کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کوردستانپۆست ناوی بکوژه‌کانی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ ئاشکرا ده‌کات

Wednesday, 22/07/2009, 12:00


کاتژمێری 9ی شه‌و 21 7- 2008 ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌ شـاری كه‌ركوك ده‌چنه‌ به‌رده‌م ماڵی ڕۆژنامه‌نووس سـۆران مامه‌ حه‌مه‌، له‌ ده‌رگا ده‌ده‌ن و ئه‌ویش به‌ ده‌نگیانه‌وه‌ ده‌چێت یه‌کسه‌ر له‌ گه‌ڵ کردنه‌وه‌ی ده‌گاکه‌، ته‌قه‌ی لێده‌که‌ن و ده‌یكوژن.
کاتژمێرێک به‌ر له‌ کوشتنه‌که‌ی، به‌ ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی به‌ دوو براده‌ری خۆیه‌وه‌ ده‌کات له‌ ئه‌وروپا، وه‌ک هه‌ستی به‌ شتێک کردبێت، پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نێت که‌وا چه‌ند که‌سێک ئه‌مڕۆ به‌ شوێنیه‌وه‌ بوون، له‌وه‌ ده‌چێت بیانه‌وێت شتێکی لێبکه‌ن‌، ئه‌وانیش وشیاریی پێده‌ده‌ن، که‌ هه‌ندێ لایه‌ن ئاگاداربکاته‌وه‌ زیاتریش ئاگای له‌ خۆی بێت، نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌وه‌ دڵنیا نه‌بووه‌، که‌ کاره‌که‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی بکوژه‌کان ده‌چنه‌ سه‌ری بۆ ماڵه‌وه‌ و فه‌رمانی کوشتنه‌که‌ به‌جێ ده‌هێنن. گومان ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر سۆران به‌ قسه‌ی براده‌ره‌کانی کردبێت و خه‌به‌ری پۆلیسی دابێت، ڕه‌نگه‌ پۆلیسیش هێوریان کردبێته‌وه‌ و پێیان گوتبێت بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ دێین سه‌ردانت ده‌که‌ین، ڕه‌نگه‌ کاتێک له‌ ده‌رگا درابێت وای زانیبێت ئه‌وه‌ پۆلیسه‌کانن بۆ لێکۆڵینه‌وه و قسه‌کردن له‌گه‌ڵیدا هاتوون  سه‌ردانی ده‌که‌ن، بۆیه‌ بێ ترس به‌ خێرایی به‌ ده‌نگ ده‌رگا لێدانه‌که‌وه‌ چووه‌.
لێره‌دا پێش ئه‌وه‌ی ناوی بکوژه‌ گوومانلێکراوه‌کان ڕابگه‌یه‌نین، بۆ یه‌که‌مین جار ئه‌و نهێنییه‌ش ئاشکرا ده‌که‌ین، که‌ سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ په‌یامنێری لڤین، په‌یامنێری کوردستانپۆست بوو، کاتێکیش بووه‌ په‌یامنێر له‌ لڤین ئاگاداری ئێـمه‌ی کرده‌وه‌، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی تیرۆریش کرا، وه‌ک په‌یامنێر کاری بۆ کوردستانپۆست ده‌کرد، به‌نادیار نووسین و هه‌واڵ و ڕیپۆرتاژی بۆ ده‌ناردین. کاتێکیش هه‌واڵی تیرۆرکردنه‌که‌یمان بیست، به‌ باشمان نه‌زانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی  له‌گه‌ڵ کوردستانپۆست هه‌یبووه‌ ڕایبگه‌یه‌نین، تا دوایی بیانوو نه‌دۆزنه‌وه‌، گوایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یامنێری کوردستانپۆست بووه‌، بۆیه‌ کوژراوه‌ و خه‌ڵکی پێ چه‌واشه‌ بکه‌ن و گومان بخرێته‌ سه‌ر لایه‌نی تر، تا ئیستاش جگه‌ له‌ چه‌ند که‌سێک،پ اراستن و زانیاریش نه‌یانزانیوه‌‌،‌  سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ په‌یامنێری کوردستانپۆستیش بووه‌.

سه‌ره‌تا پاش تیرۆرکردنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رچاوه‌یه‌کی نێو‌ ده‌زگای زانیاری چه‌ند ناوێکمان ده‌ست که‌وت، گوایه‌ ئه‌وانه‌ به‌و کاره‌ هه‌ڵساون. ئه‌و کاته‌ ئێمه‌ نه‌مانتوانی ناوه‌کان ئاشکرا بکه‌ین، به‌ڵکو لێگه‌ڕاین و  به‌ باشمانزانی به‌دواداچوونی زیاتری له‌ سه‌ربکه‌ین، بۆ به‌ڵگه‌ ده‌گه‌ڕاین.
له‌ سه‌ره‌تای مانگی دووی ئه‌مساڵیشدا له‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی باوه‌ڕپێکراوی به‌هێزتر له‌ سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م، ناوی بکوژه‌گومانلێکراوه‌کانمان ده‌ستکه‌وت، ئه‌مه‌یان بۆ ئێمه‌ جێگای بڕوا بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ کوشتن و تیرۆرکردنه‌وه‌ هه‌بوو‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی‌ یاسا که‌ پۆلیسه‌، ده‌بێت لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی بۆ بکات، که‌سه‌ گومانلێکراوه‌کان بداته‌‌ دادگا، بۆیه‌ لای خۆمان هێشتمانه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌شمان ده‌زانی، که‌ ئه‌وانه‌ی به‌و کاره‌ هه‌ڵساون له‌ لایه‌ن پۆلیسی که‌رکوکه‌وه‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی بۆ نه‌کراوه‌ و فایله‌که‌یان داخستووه‌، چونکه‌ خۆیان له‌ پشت ئه‌م کاره‌وه‌ن، ئه‌مڕۆش پاش تێپه‌ڕبوونی ساڵێک به‌ سه‌ر ڕووداوه‌که‌دا، به‌ باشمانزانی ناوه‌کان ئاشکرا بکه‌ین، ئه‌وانه‌ی ناویان هاتووه‌، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت به‌رگری له‌ خۆیان بکه‌ن، ده‌توانن په‌یوه‌ندی به‌ ده‌زگای هه‌واڵگری پاراستنه‌وه‌ بکه‌ن، ئێمه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ ده‌ڵێن، که‌ تیرۆرکردنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ له‌ لایه‌ن پاراستن و به‌ فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی وه‌ک به‌رپرسی ئه‌و ده‌زگایه‌، هه‌روه‌ها به‌ ئاگاداریی و پێشنیاری مه‌سعود بارزانیش وه‌ک ده‌سه‌ڵاتیی یه‌که‌م له‌ تاوانباری یه‌که‌من به‌ تیرۆرکردنی سۆران، لایه‌نی دووه‌میش پۆلیسی که‌رکوک، پارتیی و ده‌زگای پاراستن له‌ که‌رکوک به‌کاره‌که‌ هه‌ڵساون و به‌شداریان تێداکردووه‌.

بکوژه‌ گومانلێکراوه‌کانی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌:
1) بێستون قه‌فاری / به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی که‌رکوک (ئازادی) کار له‌گه‌ڵ ده‌زگای پاراستندا ده‌کات (ناوی راستیی یاسین قه‌فاریه‌‌).
2) ڕائید سالار/  ئه‌فسه‌ری ئاسایش.
3) هه‌ژار کاکه‌یی / له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ براکانی، (برایه‌کی به‌ناوی بژار ڕه‌شید کاکه‌یی، که‌ په‌یامنێری کوردستان تیڤییه‌) براکه‌ی تریان به‌ ناوی (مه‌جید کاکه‌یی).
4) هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا (ناوی هاتووه‌، که‌ به‌ڕیوه‌به‌ری تۆڕه‌که‌ بووه‌)

تێبینی:
1) ئێمه‌ ناچینه‌ ناو گێڕانه‌وه‌ی کاره‌ساتی ڕووداوه‌که‌، به‌ڵکو لێده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ سه‌ر تیرۆرکردنی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ ده‌کرێت، باده‌زگای پاراستن و بکوژه‌کان خۆیان ددانی پێدا بنێن و بیگێڕنه‌وه‌.
2) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ته‌نها کارمان‌ ڕاگه‌یاندنه‌، وه‌ک پۆلیس و دادگا ئێمه‌ لایه‌نێکی یاسایی نیین، تا به‌دواداچوون بۆ تاوانبارکردنی که‌سه‌کان بکه‌ین، بۆیه‌ ئێمه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌و که‌سانه‌ تاوانبار ناکه‌ین، ده‌بێت بڵێین گومان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ریان، به‌ڵام به‌ یه‌قینه‌وه‌ ده‌ڵێین، که‌ ده‌زگای پاراستن به‌و کاره‌ هه‌ڵساوه‌، ئه‌و که‌سانه‌ی ناویشیان هاتووه‌، سه‌ر به‌ پاراستنن.
3) کوردستانپۆست به‌رپرس نییه‌ له‌ درکاندنی ئه‌م ناوانه‌، بۆ ئه‌مه‌ ده‌زگای هه‌واڵگری پاراستن به‌رپرسه‌ له‌ درکاندنی ڕاستیی ڕووداوه‌که‌ و ناوی بکوژه‌کان‌‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە