کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


که‌سمان ناتوانین وێنه‌یه‌کی پیری سۆران و سه‌رده‌شت بکێشین!

Monday, 17/05/2010, 12:00



که‌م نه‌بوون ئه‌و گه‌نجه‌ جوانانه‌ی، که‌ له‌ شه‌ڕه‌کانی ناوخۆدا ڕۆحیان کێشرا. که‌م نه‌بون ئه‌و لاو،‌ کچ و کورانه‌ی شه‌ره‌فیان ده‌دایه‌ ده‌ست قاچاخچییه‌کان و له‌خه‌ونی گه‌یشتن بۆ ‌نیشتمانێکی په‌مه‌یی. ماسێکانی ده‌ریای ئیجه‌ش به‌تامی لاشه‌ی گه‌نجه‌کانی کورد چه‌شه‌ببوون. که‌م نه‌بوون ئه‌و که‌سه‌ جوانانه‌ی که‌وتنه‌ ناو کێڵگه‌ی مینه‌وه‌، هه‌پرون به‌هه‌پرون بوون. ئیستاش که‌م نین لێره ‌و له‌وێ ئه‌و کچ و کوڕانه‌ی خۆیان ده‌کوژن و خۆیان هه‌ڵده‌واسن و خۆیان ده‌سوتێنن و له‌ووڵاتانی ئه‌ورپاوه‌ قۆڵبه‌ست ده‌کرێن و ده‌یانگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نیشتمان و له‌وێش له‌به‌ر ده‌م قۆناغی تفه‌نگ و سوکایه‌تیی پێکردندا ڕاده‌وه‌ستن .
هه‌موو ڕۆژێک که‌م تا زۆر، گوێبیستیی هه‌واڵێکی تراژیدیی وڵاته‌که‌مان ده‌بین، که‌ له ‌یه‌کێک له‌ڕۆژنامه‌کان یان ماڵپه‌ره‌کاندا به‌رچاومان ده‌که‌وێت . هێنده‌ خه‌ڵک خۆی سوتاندووه‌ بۆنی نه‌وت و گۆشتی مردوو، تێکه‌ڵ به‌ ئازاره‌کانی ده‌روونیان کردووین. ئه‌مه‌نده‌ش خه‌ڵک خۆی هه‌ڵواسیوه‌ ژماره‌ی گوریس فرۆشه‌کان هه‌ڵده‌کشێن، گولله‌‌ش هه‌میشه‌ ده‌نگی دێت لێره‌ و له‌وێ ، ئێمه‌ له‌ته‌قه‌ی خۆشیشدا ده‌بێ خوێنێک بده‌ین . به‌کامه‌ گه‌ڕه‌کدا ده‌گوزه‌رێیت لافیته‌یه‌کی ڕه‌شی قه‌ترانی دڵت داناخورپێنێت؟ ئه‌م مه‌مله‌که‌ته‌ی ئێمه‌ گۆڕستانێکه‌ بۆ هه‌مووان، که‌سمان به‌ده‌ر نین له‌ مردنی تراژیدیایی . که‌ به‌لای باخچه‌ ڕازاوه‌ جوانه‌کانیشدا ده‌ڕۆین، هه‌ر ده‌بێ پۆلیسێک حیمایه‌یه‌کی تفه‌نگ به‌ده‌ست ببینین ، ئه‌وان پاسه‌وانی گوڵه‌کانن نه‌با که‌سی بیقرتێنێ و که‌سێک به‌پێڵاوه‌وه‌ به ‌چیمه‌نه‌ سه‌وزه‌که‌دا بڕوات و ده‌ستدرێژیی له‌دارێک بکات که‌ به‌ده‌ستی سه‌رۆک نێژراوه‌، یان بۆنی ئه‌و گوڵه‌ بکات، که ‌ژنی دووهه‌می به‌رپرسه‌کان حه‌ز به‌بۆنی ده‌که‌ن.
سۆران و سه‌رده‌شت خۆکوژیان نه‌کرد و قه‌تیش بیریان له‌وه‌ نه‌کردبۆوه‌ خۆیان بده‌نه‌ ده‌ست قاچاخچێه‌ک، شار و وڵات جێبهێڵن و چاره‌نووسیان بده‌نه‌ ده‌م ده‌ریای ئیجه ‌و ژیان له‌مه‌مله‌که‌تی چاوه‌ڕوانیدا بگوزه‌رێنن، دوای وه‌ک پاکه‌تی لۆکراو به‌فڕۆکه‌یه‌ک بیان گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ووڵات.
ئه‌وان ڕێگه‌یه‌کی تریان گرته‌ به‌ر و قه‌ڵه‌میان هه‌ڵگرت تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خه‌می گه‌نجان و ئازاری ووڵاته‌که‌یان بنووسنه‌وه‌. سۆران و سه‌رده‌شت وه‌ک دوو لاوی بزێو، تاجی پاشایان داگرت و بۆ یه‌کتریان هه‌ڵده‌دا و ده‌تریقانه‌وه‌، ‌ده‌ستیان بۆ مه‌ترسییه‌کان برد.
سۆران به ‌سه‌رده‌شتی ده‌وت: شه‌رم نییه‌ مرۆڤ، به پارووی خیانه‌ت بژی و له‌ فێڵ و پلانی شه‌یتان سڵکاته‌وه‌؟ سه‌رده‌شت ده‌یوت هاوڕێم دێم بۆ لات ده‌شزانم یه‌کێک له‌هۆکاره‌ چاره‌ڕه‌شه‌کانی مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌، که‌ سود له‌ ئه‌زمونی خه‌ڵکی تر وه‌رنه‌گرێ . من دێم تا موه‌کانی لاجه‌نگم سپی نه‌بووه‌ له‌داخی ئه‌م شاره‌ دێرینه‌م، له‌داخی ئه‌م جه‌نگه‌ڵستانی تفه‌نگه‌ گه‌نجه‌ سووتاوه‌کان، گه‌نجه‌ خنکاوه‌کان، گه‌نجه‌کانی به‌ر ‌ڕووداوی ئۆتۆمۆبێل ڕۆیشتن، که‌ هۆنراوه‌شیان بۆ ووترا هه‌موو ئه‌مڕۆ بیرچوونه‌وه‌، که‌چی سۆران سه‌رده‌شت تابێت له‌ناخمانا ده‌ژی و پرسیاره‌ قاچاغه‌کانمان له‌لا دروست ده‌که‌ن.
لای ئه‌م دوو نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌ ژیان ناوه‌ستێ و پیر بوون نییه‌ و نووسینه‌کانیشیان ڕییاکاریی تیا نادۆزیته‌وه‌ . ساده‌ ساده‌ وه‌ک خۆیان دوور له ‌وه‌رگرتنیی پاره‌، چونکه‌ پاره‌ نووسه‌ر، بێ ئابڕو و سازشکار ده‌کات . سۆران له‌ بیری مردندا نه‌بوو، سه‌رده‌شت ئاره‌زوویی ‌مردنێکی تژی له ‌تراژیدیا بوو .هه‌ردوکیان ده‌یان ووت له‌ کوێ شه‌ڕ هه‌بێ ئێمه‌ له‌وێین و کۆڵه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوخێنین و به‌خته‌وه‌ریتان ده‌له‌رزێنین. ئاخر ئێوه‌ ته‌نها به‌قازانجی ماڵ ومنداڵتان کارده‌که‌ن.
ئه‌وان ده‌یانزانی هه‌رکه‌سێک، که‌ ده‌مرێت چه‌شنێک له‌ ئاسوده‌یی فه‌راهه‌م ده‌کات . بۆیه‌ پێشبڕکێی مردنیان ده‌کرد . چه‌ند گه‌وره‌ییه‌ مرۆڤ له ‌مردندا خوێنی له‌به‌ر بڕوات که‌سمان ناتوانین وێنه‌یه‌کی پیری ئه‌م دوو مرۆڤه‌ گه‌وره‌یه‌ بکێشین، هه‌رچه‌ند بیریشی لێبکه‌ینه‌وه‌ . به‌ڕاستی ئیره‌ییتان پێده‌به‌م جوانترین مردنتان هه‌ڵبژارد، که‌ له‌ژیانی ئێمه‌ زۆر خۆشتره‌ . شاده‌ماره‌کانم پڕن له‌خۆشه‌ویستی بۆتان. سه‌رگه‌رمی پرسه‌ پڕشکۆکه‌ی سه‌رده‌شت بووین.
هه‌واڵی پێشمه‌رگه‌یه‌کی ته‌نها 21ساڵمان پێگه‌یشت، که‌ له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌وت له‌شاری که‌رکوک خۆی کوشت، ده‌شێ ئه‌ویش هه‌ر ئیره‌یی به‌سۆران و سه‌رده‌شتی بردبێت، مردن چه‌ند جوانه‌ به‌گه‌نجی .. سه‌رده‌شت و سۆران وه‌ک نموونه‌ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە