هەواڵێكى بەپەلە - دەزگاى ئاسایشى گشتى هەولێر هاوڵاتى حیسامەددین شێخیل مستەفایان ون كرد.
Wednesday, 19/05/2010, 12:00
سەردەشت هەولێرى
پێشەكى با بزانین ئەم هاوڵاتییە كێیە و چ كارەیە؟ كاك حیسامەددین خەڵكى هەولێرە و لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى هەولێر، بەشى چاپەمەنى، زیاتر لە بیست ساڵە كارمەندى حكومەتە. لە بەرامبەر باڵەخانەى ئەم بەڕێوەبەرایەتییەدا، دوكانێكى هەبوو، كارى ئیستنساخ كردن و كەپس كردنى تێدا دەكرد. ماوەیەك بەر لە ئێستا، دوكانەكەى فرۆشت و دوكانێكى دیكەى لە تەنیشت (نووسینگەى ئازاد بۆ وەرگێڕان) لە باڵەخانەى عوسمان موهەندیس، كە دەكەوێتە بەرامبەر وەزارەتى تەندروستى، كڕى و هەمان كارى تێدا دەكرد.
لە ڕووى جەستەییەوە، حیسامەددین كەم ئەندامە و پشتى كوڕە، بۆیە زۆربەى خەڵك بە حیسامەددین قەمبوور ناوى دێنن. حیسامەددین خانوویەكى یەك ژوورى لە كۆڵانى پشت دوكانەكەى بە كرێ گرتووە.
چیڕۆكى گرتن و بردنى حیسامەددین
هەشت ڕۆژ بەر لە ئێستا، ڕێك كاتژمێر حەوتى بەیانى، لە دەرگا دەدەن. حیسامەددین ئەو ڕۆژە بە تەنیا لە ماڵەوە دەبێت چونكە خێزان و منداڵەكانى لە ماڵى باوكیانەوە دەبن. كە حیسامەددین دەرگا دەكاتەوە، دوو منداڵ پێى دەڵێن خاڵە كۆترمان چۆتە سەر بانى ماڵى ئێوە، دەچین دەیهێنینەوە. ئەویش نازانێت ئاسایشى گشتى هاتوون بەم شێوەیە بیگرن، دەڵێت بابە خانووەكەى ئێمە قادرمەى نییە بۆ سەر بان چونكە خانووەكەمان زۆر بچووكە، لە ماڵى دراوسێكەمان بەسەركەون و كۆترەكەتان ببەنەوە. منداڵەكان دەڵێن باشە، ئەویش دەچێتەوە ژوورێ. دواى ماوەیەكى كەم، لە دەرگا دەدرێتەوە، ئەویش دەرگا دەكاتەوە، هەمان منداڵەكانى پێشوون و دەڵێن خاڵە زەحمەت نەبێت هەندێك ئاومان بدەرێ زۆرمان تێنووە، ئەویش دەچێت ئاویان بۆ دێنێت. كە دەگەڕێتەوە، چەند پیاوێك وەستاون و پرسیار لە حیسامەددین دەكەن و دەڵێن جەنابت كاك حیسامەددینى؟ ئەویش دەڵێت: بەڵێ. دەڵێن: لەگەڵمان وەرە بۆ ئاسایشى گشتى هەندێك پرسیارت لێ دەكەین و دەتهێنینەوە. ئەویش دەڵێت: من چۆن بزانم ئێوە پیاوى ئاسایشى گشتین، ئەوانیش ناسنامەى خۆیانى پیشان دەدەن. ئەویش دەڵێت باشە. تەلەفۆن بۆ خێزانەكەى دەكات و دەڵێت: جەماعەتى ئاسایشى گشتى هاتوون هەندێ پرسیاریان هەیە لەگەڵیان دەچم.
ئیتر لەو كاتەوە، حیسامەددین دەبەن و تا ئەمڕۆ بزرە. بەپێى سەرچاوەیەكى نزیك، خزم و كەسەكانى تا ئێستا چەندین واسیتەیان كردووە بۆ ئەوەى بیبینن، بەڵام ڕێگەیان پێنەدراوە.
ئێمە هیوادارین كاك حیسامەددین بە زووترین كات بگەڕێتەوە ناو ماڵ و خێزانەكەى خۆى، بەڵام لێرەوە خەڵكى بە شەرەفى هەولێر و تەواوى كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە كاك حیسامەددین هیچى نەكردووە، بەڵام ترسى ئەوەمان هەیە لەژێر فشارى دەروونى و جەستەییەوە، ناچارى بكەن كە تاوانی كوشتنى كاكە (سەردەشت عوسمان) ى لەسەر ساغ بكەنەوە. بۆیە ئەگەر هەر سیناریۆیەكى لەم جۆرە، لە دەزگا چەواشەكارییەكانى پاراستن و بنەماڵەى بارزانى ببینن، بە هیچ شێوەیەك بڕوا نەكەن. داواش لە لایەنە پەیوەندارەكان دەكەین بەدواداچوونى تەواو بكەن بۆ ئازاد كردنى ئەم هاوڵاتییەى شارى هەولێر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست