گەڕانەوەی تاڵەبانی و کارتی شەڕی ناوخۆ
Tuesday, 22/07/2014, 12:00
پەیام و بەڵێن و بانگەژەی دەوڵەوتی کوردی لە لایەن مەسعود بارزانیەوە، جارێکی تر تاڵەبانی هێنایەوە گۆڕەپانی کوردستانی باشوور. مەسعود هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی تاڵەبانی بگەڕێتەوە و لەلایەن ئێرانەوە نێردرایەوە تا هاوسەنگیەکەی جاران دروست ببێتەوەو ئەو شێوازەی تورکیاو ئێران لەسەری ڕێکەوتبوون ، لەدوو ئیدارەیی، کۆنترۆڵکردنی هەردوو شاری هەولێر و دهۆك لەلایەن پارتی و سلێمانی و کەرکوك لەلایەن یەکێتیەوە، بمێنێتەوە.
هیچ کات نەتورکیا و نەئێران ڕازی نین هاوسەنگی هێز بەلای لایەنێکدا قورس بێت و لایەنەکەی تر بەرەو نەمان و بچووك بوونەوە هەنگاو بنێ. بۆیە بۆ ئەو مەبەستەش ، کارتی جەلال تاڵەبانی هەمیشە وەك ئەو فشارە وایە کە پێوستە لەکاتی پێوستدا ئێران بەکاری بهێنێ. وا ئەم جارەش بینیمان کەوا لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو هاوسەنگیە وەك خۆی لێ دێتەوە، وەیان ئەگەر پێوست بکا، تاڵەبانی ئاشەکەی شەڕی ناوخۆ دائەگیرسێنێ و ئامادەیە بۆ ئێران کوردستان ببنەوە بۆ ساڵانی ١٩٩٣ و جەولەیەکی تری شەڕی ناوخۆ، دەست پێبکاتەوە.
وەك ئاشکرایە لەشاری کەرکوك جگە لەهێزەکانی یەکێتی کەوا کەنترۆڵی چەندین شوێنی ستراتیژی و بیرە نەوتیان کردوە. لەهەمان کاتدا، بەو ئەندازەیە پارتیش کۆنترۆڵی چەند بیرە نەوتێکی گەورەی کردوە کەوا بۆتە ژمارەیەکی گەورەو لەچەندین کاتدا گوێبیستی ئەوە بووین کەوا هێزەکانی پارتی و یەکێتی لەتەقینەوەو پێکداداندا گەلێ نزیك ببونەوە. ئەم جۆرە مەترسیە هەنووکە لەئارادا ماوەو لەماوەیەکی نزیکدا گەر بێتو پارتی کەرکوك چۆڵ نەکا ئەوا گەلێ بەئاسانی یەکێتی بەیارمەتی ئێران ، گشت هێزەکانی ئەخاتە گەڕ و پارتی لەکەرکوك دەرئەپەڕێنن.
ئێران بۆ ئەوەی زیاتر فشار لەسەر تاڵەبانی دروست بکا، ئەوەتا بۆ ماوەی هەفتەیەکە نایەڵێ تەنکەرە نەوتەکان لەهەرێمەوە بچنە ئیرانەوەو بفرۆشرێن. ئەم جۆرە فشارانە زیاتر بەردەوامی ئەبێ و کارێکی نێگەتیڤانە لەسەر ڕەوشی ئابووری یەکێتی دروست ئەکا تا ئەو کاتەی ئەمانیش فشار لەسەر هێزەکانی پارتی دروست بکەن. بۆیە ، بەبڕوای من لەمەدا ئێران سەرکەوتو ئەبێ و یەکێتیش ئامادەیە بە زمانی هێزو چەك لەگەڵ پارتیدا کێشەکانی یەکلایی بکاتەوە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوو چەندین هێزئ ئێرانی سەربازی لەفڕۆکەخانەی سلێمانی بەردەوام دێن و دواتر ڕوو ئەکەنە ئەو شوێنانەی کەوا شیعەو مەزارگەکانی ئەوانی لێن بۆ مەبەستی پاراستنیان لە هێرشەکانی داعش. ئێران کەوا یارمەتی مالیکی و شیعەکان ئەدا ئامادەیە هەموو هێزەکانی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی یاریکەرێکی سەرەکی بێ لە عێراق و ناوچەکە. دیارە پارتی کەوا ڕێگری لە میلیشای شیعە کرد بۆ ئەوەی نەچنە قەزای دوز خورماتوو بەیەکێ لە هەڕەشەکانی پارتی دائەنرێ بۆ سەر ئێران. ئەمان بەم شێوازەیان واتە بەربەرەکانی لەگەڵ ئێراندا ئەکەن و ئێرانیش ئەمە لەپارتی قبوڵ ناکاو لەماوەی داهاتوودا باجی ئەو سەرەڕۆییەیان ئەدەن.
پارتی بەمەوەشە نەوەستاوەو بەتەمایە کاندیدی سەرۆك کۆمار کەهی یەکێتیە لێیان زەوت بکا. ئەمەش جارێکی تر ئێران ویەکێتی توڕە کردوەو لەژێرەوە ئاگری شەڕی ناوخۆ خەریکە کڵپە ئەسێنێ. بۆیە ئاماژەکان تەنها بۆ ئەوەیە کەوا لەماوەیەکی نزیکدا کێشەو ئاریشەکانی نێوان ئێران و تورکیا کە هەریەك لە مەسعود و جەلال نوێنەرایەتی ئەکەن، بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار ئەچێ و ئەگەری شەڕی ناوخۆ گەلێ نزیکە. بۆیە لە ئێستاوە داوا لەچەکدارەکانی هەردوو لا ئەکەین کە نەچنە ژێر باری داواکاری و فەرمانەکانی هەریەك لە مەسعود و جەلال ، کە ئەوان لەڕابردوودا بۆیان سەلماندووین کەوا گەلێ شارەزاو کاران لەهەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆو بەکوشتدانی کورد و مل شکاندنی یەکتری.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست