سەرۆك كەى دەبێتە سەرۆك؟
Friday, 01/07/2011, 12:00
سەرۆكى ووڵات لەهەمو تاكیكى ئەو وڵاتەى كەخۆى سەرۆكایەتى دەكات لەهەموى زیاتر بەرپرسیارێتى بەردەكەوێت بەتایبەتى لەووڵاتیكدا كە سەرۆك هەموو دەسەلاتێكى رەهاى هەبێت و هەمو شتێك تەنها خۆى بێت و تەواوى بریارەكان بەواژووى ئەوەوە برۆنە قوناغى جیبەجیكردنەوە وەك ئەوەى ئیستا لەكوردستاندا هەیەو سەرۆكى هەرێم زۆرترین دەسەلاتى هەیە .
ئێمەى كورد چۆن لە كەسێتى سەرۆك دەڕوانین و چۆن لەگەڵ سەرۆكدا مامەڵەدەكەین , ئایا لەزهنى ئێمەدا سەرۆك ئەوكەسەیە كەسەرپەرشتى شۆرش دەكات و ئیتر ئێمە بە سەرۆكى دەزانین ئەگەر شۆرشەكەیشى سەركەوتو نەبیت , یان كارەكتەرێكى پلە یەكى حیزب خۆى دەكاتە سەرۆك و ئێمەش ناچارانە قبولى دەكەین ؟.
كێ سەرۆك هەڵدەبژێرێت , ئێمەلەرێگەى سندوقى دەنگ دانەوە یان لەرێگەى چەپڵە رێزانەوە ؟ یان واقیعێك خۆى فەرزدەكات بەسەرماندا كەسەرۆكى حیزب دەبێت سەرۆكى هەموومان بێت و لەدواى خۆیشى سێ بەرەكەى بۆهەمیشە لەسەر كورسى حكومكردن بەردەوامبێت ؟!
سەرۆكەكانى ئێمە, سەرۆكى وڵات , سەرۆكى حیزب , سەرۆكى خێڵ , سەرۆكى باندەكان و سەرۆكى لیژنەكانى كوشتن و ..هتد , ئەو سەرۆكانەكەن كەئێمە بەسەرۆك ناوزەندیان دەكەێن و لەغیابى هوشیارى خۆماندا قبولیان دەكەین، , یان ئەوان خۆیان شوناسیان بۆخۆیان یارى كردوەو بەعەنتەریاتى خۆیان , خۆیان سەپاندوە و ناچارى قبوڵكردنمان دەكەن ؟
سەرۆك كێیەو دەبێت سەرۆك چى كارەبێت و مەهامەكانى سەرۆكایەتى كردن لەئێستاى كوردستاندا چیەو لەئایندەدا سەرۆك دەبێت چى بكات ؟ ئایا سەرۆك هەرسەرقاڵى پێشوازى كردنە لە گروپە بچوكەكانى بازرگانى وڵاتان و جارجاریش سەردانى دەرەوە بكات و لەبونە حیزبیەكاندا ووتار بخوێنێتەوەو هەندێك جاریش برواتە بەغدا و یەك جاریش نەیتە ناوچەكانى ئەنفالستان ؟ یان سەرۆك دەبێت سەرۆكى گەل بێت و جیاوازى لەنێوان مندالێكى پى خاوسى گەرمیان و مندالێكى چاوشینى بادینان نەكات .
پیشتر سەرۆك نەدەهات بۆ یادكردنەوەى ڕۆحى پاكى ئەنفالكراوەكانمان , بیرم نایەت رۆژێكیش ئامادەبوبێت بۆ بەرزڕاگرتنى ڕۆحى ئەو هەڵەبجەیانەى بە كیمیاویى سوتان , گومان دەكەم هەرگیز بریارێك بدات ئەنفال چیە كان ئەوانەى ناوەكانیان هاتوە بۆبەردەم دادگا راپێچیان بكات , گومان دەكەم ؟!
سەرۆك مافى خۆیەتى چۆن نەخشەى ژیانى ئاسایى خۆیى دەكێشێت و چۆن چێژ لەكاتەكانى وەردەگرێت , وەك چۆن ئێمەش مافى خۆمانە بپرسین بۆچى سەرۆك لەدواى 17 ى شوباتەوە تائیستا نەهاتە شارى سلێمانى و فەرمانى نەدا تاوانباران راپێچى دادگا بكرێن , تاونبارانى راستەقینە نەك ئەو كەسانەى فەرمانیان پێِكرا تەقەلە خەڵك بكەن بەڵكو ئەوانەى فەرمانیاندا لەناو سلێمانیدا خەڵك بكوژن !!
سەرۆك كاتێك سەرۆكە كە بەشێك لەگەرماى گەرمایانى ئەنفالكراوى بەركەوێت , كاتێك سەرۆكە خانووە ڕوخاوەكەى عومەرى خاوەر بەچاوى خۆى ببینێت , كاتێك سەرۆكە لەئاوە ژەهراوێكەى دەربەندیخان بخواتەوە كە رۆژانە خەڵكى ئەو شارە لێى دەخۆنەوە, سەرۆك كاتێك سەرۆكە خۆى تاجەگوڵینە لەسەر گلكۆى شەهیدێك دابنێت نەك كەسێك بەو كارە ڕاسپێرێت , كاتێك سەرۆكە سەرجەم ئۆرگانەكانى حیزبكەى دەخاتە خزمەت نەتەوەكەیەوە , نەك ئەوكاتەى كە تەواوى كایە جیاجیاكانى گەلەكەى بخاتە بەرژەوەندى پارتەكەیەوە .
سەرۆكەكانى ئێمە, سەرۆكى كۆمار , سەرۆكى هەرێم , سەرۆكى حیزب , سەرۆكى حكومەت , سەرۆكى پەرلەمان , كەى وەك سەرۆك دەردەكەون و لەكام ساتدا هەست دەكەین جوانن ؟ ئەو كاتەى وینەكانیان هەمورۆژێك لاپەرەى یەكەمى ڕۆژنامەكانیان داگیردەكات , یان ئەوكاتەى ئیشكردنى بۆبەرژەوەندى باڵاى میللەت بوارى وینەگرتنى پیى نادات ؟
سەرۆك كەى دەبێتە سەرۆك و كەى وێنەیەكى كاریزمى لاى ئێمە بەجێ دەهێڵێت و بۆهەمیشە شانازى بە سەرۆكایەتیەكەیەوە دەكەین , ئەو كاتەى سەرۆك لەپێناوى خۆشگوزەرانى میللەتەكەیدا شەقێك لەكورسیى حكومكردن ئەدات , یان ئەو كاتەى بۆمانەوەى خۆى لەسەر عەرشى دەسەڵات خۆشنودى میللەت ڕەوانەى دۆزەخ دەكات ؟! .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست