کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پەیکەرێك بۆ سەرۆکی تەزوویر

Friday, 05/10/2012, 12:00







زۆر بەباشمان زانی لەنزیکەوە ئەم دیدارە لەگەڵ سەرۆکی بەناو هەرێم ساز بدەین و پرسیاری هاوڵاتیانی لێ بکەین.. جا داوای لێبووردن لەو کەسانە ئەکەین کە نەمان توانی پرسیارەکانیان ئاڕاستەی سەرۆکی تەزوویر بکەین ، ئەویش لەبەرئەوەی لەماوەی ئەم چەند هەفتەیدا لەئیتالیا و تورکیا گەلێ خۆی سەرقاڵ کردبوو بۆ ئەوەی تەکانێك بە دۆزی کورد بدا و بەڵکو لەگێڕی یەکەوە یەکسەر تا گێڕی پێنچ نەوەستێتەوە. لێرەدا هەوڵ ئەدەین پرسیارەکان لەچەند تەوەرێك چڕ و خەست و تێكەڵ و پێکەڵی بکەین و هەریەك بۆ خۆی وەڵامێك بەوەی پێی باشە ، بۆ خۆی بەرێت و سەرف و نەزەریش لە ئێمە بکا.
پرسیار: چوونتان بۆ ووڵاتی ئیتالیا کەوەك ماڵە خەزورانتی لێ هاتوەو هەر ئەوە نازانی خۆتی پیا ئەکەی، جگە لەخۆت عیبادە بەشەرێك لەگەڵ خۆت نەبرد،بۆ؟
لەڕاستیدا پێش ئەوەی بچم بۆ ئەوێ هەر زوو بە هەموو تەلەفیزۆن و کەناڵەکانی ڕاگەیاندم ووت کە بڵێن ئەم سەفەرە بۆ کوردەو بۆ ئەوەیە مەسەلەی بەدەوڵەت کردنەکە بهوروژێنم.. بەڵام لەراستیدا جگە لەوەی هەنێ پارەو پولی ووشکەو نووستوو هەبو لێرە ، حەزم نەکرد ئێکسپایەر ببن و لەعەینی کاتیشدا ، چووم بزانم ئەو هەتیوەی کوڕم بۆ ئەو چەتیوەی کوشتوە.. ئەگەر چی کوشتن لای ئێمە شتێکی مۆدرێنەو پێوەی جوانین و خۆمانی پێوە بائەیەین.. بەڵام هەر باشبوو توانیم ئەم جارەش ئاهێك بەدڵ و دەرونما بێت وقوفڵێکم لێداو تا تاوانێك و کوشتنێكی تر خوا ئەمێنێ و موڵکی .. خۆت ئەزانی وەك ستالین ئەڵێ، کوشتنی کەسێك تاوانە، بەڵام ملیۆنێك تەنها ژمارەیە،، ئێ ئێمەش خۆ ئەمە یەکەمین جارمان نیە خەڵك ئەکوژین،، تا سەری خۆمانی پێوە بیەشێنین. تەنها ئەوە نەبێ بە مەنسور ووت ئەوەندە سەرەڕۆیی نەکا و سەرمان نەیا بەفەتارەیا.بەڵام بۆ مەسەلەی ئەوەی لەسەفەرەکانمادا کەسی تر لەگەڵ خۆمان ناهێنین بەتایبەتی جەماعەتی یەکێتی و ئۆپۆزیسێۆن، ئەوا لەمێژە ئەوەمان بڕانۆتەوەو پرس و ڕایان پێناکەین.. ئەوە ئەوانن ئەبێ پرس و ڕا بەئێمە بکەن،، بڕوا بکە،، ئەم جارە لەکۆبونەوەکەی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروانیش ، هەر نەوشیروان زوو تەلەفونی بۆ فازیل میرانی کردبوو، پێ ووتبوو کە ئێمە ئەگەر ئێوە ڕازی بن لەگەڵ تاڵەبانی کۆئەبینەوە..
پرسیار: ماوەیەکە تەلەفیزیۆنەکان هەر خەریکی یادی مردوو ئەکەنەوەو هەروەك هیچ قەیرانێك لەکوردستاندا نەمابێ جگە لەیادی هونەرمەندانی وەك (حەمە جەزا) و (گۆران)ی کوردسات؟
وەڵام. ئەلهەقی ئەم پرسیارە گەلێ بەجێیەو هەر لەکاتی مردنی باوکمەوە هەوڵمان داوە یادی مردن و لاوانەوەو تەعزێ و پرسە هەردەم گەرم بکەین و بەمەش چەندین گۆڵ کەخەڵکی کوردستان ئەکەین.. یاد کردنەوەی مردوان بەم شێوەیەی ئێستا، تەنها بۆ خۆدزینەوەمانە لەو هەموو قەیرانانەی کەدروستمان کردوەو تەقەڵێك لەو هەموو دزی و گەندەڵیە ئەیەین کەبەهیچ کلۆجێك ناتوانین خۆمانی لێ دەرباز بکەین جگە لەڕێگەی ئەم جۆرە فێڵانەوە کەخەڵکی ساویلەکەی کوردستان هەستی پێناکەن.
پرسیار:مەسەلەی پەیکەر لەئارادایەو حەزمان کرد لەزاری خۆتەوە بزانین ڕاو بۆچونت چۆنە لەوەی کە ئێشتا زیندووی پەیکەرێکی زەردت بۆ بەکردن بەین؟
وەڵام: جا پەیکەر بۆ من نەبێ ئەی بۆ کێیە؟ لەسەدا حەفتای دەنگی کوردم هێناوە(گرنگ نیە تەزویرو ساختەبێ)، مێژووی لەسەرو ١٥ هەزار ساڵەی شاری هەولێرم کرد بە سفر و لە دوای ٣١ ئابی ١٩٩٦ وە بۆیان حلێبە و وا خەریکە بۆیان ئەکەم بە دوبەیی و خەڵکەکەیم وەك ماستی هەولێر مەیو کردوە. ئاخر خۆ باوکم هەر بەقەد من (خیانەت و جاشتێتی و ئاشبەتاڵ و کوردکوژی)کردوە، ئێ بۆ، بۆ ئەو هەقە بکرێ بە باوکی ڕوحی کورد،ڕەمزی نەتەوەی کورد،جەنەڕاڵ و سەرۆکی هەموو کورد و دەزگای خێرخوازی هەبێ،، ئەی باشە بۆ من پەیکەرێکم پێ ڕەوا نابیننن.
پرسیار:ئەڵێن لەگەڵ تاڵەبانی تێك چوون و لەوە ئەچێ قسەی لەگەڵدا نەکەی؟
وەڵام: کورە ئەوەندە ساویکەو فەقیر مەبە،، ئێمە هەریەکەمان جاشی نەك دەوڵەتیك، بەڵکە جاشی هەموو دونیاین، لەخۆمانەوە ناتوانین دەست بکەین بەئاوا.. ئەوە هەمووی سیناریۆیە و بۆیان ئامادەکردوین. من و تاڵەبانی و نەوشیروان، هەمومان گۆشتمان بۆ خەڵکیەو ڕیقنەکانمان بۆ کوردە.. هەرسێکمان وەك ئەو مریشکە واین دانی ماڵە ئەخۆین و بۆ هیلکەکەش ئەچین لەماڵە دراوسێ ئەیکەین و ئەدۆڕێنین. بەسەری باوکم هەرسێکمان وەك پڵنگی ناو بەتانی واین.
پرسیار: ئەی ئەوە چیە برادەرانی گۆڕان هەر لەباسی ڕەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانی ناکەون و ئەڵێن ئەبێ دەستوور جارێکی تر هەموار بکرێتەوە.
وەڵام:یەکێ نەزانێ من بیل کلینتۆن و جەلالیش جۆرج بۆش. ئاخر پێم ناڵین دەستور چیە .. کاکە تا ئێستا ئێمە ووشەیەکی کوردیمان نیە بۆ دەستوور، هەر وەك چۆن من ناوی مناڵەکانم هەموی عەرەبی و ئەعجەمیە، ئاوهاش با برادەرانی بەناو گۆڕان ووشەیەکی کوردی بۆ دەستوری کوردستان بدۆزنەوە ئەوسا قسەیەکی گوێ ئاگردانی لێ ئەکەین.. من نەئەزانم دەستور چیەو نە تاقەتم هەیە بیخوێنمەوە تا بزانم ناوەڕۆك و مەعبێنەکانی چی تیایە. من و جەلال هەریەکەمان چەندین میلیشیاوموعارەزەی خرپن خرپن و سفرە ڕاخەرو دارو دەستەمان هەیە و وا هێناومانەو هەرواش لێی ئەخوڕین. ئیتر دەستوری چی و تەڕەماشی چی. ئەو برادەرانەش ئەم کارە ئەکەن ، خوا دەست بەعومریانەوە بگرێ و تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوەیە، کاری برادەرانی بەناو ئۆپۆزیسێۆن تەنها چەواشەکاری خەڵکی عەوام و ڕەشۆکیە.
پرسیار: زۆربەی خەڵکی حەز ئەکەن بزانن بۆچی هەڕەشە ئەکەی لەوانەی بەخراپە باسی شۆڕشی ئەیلولیان کردوە ،ئایا لای تۆ ئەیلول شۆڕشە؟
وەڵام:خوا بمگرێ ئەگەر بەڕاستم بوبێ، کاکە گیان شۆڕشی ئەیلولی چی و ئەیچرچی چی،،جارێ ئەیلول لای من ئیسمی مانگێکە و هیچی تر. ئەو هەرەشەو گوڕەشەیەش تەنها بۆ ئەوە بوو کەلای بنەماڵەکەی خۆم نەختێ خۆم ڕاوەشێنم و پێیان بڵێم لەمن زیاتر کەسی تر بۆی نیە باس لەو خەباتە بکا کە وەك ئەزانی بەئەشبەتاڵ کۆتاییمان پێهێنا.دەنا ئەگەر بەڕاست ئێمە شۆڕشمان بکردایەوە خاوەنی ئەو هەموو کوڕە ئازایانە بوبین و دوژمن بەو لاوازیەوە هەرەسی هێنا، ئەبوو ئەوان ئاشبەتاڵیان لێبکردایە ، نەك کورد.
پرسیار:ماوەیەکە مالیکی لێی گیرکردون و بەدیکتاتۆر ئەتان ناسێنێ؟
وەڵام: دەبا مالیکی لەخۆی هەڵڵا. کەی من دیکتاتۆرم. وەرە من بەشێوەیەکی ماتماتیکی بۆتی ئەسەلمێنم کە من بەڕاستی دیموکراتم و ڕقم لەدیکتاتۆریەتە....... من تەنها سەرۆکی هەرێمم و لەڕێگای خەڵکەوە کراوم بەسەرۆك. ڕەنگە بڵێی سەرۆکی پارتی و هەزار پیاوەکەشم. بەڵام بزانە پۆست و پلەکانی ترم هیچی لای خۆم نیەو یاومەتە دەست خەڵکانی تر. سەرۆك وەزیران من نیم، دەزگای ئاسایشی گشتی من نیم، پەرلەمانتار ووەزیرەکان خەڵکانی ترن.. خاوەن پۆستەکانی تر کەسانی ترن،، ئیتر بۆ نامالیکی وازمان لێناهێنێ، ئەوەتا کەرکوکیشمان یاوەتەو ئەو تۆزە هەرێمەو ئەو نەختە نەوتە هەیە پێمان ڕەوا نابینێ و خەریکە نایەڵێ فڕۆکەکانیشمان بەکار بهێنین

پەیامت بۆ گەلی کورد چیە؟
گەلی کورد لەهەر شوێنێك بن ئەبێ پیان خۆش بێ یان نا، ئەوا تا من و جەلال و نەوشیروان مابین نایەڵین یەك کەس ئیسراحەت بکاو هەر کاتێ وویستمان جەولەیەك لە شەڕ دروست ئەکەین و ناوی لێ ئەنێین شەڕی برا کوژی... ئاخر لەئەمریکا و ئیسپانیا و زۆر شوێنی تریش شەڕی ناوخۆ هەبوو بەڵام ئەوان هەرگیز ناویان لێنەنا بەشەڕی براکوژی.. بەڵام ئێمە ئەم زاراوەیەمان هێنا تا برا کوشتن لامان ئاسایی بێ و هەر کاتێ وویستمان جەنگ دروست ئەکەین و کوڕی یەك ماڵ لەیەکتر ئەکەین بەدوژمن و ڕەوایەتیان پێ ئەبەخشین،ئەمەش ئەوەیە کە تورك،عەرەب و فارسەکان لەمێژە وویستویانە لەناوماندا بیچێنن و باوکیشم بەپەڕی دڵسۆزیەوە بۆی جێبەجێ کردون و بەندەش لەو زیاتر خزمەتی ئەجندای دەرەکی ئەکەم و ئەوەی بۆ کورد باش بێ وەعد بێ نەیکەم و ئەوەی دژی کوردە وەك خۆی و بەزیاوە بیکەم.
سەرۆکی بەزۆر سەپێنراو
مەسعود بارزانی/لەڕێی فیییس بووکەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە