عوسمانی حاجی مەحمود و مام رۆستەم لەگەڵ دوو سێ کەسی تر واز لە بزووتنەوەی گۆڕان دەهێنن!
Saturday, 23/08/2014, 12:00
سایتی کورد پرێس هەواڵیکی بڵاوکردۆتەوە دەڵێت، گوایە مام رۆستەم، عوسمانی حاجی مەحمود، وشیار عادیل شکور، ئاوات قارەمانی و چەند کەسێکی دیکە بڕیاری هاتنەدەرەوەی خۆیان لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان داوە، بەمزوانەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وازهێنانەکەیان رابگەیەنن، وا بڕیارە بچنەوە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
دیسان لە هەواڵەکەدا هاتووە کە هۆکاری ئەم وازهێنانەش دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگی خودی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە لە ئاست گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە هەرێم، تا ئیستا نەوشیروان مستەفا ھیچ ھەڵوێستێکی لەسەر شەڕی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش نەبووە، کەیسی ١٧ شوباتیش بە تەواوی پشتگوێ خراوە، جگە لە بێدەنگیەکی تەواو بەرامبەر ھەندێکی کەیسی دیکە".
بۆچوونی کوردستانپۆست: ئەگەر ئەم هەواڵەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر وازهێنانی ئەو بەڕیزانە و لەبەر ئەو هۆکارانە بێت وەک کەیسی ١٧ شوبات و بڕیاری ئەوەیان دابێت بچنەوە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەمە لە ئیستاوە دەتوانین بڵێین کەوا وازهێنانەکەیان هیچ پەیوەندییەکی بەو بیانوانەوە نییە، بەڵکو هۆکاری دیکەی هەیە، چونکە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەپاڵ پارتییدا تاوانباری سەرەکین لەسەر کوشتار و گرتن و بڕینی گەنجە خۆپیشاندەرەکانی ١٧ی شوبات، بۆیە نابەجێیە ئەوان لەبەر ئەو کەیسە بچنەوە پاڵ دەسەڵات و حیزبێکی تاوانبار، سەبارەت بە شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعشدا، ئەمەشیان بیانوویەکی لاوازە، چونکە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ئەمڕۆ لەگەڵ داعشدا لە قۆڵی شارەبان (جەلەولا)، سەعدیە، خانەقین، کەرکوک شەڕ دەکات، ئەوە سیاسەتی ئێران و فەرمانی ئاغای سلێمانیی جێ بەجێ دەکەن، ئەو شەڕە نە بۆ کوردە و نە بۆ خۆشیانە، ئەو ناوچانە ئەگەر لە داعش پاک بکەنەوە، دواجار بە فەرمانی ئێران رادەستی حکومەتی عێراقی دەکەنەوە. مرۆڤ ئەگەر کەمێک لە سیاسەتی ئەم حیزبانە قوڵ بێتەوە، ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە پارتی و یەکێتیی هەروەها گۆڕانیش، حیزبی نیشتیمانیی نیین، بۆ ئەوە هاتوون کە داخوازییەکانی داگیرکەر بەجێ بهێنن، کۆمەڵیک سەرکردە و بەرپرس وەک فەرمانبەر، بۆ داگیرکەر و دوژمنانی کورد کار دەکەن، سیاسەتی ئەوان بەڕیوەدەبەن، بۆ خۆشیان پیسیخۆری دەکەن و بەرژەوەندی خۆیان دەپاریزن، نەوشیروان مستەفاش لەناو قوتابخانەی ئەو حیزبانەدا بڕوانامەی وەرگرتووە، هەندێک لەم بەڕێزانە دەبوو ئەوەیان بزانیبایە، چارەسەر بۆ ئەمە ئەوە نییە بچنەوە پاڵ رێکخراوێکی نانیشتیمانیی کە مێژووەکەی بەستراوە بە خودی تالەبانی و نەوشیروان مستەفاشەوە.
پاش بڵاوکردنەوەی ئەم هەوالە، ئەم زانیارییەی دیکەمان بۆ هاتووە، کلیک لەسەر ئەو هەوالەی خوارەوەش بکە:
عوسمانی حاجی مەحمود و مام رۆستەم، ئەوانی تر ناچنە ناو یەکێتیی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست