لە ئەحمەد قایاوە تا شەهرامی نازری
Sunday, 08/06/2014, 12:00
2080 بینراوە
ئەو سیاسەتەی داگیرکەرانی کوردستان پیادەیان کردووە تەنها داگیرکراوی خاکی کوردستانی لێ نەکەوتۆتەوە ، بەڵکو شێواندنی مێژوو و تێکدانی کلتوور و فەرهەنگ و تەنانەت خۆ بە کەمزانینی تاکی کوردیشی بە دواوە بووە ، یەکێک لەو هۆکارانەش کە یارمەتیدەر بووە بۆ سەرکەوتنی سیاسەتەکانی داگیرکەران ناوچەگەرێتی و خۆ بە بەشێک زانین لە وڵاتی داگیرکەر بووە لەلایەن هەندێک حیزب و ڕێکخراوی کوردیەوە .
بەڵام کاتێک هێزێکی شۆڕشگێڕ سەر هەڵبدات و ڕاستی و چەوتیەکان وەک خۆی پێناسە بکات ئەو کات هاوکێشەکان پێچەوانە دەبنەوە ، هەم تاکی داگیرکراو خۆی لە تاکی داگیرکەر بە کەمتر نابینێت و هەم داگیرکەریش ناتوانێت بە ویستی خۆی یاری بە چارەنووس و فەرهەنگ و مێژووی گەلی داگیرکراو بکات ، نموونەی ئەمەش باکووری کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستانە .
ڕۆژگارێک هەبوو کە تاکی کورد لە باکووردا شەرمی دەکرد وەک کورد خۆی پێناسە بکات و تەنانەت بە زمانی کوردیش بدوێت و هیچ بایەخێکی ئەوتۆشیان بۆ هونەر و کلتوری نەتەوەکەیان نەبوو ، کە باشترین نموونەش هونەرمەندی شۆڕشگێڕ و یادزیندو "ئەحمەد قایا" بوو ، کە سەردەمانێکی زۆر لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە خزمەتی بە زمانی تورکی کرد .
بەڵام کاتێک شۆڕشێک سەر هەڵدەدات و بە ڕەش دەڵێت ڕەش و بە سپیش دەڵێت سپی ، ئەو کات هەم گەل زیندو دەبێتەوە و هەم هونەرمەندانیش ڕێچکەی خۆیان دەدۆزنەوە ، سەرکێشی کردنی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ بەرپاکردنی شۆڕش و قامکدانان لەسەر زامەکان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات کە نە داگیرکەران ئەو هێزەن کە لە بن نەیەن و نە گەلی کوردیش ئەو نەتەوەیەیە کە بە ئاسانی قوت بدرێت ، بەڵکو گرفتاریەکە ئەوە بووە کە پارت و لایەنەکانی دیکە نەیان توانیبوو ڕاستیەکان وەک خۆی ببینن و خاڵە بەهێزەکانی دوژمنان و خاڵە لاوازەکانی کوردان دەستنیشان بکەن .
هەر بۆیەش بە سەرهەڵدانی پکک گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی دێتە ئاراوە ، ئەو گۆڕانکاریەش چەندە کاریگەری دەکاتە سەر کوردان بەو ئەندازەیەش کاریگەری دەکاتە سەر دوژمنان و تەواوی زلهێزەکانی جیهانیش ، ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانەش هۆکارێک دەبێت کە کەسانی وەک ئەحمەد قایا بە گوتنی تەنها دوو وشە کە گوتی "من کوردم" گەورەترین گۆڕانکاری دروست بکات لە تورکیا و باکووری کوردستاندا . هەڵبەت ئەو دوو وشەیەی ئەحمەد قایا لەو کاتەدا سەرەتایەک دەبێت بۆ پساندنی هەموو کۆت و بەندەکانی سەر زمان و ناسنامەی کوردی ، پاش ئەم ڕووداوە ئەحمەد قایا وێڵی وڵاتان دەبێت بەڵام ئەو خولیایەی کە لە دوای وێڵ بوو (واتە خولیای ئازادی) ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە دڵ و مێشکی ئەحمەد قایادا زیاتر دەبێت و لە دوای نەمانی ئەحمەد قایاش کاریگەریەکانی ئەو دوو وشەیە (من کوردم) زیاتر ڕەنگ دەداتەوە و دەوڵەتی تورکی بێ چارە هێشتۆتەوە .
شەهرامی نازریش یەکێکی دیکەیە لەو هونەرمەندە کوردانەی کە سەدەمانێکی زۆر بە زمانی فارسی هونەرەکانی پێشکەش دەکرد و تەنانەت زۆر کەسیش وەک کورد نەیان دەناسی ، ئەگەرچی ماوەی چەندین ساڵە لێرە و لەوێ گۆرانی کوردی دەچڕی بەڵام هێشتا تێری ئەوەی نەدەکرد کە کاریگەریە نەرێنیەکانی کلتووری داگیرکاری لەسەر خۆی نەهێڵێت کە لە ڕابردوودا خزمەتی پێکردبوو ، تا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە چڕینی گۆرانی (خۆم کرماشانی فارسی نیەزانم ، وە زوانی کوردی قەزاو وە گیانم) تەواوی کاریگەریەکانی داگیرکەرانی لەسەر هونەرەکەی سڕیەوە و تەنانەت وەک سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێش دێتە ئەژمار ، کە من لەو باوەڕەدام ئەو وەرچەرخانە هەم بێچارەبوونی کۆماری ئیسلامی بەدوادا دێت و هەم دووبارەبوونەوەی ئەو ڕۆژگارانەش دەبێت کە ئەحمەد قایا بە گوتنی دوو وشە داگیرکەری تورکی پێ لەرزاند .
کارم بەوەوە نییە کە لە داهاتوودا کاک شەهرامی نازری هەمان ڕێچکەی ئەحمەد قایا دەگرێتە بەر واتە (ڕێچکەی شۆڕشگێڕێتی تا ماڵئاوایکردن لە ژیان) یان دەگەڕێتەوە بۆ ڕێچکە کۆنەکەی خۆی کە زیاتر خزمەتکردن بە هونەری گەلی سەردەست و داگیرکەر بووە ، بەڵام دڵنیام کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەو گۆرانییەی شەهرامی نازری سەرەتایەک دەبێت بۆ سەرهەڵدانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ، سەرهەڵدانێک کە داگیرکەری ئێرانی لەسەر ڕۆژهەڵات بخاتە دۆخی بێچارەییەوە و دووبارەبوونەوەی سەرهەڵدانە جەماوەریەکانی باکوور دەبێت لە ڕۆژهەڵاتدا .