کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بنەماڵەى بارزانى دەیانەوێت (مەلا مستەفا) بخەنە ئاستى (شێخ زاید)!

Sunday, 20/11/2011, 12:00


بنەماڵەى بارزانى و خودى كوڕەكانى لە پێش راپەڕین و دواى راپەڕینیش هەوڵى بە پیرۆزكردنى مەلا مستەفایان داوە، لە هەر قۆناغێك و بە پێى ئەو سەردەمە هەوڵیانداوە پیرۆزییەك بەو كەسە ببەخشن! كە بەشێكە لە مێژووى كورد بە لایەنە باش و خراپەكانیەوە.
بنەماڵەى بارزانى هەر لە دواى راپەڕین لە رێى وەزارەتى پەروەردە هەوڵیدا ئەو خۆشەویستیە لە ناو ناخى منداڵاندا بچەسپێنێت، ئەویش بە لاساییكردنەوەى میتۆدى حیزبی بەعس بۆ خۆشەویستكردنى (سەددام حسێن)، كە چڵكاوخۆرەكانیان لە رێى راگەیاندنەوە دەمانبینى بەرنامەى تایبەتیان لە ناو منداڵاندا ساز دەكرد و بە وێنەیەكى (سەددام حسێن)ەوە دەگەڕان و بە منداڵانیان دەوت ئەوە (بابە گەورەمانە) وە چەندەها وشە و پێناسەى تر، ئەوەش بۆ ئەوەى هەر لە منداڵیەوە وشەى بابە سەددام لە ناو هزر و ناخى منداڵاندا بچەسپێنن، تاكو لە دوارۆژدا جیا لە وشە و بوونى سەددام لە مێشكى ئەو منداڵانەدا جێى نەبێتەوە و نەبێتە جێى قبوڵ كردن! بنەماڵەى بارزانیش هەستان بەوەى لە ناو پەرتووكى مێژووى كوردى پۆلی سەرەتایى دنیایەك پیاهەڵدانى موبالەغە و جوانكاریان بۆ مەلا مستەفا بەو نیازەوە كرد! وەلێ شەڕى ناوخۆ ئەو خەونەى بنەماڵەى مەلاى لە سنووری سەوزدا خستە ژێر چاڵ!
محەممەدى حاجى مەحمود لە بیرەوەریەكانیدا دەڵێت: "ساڵى 1989 یەكەمین ساڵیادى كیمیابارانكردنى شاری هەڵەبجە وەك بەرەى كوردستانى لە شاری مەریوان كوردستانى ئێران سازدا، ئەوەبوو پێشتر وا رێككەوتبووین، هیچ كەس و لایەنێك وێنەى سەركردە و كەسایەتیەكان بەرز نەكەنەوە، ئەوەش بۆ ئەوەى نەبێتە بابەتێكى حیزبی، چونكە یادێكى نەتەوەییە، بەڵام ئەوەندەمان زانى پارتیەكان وێنەى مەلا مستەفایان لە بری وێنەى كارەساتى هەڵەبجە بەرز كردەوە! بۆیە ئێمەش وێنەى شەهید سەیدا ساڵح یوسفیمان بەرزكردەوە، یەكێتیەكانیش دەهاتنە لامان و دەیان وت وێنەى شەهید سەیدا ساڵح یوسفیمان بدەنێ، ئەوەبوو یەكێتیەكانیش لە رقی پارتیەكان وێنەى شەهید ساڵح یوسفیان بەرز دەكردەوە"! ئێمە لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە بنەماڵەى بارزانى هەرگیز كێشەیەك بە ناوى نەتەوە بوونى نەبووە لایان، كە هێندەى بە پیرۆز كردنى مردوەكانى خۆیان و بنەماڵەكەیان لا مەبەست بووە! جێى شەرمەزاریە لە یادكردنەوەى كارەساتێكى تراژیدى وەها مەزندا ئەوان وێنەى مەلا مستەفا بەرز بكەنەوە!
هەتاكو ئەوەى ئەو یادە ببێتە جێى ململانێى حیزبی و لایەنەكانى تریش هەریەكە و وێنەى كەسێكى خۆیان بەرز بكەنەوە!
ئەوەتا ئێستاش بۆ پیرۆزكردنى مەلا مستەفا دەزگای خێرخوازى بارزانى هەستاوە بە رێككەوتن لەگەڵ رێكخراوى سوری ئیماراتى، كە موچەى 5000 منداڵى بێ باوك لەوان وەربگرن و لە هەر سێ پارێزگاى كوردستان بە كەركوكیشەوە دابەشى بكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە رابیتەى ئیسلامى لە ساڵى 1997ەوە لەگەڵ ئەو رێكخراوە ریككەوتنى هەیە و ئەوان ئەو موچانەیان داوە!
هەر بە پێى وتەى حسێن نەجمەدین ئەندامى دەستەى باڵاى بەڕێوەبردنى رابیتەى ئیسلامى لە كۆنگرەیەكى رۆژنامەوانیدا و لە شاری سلێمانى رایگەیاندووە، كە ئەو كارە بڕیارێكى سیاسیى لە پشتەوەیە و ئەوان رێ و شوێنى یاسایى لە دژى رێكخراوى بارزانى دەگرنە بەر!
ئەمەش كارێكى ترە لەو هەنگاوانەى دەیانەوێت ئەو سۆزە، یان ئەو پیرۆزییە لاى كۆمەڵانى خەڵك دروست بكەن! كە لە كاتێكدا بنەماڵەى بارزانى لەمەشدا شكست بەشیان دەبێت، چونكە هەركاتێك توانیان وەك ئیمارات كە (زاید مۆڵ)یان هەیە و دەستیان ئاوەڵایە بۆ هاوكاری فەقیر و هەژاران، ئەوكات ئەو هەممەى هەیانە دێتە دى!
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە