شاری هەولێردەبێتە قەڵای تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن-4
Sunday, 20/06/2010, 12:00
لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانكارییەكی زۆر قووڵ لە بنەماكانی سیستەمی كەمالیستی توركیادا دروستبووە، بەشێكی ئەساسی لەو گۆڕانەش دەگەرێتەوە بۆ هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی ئیسلامی میانەرەوی داد وگەشەپێدان (ئاكەپە) لە توركیا، هەرچەندە بەهاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی ئیسلامی ئاكەپە بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان لە زۆر لایەنەوە كرانەوەیەكی بەرچاو هەبوو لەسەر مەسەلەی كورد، بەڵام ئەو هەنگاوانەی پارتی دادو گەشەپێدان بۆ چارەسەری مەسەلەی نەتەوەكانی توركیا و بە تایبەتی كێشەی كورد لەو وڵاتەدا هاوكات بوو لەگەڵ سرینەوەی بنەماكانی سیستەمی عەلمانی توركیا،كە لەسەر كۆلەكەكانی ئایدۆلۆژیای كەمالیزم دامەزراوە، بە پێ دۆسێیەكانی ئەرگەنەكۆن فایلی (760) كە تایبەت بە پەیوەندییەكانی فەتحوولڵا گویلەن و پارتی دادو گەشەپێدان، باس لە چەند خاڵی نهینی ئەو پەیوەندییانە كراوە، لە بەشێكی ئەو دۆسێیەدا باسی پەیوەندی و پلان و پرۆژەكانی نێوان تاقمەكەی فتحوولڵا گویلەن و ئەردۆغان دەكرێت لە مەسەلەی بڵاوكردنەوەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی و تەریقەتی گویلەنەكان لە ناو دام و دەزگاكانی توركیە،بەتایبەت لە ناو سوپای توركیەدا.
بەشێك لە چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو بۆچوونن كە ئەردۆغان و فەتحوولڵا گویلەن لە یەك بازنەدا بە دەوری یەكتردا دەسورێنەوە،ئەوەیش لەو شۆنەی كە ئاكەپە ناتۆانی سیاسەتەكانی بە تەواویی پراكتیزە بكات و پرۆژە و بەرنامەی پارتەكەی لە ناو جەماوەردا بڵاوبكاتەوە،فەتحوولڵا گویلەن دەكەوێتە دەور و بە شێوەیەكی لابەلا خۆی دەخاتە ناو كارە ناتەواوەكانی ئەردۆغانەوە،ئەوەش لەو چەند ساڵەی دواییدا بە تەواوی ئاشكرا بووە كە تەواویی پرۆژەكانی تاقمەكەی گەیلەن لە لایەن پارتی دادوگەشەپێدانەوە ساپۆرت دەكرێ و لەو چوارچێوەیەشدا هەموو ئیمكاناتێكی مادی و مەعنەویان بۆ فەراهەم كراوە، لە لایەكی تر بەشێك لە پرۆژە ئابووری و بازرگانیەكانی پارتە داد و گەشەپێدان لە لایەن تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەنەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
خاڵی هاوبەشی نێوان فەتحوولڵا گویلەن و ئەردۆغان
هەروەك ئاشكرایە، لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی ئیسلامی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) لە توركیا، پیڤاژۆیەكی نوێ دەستی پێكرد كە بە پرۆسەی كرانەوەی توركیا ناوی دەركرد، ئەوەش بۆ یەكەمین جار بوو كە پارتێكی ئیسلامی باسی كۆمەڵیك ریفۆرم و چاكسازی بكات لە مەسەلەی یاسای بنەرەتی توركیادا،لەمەڕ پرسی نەتەوەكانی تری ناو توركیە و كێشەی كورد بە تایبەتی، ریفۆرمەكانی ئەردۆغان لە ناوخۆی توركیا بە شێوەیەكی زۆر توند لە لایەن سوپا و ژنەرەاڵەخانشینكراوەكانەوە دژایەتی دەكرا، بەشێك لە لایەنەكانی ئۆپۆزیسێۆن ناوخۆی توركیا بە چاوی گومانەوە سەیری ئەو هەوڵەی پارتی دادوگەشەپێدانیان دەكرد و ئەم هەنگاوانەیان بۆ بەرژەوەندییەكانی توركیاو پارچەكردنی توركیایە وەك مەترسێەكی گەورە سەیر دەكرد، هەرچەندە ترسی كۆماری توركیا لە سەرهەڵدانی بزوتنەوە ئیسلامیەكان هەمیشە لە ئارادا بووە،هەر لە دوای كودەتای 1960 و دەركەوتنی پارتی عەدالەت و دوای ئەوەیش بزوتنەوەكەی نەجمەدین ئەربەكان كە بە شێوەیەكی زۆر رایكاڵ گەشەی بە ئایدۆڵۆژیای ئیسلامی سیاسی دەدا لە توركیا و دوای ئەوەش بوو كە بە شێكی زۆر لە بزوتنەوە و گروپە ئیسلامیەكانی تر دەرفەتی كاركردنیان بۆ دروست بوو، ئەوەش لە سەر ئەو ئەساسە كە دەبێ توركیایەكی ئیسلامی دروست بكرێت و توركیە ببێتە كۆماری ئیسلامی توركیە، لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1983 تۆرگوت ئۆزاڵ كە توانی سەركەوتنیكی بەرچاو بدەست بەهێنی لە هەڵبژاردنەكاندا، ئۆزاڵ هەرچەندە بە ئەسڵ كورد بوو بەڵام باوەڕیەكی زۆر پتەوی بە ئیسلام هەبوو، سەركەوتنی ئۆزاڵ لە ژێر ناوی كۆماری دووهەمی توركیا كە یەكێك لە دوورشمە سەرەكییەكانی بوو توانی لە ناوی كۆمەڵگای توركیە پێگەیەكی بەهێز دروست بكات،حاكم كردنی دیموكراسی و باوەڕی بە دەنگی خەڵك یەكێك بوو لەو خاڵە جەوهەریانەی كە توانی توركیا لەبەردەم رەوەتی ئیسلامیەكاندا بەرەو لاوازی ببات،چونكە تا ئەو كات هیچ گروپێكی ئیسلامی بە شێوەیەكی ئاشكرا لە مەیدانەكەدا نەیاندەتوانی پرۆپاگەندەی ئیسلامی سیاسی بكەن،بەڵام ئەستێرەی بەختی پارتە ئیسلامیەكانی توركیا بە دەركەوتنی پارتی داود گەشەپێدان توانی بگەشێتەوە و سەر لە نوێ خوێنیكی تازە بكەوێتە ناو شادەمارەكانی ئیسلامیەكان،بۆ یەكەم جار لە مێژووی توركیەدا ئیسلامیەكان بە دەركەوتنی پارتی دادوگەشەپێدان بگەتە سەر تەختی دەسەڵات، یا بە دیوێكی تردا دەتۆانین دەهەی 1990 بە دەهەی ئاكەپە و ئەربەكان لە توركیا ناوەزەد بكەین.
قۆناغی دەركەوتنی تەریقەتی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن
قۆناغەی دەركەوتنی تاقمەكەی فتحوولڵا گویلەن لە چوارچێوەی گەشەپێدانی تەریقەتی نور،قۆناغێك بوو كە توركیە لە زۆر لایەنەوە گۆڕانی بەرسەرداهاتبوو،بەتایبەت لە مەسەلەی گروپە ئیسلامیەكاندا، كە تا ئەو كات پرۆپاگەندە كردن بۆ ئیسلام وەك گەورەترین خەیانەت لە كۆڵەكەكانی ئایدۆلۆژیای ئەتاتووك ناوەزد دەكرا، بۆیە كاركردن بە ناوی باوەڕی ئیسلامیەوە لە توركیا بە هەموو شێوەیەك لە ژێر هەرەشە دابوو، قۆناغی گەشەكردنی تەریقەتی گویلەنەكان قۆناغێكی زۆر جیاوازتر بوو،بۆیە ئەوان زۆر بە ئاسانی توانیان لەو گەشە ئارامدا پەرە بە بیروباوەڕی خۆیان بدەن، هاوكاتیش لەگەڵ لایەن نەژاد پەرستەكانی ناوخۆی توركیا لە دژی كورد و كەمینەكانی تر كاریان دەكرد و لە دەروەی سنوورەكانی توركیاش كاریان دەكرد بۆ دەزگا هەواڵگرییەكانی توركیا و پەرەپێدانی بیروباوەڕەكەیان.چۆن بە پێ دۆسێیەكانی ئەرگەنەكۆن (گلاسۆر 760) ئەوان پارەیان لە دەوڵەتی توركیا وەردەگرت كە تەنیا لەدەروەی سنوورەكانی توركیا پرۆپاگەندە بكەن بۆ بیرو باوەڕی فتحوولڵا گویلەن.
فەتحوولڵا گویلەن و ئاڤراندنی مسڵمانی مۆدێرن
لە بەشێكی لە پرۆژەی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن كە باس لە بەرنامە و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەو بزوتنەوە كراوە،هاتوو كە پرۆژەی ئێمە هەڵگری هیچ پەیامێكی سیاسی نییە، بەڵام لە ئاراستەی بە مەدەنی كردنی كۆمەڵگای توركیا و دروستكردنی كولتوورییەكی تایبەت بە ئەخلاق و پرانسیپەكانی ئیسلامی كاردەكەن،هەرچەندە ئەوە ئاراستەی ئانالێزە كردنی رۆانگە و بۆچوونەكانی فەتحوولڵا گویلەنە لە چوارچێوەی بیرو بۆچوونەكانی شەخسی خۆیدا، لە دەرەوی ئەو بزوتنەوەیە كۆمەڵێك بیر و بۆچوونی زۆر جیاواز هەیە و زۆربەی لێكدانەوەكانی لە سەر ئەو بۆچوونە كۆكن كە چوارچێوەی پرۆژە فیكریەكانی فەتحوولڵا گویلەن لە پشتی پەردەدا ڕۆڵیكی زۆر شارواوە دەبێنی لەسەر پرۆسەی سیاسی توركیا.
لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن دا، لەسەر ئافراندنی مسلمانی مۆدێرن كاریان دەكرد،بە شێوەیەكی تریش لە چوارچێوی خزمەت بە گەشەكردنی كۆمەڵگایەكی مۆدێرنی توركیا هاریكار بوون، ئەوەش خاڵێكی جیاوازی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن بوو لەگەڵ بزوتنەوەكانی تری ئیسلامی كە لەبەرامبەر پێشكەوتنی كۆمەڵگایەیكی مۆدێرندا هەمیشە لەمپەر بوون،گویلەن نەتەنیا ڵەمپەری دروست نەدەكرد،بەڵكوو لە دروستبوون و پێشكەوتنیدا زۆر هاوكاریان كردوە، نزیكبوونەوەی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن لە تەریقەتەكانی تری ناو توركیا بە تایبەت نەقشبەندییەكان بۆ دروستكردنی فۆرمێكی تازە لەو پرۆژەی سیاسیەی كە لە ژێر ناوی ئیسلامی سیاسی مۆدێرن هەنگاویكی تری تاقمەكەی گویلەن بوو، هەروەك لە دۆسێیەكانی ئەرگەنەكۆندا هاتووە یەكێك لە بەرنامەكانی تاقمەكەی گویلەن بۆ سەركەوتنیان دەبوایە كۆدەنگێەكی لە ناو تەریقەتەكانی تردا دروست بكەن.
جیاوازیەكی تر تاقمەكەی گویلەن ئەوە بوو كە ئەوان زۆر لەسەر راگەیاندنەكان و كردنەوەی قوتابخانە كاریان كردوە،بەشێوەیەك كە تا ساڵی 1990 تاقمەكەی فەتحولڵا گویلەن نزیكی 150 قوتابخانە و بەشە ناوخۆییان بۆ خوێندكاران دروست كردوە،هەتا ساڵی(1997) زیاتر لە(250) قوتابخانەی لە توركیا و دەرەوەی توركیا دروست كردوە و ژمارەی قوتابیەكانی نزیكی (26.500) كەس بوو لە هەموو جیهاندا، كە ئەو ڕێژەیەش تا ئێستا چەند بەرابەر زیادی كردوە.
قوتابیانی كورد لە قەفەسی ئایدۆلۆژیای تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەندا
گریدراوی مێژوی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن وقوتابخانەكانی كە ئێستا كراونەتەوە،چەندین مامۆستای ئاینی كە پەروەردی دەستی فەتحوولڵا گویلەنن لە باكووری كوردستان لە شاری وان لە ژێر ناوی گروپی تۆریستیدا هاتوونە كوردستان و خەرێكن زارۆكی كورد لە هەرێمی كوردستان فێری مارشی نەتەوەیی توركیا دەكەن، فەتحوولڵا گویلەن وقوتابخانەكانی كە لە باكووری كوردستان لە شاری وان كەمپەینێكیان بە ناوی بە تورك كردنی كوردستان دەست پێ كردوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرگاكانی خۆی بە رووی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەندا كردۆتەوە، كرانەوەی قوتابخانەكانی فەتحوولڵا گویلەن سەرەتای پرۆسەی بە ئاسمیلاسیۆنی زارۆكی كوردە لە مەكتەبەكانی فەتحوولڵا گویلەندا،كەمپەینی بە توركی كردنی وەك ئەركی سەرەكی فەتحوولڵا گویلەن و میژووی تاقمەكەی گویلەن بووە، ئەو قوتابیانی كە لە هەرێمی كوردستان لە قوتابخانەكانی فەتحوولڵا گویلەندا خەرێكی خوێندن، لە دوای سەفرەكردن بۆ توركیا هەموویانی كۆكردۆتەوە بۆ خۆپێشاندان لە دژی كورد.ئەو خوێندكارانەی كە لەسەر رێكخراوی سەرحەد بانگهێشتی توركیا كرابوون، لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا هەموویان خەرێكی فێربوونی مارشی نەتەوەیی توركیا و چەند ئاوازی عیرفانی بە ستاێلی تایبەتی گویلەنن، ئەو خوێندكارانە لە مانگی مایسی 2009دا سەفەری توركیایەن كردوە، هەموو قوتابیانی كورد كە لێرەوە سەردانی توركیان كردوە لە چەندین خووڵی تایبەتدا لە ژێر ناوی (ئۆلەمپیادی پێشكەوتن) فێری زمانی توركی و وانەكانی ئاینی تایبەت بە تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن بوونە، ئێستاش چەند دەورەی تر لە شارەكانی ئیستانبوول و وان ،ئەزمیر ، بورسا، دووبارە رێكدەخرێنەوە،لەسەر ناردنی چەندین قوتابی تر كار دەكەن كە لە هاوێنی ئەمساڵدا سەردانەكەیان دەست پێ دەكەنەوە.مەرجی سەرەكی بۆ بەشداری لە ئۆلەمپیادی پێشكەوتنی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن فێر بوونی زمانی توركیە و دەبێ هەر یەك لەو قوتابیانە زمانی توركی بە باشی بزانن، ئەو گروپەی كە قەرارە ئەم ساڵ بەشداری بكەن لە ئۆلەمپیادی فەتحوولڵا گویلەندا، ژمارەیان نزیكی(20) قوتابی دەبیت.
ئەو خوێندكارە كوردانەی كە لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و كەركووك بەشداری پەروەردی فەتحوولڵا گویلەن دەكەن، لە قوتابخانەكانی تایبەت بە ناوی فەزالار كە پێكهاتووە لە 12 كۆڵیژ پەروەدە دەبینن و لە ناو ئەوشدا شۆنی 12 قوتابی دیارە، كە بەتەواویی خووڵەكانی پەروەردی فەتحوولڵا گویلەن یان بە سەركەوتوویی تەواو كردوە و گەیشتوونە ئاستێكی بەرز لەو قوتابخانەیەدا.
خوێندكارانی كورد لە قەفەسی كۆلێژی فەتحوولڵا گویلەندا
لە بەشی ئامادەیی قوتابخانەكانی شاری وان، ئەو خوێندكارە كوردانەی كە لە هەرێمی كوردستان بەشداری بوونە لە مەراسیمەكانی فەتحوولڵا گویلەن، بە زمانی توركی دەستیان بە قسەكردن كردوە لە سەرتای دەست پێكردنی مەراسیمەكاندا، یەكێك لە كچە خوێندكارەكانی كە لە هەوڵیرەوە بەشداری كردبوو،شیعرێكی تایبەتی بە ناوی ((هیجرەت))كە زۆر سرنج راكێش بووە، لە ناو جەماوەری بەشدار بووی مەراسمەكەدا خوێندۆتەوە، یەكێك لە خوێندكارەكانی تر كە كچێكی شاری سلێمانی بووە و خوێندنی زانكۆی پێشتر لە توركیا تەواو كردوە بە ناوی (سازگار دارا بەگ) و ئێستاش لە كۆلێژی ئیشقی تایبەت، خەرێكی پەروەردەكردنی قوتابیانی كوردە لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆژیای تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن.هەرچەندە سەرەتای بە ئەسمیڵاسیۆنی كورد لە هەرێمی كوردستان و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لەسەر ئەساسی ئایدۆلۆژیای فەتحوولڵا گویلەن دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ((1994)). لە لایەكی تر بە هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی ئیسلامی میانەرەوی دادوگەشەپێدان لە توركیا ئیمكاناتی زیاتر دروست بوو بۆ تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن كە بتوانن لە دەرەوی سنوورەكانی توركیا،بە تایبەت هەرێمی كورستان زیاتر پەرە بە پرۆژەكانی خۆیان بدەن.لەو چوارچێوەیەشدا هەرێمی كوردستان دەرگاكانی كردۆتەوە بە رووی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن كە بتوانن بە شێوەیەكی سیستەماتێك كارەكانی خۆیان پراكتێزە بكەن.
بە پێ سەرەچاوەیەكی تایبەت لە كۆڵیژی ئیشق، ژمارەی ئەو خوێندكارانەی كە سەردانیان كردوە بۆ خوێندن لە كۆلێژی فەتحوولڵا گویلەن (7.250)كەس بوونە. هەرچەندە لە قوتابخانەی فەتحوولڵا گویلەن لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی شاری هەولێر بۆ (650)كەس جێگا هەبووە كە بتوانن ناوی خۆیان تۆمار بكەن، لە ساڵی(2009-2010) بەشێكی زۆر لەو خوێندكارانە توانیویانە بە ئاوایەكی سەركەوتوو خوێندنی خۆیان تەواو بكەن و دەربازی ساڵی تازەی خوێندن بن لە كۆڵیژی ئیشقی تایبەتی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەندا. بە گشتی لە شارەكانی هەوڵیر،سلێمانی و كەركووك كە بۆ ساڵی نۆی خوێندن ئەو كۆلێژە جیگای هەیە بۆ(490) كەس،بەڵام ژمارەی ئەو كەسانەی كە سەردانیان كردوە بۆ خوێندن نزیكی (5.250) كەس بوونە. لە شاری دهۆك و هەڵەبجە كە كۆرسەكانی خوێندن تەنیا بۆ 160 كەس دابینكراوە، نزیكی (2.500) كەس سەردانیان كردوە. بە گشتی لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان بۆ تاقیكردنەوەیەكی 2 ساعاتی دیاری كرابوو،(170) مامۆستا و (110)كەس كە لەو كۆڵیژە خوێندنیان تەواو كردوە، (280)كەس بۆ چاوەدێری ئەو خوێندكارانە دەسنیشان كرابوون.
كۆمپانیای نۆرسوی و گویلەنەكان لە شاری كەركووك
تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن كە ئێستا لە شاری هەولێركار دەكەن، قورسایی خەباتی خۆیان بردۆتە ناو شاری كەركووك و لەگەڵ جەماعەتی بەرەی توركمن چەند پرۆژەی تایبەتیان دەست پێكردوە و ژمارەی خوێندەكارە توركمەنەكانیان لە شاری كەركووك زیادی كردوە،بە پێ چەند سەرچاوەیەكی تایبەت لە كەركووك تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن ئێستا لە رێگەی كۆمپانیای نۆرسوی كە كۆمپانیایەكی زەبەلاحی توركیا و سەرمایەی دەزگا هەوڵگرییەكانی توركیا و سوپای توركیایە،لەو چەند ساڵەی دواییدا زۆرترین پرۆژەی خزمەتگوزارییەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستانی ئەنجامداوە و چەندین لقی ئەو كۆمپانیایەش لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرێكی سەرمایەگوزارین و لە ناوخۆی توركیایەش تەواوی كۆمپانیایەكانی توركی پەیوەندییان هەیە بەو كۆمپانیایە و وەك فەرعێكی بچووكی كۆمپانیای نۆرسوی ئەژمار دەكرین، تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن لە رێگەی چەند پرۆژەی ئابووری خەریكەن لە ناو كەركووكدا پێگەی خۆیان بەهێز دەكەن.
پرۆژەی ئابوری و پەروەردی تایبەتی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن لە شاری كەركووك بەیەكەوە دەرۆنە پێش و پاڵپشتی كردنیان لە لایەن كۆمپانیای نۆرسوی بۆ دروستكردنی قوتابخانە لە هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی تری تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەنە بۆ بەهێزبوونیان لە عێراق بە گشتی، بەشێكی تر لە پرۆژەكانی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن ئێستا دەربازی ئێران بووە و لە چەندین شاری گەوری ئێرانیش ئێستا قوتابیەكانی گویلەن خەرێكی پەروەردەكردنی گەنجان و بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی كتێب و پرۆژەكانیان بە زمانی فارسی تەرجمە كردۆتەوە و و یب ساێتكی تایبەت بە زمانی فارسیشان كردۆتەوە.
هەولێر دەبێتە قەڵای تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن
لە شاری هەولێریش بەشێكی زۆر لەو خوێندكارانەی كە لە كۆڵیژی ئیشقی تایبەتدا دەخوێنن ،لە ماڵباتە دەوڵەمەندەكانی هەولێرن،لە مانگی ئەیلوولی(2008)دا،كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەرێكی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی بوو لە گەل توركیا،بۆ ئەو مەبەستەش لە زانكۆی سەڵاحەدین بەشێ خوێندنی زمانی توركی كرایەوە و ئەوەش راستەوخۆ پەیوەندی هەبوو بە تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن كە بتوانن لە زانكۆی سەڵاحەدینش ئایدۆلۆژیای خۆیان بڵاو بكەنەوە. هەرچەندە كردنەوەی بەشێ زمانی توركی لە زانكۆی سەلاحەدین پەیوەندی بە پێشكەوتنەكانی خەباتی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەنەوە هەبوو. لە مانگی(11. 2008) كۆلێژی ئیشقی تایبەتی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن لە لایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی كرایەوە. جەماعەتی فەتحوولڵا گویلەن لە هەرێمی كوردستان بۆ كردنەوەی قوتابخانەیەكی تایبەتی خۆیان لە سەرەتای ساڵانی 1990 دەستیان بە جمووجۆل كردبوو، هەرچەندە مێژووی خەباتی شاراوی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركووك دەگەرێتەوە بۆ پێش كردنەوەی كۆڵیژی ئیشقی تایبەت،بەشێوەیەكی تر بەكردنەوەی ئەو كۆلێژە لە شاری هەولێر قۆناغێكی تری بڵاوكردنەوەی ئایدۆلۆژیای تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن بە شێوەیەكی ئاشكرا دەستی پێكردوە، هەرچەندە ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە مەكتەبی مێژوویی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن پەروەردەیان تەواو كردوە نزیكی (3.000)كەس دەبێ. قوتابخانەكانی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن كە لەسەر بنەمای سرێنەوەی ناسنامەی كورد لە باكووری كوردستان دەستیان بە پەروەردەكردنی زارۆكی كورد كردبوو،ئێستاش لەسەر هەمان شێواز و بنەما لە هەرێمی كوردستان خەرێكی پەروەردەكردنی زارۆكی كوردن. ئەوانەی لە نزیكەوە چاوەدێری قوتابخانەكانی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن دەكەن، دەزانن كە ئەساسی وانەكانی تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەن لەسەر توركیا ناسی،مێژووی توركیا بە گشتی و زمانی توركی و ئایدۆڵۆژیای ئیسلامی تایبەت بە تاقمەكەی فەتحوولڵا گویلەنە.
سەرنووسەری گۆڤاری ئیسرائیل-كورد
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست