کورد لە بیروراکانی " خارانتوکی" دا
Monday, 02/01/2012, 12:00
2-2 بەشی دووەم لە: "ماریانا خارونتاکی" چۆن مووان دەپسێنێ لە خەڕەکی ماڵی کورددا
بەشی دووەم بۆ گرنگە...
ئەم بەشی دووەمە لە هەندێک لەو بابەتانەی تێدایە کە دەمێکە سەراپای دید و بۆچونی کوردیان تەنیوە سەبارەت بە کورد و کێشەکەی چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی. هەروەها کەرەستە و چەمکی رووکەشیانە و سواو بۆ لێکدانەوەی رووداو و حەقیقەتەکان لەمەڕ کورد و کێشەکەیەوە سەراپای نێوەندی سیاسی و راگەیاندنی کوردی داپۆشیوە.
ئەوەی لە بەشی یەکەمدا باسم کردبوو بریتی نەبوو لە هەڵەی زانیاری مل شکێن و بەس، بەڵکو بریتیە لەو جەهلەی کە چۆن لە وڵاتی ئێمەدا بە قەشەنگیەوە رێ دەکات. پاشان چۆن ئەم جەهلە تێکەڵە لەگەڵ قەوارە و کەسە سیاسیە-حزبیەکان و چاپەمەنیەکانی ئێمەدا. کەسێک لە خەم تێنەگات چۆن لە مانای گریان دەزانێت. خانم خارونتاکی، سوودی لەو نێوەندە بەتالەی هزر و ئاکاری کورد دیوە کە هەر لە کۆنەوە گووتراوە گوایە قەدری بێگانانیان لە لا زۆرترە لەوانی خۆیان، ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەرگا ئاوەڵایە بۆ هەر کەسێکی بیانی، بە مەرجێک بە شان و باڵی دەسەڵاتدا هەڵبدات یاخود هیوای درۆ لەسەر کورد و کێشەکەی بڵاوبکاتەوە، لەمەڕ کورد بنوسێ ئەلێرەوە هاتووە. ترسناکی ئەمە لەوەدایە کە ئەم بابەتە لەسەر ئاستێکی ئەکادیمی و هزریدا دەجێتە پێشەوە. ئەمە لە جەندان خوڵق و ئاکاری گەندەڵیە باوەکان بە زەرەرمەندترە بۆ کورد و کێشەکەی. بەهەر حاڵ، با بچینە نێو بەشی دووەمی بابەتەکەوە.
ئایدیای سەرەکی کتێبەکە...
ماریانا خارونتاکی پێمان دەڵێت کوردینە چیدی خەمتان نەبێت ئێستە لە ئەمریکا سیاسەتێک هەیە بە ناوی سیاسەتی کوردی.
بۆ دوو دەیە دەچێت کورد لە کوردستانی باشور ئەم خەمەی نەماوە، خەمی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا. ئەو بێ خەمیەش لە متمانە بە ئەمریکا بە کوردەوە نەهاتووە بەڵکو لەو خاڵی وەرچەرخانەوە هاتووە کە دنیای دوو قوتی تێیدا مرد. وەک پەیوەندیەکی نێودەوڵەتی ئەمریکا گرنگە بۆ کورد بەڵام هەموو کلیلەکان لای ئەو نین. کلیلی دەرگای سەرەکی لای کورد خۆیەتی. ئەو بیرورایە چیتر ناتوانێ تینووشکێن بێت کە پێی وایە کورد قوربانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بووە یان کوردستان کۆڵۆنیاڵیەکی نێودەوڵەتیە. کام جۆر لە زانست دەهێنیت، کۆمەلایەتی یان ئابووری یان سیاسی یان کیمیایی و فیزیایی، ئەوەت پێ دەڵێن کە بەهێزی هەر قەوارە و مادەیەک بە پلەی یەکەم لە پێکهاتەکانی ناوەوەیدایە ئینجا دەرەوەی.
ئەمریکا بۆ ئێمە گرنگ نیە تاکولە کارەسات و هەڕەشە چارەنووسسازەکان بمان پارێزێت، بوونی کورد بە قەوارەیەکی نێودەوڵەتی لە دەستی ئەمریکادا نیە بەڵکو لە نێو لەپزێڕینی کورد خۆیدایە. لە رابردوو و ئێستە و داهاتووش کلیلە سەرەکیەکان لای کورد بووە و دەبێ. کەمال مەزهەر لە بەرگی ماستەرنامەیەکی قوتابیەکدا هەڵەیەکی گەورە دەکات کاتێک دەنووسێ: هەموو کلیلەکان لای واشنتۆنن.
دوو دەیەی رابردوو لە کوردستانی باشوور فلاشباکی رابردووی کوردمان بۆ پیشان دەداتەوە کە پێدەچێ باو و باپیرانمانیش ئاوها بووبن بۆیە هیچمان بە هیچ نەکردووە. ئەمە وەڵامێکی حازر بەدەست و بە پەلەیە بۆ هەر کەسێک بیەوێ مینەی یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی دەوڵەتی نەبوونی کورد بکات. وەک پرەنسیپ، هۆکاری سەرەکی بۆ دروست نەبوونی قەوارەیەکی کوردی لە مێژووی نوێیدا ئەوەیە کە شارێکی گەورەی ئابوری کوردی وەک سەنتەرێک کە هەموو ناوچەکان بچنەوە سەری نەبووە. ئێمە خاوەن ئسیتانبوڵێک و بەغدادێک و تارانێک نەبووینە تا ئێستا. ئەم خالە حەیاتیە هەمیشە کراوە بە قوربانی پارچە پارچە سیاسیەکانی کورد.
زۆرن ئەو کێشە و گرفتە نادەوڵەتیانەی چەندە ئەمریکایی یان جیهانی بوونەتەوە ئەوەندە ئاڵۆز و دوور لە چارەسەر ماونەتەوە، وەکی وڵاتی (تبت) لە چین، فەلەستین، باسک، ئێرلاند.... هتدجا خەمی سەرەکی کورد، ئاواتی کورد لە ئێستادا ئەوە نیە کە ئایا ئەمریکا ئۆفسێکی بۆ کورد دروست کردووە یان نا بەڵکو خەمی ئێمە لە نەبوونی دەسەڵاتێک و رابەرێک و حزبێکی سیاسیە کە بە درێژایی بیست سالەناتوانێ ئەم دەرفەتە ئاڵتوونیە بقۆزێتەوە.
ئایا لەبەر خاتری کورد سەدامیان رووخاند؟
لە لاپەڕە ١٧٩دا دەنووسێ:(سزادانی کورد لە لایەم رژێمی سەدامەوە، دەسەلاتی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان رەخساند تا لە شەڕی سێیەمی کەنداو لە ٢٠٠٣ دەست بەسەر عێراقدا بگرێ و سەدام لەسەر حوکم لادا.) گرفت و کارەساتەکانی کورد هیچ کات هۆکار نەبوون تاکو ئەمریکا سەدام بڕوخێنێ. لێدان لە عێراق و رووخاندنی سەدام لە لایەن ئەمریکاوە نە هۆکارێکی ئابووری دەستبەجێی هەبوو، نە بۆ چاڵە نەوتەکان بوون بەڵکو بۆ کڕینەوەی ئەو هەیبەتە سیاسیە نێودەوڵەتیە بوو کە ئەمریکا ١٣ ساڵ بوو پێوەی خەریک بوو. لێدان لە عێراق، بۆ ئەمریکا هێندەی مەسەلەیەکی ئەخلاقی سیاسی بوو ئەوەند ئابوری نەبوو. کورد بە هیچ کلۆجێک هۆکارێک یان بەهانەیەک نەبوون بۆ لێدان لە عێراق، بگرە لە کاتی لێدانیشدا کورد رەگەزی سەرەکی نەبوون. دەڵێن هەر ئەو دەم ئەمریکاییەکان بە کوردیان گووتبوو ئێوە لەگەڵمان یان نا ئێمە لە سەدام هەر دەدەین.
ئەمریکا و سیاسەتی ئازادی و دادپەروەری..!!
لاپەرەی ١٨٤ دەڵێت:(ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە دادوەری جیهانی و ئازادی و دیموکراتیزەکردن و مافەکانی مرۆڤ لەسەر تاسەری دنیادا ئاشکرایە.) ئەم قسانە جگە لەوەی دوورن لە راستیەوە، لە قسەی نەک هەر کەسانی سیاسی ماقوڵ و سەربەخۆ دەچێ بەڵکو لە زار و قەلەمی کەسێکی ئەکادیمی و زانستی ناچێ کە دەیەوێت بابەتیانە شت بنوسێت. قسەکەرێکی رەسمی حکومەتی ئەمریکا یان رۆشنبیرێکی سیاسی کۆنسەرڤەتیڤی وەک (دەیڤید فرۆم) لێێان دەوەشێتەوە ئاوها قسان بکەن، ئەگەرنا لە نێو خودی نێوەندی رەسمی و نارەسمی ئەمریکادا، لە نێویدا سەرۆک و دەستە و دائیرەکەشی، رو بە نهێنی گاڵتەیان بە ئامانجی وەها دێت. بەینی ئاسمان و رێسمان چەندە دادوەری و ئازادیش لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئەوەندەیە. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا وەک هەر زلهێزێکی تری دنیا خاڵیە لە مۆراڵی مرۆیی. ئەوەندەی هەردوو زەریای ئەتڵەسی و پاسیفیک، کە ئەمدیو ئەودیوی ئەمریکاییان گرتووە، شت هەن لەم بارەیەوە کە ئەو دیدەی ماریانا خانمی پێ پوچەڵ بکەیتەوە.
بەعس و رێز لە کەمە نەتەوایەتیەکان..!!
لە لاپەڕە ٢٤٣دا دەهێژێت:(پێدەچێ کە لە ١٩٦٠و ١٩٧٠یەکاندا هەڵوێستی کوردی عێراق لە هاونەتەوەکانی تری خۆیان باشتر بووبێ، ئەمەش رەنگە لەبەر ئەوە بووبێ کە رێبازی ئایدیۆلۆجیای بەعس رێزی لە کەمینە ئیتنیەکانی تر گرتبێ.)
بارودۆخی کوردی عێراق، تا ساڵی ١٩٩١، هیچ کات باشتر نەبووە لە کوردەکانی تری دەروبەری، بە پێچەوانەوە ئەم بەشە زۆرترین کارەسات و وێرانکاری توش بوو. دیارە یەکەمین هۆکار بەعس و ئادیۆلۆجیاکەی بوون ئینجا سیاسەتی کاڵفامیانە و هەدەفمەندانەی سەرکردە و حزبی کوردی لەو کارەساتانەدا. ئەو دەسکەوتە سیاسیانەی کوردی ئێراق بەدەستیان هێناوە بە تایبەت لە بەیاننامەی ١١ی ئازاردا، دوور و نزیک پەیوەندی بە رێزگرتنی ئادیۆلۆجیای بەعسەوە یان هەر ئادیایەکی عەرەبیەوە نەبووە کە رێز لە کەمە نەتەوەیەکی وەک کورد بگرێ لە عیراقدا، بەڵکو بەو هاوکێشە وسەنگ و سوکی هێزانەوە هەبووە کە کوردی ئەم بەشەی تێدا بووە.
کوردستان لە باشورەوە، راستەوخۆ بە جیهانی عەرەبیەوە بەستراوەتەوە لە رێگەی وڵاتێکەوە کە پێی دەگوترێت عێراق. ئەم جیهانی عەرەبیە (کە زۆرتر مەبەست دەورەی دوای دووهەمین جەنگی جیهانیە) یەکبینە لەگەڵ کۆمەڵێ گرفت و کێشەی ئاڵۆسکاودا رووبەروو بووە، تورکیا و ئێران کەمتر لە ئاڵۆسکاوی لەو شێوەیەدا بوون.
کودەتای یەک لە دوای یەکی وڵاتە عەرەبیەکان و هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەفسەرە پایە بەرزەکانی ناو سوپا، سەرهەڵدانی بیری نەتەوەچێتی عەرەبی لە قاوغی چەپێتیدا دوو خاڵ بوون کە دەستی سۆڤیەت و ئەمریکایان زۆرتر هێنایە ناوچەکە بۆ مشت و مڕ. بێگومان نەوت لە وڵاتانی عەرەبیدا هۆکارێکی خرۆشەر بوو لەو ململانێی دنیای دوو قوتبیەدا. لە لایەکی تر دروست بوونی ئیسرائیل لە جوگرافیای کلاسیکی جیهانی عەرەبیدا، پاشان ئێرانی فارسچێتی شاهانە و شیعەییزمی ئیسلامی هەمیشە وەک تارماییەکی نائارام بەسەر وڵاتانی عەرەبیەوە دەوری هەبووە.
ئەم کێشە و گرفتانە زۆر کەمتر هاوشانیان هەبوو لە تورکیا یان ئێران. بەتایبەت ئێران تا دەمانی شاه ئەمریکیەکی تەواو عەیار بوو. تورکیاش دوای کێشەی کوبا لە سەرەتای ساڵانی شەستەکان لە نێوان ئیدارەی کەنەدی و سۆڤیەتی خرۆشۆڤدا شوێنگەیەکی هەستیارتری پێدرا وەک لە عێراق. بوونی نەوت نەیتوانی وا لە عێراق بکات هەستیارتر بێت لە تورکیا. رێکەوتەی جوگرافی تورکیا یان ئێران گرنگتر دەردەکەوت وەک لە عێراق بۆ ئەو دەورەیە. وەک وڵات وسەرکردە و رژێمیش هیچیان ئەوەندەی عێراق سەرکێش و پڕ کێشە وگرفتی جۆراوجۆر نەبوون. هەروەها، ئەزمونی دەوڵەتی و رەگەی دامەزراوەیی لە تورکیا(ئیمبراتۆریەتی عوسمانی) و ئێران(سەفەوی) رەگەی چەندان سەدەیی هەبووە کە سەرباری هەر هەڵبەز و دابەزێک کۆڵەکە پایەییەکانی نەلەقیون، لە کاتێکدا عێراق مێژوویەکی کورتی هەبووە و دەوڵەتێک بووە راستەوخۆ لەلایەن ئنگلیزەوە دامەزراوە لەگەڵ ئەو هەموو گرفتە نێوخۆییەی وەک شیعە و سوونە، کورد و عەرەب، نەوتێکی بێ شومار.
ئەمانە هەندێ سەرخەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بوون، وەک ئاستی نێوخۆیی کوردیش، ئەوەندەی حزب و سەرکردەی کوردی ئەم پارچەیە خزمەت و نۆکەرییان بۆ وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت بۆ ئێران کرد لەسەر حسابی کوردانی پارچەکانی تر ئەوان هەگیز ئەوەیان نەکردووە (دیارە کە نەیانتوانیوە بیکەن تا ئێستە جێگە و رێگەی ئەوان ئەوەی بۆ نەڕەخساوە ئەوە بکەن، ئەگەرنا، کێ دەڵێ نەیان دەکرد یان نایکەن). لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانەوە تا کۆتایی هەشتاییەکان ئینجا دەیەی نەوەدەکان و تارادەیەک ئێستەشی لەگەڵدابێ دەیان و سەدان کەسانی سیاسی و چەکداری کورد لە پارچەکانی تر بەدەست ئەم بەشە کوژران یان تەسلیم بە ئێران و تورکیا کرانەوە. ئەم کارە هەر لە لایەن حزبە کوردیەکانەوە تا دەگات بە ئیسلامیەکان بەردەوامی هەبووە و هەیە.
ئەم چەند هێلە گشتیانە هۆیەک بوون بۆ بزێوی و هاروهاجی کوردی ئەم بەشە نەک ئەوەی گوایە بەعس خاوەن ئایدیۆلۆجیای ماقوڵ بێت یاخود ئێمە لە کوردانی پارچەکانی تر ئازا و چاونەترس و زیرەک تر بووبین.
ئایا کورد بارە گرانەکەی رووخاندنی سەدامی لە ملدابوو؟
لە لاپەڕە ٣٣٦ دا دەنوسێ:(بارە گرانەکەی رووخاندنی سەدام لە ئەستۆی کورددا بوو.) گەر ئەو خانمە لە یەکەمین کاتژمێری هەڵایسانی جەنگەوە سەیری رووداوەکان تەنها لە تەلەفزیۆنەکانەوە بکردایە دەیزانێ کە بارسوکترین بەرەی شەڕ لە تەرەفی کوردستانەوە بوو. بارگرانترین بەرە بەرەی جنوب و ناوەڕاستی عێراق بوو. وەک ئاستی سەربازی تەنها ئەمریکا خۆی بارە گرانەکەی لە ئەستۆدا بوو. زۆر لەسەر ئەم خاڵە ناڕۆین چونکە هەموو ئەو شتانەی روویاندا دوێنێ بوو بۆیە باسکردنی زیاتری بە پێویست نازانم.
هەمان لاپەڕە لە پەرەگرافی دووەمدا دەڵێت:(کاتێک ساڵی ١٩٩٦ سەدام پەلاماری کوردستانی دایەوە.) هەموان دەزانین سەددام پەلاماری کوردستانی نەدا بەڵکو داواوی لێکرا کە پەلاماری کوردستان بدات. ٣١ی ئاب رووداوێکە تەنانەت خودی پارتی دیموکراتی کوردستان نەیشاردۆتەوە کە ئەو داوای لە سەددام کرد پەلاماری کوردستان بدات. بە قسەی مەسعود بارزانی لەگەڵ کەناڵی العراقیەدا، دوو سێ ساڵ لەمەوبەر، کاتێک پرسیاری ئەمەیان لێکرد گوتی بۆیە داوامان لە سەددام کرد چونکە وڵاتێکی بیانی خەریک بوو عێراق داگیر بکات. لای ئەو ئاماژە بوو بۆ دەوری ئێران لە پشتیوانی کردنی یەکێتی دا لە شەڕەکانی ساڵی ١٩٩٦دا.
عەیبەیەکی زۆر گەورەیە کە لە ماستەرنامەیەکی ئەکادیمیدا راستیەکی ئاوها ئاسان وەک ئاو و دۆ لنگەوقوچ بکەیتەوە بە خاتری هەندێ شت!!! یاخود، گەر بەئاگا نەبیت لە رووداوەکە ئەوا خراپتر. چۆن لەسەر میللەتێک دەنووسی و ئاگات لە دوێنێکەی نیە.
ئایا راگرتنی بە ئەندام بوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا لەبەر کوردە؟
لە لاپەڕە ٣٤٦دا دەڵێت:(یەکێتی ئەوروپا لە سالی ١٩٩٨دا تورکیای بە ئەندام وەرنەگرت لەبەرئەوەی نکوڵی لە کێشەی کورد دەکرد.) بێ بنەماترین بەڵگە بۆ وەرنەگرتنی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپادا مەسەلەی کوردە. بە ئەندام بوونی تورکیا لە یەکێتی ئەروپادا مەسەلەیەکی سیاسی یان ئاینی نیە زۆرتر، بگرە مەسەلەیەکی ئابوریە. هۆکاری ئاین یاخود جوگرافیای دووری تورکیا بە ئەوروپاوە یان مێژینەی عوسمانیەت وەک تارماییەکی ناحەز لە لای ئەوروپا ئەوەندە هۆکاری بنەرەتی نین. گەر تورکیا بازێکی گەورەی بە ئابوری ئەوروپا بدایە ئەوا دەیتوانی بچێتە نێو ئەو یانەیەوە. گەر ویلایەتی موسڵی جاران، کە کەرکوکی تێدایە، لە نەخشەی تورکیادا بوایە رەنگە لە مێژبوو تورکیا بە سەر و پێوە لە ناو ئەو یەکێتیەدا بوایە. لە لایەکی تر، خودی یەکێتی ئەوروپا، گرفتی نێوخۆیی زۆری هەیە. یەکێک لەو گرفتانە ئەوروپا ناتوانێ ببێ بە یەک. رەگەزی نزیک بوونەوە هەیە بەڵام بوون بە یەک یان یەکێتی بوون وەک ئەوەی ئیرۆ دەیەوێت زەحمەتە، زۆریش. یەکێتی ئەوروپا بوون هەر وەکو خەونێکی خۆش بۆ ئەوروپاییەکان دەمێنێتەوە.
گرفتی پارچە پارچە بوونی بزووتنەوەی کورد لە ئێران چیە؟ ئ
لە لاپەرە ٤٤٦دا دەنوسێت:(پارچەیی بزوتنەوەی کوردی ئێران لە ئەنجامی ژمارەی زۆری پارتە سیاسیەکانیان و کەمی هاریکاری نێوانیان بووە.) ئەم دیاردەی زۆری پارتی سیاسیە لە ژیانی رامیاری هەموو پارچەکانی کوردستاندا بوونی هەیە، بۆیە ئەمە خاسیەتێک نیە بە تەنها مورکەکەی بە کوردی ئێرانەوە بووبێ. ئەگەر یەک حزب هەبوایە، خانم خارونتاکی لەوانەبوو ئەو کات بیگوتایە یەک حزبی هۆکاری مەینەتیەکانی بزووتنەوەی سیاسی کوردە لە ئێران. جا بۆیە گرفتی بنچینەیی لە زۆری ژمارەی پارتی سیاسیدا نیە بەڵکو لە نەبوونی گوتارێکی یەکانەیی نەتەوەیی و خەتێکی سیاسی کارکردنی پێکەوەییدایە. ئەو خاڵە زۆر لاوازە بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە لە بزووتنەوەی رامیاری کورد لە ئێران.
لە دەیەی نەوەدکان بە دواوە، پارتەکانی کوردی باشور دەورێکی ئێجگار خراپیان گێڕاوە لە تێکشکاندنی یەکڕیزی بزووتنەوەی سیاسی کوردی ئێراندا. یەکێتی لە لای خۆیەوە دەستی لە نێو کۆمەڵەدا هەیە و لەو لاشەوە پارتی کار لەسەر دیموکرات دەکات چ بە ملکەچیان بۆ لای خۆی یان پارچە کردنیان یاخود هەوڵدان بۆ دروست بوونی حزبی تری کوردی لە ئێران.
کورد لە سوریا گرفتی ژمارە یان کێشەی جوگرافیا...
سەبارەت بە کورد لە سوریا دەڵێت:(کوردی سوریا لەبەر کەمی ژمارەیان و کەمی یارمەتی دەرەکیانەوە ئاوها ملکەچی حکومەت بوونە.) پێش هەرشتێک سوریا وەک ولات هەمیشە تەریک بووە لە گۆڕەپانی سیاسی ناوچەیی و نێودەولەتیدا و خاوەن ئابوریەکی داتەپیو بووە بەجۆرێک نەبۆتە جێگەی سەرنج راکێشی ئاستی ئابوری و سیاسی نێودەوڵەتی. ئێران و تورکیا و عێراق وڵاتگەلێکی یەکبینە دەرگا کراوە بەرووی ناوچەکە و جیهاندا بەڵام سوریا رێک بە پێچەوانەی ئەمانەوە وڵاتێک داخراو و قوفڵ لێدراو. ئینجا...
جوگرافیا و سیاسەتی شاز دوو هۆکاری سەرەکی بێ دەنگی کورد بووە لە سوریا. نەبوونی شاخ یان جێگەی عاسی لە رۆژئاوای کوردستان(کوردستانی سوریا) یەکێک لە هۆکارە بنچینەیەکانی نەبوونی بزوتنەوەی چەکداری بووە وەک ئەوەی لە پارجەکانی تردا دەیبینین. پێش هەر شتێک، ئەو بەشەی کوردستان کە کەوتۆتە ناو سوریاوە بووە بە دوو بەشی لێک جیاواز لە یەکتر. بەشە زۆرەکەی کەوتۆتە باکوری رۆژهەڵاتی سوریاوە وەک قامیشلی، ئەوی دی کە بەشێکی گچکەیە کەوتۆتە باکوری رۆژئاواوە وەک عفرین. سەیری نەخشەکە بکە لە خوارەوە.
پاشان،ئەو سنورەی کوردستانی سوریا زۆرتر تەختانیە و ماڵ و دێهاتەکانی کوردان لە نێوان نەخشەی سنوری سوریا و تورکیا ئێجگار نزیکن لەیەکەوە کە بواری یاخی بوون نیە. ئەم هۆکارانە وای لە سوریا کرد سیاسەتێکی ئێجگار رەگەزپەرستی و شۆفیانەی عەرەبیانە بگرێتە بەر لەوەی عەرەبی هێنا لەوپەڕی کوردستانی سوریا نیشتەجێی کردن و زەوی و زاری جوتیارە کوردەکانی پێدان و کوردەکانیش قەلاچۆ پێکرد بۆ ناوەڕاستی سوریا یان شاری گەورە لەو ناوچەیە، وەک شاری حەسەکەی کوردان .
بەشی یەکەمی ئەم نووسینە:
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=cdc2a991
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست