کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كۆنگرەى 13 پارتی و، ناو و ناوەرۆكە ناكۆكەكانى!!!

Wednesday, 15/12/2010, 12:00


رۆژى 11-12-2010 پارتى دیموكراتى كوردستان(پ د ك) كۆنگرەى 13 سێزدەهەمى بەست،بریارە دانیشتن و گفتووگۆكانى كۆنگرە ماوەى هەفتەیەك بخایەنێت.زۆربەى دانیشتن و گفتووگۆكانى ئەم كۆنگرەیە لە رێگەى كەناڵەكانى راگەیاندنى سەربە (پ د ك) وە راستەوخۆ بڵاودەكرایەوە، مرۆڤ بە چاوى خۆى چەندان دیاردەى زەق و ناكۆكى ناو كۆنگرەى دەبینى.یەك لە دیاردە زەقەكانى كۆنگرەى ئەمجارەى (پ د ك)،گێرانى ئاهەنگى رۆژانە بوو،هونەرمەندان وئەندامانى كۆنگرە بە گۆرانى و سەما و هەڵپەڕكێ بەشدارى ئاهەنگى كۆنگرەیان دەكرد.ئەوەى تا ئەمرۆ لە كۆنگرەى حزبەكاندا باو بووە،لە رۆژى كۆتایى كۆنگرەدا،ئاهەنگى سەركەوتنى كۆنگرە دەكرێت و ئەندامانى كۆنگرە بۆ شوێنى كار و چالاكى خۆیان بەرێدەكرێن،بەڵام گەورەترین سیماى كۆنگرەى 13 پارتى، گۆرانى و هەڵپەرێكیى رۆژانە بوو.ئامانجى سەرەكى كۆنگرەى هەر حزب و رێكخراوێكى سیاسى ئەوەیە، كۆنگرە بە بەرنامە و كارى رابوردوی حزبدا بچێتەوە،لە سەر روداو ودیاردە سیاسیەكان قووڵ ببێتەوە و بەرنامە و پەیرەوى تێكۆشانى ئایندە دیارى بكات، بەڵام لە كۆنگرەى سێزدەى پ د ك دا، ئاهەنگى رۆژانە لە سەر حسابى گفتوگۆى جدى كۆمیتەكانى كۆنگرە تەواو بوو،ئاهەنگەكان نیشانى دا ئەندامانى كۆنگرە باسیان لە هەڵەو كەم و كوڕى رابوردووى حزب نەكردوە،ئاهەنگەكان نیشایناندا، لەو كۆنگرەیەدا بابەتى فكرى و سیاسى و رێكخستنى جدى گفتوگۆى لە سەر نەكراوە.بەو شێوەیە كۆنگرەى 13 پارتى ناوى كۆنگرەى شایى و هەڵپەركێى لێنرا.
لایەنێكى ترى لاواز و ناكۆكى ى كۆنگرەى 13 پ د ك ئەوەبوو،كە لە خوێندنەوەى وتەى كردنەوەى كۆنگرەدا،سەرۆكى (پ د ك) باسى لە مافى چارەى خۆنووسینى گەلى كورد كرد،بەڵام لەگەڵ یەكەم پەرچەكردارى عەرەبى شۆڤینیدا،نێچیروان بەرزانى جێگرى سەرۆك، پێش ئەوەى كۆنگرەى 13 تەواو بێت،پۆزشى بۆ عەرەبە شۆڤینیەكان هێنایەوە و پشتى مافى چارەى خۆنووسینى گەلى كوردى شكاند.

دیمەنێكى ترى سەرنج راكێشى كۆنگرە،هەڵبژاردنەوەى سەرۆكى پارتى و دانانى جێگرى سەرۆك بوو،بە گوێرەى ناو و رێبازى سیاسى پارتى بێت، لەبەر ئەوەى ئەو پارتە ناوى پارتى دیموكراتى كوردستانە،دەبوو لە ناو كۆنگرەدا دیموكراسیەت پەیڕەو بكرایە و هەموو ئەندامانى كۆنگرە وەك یەك مافیان هەبوایە،دەبوو هەموو ئەندامانى كۆنگرە مافیان هەبوایە خۆیان بۆ پۆستى سەرۆك و جێگرى سەرۆك كاندید بكردایە،كەچى بەتەنها یەك كەس بۆ پۆستى سەرۆكایەتى پاڵێورا،ئەو كەسەش كە بوە سەرۆكى پارتى، كەسێكى ترى دەستنیشانكرد بۆ جێگرى خۆى، شێوازى پالاوتن و دەستتیشانكردنى سەرۆك و جێگرەكەى،لەگەڵ رێبازى سیساسى و دیموكراتى حزبێكى دیموكراتدا ناگونجێت،سەیر لەوەدایە حزبەكە حزبێكى كوردستانى دیموكراتە،كەچى سەرۆك و جێگرەكەى لە یەك خێزان و یەك بنەماڵە و یەك خێڵن،ئەمەش نیشانى دەدات كە (پ د ك) دیموكرات نیە و پارتى خەڵكى كوردستان نیە،لەبەر ئەوەى بۆ هەموو كەسێك نیە خۆى بۆ پۆستەكانى حزب كاندید بكات،مافى خۆپاڵاوتن بۆ پۆستە باڵاكانى حزب بە تەنها بۆ دەسەڵاتدارانى بنەماڵەى بەرزانیە.
كاتێكى نێچیروان بەرزانى پۆستى جێگرى سەرۆكى (پ د ك)ى وەرگرت،وتەیەكى پێشكەشى كۆنگرە كرد،لە وتەكەیدا سوپاسى ئەو بەرپرسانەى پارتى كرد كە وەك مامۆستا نێچیروانیان فێرى سیاسەت كردووە،من پرسیارێك لە كاك نیچیروان دەكەم؟ باشە ئەگەر كەسانێك لە ناو سەركردایەتى پارتى دیموكراتى كوردستاندا،مامۆستاى تۆ بووبن،بۆچى ئەو كەسانە بۆیان نەبێت پۆستى سەرۆك و جێگرى سەرۆكى پارتى وەربگرن؟،ئەگەر تۆ لە وەڵامدا راستگۆ بیت، وەڵامەكەت ئەوەیە، لەبەر ئەوەى پارتى حزبى هەموو خەڵكى كوردستان نیە، پارتى تەنها حزبى بنەماڵەى بەرزانیە،دەبێت سەرۆك و جێگر، تا كەسى دەیەم و بیستەمى حزبیش، هەر لە بنەماڵەى بەرزانى بن، ئەو دیموكراتیەتەش بەو حزبەوە لكێنراوە،هەموو ئەندامێكى پارتى و هەموو خەڵكى كوردستان سوودى لێوەرناگرێت،تەنها بنەماڵە دەسەڵاتدارەكەى خێڵى بەرزان سوود لەو دیمۆكراتیەتە سەرەتاییە وەردەگرێت و لە رێگەى ئەو دیموكراتیەتەوە پۆستە سیادیەكانى حزب لە ناو خۆیاندا دابەش دەكەن.
تەوەرەیەكى ترى وتەكەى نێچیروان بەرزانى باسى بەشدارى سیاسى ژنانى دەكرد،باشە كاك نێچیروان تۆ چۆن لە ئایندەدا كار بۆ بەشدارى سیاسى ژنان دەكەیت،كاتێك ئێوەى بەرزانى رابەرى ئەو حزبەن و ئەندامە مسكێنەكان چاو لە ئێوە دەكەن،ئێوەش پیاوەكانى بنەماڵە دەسەڵاتدارەكەى بەرزان هەر هەمووتان پیاون و تا ئێستە ئامادەكاریتان نەكردووە بۆ ئەوەى لە ناو بنەماڵە دەسەڵاتدارەكەتاندا ژنە بەرزانیەك پۆستى سیاسى،حزبى یان ئیدارى وەربگرێت؟ ئەگەر بە راستى بتانەوێت لە ناو پارتیدا ئافرەتى كورد پێگەى هەبێت،بە گوێرەى كڵتورى خێڵایەتى و سیاسى خۆتان دەبێت ئەو ئافرەتە بەرزانى بێت،ئەگەر نا بەشداریكردنى ئافرەتى نابەرزانى لە سەركردایەتى ئەو حزبەدا وەك دارى زڕ وایە و بەرى نابێت.
تەوەرێكى ترى وتەكەى نێچیروان بەرزانى لە سەر چۆنیەتى بەشدارى كردنى سیاسى گەنجان بوو،ئاشكرایە بە هۆى پێشكەوتنى هۆكارى پێوەندیكردن و تەكنۆلۆژیاوە،گەنجانى هەرێمى كوردستان تێكەڵاویان لەگەڵ گەنجانى جیهاندا درووستكردووە،ئەندێشەى سیاسى گەنجى كوردستان لە ئەندێشەى سیاسى گەنجى ولاتانى تر نزیك بۆتەوە،گەنجى كورد دەیەوێت لە هەموو ڕوویەكى ژیانەوە، وەك گەنجى ولاتانى ئەوروپى بژیت،ئەو گەنجەى بەشدارى سیاسەت و حزبایەتى دەكات ئامانجێكى ئەوەیە ببێتە دەسەڵاتدار،یەك لە خەونەكانى ئەندامە گەنجەكانى پارتەكەى ئێوەش ئەوەیە، رۆژێك لە رۆژان ببنە سەرۆكى پ د ك، جا كاتێك كڵتوورى سیاسى و رێكخستنى حزبى ئێوە، رێگە نەدات بێجگە لە گەنجانى بەرزانى كەسێكى تر بۆى هەبێت ببێتە سەرۆك و جێگرو كەسى دەسەڵاتداى ترى پارتى،ئتر گەنج چۆن روو لە ئێوە دەكات،مەگەر گەنجێكى بێ خەون و بێ ئەندێشە روو لە ئێوە بكات.
لە لێدوانێكى ترى رۆژنامەنووسى كۆنگرەى 13 سێنزەدا،نێچیروان بەزانی باسى ئەوەى كرد كە پارتى دەیەوێت لە حزبێكى شۆرشگێڕەوە خۆى بگۆرَدرێت بۆ حزبێكى مەدەنى،ئەم لێدوانە لە كاتێكدایە كە شانبەشانى قسەكانى نێچیروان بەرزانى، رۆژى 12-12-2010 دادگاى شارى هەولێر لە سەر داواى (پ د ك)سزاى 35 ملیۆن دیناری بە سەر گۆڤارى رێگا مەگەزیندا سەپاند،رۆژى 13-12-2010 دادگاى شارى هەولێرى سەر بە دەسەڵاتى هەولێر، سزاى 6 شەش ملیۆن دینارى بە سەر دەزگاى ستانداردا سەپاند،رۆژى 14-12-2010 سەرۆكى هەرێم و سەرۆكى سەرلەنوێ هەڵبژێردراوى پارتى دیموكرات و مەدەنى كوردستان ،ئیمزاى یاساى خۆپیشاندانى كرد،ئەو یاسایە كە شەقامى كوردستان و عراقى نیگەران كردووە و نارەزاییەكى زۆرى كەسایەتى سیاسى و رۆشنبیر و رێكخراوى كۆمەڵگاى مەدەنى لێكەوتەوە و هەڵمەتى سەرۆك ئیمزاى نەكەى بۆ رێكخرا،كەچى بە بێ گوێدانە داواى خەڵكى كوردستان و بۆ بەرتەسك كردنەوەى ئازادى و چالاكى سیاسى خەڵكى كوردستان سەرۆكى هەرێم ئیمزاى لە سەر ئەوە یاسایە كرد.
دیارە مەبەستى كان نێچیروان كە دەڵێت لە كۆنگرەى 13 بە دواوە پارتى دەبێتە حزبێكى مەدەنى ئەوەیە، چیتر پارتى وەك جاران،بە توندووتیژى سیاسى و سەربازى و ئابوورى ،دژى ماف و ئازادى خەڵكى كوردستان راناوەستێ،لە كۆنگرەى 13 بە دواوە،لە رێگەى یاساكانى رژێمى بەعس و دەسەڵاتە دادوەریە حزبیەكەى هەرێم و رەشنووسى دەستورە دكتاتۆریەكەی خولى دووەمى پەرلەمانەوە، مافەكانى خەڵكى كوردستان پێشێلدەكات و ئازادیەكانیان زیندەبەچاڵ دەكات.
فائیق محەمەد گوڵپى 15-12-2010


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە