پەیامەكەی لیستی تەندروستی هاوبەش و مەستبوونی دوای مانگرتن
Wednesday, 18/07/2012, 12:00
باوەڕم بەسەندیكایەك نیە حزب دروستی كردبێ، ئەو هەڵەیەی یەكێتی و پارتی لە شاخ و دواتر لە شار لە دوای راپەڕین كردیان و بەدوایدا حزبە ئیسلامیەكان دوبارەیان كردەوە بەداخەوە لە دوای دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان، بەهەمان شێوە بزوتنەوەی گۆڕان یش كەوتە هەمان هەڵەوە و بەشداری دوو هەڵبژاردنی كارتۆنی سەندیكایی كرد ئەوانیش مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی و لە هەردوكیاندا لە چاو دەنگ و توانای بزوتنەوەی گۆڕان، هیچ ئەنجامێكی دڵخۆشكەری نەبوو.
ئەمە سەرەتایەكە بۆ دەسپێكی رەخنەیەكی جدی لەو لیستە هاوبەشەی كە بۆ كۆنگرەی كارمەندانی تەندروستی لە رۆژی 12-1-2012و دوای هەڵبژاردنی كۆنفرانسە ناوچەیەكانی كارمەندانی تەندروستی لە رۆژی 20-1-2011 دروست بوو.
بەڵام ئەوەی كە خستومیەتە بەردەم پرسیارێ ئەو پەیامە بێ ناوەڕۆكەی رۆژی 18-تەموزی-2012 بوو كە بەناوی لیستی تەندروستی هاوبەش (یەكگرتوو-كۆمەڵ-سەردەم) بڵاویانكردەوە كە هەقی ئەوە نیە ئەم جۆرە دەنگانە نوێنەری خەڵكی ئۆپۆزسیۆن بن و لەم چەند خاڵەدا هەندێ تێبینی لەسەر پەیامەكە دەخەمەڕوو:
*ئەم برادەرانە لەوە دەچێت لەژیانی رێكخراوەی و هەڵبژاردن نەگەیشتبن، ئەگەرنا نەدەبوو لەژێر ئەو ناوەدا پەیامەكە بڵاوكەنەوە، چونكە هەموو قەوارەیەك یان حزبێ یان رێكخراوێ بەر لەهەڵبژرادن بەناوی لیستەوە دەچێتە ناو هەڵبژاردن بەڵام لەدوای ئەوە كە دەچێتە ناو پەرلەمان یان سەندیكا یان كۆمەڵەیەك یان بایكۆتی دەكا دەبێ بەفراكسیۆن یان كۆمەڵە یان رێكخراو یان فیدراسیۆن یان هەر قەوارەیەكی تر.. نابێ بەناوی لیستەوە پەیام و بەیاننامە بڵاوبكاتەوە چونكە قۆناغی هەڵبژاردنی تێپەڕاندووە بەڵام تائێستا كارمەندانی تەندروستی هەڵبژێردراوی سەر بە (یەكگرتوو- كۆمەڵ-سەردەم) بەناوی لیستی تەندروستی هاوبەش قسەدەكەن لەكاتێكدا لیست نیە و دەتوانن بڵێن فیدراسیۆنی كارمەندانی تەندروستی هاوبەش، گروپی كارمەندانی تەندروستی هاوبەش یان رێكخراوانی كارمەندانی تەندروستی هاوبەش...
*ئەگەر ئەوەی لەخاڵی یەكەم باسم كرد هەڵەیەكی تەكنیكی زمانەوانی بێ ، ئەوا شێوەی نوسین و دەستەواژەكان هێندە قسە هەڵدەگرن كە ئەوانە نابێ دەستەواژەی كۆمەڵێك كەس بن كە بانگەوازی چاكسازی و گۆڕانكاری و هەوڵێكی نوێ بۆ تەندروستی دەكەن، بۆ نمونە بەكارهێنانی وشەی (سەرانی سەندیكا) كە بەدەیان جار دووبارە بۆتەوە بۆ گروپ و تاقمێك دەبێ كە لەسەر گیانی تۆڵەسەندنەوە و رق و كینە و فاشیستی كاربكەن و پەروەردە بووبن، وشەی (سەرانی ....) یەكێكە لەو دەستەواژانەی كە لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا یەكێتی و پارتی بۆ یەكتریان بەكاردەهێنا كە ئەویش بەكارهێنانی سەرانی یەكێتی و سەرانی پارتی بوو، لەكاتی هێرشە ئیعلامیەكانی یەكێتی بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان بەهەمان شێوە یەكێتی و قەڵەمە جنێوفرۆشەكانی وشەی (سەرانی گۆڕان)یان بەكاردەهێنا و بەزمانیاندا نەدەهات بڵێن بزووتنەوەی گۆڕان بەڵكو دەیانوت سەرانی حزبەكەی گۆڕان، بۆیە ئەم وشەیە لەفەرهەنگی ژیاری كۆمەڵی كوردی دا میراتگرەكانی یەكێتی و پارتی دەتوانن بەكاری بێنن و هەر قابیلی ئەوانەن و لەزار و زمانی شەڕانگێزی ئەوان جوانە.
*لەخاڵی3ی پەیامەكەدا هاتووە: (ئێمە پێمان وایە گۆڕینی سیستمی تەندروستی بە سیستمێكی هاوچەرخ لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و كارمەنداندایە كە سەرانی سەندیكا بەهیچ شێوەیەك باسیان لێوە نەكردوە، كە ئەمەش گرنگترە لە چەند پلە و پۆستێك كە چەند كەسێك بۆ بەرژەوەندی حیزبی و كەسێتی بەكاریان بهێنن). ئەم پەرەگرافە هێندەی خۆدزینەوەی كارمەندانی تەندروستی ئۆپۆزسیۆنە لەمەسەلە هەنوكەیەكان هێندە ئەلتەرناتیڤێك نیە بۆ ئەو سیستمەی كە ئەوان باسی دەكەن هاوچەرخ نیە و سەندیكاش خۆی لەقەرەی نادا، بۆیە مەسەلەی سیستمی تەندروستی كارێكی هەروا سەرپێی نیە كە لەخاڵی پەیامێكدا بدرێت بەچاوی سەندیكایەكدا كە نەك كارمەندانی تەندروستی بەڵكو كەسێك كەمێك ئاگای لەرێكخراوەكانی یەكێتی و پارتی بێ دەزانێ كە ناتوانێ قسە لەسەر ئەلفبێی سیستمی تەندروستی بكا ئەگەر مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی و پارتی و مەكتەبی رێكخستنەكانیان قسەی لەسەر نەكەن، بۆیە ئەم بابەتە پێویستی بەوەیە كە روبەڕوی ئێوە بكرێتەوە كە كامەیە ئەو بەرنامەیەی كە كارمەندانی تەندروستی ئۆپۆزسیۆن پێیانە بۆ سیسیتمێكی تەندروستی هاوچەرخ، بێجگە لەو چەند پەرگرافە ئینشاییەی كە لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی كارمەندانی تەندروستیدا دەیجونەوە.
* خاڵی 4ی پەیامەكە كێشەی كارمەندانی تەندروستی زۆر بچوك دەكاتەوە كە دەڵێت: (سەرانی سەندیكا هێندە لە بەرژەوەندی ماددیدا خۆیان دەبیننەوە، كە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی خۆیان بەخۆیان داوە لە یەكەم رێنماییدا كە هەستان بە زیادكردنی چەند هێندەی رسوماتی نوێكردنەوەی مۆڵەتی پیشەیی، بەڵام نەیانتوانی هەڵوێستێكی گونجاویان هەبێت سەبارەت بە كێشەی ئەو كارمەندەی لە سلێمانی دوچاری ئەو گرفتە بوەتەوە كە لە ئەنجامی دەرزی لێدانەوە هاوڵاتیەك بەداخەوە گیانی لەدەست دا. هەروەها لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی هەولێر كارمەندێكی تەندروستی دوچاری لێدان و سوكایەتی پێكردن بوەتەوە لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانی بێ ئەوەی سەرانی سەندیكا هیچ هەڵوێستێكیان هەبێت لە دژی ئەو دەستدرێژیە بۆ سەر ئەو كارمەندە). من سەرەتا كاتێك وتم لەوە ناچێت ئەم كۆمەڵە برادەرە شارەزاییان لەژیانی رێكخراوەیدا هەبێ ، ناهەقم نیە، ناكرێ كێشەی هەزاران كارمەندی تەندروستی كە لەژێر سیستمێكی ناعادیلدا لەدوو كارمەنددا كورتكرێتەوە كە پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە، ئەگەر كارمەندانی تەندروستی ئۆپۆزسیۆن دەیانویست ئەم كەیسە بكەنە كەیسێكی دروست ئەوا لەگەڵ رودانی ئەو پێشێلكارییانەدا دەبوو كەیسەكانیان بوروژاندایە و قسەیان لەسەری هەبێ كە لەروداوی یەكەمدا ئەوە بازرگانی داودەرمان و ئەو بازاڕەیە كە یەكێتی و پارتی دروستیان كردووە تا سەدان كۆمپانیا دەرمانی جۆراوجۆر بهێننە ناوبازاڕەكانی كوردستان و ئەگەر كارمەندێكی تەندروستی بوبێتە قوربانی بەدڵنیایی نەك ئەو ژنەی كە گیانی لەدەستدا بەڵكو هەموو كۆمەڵگا قوربانیە و هەڕەشەی لەسەرە... بۆ روداوی دوەمیش سەیرە گلەی لەسەندیكایەك بكرێ كە ئەندامی سكرتاریەتەكەی فەرمانبەری مەڵبەند و لق و كۆمیتە بێت و ئێوە بتانەوێ قسە لەسەر تێهەڵدانی كارمەندێكی بكا لەناو نەخۆشخانەیەكدا ، چونكە ئەوە هەموو كۆمەڵگەیە كەوتۆتە بەر تێهەڵدانی یەكێتی و پارتی و رۆژانە مافیان پێشێل دەكرێ، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئێوە چیتان كرد بۆ ئەو كارمەندە كەیسەكەتان چەند جوڵاند لەدادگا ، چەند پارێزەرتان بۆ گرت لەدادگا ، چەند جار سەردانی وەزیرتان كرد مافی وەرگرنەوە ، چەند میدیاتان وروژاند لەسەر ئەو كەیسە ، چەند رێكخراوە نێوەدەوڵەتیەكانیان تێگەیاند ... دەیان چەندی تر كە ئێستا لەبیر و عەقلی ئەو كارمەندەدا دێت و دەچێ.
*خاڵی 5ی پەیامەكەزۆر شتمان پێدەڵێت كە دەڵێت: (با سەرانی سەندیكا لایان رون بێت ئەو بەدەمەوە هاتنەی كارمەندان بۆ مانگرتن هیوایان بو بە ماف و خواستەكانیان بەتایبەتی زیادكردنی دەرماڵەی مەترسی بە ڕێژەی 100%. جێبەجێ نەكردنی ئەم خواستە وای كرد كە جارێكی تر كارمەندانی تەندروستی هیچ متمانەیەكیان بە سەرانی سەندیكا و بەڵێنەكانیان نەمێنێت)..... بەڵێ ئەم پەرەگرافە زۆر شتمان پێدەڵێت، وەك چۆن سەندیكا و رێكخراوەكانی تری یەكێتی و پارتی هەموو ژیانیان لەماددەدا كۆكردۆتەوە، ئەم خاڵەی ئێوەش هەموو ژیانی كارمەندانی تەندروستیتان لەدەرماڵەدا كۆكردۆتەوە... كاتی خۆی یەكەم رەخنەی من لەكۆمەڵەی خزێندكاران و یەكێتی قوتابیان ئەوە بوو هەموو خەباتی پیشەییان لە دروستكردنی مەلزەمەو زیادكردنی دەرماڵە و گەشتی تەرفیهی خوێندكاراندا كۆدەكردەوە، جارێك نەمبینی داواكانیان لەوەدا كۆبێتەوە كە هۆڵی خوێندنیان باش بێ، خوێندكاران بنێردرێتە دەرەوە بۆ خوێندن، پرۆگرامی خوێندنەكانی وەك وڵاتانی دنیا پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێ.. سەدان خەون و هیوای تری خوێندكاران كە هەر ئەم دۆخەش وایكرد ئێستاشی لەگەڵ بێت رێكخراوەكانی خوێندكاران نەبونە هیوای خوێندكاران، بەداخەوە ئێوەش لەو هەموو داواكاریە هاتونەتەوە سەر دەرماڵە و ئەو دۆخە چاوچنۆكییەی كە یەكێتی و پارتی بۆ كۆمەڵگەی كوردی دروستیان كردووە و لەدوای ئەو داهاتەی كە لەخۆیان دەمێنێتەوە ، هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەیان لێكردۆتە بخۆر و تا دێ هانی دەدەن داوای مادە بكات ، بێئەوەی بیر لەوە بكەنەوە ئەمە رۆژێك بەدەستبەتاڵی و بێ بەرهەم كۆتایی دێ.. كاتێك داوایەكەی كارمەندانی مانگرتووم بینی دڵم خۆشبوو كە لەخاڵێكدا نوسیبویان پێویستە كورسی خوێندن لەخوێندنی باڵا بۆ پەرستیاران زیادكرێت دڵخۆشبووم و لەدڵی خۆمدا وتم ئەوەی كە ئەو خاڵەی نوسیوە دیارە بیری كردۆتەوە كە ئەكادیمیبوون و فێركردن لەسیستمی خوێندنی ئێمەدا چەند وێرانەو دەیانەوێ پەرستیاران بنێرنە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن تا لەبوارەكەیاندا شارەزای زیاتریان هەبێ... بەكورتی كاتێ ئێوە چونە ناو كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە لەناو كارمەندانی تەندروستیدا ئومێدی گەورەم لادروستبوو كە دەتوانن دنیابینی مادیی ژیانی كارمەندان بگۆڕن بۆ دنیای مەعنەوی و ببنە گروپی فشار و لەو رێگەیەوە ئەو سیستمەی كە لەخاڵی یەكەمی تێبینیەكانتاندا باستانكردووە بیگۆڕن، نازانم بۆ لەوە ناگەن سیستمی تەندروستی كاتێك چاكسازی و گۆڕانی تیا دروست دەبێ كە دنیابینی مادی كارمەندی تەندروستی بگۆڕێ بۆ دنیابینی مەعنەوی و سەرمایەی زانستی.... بۆنمونە: ئەرێ برادەرینە وا سەندیكای كارمەندانی تەندروستی عەقلیان پێنەشكا بەرنامەیەك دانێن بۆ ئەو سەدان دەمانخانە لاكۆڵانانەی كە جگە لەزیانە مادییەكەی بۆ سەر گیرفانی خەڵك بۆتە زیانێكی تەندروستیش، ئێوە چ بەرنامەیەكتان پێشكەش بەوەزارەت كرد تا چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە هەم كارمەندانی تەندروستی زیان نەكەن و هەم تەندروستی خەڵك هەمیشە لەژێر هەڕەشەدا نەبێ.
*خاڵی 6ی پەیامەكە بێهیوام دەكات كە ئەمانیش بەهەمان دید و بۆچوونی سەندیكاكەی یەكێتی و پارتییەوە لەژیانی سەندیكایی دەڕوانن، بڕوانن چی دەڵێن: (شایانی وەبیرهێنانەوەیە سەرانی سەندیكا لەدایكبوی كۆنگرەیەكی ناشەرعین و ئێمە وەك لیستی هاوبەش داوای یاساییمان لەسەر تۆماركردون و ئێستا دۆسیەكە لە دادگایە). ئەوەی ئاگای لەكۆنگرە بێ دەزانێ ئێوە بۆ بەشداری كۆنگرەتان نەكرد، ئێوە باوەڕتان بەتەوافوقی سیاسی هەبوو كە ژمارەیەك بەرپرسی لق و ئەندامی سكرتاریەت و ئەندامی لقتان بدەنێ كە بەدڵی ئێوە بێ ، ئەوكات دەچونە ئەو سەندیكا كارتۆنیەوە كە وەك مامۆستایانی هاوبەش لەیەكێتی مامۆستایاندا بەشدار دەبوون، بەڵام ئەوەی كە پێتان درا بەدڵتان نەبوو.. قسەی من لێرەدایە و بەپرسیارێك دەستپێدەكەم (ئایا هەر رێكخراوێكی تەندروستی لەو سەندیكایەدا نەبێ ناتوانێ ئیستیحقاق بۆ كارمەندان دەستەبەر بكا؟) لەكاتێكدا لەهیچ وڵاتێكدا دەستەبەركردنی ئیستیحقاق لەلایەن رێكخراوە مەدەنیەكانەوە زۆر كەمە بۆ چین و توێژێك، بەڵكو رێكخراوەكان تەنیا گروپی فشارن ، كەواتە ئەگەر لەژێر ئەجێندای گروپی فشاردا لێكدانەوە بۆ ئێوە بكەین كە گریمان توانیوتانە 45%ی دەنگی كارمەندان بەدەستبهێنن، ئەی كەواتە بۆ ناتوانن لەبارودۆخە ناهەوارەكان و داواو خواستی كارمەنداندا 45%ی كارمەندان لەنێو نەخۆشخانەكان بێننە دەرەوە و سیستمی تەندروستی پەكبخەن، ئێوە لەو پەیامەدا وانیشاندەدەن كە كارمەندانی مانگرتوو لەسلێمانی و هەولێر لەسەر داوای سەندیكای كارمەندانی تەندروستی نەهاتونەتە دەرەوە، ئەی كەواتە چۆن لەسەر داوای ئەوان كۆتاییان بەمانگرتن هێنا؟، ئەگەر لایەنگرانی ئێوە بوون بۆ كۆتایی تان پێهێنا؟
لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك 540كارمەند دەنگی بەلیستی یەكگرتووداوە كە دەكاتە20.27%ی دەنگەكان، لیستی ئایندە 104دەنگی هێنا ، كە ئەوانیش كشانەوە لەكۆنگرە كە دەكاتە 3.90%ی دەنگدەكان و 66كارمەندیش كارتەكانیان بەسپێتی خستە سندوقەكانی دەنگدانەوە كە 2.47%ی دەنگەكانە، بێگومان ئەم 66كەسە هەرە ناڕازییەكانی ئەم توێژەن و بێئومێدن لەهەموو لیست و قەوارەو حزب و گروپ و شەخسێك... كەواتە بەپێی ئەم ژمارانە سەرەنجام زیاتر 25%ی كارمەندانی تەندروستی لەدهۆك ناڕازین لەسیستمی تەندروستی ، ئەی بۆ نەتانتوانی ئەوانە بێننە دەرەوەی ناوەندەكانی تەندروستی و بیسەلمێنن كە ئێوە تواناتان هەیە ببنە گروپی فشار لەسەر وەزارەتی تەندروستی، كەواتە لەمەوە دەردەكەوێ كە چۆن كارمەندانی یەكێتی و پارتی لەبەر خاتری یەكێتی و پارتی دەنگیانداوە بە لیستی كوردستانی كارمەندانی تەندروستی نەك بە لیستەكەو كەسەكانین دیارە یەكگرتووش لەدهۆك كاتێك دەنگیان داوە بە لیستی كارمەندانی تەندروستی یەكگرتوو لەبەر خاتری داكۆكیكردنیان نەبووە، بەڵكوو بۆ یەكگرتووی ئیسلامی بووە.
ئەمانە هەموی لەلایەك، ئێستا هەر كارمەندێكی تەندروستی لەپەیامەكە بڕوانێ تووشی نائومێدی دەبێ كە دوای 8 رۆژ لەمانگرتن تازە بیری كارمەندانی تەندروستی ئۆپۆزسیۆن دەكەوێتەوە بەیاننامە دەربكا لەرۆژی 18-7-2012 لەكاتێكا 12-7-2012 مانگرتن كۆتای هات.
دوا قسەم ئەوەیە داوایەك لەو كاندیدایانە دەكەم لەسەر لیستی تەندروستی سەردەم دەرچوون، بزوتنەوەی گۆڕان دەیان هەڵسوڕاوی بەتوانای لەئەوروپا هەیە كە لەكاری رێكخراوەیدا شارەزان، پێویستە ناوە ناوە بێتەوە بۆ كوردستان و وۆرك شوپ بكاتەوە بۆئەوەی بزانرێ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە روداوانەدا دەكرێ و سەندیكاكانی ئەوروپا چۆن كاردەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست