وڵاتێک له درۆ
Sunday, 15/02/2009, 12:00
سه‌رنجی کوردستانپۆست: ئه‌م نووسینه له سالێ 2004دا نووسراوه و بڵاوکراوه‌ته‌وه، ئه‌و کاته‌ی که هێشتا له کوردستاندا هێلی ئینته‌رنێت زۆر به‌ربڵاونه‌بوو، ئیستاش له به‌ر گرنگیی و به‌هێزیی ناوه‌رۆکی نووسینه‌که، به باشمانزانی جارێکی دیکه بڵاوی بکه‌ینه‌وه:
ته‌هلوکه‌ی راستیی ئه‌وه نییه، تفه‌نگێک به سه‌ر سه‌ریه‌وه راوه‌ستاوه، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه کاتێک درۆزنێک باسی راستیی ده‌کات.
سه‌ددام حوسه‌ین له فۆرمی ئۆتۆنۆمی و په‌ڕله‌ماندا کوردی له‌ناو ده‌برد. کورد به‌م ئۆتۆنۆمییه‌ی ده‌وت: "کارتۆنیی". کاتێک ساڵی 1991 حکومه‌تی عێراق له زۆربه‌ی ناوچه‌کانی کوردستان پاک کرایه‌وه، نه‌ک کورد به‌ڵکو هه‌موو دنیا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بوو که پارته‌کانی کورد ده‌ست بکه‌ن به به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگای کورد و یارمه‌تیی تایبه‌تی ئه‌نفالکراوان و قوربانیی هه‌ڵه‌بجه‌و.. هتد، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م پارتانه به حوکمی سروشت و ئه‌رکی خۆیان، نه‌یان هێشت قه‌دماغه‌ی سیاسه‌تی سه‌ددام له کوردستان بشکێت، چوونه ژێری و به‌رده‌وامییان پێدا، له‌گه‌ڵ تاوانکارانی ئه‌نفالدا یه‌کیان گرته‌وه. ئاو‌دیوکردن، شه‌ڕی ناوخۆ، ده‌سپیسیی و... هتد. بوو به روخساری حوکمیان. ئه‌مانیش وه‌کو سه‌ددام له ژێر فۆرمی "فیدراڵیی و دیموکراتیی"دا هه‌لێکی گه‌وره‌ی مێژووییان گۆڕیه‌وه به به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان.
من به‌شبه‌حاڵی خۆم تا ئێستاش ماندوو نه‌بووم له گوێگرتن له سرودی "پێشمه‌رگه"ی مه‌رزییه، به‌ڵام دوای ئه‌وه له کوردستانه‌وه ناسری ره‌زازی و مه‌رزییه به ده‌نگی زوڵاڵیان، ده‌ستیان کرد به سرودی ریفراندۆم، به: "به‌ڵێ به‌ڵێ"ی قه‌ڵه‌و، که ده‌ڵێن:
"به‌ڵێ به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم،
بۆ راپرسین،
بۆ ئازادیی،
بۆ سه‌ربه‌خۆیی، بۆ رزگاریی.
ده‌سا کوردینه هه‌موو یه‌کگرن.
هه‌موو به یه‌ک ده‌نگ ده‌نگتان هه‌ڵبڕن:
بژی گه‌لی کورد، بژی کوردستان،
شه‌کاوه‌بێت ئاڵای کوردستان!
گوێ بگرن بابه‌گوڕگوڕ چیتان پێ ده‌ڵێت!
هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید گۆڕی بە کۆمەڵ
نێرگزی رۆحی شه‌هید چی ده‌ڵێت!
ده‌سا کوردینه هه‌موو یه‌کگرن..."
... هتد
ئه‌م سروده به وێنه‌ی شه‌کاوه‌ی ئاڵای کوردستانه‌وه تۆمارکراوه.
کاتێک مرۆڤ ته‌ماشای ئه‌م ڤیدیۆیه ده‌کات. سه‌ری لێ تێک ده‌چێت. به‌وه‌ی ئه‌م وشه و ئه‌م دیمه‌نانه بۆ میلله‌تێکه، که هه‌ستا بێت و داوای رزگاریی بکات، به‌ڵام هه‌ست له ناوه‌وه فێڵی لێ ناکرێت. ئه‌م سروده، که ده‌بوو رۆحی مرۆڤ بهه‌ژێنێت، که‌چی موو گرژ ناکات. تراژیدیی که له سنوری خۆی ده‌رچوو ده‌بێت به کۆمیدیی. ئه‌و کاته مرۆڤ نازانێت، ئایا بگری یان پێبکه‌نێت.
ره‌زازی له باوه‌شی ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه ده‌ڵێت: یه‌کگرن، که کوردستان له‌ت ده‌کات. له باوه‌شی ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه هاواری رزگاریی ده‌کات، که خه‌ریکی ژێرده‌سته‌کردنی کورده. له باوه‌شی ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه باسی شه‌هید و هه‌ڵه‌بجه ده‌کات، که هه‌رگیز رێزی نه‌بووه بۆیان. به مۆڵه‌تی حکومه‌تی تورکیش ئاڵای کوردستان هه‌ڵ ده‌کات. هه‌موو دیمه‌نه‌که له‌وه ده‌چێت یاری به جه‌سته‌ی مردووی کورد بکه‌ن. ئه‌و دیمه‌نانه ئه‌وه دێنێته‌وه به‌ر چاو، که سه‌ربازی تورکیی لوت و گوێی پێشمه‌رگه‌ی باکوری کوردستانیان ده‌بڕییه‌وه و وێنه‌یان پێوه ده‌گرت.
جاران پارته‌کان ده‌یان وت به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای کوردستان خه‌یاڵه. ئه‌وسا گه‌رماییه‌کی وڵاتپارێزیی له رۆحدا مابوو. ده‌ترسان گڕ له کێشه‌یه‌ک به‌ربدات. ئێستا کورد جه‌سته‌یه‌کی خامۆشه. ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستێخراوی کوردیی، خه‌ریکی هه‌ڕاجکردنی رۆحه. خه‌ریکی سوککردنی ئاڵای کوردستان و وشه‌ی ئازادیی و رزگارییه. کێشه‌که‌یان کوشتووه و به‌وه‌شه‌وه راناوه‌ستن، ئینجا له‌سه‌ر جه‌سته سارده‌که‌ی هاوار ده‌که‌ن: "به‌ڵێ به‌ڵێ بۆ رزگاریی."
من نازانم ئایا ئه‌مانه به راستییانه، یان پێمان راده‌بوێرن؟
سه‌ددام له فۆرمی ئۆتۆنۆمییدا کوردی له‌ناو ده‌برد و ده‌سه‌ڵاتی پارته‌کانیش به سرودی "به‌ڵێ به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم، بۆ ئازادیی"ه‌وه، سواری عه‌ره‌بانه‌یه‌کیان کردووین و به‌ره‌و ژێرده‌ستییمان ده‌به‌نه‌وه، به‌ڵام که‌ی خه‌تای ئه‌و ده‌ستانه‌ی تێدا ماوه که پاڵ به عه‌ره‌بانه‌که‌وه ده‌نێن؟
ئێمه‌یه‌ک که کۆیله‌بوونمان بۆ خۆمان دانابێت، ئیتر ده‌سه‌ڵاتێک ده‌توانێت چیمان له‌وه زیاتر بداتێ؟
رۆسۆ وته‌نی: خه‌ڵکێک بێ حساب خۆی بخاته ژێر ده‌ستی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکه‌وه، هیچ نرخێک له باتی وه‌رناگرێت.
سه‌رکرده: فه‌ل
حیزب: فه‌ل
په‌ڕله‌مان: فه‌ل
وه‌زیر: فه‌ل
پێشمه‌رگه: فه‌ل
دیموکراتیی: فه‌ل
شاعیر: فه‌ل
هونه‌رمه‌ند: فه‌ل
وشه: فه‌ل
ئاڵا: فه‌ل
شانۆ: فه‌ل
رۆژنامه: فه‌ل
گۆڤار: فه‌ل
مێژوونووس: فه‌ل
ره‌خنه: فه‌ل
خۆپیشاندان: فه‌ل
ریفراندۆم: فه‌ل
فه‌ل: فه‌ل
ئه‌وه‌ی راستییه ته‌نها دوو شته:
یه‌که‌م درۆ،
دووه‌م کۆیله‌یی ئێمه
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست