کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كاریگەریە نەرێنیەكانی دراما بیانیە دۆبلاژكراوەكان - (توركیەكان وەك نمونە)

Wednesday, 24/12/2014, 12:00






سەرەتا:
بەپێی لێدوانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان تا ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان خاوەنی هەزار و دووسەد كەناڵی ڕاگەیاندنە، لە نێو ئەوو كەناڵانەشدا نزیكەی دووسەد كەناڵیان (ڕادیۆ و تیڤین) نزیكەی نیوەی ئەو ژمارەیەش تیڤین بەهەردوو جۆرەكەی واتە(لۆكاڵی و ئاسمانی)،
بەپێی ئەو سەرژمێریەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان، هەرێمی كوردستان خاوەنی نزیكەی (90) كەناڵی تیڤیین!!! جێگای خۆیەتی بپرسین كە ئایا هەرێمێكی (پێنج بۆ شەش) ملێۆن دانیشتوان پێویستی بەو ژمارە زۆرەی كەناڵی ڕاگەیاندن بەگشتی و تیڤی بەتایبەتی هەیە؟؟؟ ئاخۆ ئەو كەناڵانە دەیانەوێت چی بە بینەرەكانیان بڵێن؟ ئەبێت پەیامیان چی بێت؟ ئایا لەسەدا چەندی بەرهەمەكانیان خۆماڵیین و بەرهەم و داهێنراوی خۆیانن؟ ئێستە وای لێهاتووە نەك تەنها حیزبەكان خاوەن چەندین كەناڵی حیزبی و ناحیزبی و لۆكاڵی و ئاسمانی خۆیانن، بەڵكو چەند چین و توێژێك و چەند سەرمایەدارێكیش خاوەنی كەناڵی تایبەت بەخۆیانن، بێ‌ ئەوەی خزمەتێكی پێویست و بەرچاویش بەو چین و توێژانە بكەن.
زۆر و بۆری كەناڵەكان:
هیچ كەناڵێكی كوردی بە ئەهلی و حكومی و حیزبیەكانیشەوە توانای ئەوەیان نییە كەبە ریكلام و سپۆنسەرەكان كەناڵەكانیان بەڕێوە ببەن، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت كە ئەو كەناڵە زۆر و بۆرانە لەسەر بودجە و قوتی ئەم میللەتە بەڕێوە دەچن و ئەوەش بەهەدەردان نەبێت هیچیترنیە، حەق وایە هەمولایەك بێنە سەرخەت و سنورێك بۆئەو تەخشان و پەخشانەی بودجەی هەرێم لەوبوارەدا دابنێن و ئیتر مۆڵەت بەهیچ كەناڵێكیتر نەدرێت ئەگەر سەرچاوەی داهات و سپۆنسەر و خەرجیەكانی ئەو كەناڵە دیارنەبێت،
كەناڵی كوردی هێندە زۆر و بۆربوون تەنانەت بینەران ناوی هەموو كەناڵەكانیش نازانن، ئەو كەناڵانەش كە بینەری جدییان هەیە لە پەنجەكانی دوو دەست تێناپەڕن، وەنەبێت ئەوو بینەرانەش لە بەر ڕەسەنایەتی و پڕۆفیشناڵی كەناڵەكە بینەری جدی كەناڵەكەبن، ئەگەر ئەمڕۆ دەزگایەكی بێلایەن ڕاپرسیەك بۆ زۆرترین بینەر ئەنجامبدات ئەوە دڵنیابن كە 3تا4 كەناڵی هەواڵی و حیزبی و ئەهلی نەبێت كە پشكی شێریان بەردەكەوێت ئیتر بینەری كەناڵەكانیتر تەنها و تەنها بۆ بینینی دراما بیانیە دۆبلاژكراوەكانە، هەربۆیە هەموو كەناڵەكان بە لۆكاڵی و ئاسمانیەوە بەبێ‌ سانسۆر سەریانكردۆتە دۆبلاژكردنی دراما بیانیەكان! تەنانەت كەناڵی تایبەت بە دراما دۆبلاژكراوەكان دامەزراوە، ئەو كەناڵە كە ریكلام بۆ كەناڵەكەی دەكات دەڵێت (ڕۆژانە شەش زنجیرە دراما لەشەش زمانی جیاوازەوە وەردەگێڕین بۆسەر زمانی كوردی!!! كەچی زنجیرە درامای (حەریم ێوڵتان) بە (هەرێمی سوڵتان) وەرگێڕاوە!!!
ئەوەی ئەمڕۆ ئەو كەناڵانە دەیكەن كە گوایە خزمەتە بە خەڵكی كوردستان و بۆ پێشخستی هەرێمەكەمان و پرۆسەیەكە بۆ ڕۆشنبیركردن و ئاڵو گۆڕی كلتوری نێوان گەلانە، بەبڕوای بەندە ئەوەی ئەمڕۆ لەم هەرێمە دەگوزەرێت زۆر زیاتر ترسناكە لەوەی
كە بیری لێ‌ ناكەینەوە، ئەوانە نەك خزمەت ناكەن، ئەگەر جاران لە شتێك دەترساین كە ناوی (غەزوی فكریی) بوو ، دەی ئەمڕۆ هەرخۆمان بە دەست و پارە و وزەی خۆمان بێ‌ ئاگا و بەئاگا غەزوی كات و كلتور و ئاكار و هونەر و هەموڕەسەنایەتیەكی خۆمان دەكەیین لە ژێر ناوی ڕۆشنبیری و پێشكەوتندا.
دواجار دەپرسم ئەو هەموو كەناڵە ڕاگەیاندنە و بەتایبەت تیڤییە بۆ؟ ئەو ئاریشە و كێشانە چیین كە ئەو كەناڵانە لە پێناویدا دامەزراون؟ دوو بارە دەپرسم ئایا ئەوە لە دیوێكیترەوە بەهەدەردانی سامان و قوتی خەڵكی ئەم هەرێمە نییە؟ ئایا ڕۆشنبیركردن و سەركەوتنی هەرگەلێك بەو شێوەیە دەبێت؟ كەواتە ئەگەر بەوەبێت كە ئێمە خاوەنی ئەوو هەموو كەناڵە تیڤیەین ئیتر ئێمە ڕۆشنبیرترین و بەختەوەرترین و داهێنەرترین گەلانی جیهانیین!!!
یان بە پێچەوانەوە ئێمە نائاسودەترین و ناڕۆشنبیرترین و بەكاربەرترین گەلانی دونیاین!!!! لە ڕوكەشدا بەختەوەر و لەناخدا وێرانیین.
سلبیاتی دراماكان و (توركیەكان) وەك نمونە:
ئەمڕۆ بەجۆرێك زۆربەی كەناڵە تیڤیەكان بۆ سەرنج راكێشانی بینەری زیاتر و خستنە سەرەتاوە لە ڕیزبەندی كەناڵەكاندا سەریانكردۆتە دۆبلاژكردنی درامای بیانی و ئەمەش بۆ نەبون و لاوازی و كرچوكاڵی درامای كوردی دەگەرێتەوە.
لەڕوی ڕێژەییەوە دۆبلاژكردنی دراما (توركی و كۆری)ەكان پشكی شێریان بەردەكەوێت لە نیشاندانیان لە كەناڵە كوردیەكاندا، جارێ‌ باوازلە دراما كۆریەكان بهێنین كە ئەوان مێژو و هونەر و كلتوری وڵات و گەلی خۆیان لە شێوەی دراما نیشانی گەلانی دونیا دەدەن، وتارەكەی من بۆ باسكردن لە دراما كۆریەكان نییە، با ئەو بابەتە بمێنێت بۆ كات و ساتێكیتر، لێرەدا دەمەوێت باس لە سلبیاتەكانی دۆبلاژكردنی دراما توركیەكان بكەم، ئەودراما توركیانە لەڕوی ناوەڕۆكەوە زۆربەیان هاوشێوەی یەكن، كە باس لە كێشەی كۆمەڵایەتی و خێزانی و تاكی توركی دەكات.
ناوەڕۆكی زۆربەی ئەودراما توركیانە كە دەڵێیین هاوشێوەن ئەوەیە كە زۆربەیان باس چینایەتی نێوان چینی باڵا و ژێردەستەو دەوڵەمەند و هەژار و یان باس لە خیانەتی زەوجی و بەزۆر بەشودان و منداڵی ناشەرعی و دەسدرێژی سێكسی و دزی و خۆشەویستی و هەڕەشە و لێدان و رفاندن و كوشتن و زیندانی و بازرگانی ناتەندروست و مافیا و مادەهۆشبەرەكان و كێشەی گوندی و شارنشین و مەسەلەی میرات و خیانەتی نێوان براكان و لە زۆربەی دراماكانیشدا پیرەژنێكی سەرئاسنیین وەك تاكە دەمڕاست و دەستڕۆشتو سەرۆك بنەماڵە و هۆز دەوردەبینێت، كە ئەمەی كۆتاییان نەك لای تورك باوەڕناكەم لە كلتوری هیچ گەلێك لە گەلانی ناوچەكەدا بونی مابێت، هەروەها گۆڕین یان ونكردنی منداڵێك بەمنداڵی و پاشان ئاشكرابونی لە كۆتایی زنجیرەكەدا یان گوم بونی كارەكتەرێكی سەرەكی بۆ ماوەیەكی زۆر و پاشان هاتنەوەی بۆ نێو دراماكە، ئیتر دەیان و سەدان كێشەی كۆن و نوێ‌ كە زۆربەیان دەیان ساڵە لە نێو كۆمەڵگەدا نەماون، بێ‌ ئەوەی چارەسەرێكی عەقڵانی و دروست و موقنیع بۆ هەموو ئەو ئاریشەو گرفتانە نیشانی بینەری دراماكە بدەن، ئەگەر شتێكی واش هەبێت لەنێو ئەوو هەموو جەنجاڵی و تێكەڵ و پێكەڵیەی كەلەنێو دراماكەدا هەیە بینەر هێندە سەری لێ‌ دەشێوێت كە هەرگیز بیری بەلای ئەوو چارەسەرانەدا ناچێت، چونكە لە ڕاستیدا بینەری ئێمە بۆ وانە و دەرس لێ‌ وەرگتن تەماشای ئەوو درامایانە ناكەت، بەڵكو بۆ كات كوشتنەو هیچیتر، یان بۆ دەبێت هەموو كارەكتەرەكانی ئەو درامایانە سەرقاڵی كێشە و گرفت و سەرئێشەبن بۆ خانەوادە و دەوروبەریان؟؟؟ ئاخر لە زۆربەی دراماكاندا كارەكتەرەكان ئاسودە و بێ‌ ئاریشە دەرناكەون، دەیانەوێت پێمان بڵێن كەلەم ژیانەدا كەس ئاسودە و بێ‌ ئاریشەنییە، ئەمە تەنها بۆ چینی هەژارەكان وانییە، نەخێر بە پێچەوانەوە تەنانەت دەوڵەمەند و خواپێداوەكانیش لە هەژارەكان زیاتر گیرۆدەی كێشە جواراوجۆرەكانن، ئەمانە هەموی لەلایەك دورو درێژی دراماكان لەلایەكیتر كەهەندێ‌ لە دراماكان لە دووسەد زنجیرە تێدەپەڕێت،
هەرچەندە كلتوری ئێمە و ئەوان تاڕاددیەك لێكەوە نزیكن، بەڵام كێ‌ بیستویەتی كە نیشاندانی ئەو درامایانە چارەسەری كێشەیەكی خێزانی یان كۆمەڵایەتی كردبێت.
دواجار دەڵێم:
نیشاندانی ئەودرامایانە لایەنی نەرێنی زیاترە بۆ تاك و خێزان و كۆمەڵگە لەهەر شتێكیتر، ئەوەبا كات كوشتنی بینەر باس نەكەین كەبەلایەنی كەمەوە لەماوەی شەو رۆژێكدا (6 تا 10) كاتژمێر بەدیار تیڤیەوە دادەنیشێت، ئەگەر ئەوە جۆرێك لە مودمین بون نەبێت بە تەماشای تیڤیەوە ئەی چییە؟ لە كا تێكدا تاكێك بینەری جدی و بەردەوامی نزیكەی (5 بۆ 6) زنجیرە دۆبلاژكراوەكان بێت، پەیامێكیتری ئەو درامایانە چەندە بەلای خۆیانەوە بۆ چارەسەری ئاریشەكانە، هێندەش بۆ بە ئاسان وەرگرتنی هەموو ئەو ئاریشە ناتەندروستانەیە لەلایەن تاك و خێزان و كۆمەڵگەوە، وەك دەوترێت بۆ برەودانە بەو ئاكار و ئاریشە ناتەندروستانەیە، هۆكارێكیتر بۆ ئەوەی كە پەنا بۆ دۆبلاژكردنی ئەو درامایانە دەبرێت لەبەر زۆری كەناڵە تیڤیەكانە و بێ‌ بەرهەمی خۆماڵییە.

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە