کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سایکۆلۆژیای شۆڕش و سەرهەڵدان

Saturday, 14/02/2015, 12:00


شیکردنەوەی سایکۆلۆژییانەی حەڤدەی شوبات

بۆ تێگەیشتن لە شۆڕش و سەرهەڵدانی جەماوەری، دەبێ ڕۆبچینە ناواخنی دەروونی تاک و کۆمەڵگە. هەر کاتێ مرۆڤ بکەوێتە ژێر فشار و پاڵەپەستۆیەک، ئەوا دوو پڕۆسە لە مێشک ڕوو دەدەن. یەکەم، مێشک هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەسەر دەدا لە هەستیدا، کە پێی دەگۆترێ کردەی چارەکردن (coping mechanism). دووەم، لە نەستیدا پەرچەکردار (defense mechanism)ی دەبێ (گیلدەر، گ.، هاریسن، پ.، & کۆون، ف.، ٢٠٠٦). ئەو پەرچەکردارە ڕەنگە خۆدەربازکردن، هەڵاتن، کپکردن، چارەسەرکردن، هتد، بێ. کە باسی سەر‌هەڵدان دەکەین، مەبەستمان لەو جۆرەی سەرهەڵدانە، کە بە هۆی ناهاوسەنگی سیستەمی کۆمەڵایەتی، دادپەروەری، ئابووری، و هێزی کۆمەڵگە درووست دەبێ، نەوەک جۆرەکانی دیکەی شۆڕش.
قۆناغەکانی درووستبوونی پەرچەکردار
کاتێ تاک لە کۆمەڵگە دەکەوێتە ژێر باری هێزێکی داپلۆسێنەر و چەوسێنەر، کاتەکیش ئەو هێزە چەوسێنەرە بەردەوام دەبێ، چەند گۆڕانێک لە ناخی ئینسان ڕوو دەدا. یەکەم، هەست (conscious)ی ئینسان هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدا. کاتێ هەست بڕستی شیکار و دەربازبوونی نابێ، هانا بۆ نەست (subconscious) دەبا. هەست هەم بەخۆی کار دەکا، تا دەرچەی دەربازبوون بدینێتەوە، هەمیش پاڵەپەستۆیەکی بەردەوام دەخاتە سەر نەست، بەمەبەستی دۆزینەوەی چارە (گیلدەر، م.، ئیت ئال، ٢٠٠٦). بەمەش تاک دەکەوێتە ژێر فشاری هەست و نەست بە مەبستی پلاندانان و دۆزینەوەی چارەسەر. کە هێزی چەوسێنەرەکە بەردەوام دەبێ، هێزی زۆریلێکردنی مرۆڤ لە نەستیش زیادتر دەبێ. لە دەرێ چەوسانەوە هەیە، لە ژۆرێش هەست هەمان پاڵەپەستو دەخاتە سەر هەم هەست خۆی، هەمیش نەست، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگای چارەسەر. مرۆڤ دەنوێ، بەڵام نەست ناخەوێ، بەردوام لە کارکردندایە تاوەکو لەو قەیرانە نەجاتی دەبێ. ئەگەر چارەسەر نەبێ، ئەوا بارێکی نائاسایی لە مێشکی ئینسان ڕوو دەدا. لەبەرئەوە، مرۆڤ لەو ساتانەدا، باری بیرکردنەوەی قورستر دەبی. ئەوەش وا لە بنیادەم دەکا، هەست بە نائارامی، ناهاوسەنگی، دڵتەنگی، بێزاری، تێکچوونی خەو و خواردن، و هەستکردن بەوەی، وەک ئەوە وایە شتێکت بزر کردووە، بەڵام نازانی چییە! ئەوەش بە هۆکاری خەمۆکیی کۆمەڵگەیی دادەندرێ لەو کۆمەڵگەیانەی کە داپلۆسین و نادادی هەن، هەر لەبەرهەندێشە، زۆربەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیانە هەست بە دڵتەنگی و بێزاری و ناخۆشبەختی دەکەن. دووەم، حەماس (enthusiasm)ە. حەماس بریتییە لە هێزی بەرپەرچدانەوە و ئازایی ئەو کەسە بە مەبەستی تووڕفڕێدانی هێزە داپلۆسێنەرەکە. هێزی حەماس لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جوایەزە. هەن توندی هێزی حەماسیان زۆرە، هەیشن مامناوەند، هەشە کەم، لەوانەشە هێندە کەم بێ، بە ئاستەم هەست بە بوونی بکرێ. گرنگ، ئەو هێزە لە ناخی بنیادەمدا گەشە دەکا و پتر باڵا دەکا. کە هێزی داپلۆسێنەر زۆرتر و بەردەوام بێ، درووستبوونی هێزی حەماسەتیش ڕشتتر و ڕکئەستوورتر دەبێ. سێیەم، هەڵچنینی هیوایە. هیوا لە ناخی هەموو بەشەرێک چی دەبێ لە قۆناغەکانی دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەرە لە نەستدا. هیوا بریتییە لە نەخشاندنی ساتە ڕەنگین و خۆشەکانی دوای نەمانی هێزی داپلۆسێنەر. قۆناغی هیوا خەونبینینە بە هەموو ئەو جوانییانەی، کە لە پاش نەمانی ناشیرینییەکانی ژێر دەستی چەوسێنەر، دێن. قۆناغی هیوا، قۆناغی پێچەوانەبوونەوەی دوو سەردەمی جودایە، برتییە لە جێگرتنەوەی پێکهاتە ناشیرینەکان بە شتی جوان. خەوبینینە بە هێوربوونەوەی نەستی مرۆڤ پاش نەمانی فشارەکە.
کەینێ پەرچەکرداری سەرهەڵدان و شۆڕش ئامادە دەبێ؟
پەرچەکرداری مرۆڤ بە مەبەستی خۆدەربازکردن لەو پاڵەپەستۆیە، کاتی جوایەزی دەوێ. هەم دەوەستێتە سەر توندی و وێرانکەری هێزە چەوسێنەر و بەژانەکە، هەمیش دەوستێتە سەر تەواوکردنی ئەو سێ قۆناغەی کە لەو ماوەیەدا لە مێشك ڕوو دەدەن. ئەگەر بێو کەسەکە توانای بەرگەگرتنی هێزە داپلۆسێنەرەکەی نەبێ، لەوانەیە بنیادەم چارەسەرێکی زۆر خێرا هەڵ دەبژێرێ، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی تێچوونی خۆیشی. هەر لەبەر ئەوەشە، هەن، کە دەگیرێن و دەکەونە ژێر کاریگەری تەعزیبێکی لەناوبەر، پەرچەکرداریان لەوانەیە مردنی خۆیانیشی تێدا بێ، بەڵام پێیان خۆشترە. پەرچەکرداری شۆڕشی کۆمەڵایەتیی جەماوەریی قۆناغەکانی لەسەرەخۆ (بەهێواشی) دەبڕێ. پێویستی بە دەیان ساڵ هەیە. سەرنج بدەن، هەر مرۆڤێک یەک جار قۆناغەکانی درووستکردنی ئەو پەرچەکردارە دەبڕێ. بەزۆری لە نێوان ئەو کەسانە ڕوو دەدا، کە سەرەتایەکانی ژیانیان لەگەڵ ئەو هێزە داپلۆسێنەرە دەست پێ دەکەن و لەگەڵی گەورە دەبن. لەبەرهەندێ، بە زۆری لە نێوان تەمەنی ١٦-٣٥ ساڵان، لەوانەیە کەمتر یا زیادتر، ڕوو دەدا. یانی، ئەوانەی دەگەنە لووتکەی هەبوونی پەرچەکرداری درووستکردنی سەرهەڵدان و شۆڕشی جەماوەری، تەمەنیان لەو نێوانەدایە. بۆ نمونە، سەرنج بدەن، لە ساڵی بیستەکانی سەتەی بیستەم، دەوڵەتی عێراق بنیاتنرا. لە پەنجایەکان بار گٶڕانی سیستەمی بەرسەردا هات. لە کۆتایی شێستەکان جارێکی دیکە، لە کۆتایی هەشتایەکان جارێکی دیکە، لە سەرەتایی دوو هەزرەکانیش دوا جار بوو. بە شێوەیەکی گشتی، هەموو ٢٠-٣٠ ساڵ جارێک ئەو گۆڕانانە ڕوویان داوە. سەیری مێژووی شۆڕشەکانی کورد بکە. لە سەرەتای بیستەکان شۆڕشی مەلیک مەحمود، لە چلەکان کۆماری مهاباد، لە شێستەکان شۆڕشی ئەیلول، لە سەرەتای هەشتایەکان شۆڕشی نوێ، لە نۆهەت و یەک ڕاپەڕین کرا. دوا جاریش لە دوو هەزار و یازدە، حەڤدەی شوبات کرا. دیسان دیقەت بدەن، ئەرێ ئەوە ئاسایییە کە هەموو بیست بۆ سی ساڵێک ئەو گۆڕانانە لە کۆمەڵگە ڕوو دەدەن. ئەوە ئەوەمان پێ دەڵێ، کە هەڵچوون و پەرچەکرداری ناخی ئینسان پڕۆسەیەکی لەسەرەخۆیە و نەوەیەک ئیدارەی دەکا، کە قۆناغەکانی درووستبوونی پەرچەکداری تەواو کردووە و هەڵی نەڕشتووە. ڕێیشی تێ دەچی، کەسانێک بەشدار بن، لە پەنجا، شێست، تەنانەت حەفتایەکانی عومریان بن، شیکردنەوەیەش ئەوەیە؛ یان ئەو کەسانە ئەو هەڵچوونەی قۆناغەکانی درووستکردنی پەرچەکرداریان هەڵ نەڕشتووە، یان هەڵیان ڕشتووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونی هێزی داپلۆسێنەر، بە بەرگ و فۆڕمی جودا، دووبارە هێزی پەرچەکرداریان درووست کردووەتەوە، یان کەسانی هەڵپەرستن، کە هانی جیلە نوێیەکە دەدەن، تاوەکو پاشان بێنە سەر حازرەکەی و لەبەرهەمەکەی بخۆن، ئەوانەش لە زۆربەی شۆڕشەکان تەواجودێکی گەورەیان هەیە.
ساتەوەختی هەڵگیرسانی سەرهەڵدان و شۆڕش
لە زانستی دەروونناسی ئەو پرسیارە گرنگە کە بزانین، داخوا چ هۆکارەک لە پشتەوەی ساتەوەختی هەڵڕشتنی پەرچەکرداری دژ بە هێزە داپلۆسێنەرەکەیە، کە شۆڕش و سەرهەڵدانی جەماوەریی، کۆمەڵایەتی، سیاسیی چێ دەکا؟ نامەوێ بچمە ناواخنە دوورودرێژەکەی وەڵامی ئەو پرسیارە، بەڵام ڕا هەن دەڵێن هۆکارەکانی نەزانراون، درک پێ نەکراون، و پێشبینی نەکراون. بەڵام ئەگەر لە ساتی هەڵگیرسانەکە ورد ببینەوە، ئەوا دەگەینە ئەو ڕاستییەی، کە دوو قۆناغی دیکە هەن کە تەواوکەری قۆناغەکانی درووستکردنی پەرچەکردارن، تا سەرهەڵدان و شۆڕش بەرپا ببن، ئەوانیش، یەکەم، "قۆناغی سەروبەند"ی سەرهەڵدانە. لەو قۆناغە دەبێ لە ماوەیەکی دیاریکراودا، ئەو سێ قۆناغەی کە لە ماوەی درووستبوونی پەرچەکرداردا، درووستبوونە، تەواجودێکی پێکەوەیی، هەنووکەیییان هەبێ. واتا، دەبێ قۆناغی پێش ڕاگەیاندنی سەرهەڵدان وشۆڕش، مرۆڤ ئامادەگییەکی کاملی لەو ساتەدا هەبێ، تا سەرجەم پێکاهەتەکانی پەرچەکردار ئامادەبن، بە هەمان هێز، توندی، بڕست، هێزی دەستبەکاربوون، و ڕاگەیاندن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، قۆناغی سەروبەندی سەرهەڵدان دەوستێتە سەر ئاستی گەیینی ئەو سێ قۆناغەی پەرچەکردار، کە باسمان کردن. ئەگەر هاتو هێزی داپلۆسێنەرەکە ئەوەندە بە ژان و تێکشکێنەر نەبوو، ئەوا کاتی گەلەک پتر دەوێ وەک لە هێزێکی بێوژدانی لەناوبەر. دووەم، "هێزی داگیرسێنەر" (trigger)ە. پاش تەواوبوونی سەرجەم قۆناغەکان، ئەو داگیرسێنەرە گرنگە تاوەکو ببێتە شەمچەکە و ئاگرەکە دابگیرسێنێ. واتا، دەبێ هۆکارێکی گڕتێبەردەر و داگیرسێنەری ئەو پەرچەکردارە هەبێ، بەڵام دەبێ قۆناغەکانی درووستبوونی پەرچەکردار تەواو بووبن، ئەگەرنا، ئەگەری لەبارچوون و دۆڕاندنی شۆڕشەکە زۆر دەبێ. ئەو شخارتەلێدان (triggering)ە گرنگە لە ناوەخۆ بێ. گرنگە هێزی داگیرسان و دەستپێکردنەکە لە هەناوی کۆمەڵگەوە بێ. گرنگە، ئەو شختارلێدانە هەمووان بگرێتەوە. کونجوکەلەبەری سەرجەم شار و گوندان بخرۆشێنێ. یانی، دەبێ پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مرۆڤەکانی کۆمەڵگە و ئەو پێکردن (داگیرساندن)ە هەبێ. بۆ نمونە، بەهاری عارەبی بە خۆسووتاندنی گەنجە توونسییەکە دەستی پێکرد.
شیکردنەوەی ١٧ شوبات
پێش هەموو شتێک، حەڤدەی شوبات پێش وادەی خۆی کەوت. بە هەموو پێوەرێک وادەی ڕاگەیاندنی حەڤدەی شوبات، زۆر ساویلکە و منداڵانە بوو. زۆربەی ئەوانەی زوو شخارتەکەیان لێدا، شارەزایییەکی زانستییانەیان لە شۆڕش و سەرهەڵدان، بەتایبەتی شۆڕشی جەماوەری، سیاسیی، کۆمەڵایتی، نەبوو. ئەگەرنا، وەکو منداڵی پێش وەختە، زوو هەڵپەی لەدایکبوونیان نەدەکرد. ڕاستە حەڤدەی شوبات ئەو کاتەی هات، گەلی باشوور قۆناغەکانی درووستکردنی پەرچەکرداری تەواو کردبوو، بەڵام قۆناغی سەروبەندی سەر‌هەڵدانەی تەواو نەکردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو شەمچەلێدانەی باسمان کرد، هیچ شتێکی ناوەخۆ نەبوو تاوەکو ڕۆڵی ئەو گڕتێبەردانە بگێڕێ. تاکە شەمچە، کە هێزی داگیرساندنی ئەو پەرچەکردارەشی نەبوو، بەیاننامەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمانی کردبوو. قۆناغی سەروبەندی سەرهەڵدان و شۆڕش زۆر پێویستە بۆ جۆشوخرۆشپێدانی پەرچەکرداری ئامادەبوو، گرنگە بۆ ئامادەکردنی پەرچەکرداری نەست، حەماس، و هیوا بەیەکەوە، تاوەکو هەرسێکیان پێکەوە، ئامادەگییەکەی هەنووکەیییان هەبێ، پێوەری کارابوون و تەتبیقکردنیان بگاتە لووتکە. لەبەرئەوەی خراپبوونی بارودۆخی ناوخۆ بەس نییە بۆ هەڵگیرسانی شۆڕش (لی بۆن، گ.، ١٩١٣). کە سەرهەڵدان بەیان کرا لە حەڤدەی شوبات، ئەو قۆناغە ئامادەسازییە نەکرابوو، شەمچەلێدانەکە نەبوو، شەمچەلێدانی ناوەخۆ نەبوو، کەواتا، هەمووی بەسەریەکەوە، ڕاستە سێ قۆناغەکەی پەرچەکردار گەیی بوون، بەڵام پەرچەکردار بەبێ تەواکردنی قۆناغی سەروبەند و هێزی گڕتێبەردەرێکی ناوەخۆ، کامل نەبوو. لەبەرئەوە، حەڤدەی شوبات، لەدایکبوونی سەرهەڵدانێکی ناکامل بوو، سەرهەڵدان قۆناغەکانی تەواو نەکردبوو، هات.
حەڤدەی شوبات تەنها پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە سەرهەڵدانی گەلی مسڕی هات. ئەوەش چەند ڕوویەکی نێگەتیڤی بە حەڤدەی شوبات بەخشی. لەوانە، یەکەم، لاساییکردنەوەی فۆڕمی سەرهەڵدانی مسڕی، کە گونجاو نەبوو بە سیستەمیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کوردستان. دووەم، ئەو گڕتێبەردەرە گڕتێبەردەرێکی دەرەکی بوو. نەیتوانی کارلێکێکی توند لە نێوان هێزی پەرچەکرداری درووستبووی ناخی تاکی کورد و بڕیاری سەرهەڵدان درووست بکا. سێیەم، زوو بوو. نە قۆناغی سەروبەندی سەرهەڵدان گەیی بوو، نەیش بەروبوومی سەرهەڵدانی عارەبی بە ڕوونی بەدەر کەوتبوو. بە هاتن و دامرکاندنەوەی حەڤدەی شوبات، ئەو پەرچەکردارەی کە لە ماوەی بیست ساڵان، لە ناخی هەر یەکێک درووست بووبوو، نەیهێشت. ئەو هێز و حەماس و هیوایە هەڵوەرین، کە لە بیست ساڵان باڵایان کردبوو. لەبەرئەوە، ئێستا، لە پاش حەڤدەی شوبات، نەک شەمچەی پێوست، نەک تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، دەیان کەسیش لە سێدارە بدرێن، ناتوانێ سەرهەڵدان دابگیرسێنێ!
کە مرۆڤ ئەزموونێکی ناخۆش دەکا، لە ترسی دووبارەبوونەوەی هەمان ئەزموون، ناوێرێ هەمان هانگاو بهاوێژێتەوە، چونکە پێی وایە هەمان ناخۆشی و شکست دووبارە دەبێتەوە(هۆڵمز، د.، ١٩٩١). کە حەڤدەی شوباتیش بەرهەمی نەبوو، ترسی ئەوەی خستووەتە ناخی تاکی کوردی، کە ئەگەر هەمان کار دووبارە بکاتەوە، دیسان ئەزموونی شکستێکی دیکە دەچێژێ، دیسان هەرەس دەهێنێ. کە ئەو ترسە، ترسی دووبارەبوونەوەی شکست لە ناخی تاکدا دەچێنێ (فرۆیید، س.، ١٩٨٩). لەبەر کەوتنی ئەزموونی حەڤدەی شوبات، ترسی فەشەل کەوتووەتە ناخی تاکی کوردی. لەبەرهەندێ، ئەو نەوەیەی بەشداری حەڤدەی شوباتی کرد، بەشێوەیەکی گشتی، ئامادە نییە جارێکی دیکە گرەوی حەڤدەی شوباتێکی دیکە بکاتەوە. ژبەرهەندێ، ‌هەڵچوونی شەقامی کوردی و سەرهەڵدانی جەماوەری بە مەبەستی گۆڕینی سیستەمی بنەماڵەیی، لەسەر دەستی هەمان نەوە، ئەگەرێکی زۆر لاوازە.
لە سادەترین پێناسەیدا، ئامانجی شۆڕش و سەرهەڵدانی گۆڕینی شتە خراپەکانە بەشتی باشتر. ئەوەی حەڤدەی شوبات کردی، لەوەشیاندا ئاکامی نەبوو، چونکە نەک گۆڕانێکی ئەوتۆی لە ژێرخانی سیستەمی بەڕێوەبردنی سیاسیی کوردستان نەکرد، بگرە ناشیرینتریشی کرد. وای کرد، یار و نەیار بچنە ژێر ساباتی یەک کەپر. جگە لەوەش، ئەو دەسەڵاتەی هەرهەڵدانی دژی کرا، حەڤدەی شوبات وای لێ کرد، بە شێوەیەکی زیرەکانەتر و بەبەرنامتر و لێهاتووانەتر و ڕیوییانەتر بەردەوامی بدا بە چەوساندنەوە، داپلۆسینی ئازادی، دزی، خنکاندنی دەرفەتی بووژانەوەی کۆمەڵەگە. دەسەڵاتی پێش حەڤدەی شوبات و دوای حەڤدەی شوبات لەوەدا جیاوازن، دەسەڵاتی پاش حەڤدەی شوبات دەزانی چ بکا، تاوەکو جەماوەری لێ نەوروژێ. لەوەشیاندا جیاوازە، زۆرێک لەوانەی ئیدارەی حەڤدەی شوباتیان دەکرد، ئێستا پشکداری ئەو دەسەڵاتەن لە سامان و ڕاوڕووت و گرەوکردن لەسەر بەرەوهەڵدێربردنی چارەنووسی گەل و نیشتمان.
پێشبینی
پێشبینی دەکەین، مێژووی سەرهەڵدان و شۆڕشی دادێی کوردستان، لە باشووری کوردستان، بکەوێتە دوای ساڵی دوو هەزار و بیست، زۆرتریش ئەگەر هەیە بکەوێتە دوای ساڵی دوو هەزار و سی، کاتێ ئەو نەوەیەی لە دوای ساڵی دوو هەزارەوە لە دایک بووە، پێ دەگا. دەسەڵاتی سیاسیی گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا نایێ. ڕەنگە لە فۆڕمدا هەست بە بوونی گۆڕان بکرێ، بەڵام لە ناواخندا، هەمان سیستەمی"ناسیستەمی" کوردستان بەڕێوە دەبا. ئەو دەسەڵاتە حکومی لەدەست دەمێنێ، ئەگەر، بەمەرجێک، بە هۆی بارگۆڕانی دەرەکی، سیاسەتی نێودەوڵەتی، سیاستی ناوچەییی ناوچەکە، هیچ شتێك ڕوونەدا و ببێتە هۆی گۆڕانی سیستەمی سیاسیی کوردستان. ئەوەمان لێ دیارە، کە بنەماڵەی بارزانییەکان تا ئەو ماوەیەش حکومی ژێر و سەری کوردستان بگێڕن. لە ژێرڕا دەسەڵات بەخۆیانن، لە سەرڕاش، ڕاستە حکومەت و پەرلەمان هەن، بەڵام دیسان دەسەڵات و بڕیار هەر لە دەستی خۆیان دەبێ!

د. زمناکۆ خەسرۆ/ زانکۆی ئاڕکەنسا/ ئەمریکا
-----------------------------------------------------------------------------
سەرنج؛ ئەو وتارە لەسەر شێوازی نووسینی ئەی پئ ئەی (APA Style)، کە شێوازی نووسی ئەکادیمییە لە زانکۆیەکانی ئەمریکا، نووسراوە.
ژێدەرەکان:
1. Freud, S. (1989). Introductory Lectures on Psycho-analysis. W.W. Norton & Company. USA.
2. Gelder, M., Harrison, P., Cowen, P. (2006). Shorter Oxford Textbook of Psychiatry. Oxford University Press. Uk.
3. Holmes, D. (1991). Abnormal Psychiatry. Harper Collins Publishers, Inc. NY.
4. Le Bon, G. (1913). Psychology of Revolution

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە