروەكو پووش و پەڵاش کەوتوم لە کوچەی یاردا
گێژەڵووکەش نام فڕێنێ چونکە کەعبەی دینمە
خەڵك ئەڵێن کفر مەکە بەم تەرحە مەدحی یاری خۆت
گوێگرانی خۆشەویست من یارەکەم ئایینمە

گەر تێبینی بکەی لەو دوو دێڕەدا ماملێ، یان ئەوەی هۆنراوەکەی نووسیوە، پێی وایە کەوا کوچە و کوڵان و شوێنی یارەکەی وەك کەعبە پیرۆزە و لەستایشکردنی یارەکەیدا بەم شێوەیە یارەکەی لە لای بووە بە ئایین و بیروباوەڕ.

پێشەکی حەز ئەکەم ئەوە بڵێم کەوا لێرە و لەوێ چەندین کەس پێیان وایە، کەوا میللەتی کورد قەرزارباری ئەم هونەرمەند، یان ئەو گۆرانیبێژ و ئەو شاعیر، یاخود ئەو پێشمەرگە و فڵانە سەرکردەیە. وای دەبینین بەبێ بوونی ئەو هونەرمەند و ئەو ڕۆشبیر و ئەو سیاسیی و ئەو مرۆڤانەی گۆڕانکاریی گەورەیان دروست کردوە ئەبێ بپەرسترێن و لە زۆرکاتدا مەرقەد و نزارگایان بۆ دروست بکرێت و بەپیرۆز و نەمر بیانناسێنین. بەندە وای نابینم، بەڵکو وای بەچاك ئەزانم کە تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە.
لەڕاستیدا ئەوە هەموومانین، کە قەرزارباری میللەت و خاكین. ئەوە خاك و میللەت نیە قەرزارباری هیچ کەس بێت. بەپێچەوانەوە دەبێت هەموومان لە وەسێتنامەکەماندا بنووسین:
(داوای لێبوردن لە خاك و میللەتەکەمان بکەین لەوەی کە نەمانتوانیوە هەموو هەوڵ و تەقەلا و کۆشش بکەین بۆ سەرکەوتن و هێنانەدی نیشتمانێکی یەکسان و تەژی بە ئازادی و مافی مرۆڤ).
بۆیە وا باشترە واز لە کەلتووری منەتکردن بهێنین و کەس لە سەرو خاك و میللەتەوە دانەنێین، با هەموومان خزمەتکاری خاك و میللەتەکەمان بین. ئەبێ ئەوەش باش بزانین، گرنگ نییە چەند بۆ خاك و نیشتمان هەوڵ دەدەین، چونکە ئەوە ئەرکی تاك بە تاکمانە. وەلێ گرنگە خۆمان بەخاکیی و بەسادەیی و ساکاریی بهێڵینەوە. ئەوەی ئێمە بۆ خاك و میللەتەکەمانی دەکەین ئەرکە، ئەوەی لە خاك و میللەتەوە وەریدەگرین خەڵاتە.
کاتێك ئیسلامیەکانی ناو پەرلەمان بۆ سرود و هۆنراوەی ئەی ڕەقیب هەڵناسن و ڕەتی دەکەنەوە، بە بیانووی ئەوەی کەوا ئەوە هۆنراوەیەکی نەتەوەیی  نییە و بۆ گەلی کوردی موسڵمان باش نییە. ئەمە جگە لە بێڕێزیەکی گەورە بە میللەتەکەمان جێبەجێکردنی ئەجنداکانی دوژمنانی گەلی کوردیشە، بەمێگەلکردنی کوردە بۆ خواستی دووژمنانی کورد، لەوە زیاتر هیچی تر نیە . دەنا دڵداری شاعیر گەلێک ڕاستی فەرمووە لەو هۆنراوەیەدا کە دەڵێت: (دینمانە ئایینمانە هەر نیشتمان).
هەموو کەسێک، هەموو میللەتێک بەبێ بوونی نیشتمان، ناتوانێت خاوەنی هیچ بێت مرۆڤ ناتوانێ نەناسنامەی خۆی بسەلمێنێت، ئەبێ پاسپۆرتی میللەتان و گەلانی تر بەکاربێنێ، کە ڕەنگە لە زۆربەی کاتدا نەتوانێت شانازیی پێوە بکات.

هەروەك چۆن ماڵ بۆ هەریەکەمان گرنگە، ئەوا نیشتمانیش بۆ هەمووان و بەیەکەوە بۆ کوردبوونمان گرنگە. ئەو کەسەی رزگاریی و سەربەخۆیی بەخەون بزانێ، حەتمەن خاوەنی هیچ نییە و بە خۆی و قسەکانییەکانیەوە دەچێتە زبڵدانی مێژووەوە. ئەو کەسەی ڕێز لەئاڵا و سروودی نیشتمانی و نەتەوەی خۆی نەگرێ، باشترە هەر بەزوویی خۆی بخاتە سەر موڵکی کەس و ووڵاتێکی تر. پێویست ناکات چی تر داکۆکی لەمافی گەلیك بکات کە پێشەکی باوەڕی بە سروود و ئاڵاکەی نەبێ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە