عهبدوڵا ئۆجهلان چۆن دهستگیر کرا؟
Saturday, 31/01/2009, 12:00
1982 بینراوە
گۆردن تۆماس، نووسهرو لێکۆڵیاری گهورهو ناسراوی ئهوروپی، نوسهری کتێبی نهێنییهکانی مۆساده که شهفیقی حاجی خدری لههۆڵهندییهوه وهرگێڕاوهته سهر زمانی کوردی.
کتێبهکه، دابهشکراوهته سهر 17 بهشو 415 لاپهڕهیه. لهههر بهشێکدا، چهندان نهێنی گهورهی دهزگای سیخوڕی مۆسادی ئیسرائیلی تێدایه. لهچهند بهشێکی کتێبهکهشدا، کورد دێته ناو باسهکان.
گرنگترینی باسه نهێنییهکانی ئهو کتێبه بریتین له سهرهتای سهرههڵدانی دهزگای مۆساد، رفاندنی فڕۆکهی مێکی 21 روسی لهعێراق نهێنی بهشداری کوردهکان تێیدا، رفاندنی سهرکردهی نازی ئادۆڵف ئایخمان، تاوانبارێکی هۆڵۆکۆست لهئهرجهنتینهوه، کوشتنی فهتحی شهقاقی، کوشتنی هینداوی، ئهبو جیهادو ههوڵی تیرۆرکردنی خالید مهشعهلو عهبدوڵا ئهلزهینو چهندانی دیکه.. گرنگترینی بهشی ئهو کتێبه بۆ ئێمهی کورد، چۆنییهتی دهستگیرکردنو فڕاندنی عـهبدوڵا ئۆجهلانی سهرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان PKKیه.
نووسهر دهنووسێت سهرۆک وهزیری ئهوسای ئیسڕائیل، دهستی لهههموو جۆره پهیوهندیکردنێک لهگهڵ سهرۆکی مۆساد گێڕابویهوه تا کۆتاییهکانی مانگی نۆڤهمبهری ساڵی 1998. ئهودهمی سهرۆک وهزیری تورکیا بوڵهند ئهجهوید تهلهفۆنی بۆ ناتانیاهۆ کردو داوای لێکرد، مۆساد هاوکاریان بکات بۆ دهستگیرکردنی عهبدوڵا ئۆجهلانی رێبهری PKK. که لهمێژبوو لهلایهن وڵاتانی دیکهوه، مۆڕکی تێرۆریستی لێدرابوو. تورکیا ئهوی بهبهرپرسی کوشتنی 30 ههزار کهس لهخاکی خۆیدا دهزانی. بۆ زیاتر لهبیست ساڵان پارتی کرێکارانی کوردستانی ئۆجهلان، PKK، شهڕێکی پارتیزانی بهرپاکرد بو بۆ ستاندنی ئۆتۆنۆمی بۆ دوازده ملیۆن کوردی تورکیا، که هیچ مافی کهمایهتییان نییه وهکو مافی پهروهرده یان مۆڵهتی بڵاوکردنهوه بهزمانی خۆیان.
نووسهر سهرکهوتنی ئۆجهلان لهخۆشاردنهوه لهدهزگا سیخوڕییهکانی تورکیا دهخاتهڕوو تا دهسپێکردنی ئۆپهراسیۆنی رهشی ئیسڕائیل، ئۆجهلان بهبهردهوامیو بهئاسانی توانیبووی خۆی لهدهزگا سیخوڕییهکانی تورکیا بپارێزێت. ئهو رێبهرێکی ئهوتۆ بوو که ههستو خۆشهویستییهکی پێغهمبهرانهی لهنێو خهڵکی خۆیاندا دهبزوواند. چ پیاو، چ ژن، یان منداڵ ئامادهبوون لهپێناویدا گیانی خۆیان بهخت بکهن. بۆ زۆر کهسان ئهو ببووه هێمای ئهفسانهیی قارهمانی رۆمانی باڕۆنێس ئۆرچزی، پیمپێرنێڵێ لهچک سپی که لێقهوماوان لهمهترسی مردن رزگار دهکات، لهههر جێگهیهک دوو یان زیاتر کورد لهدهوری یهکتر کۆببانهوه باس باسی کارهکی وی بوو. خهڵک بهپهرۆشهوه قسهو وتارهکانی، نوێنهری سهروهبهرنههێنانو تهحهدا کردن بوو لهتورکیا.
گۆردن تۆماس، که هاوکات ئهو زانیارییه وردانهی لهکهسه ههره نزیکهکانی ئیسڕائیلو بهڕێوهبهرهکانی مۆساد وهرگرتووه، دهنووسێت مانگی نۆڤهمبهری ئهوساڵه، ئۆجهلان دوای دزهکردن به مۆسکۆدا سهری لهرۆما دهرهێنا. حکومهتی ئیتاڵیا دهستی لهوه گێڕاوه که رادهستی تورکیای بکاتهوه - بهڵام دهستی لهوهش گێڕاوه که مافی پهنابهری سیاسی بداتێ. پێشتر لهوێ بهپێی داوای ئهڵمانو گرتنامهیهک که بهتاوانی سهفهرکردن بهپاسپۆرتێکی ساخته بۆی دهریکرد بوو گێڕابوویهوه، بهڵام کاتێک بۆن لهترسی وروژانی کۆمهڵگهی گهورهی کوردی دانیشتووی ئهڵمان داخوازی رادهست کرانهوهی ئۆجهلانی وهرگرتهوه، ئهو ئازادکرا. ئهو دهمه بوو که سهرۆک وهزیری تورکیا بوڵهند ئهجهوید تهلهفۆنی بۆ ناتانیاهۆ کرد.
هۆکاری ئهوهی بۆ ئیسڕائیل ئهو کاره بۆ تورکیا دهکات، نوسهر پێیوایه بۆ ئیسڕائیل، پهیوهندییهکی نزیکی هاوکاری لهگهڵ تورکیا تۆوێکی گرنگه لهستراتیژییهکهیدا بۆ مانهوهی دیپلۆماتیکی خۆی لهههرێمدا. ناتانیاهۆ بهڵێنی بهئهجهوید داو فهرمانی بههاڵێڤیدا که ئۆجهلان ببینێتهوه. ئهوه دهبو، ئۆپهڕاسیۆنێکی رهش بێ واته تێوهگلانو بهشداری مۆساد لهکهتندا، که قهت نابێ بدرکێت. ئهگهر کارهکه بهسهرکهوتووییهوه بکرێ ههموو شانازییهکی بۆ دهزگای سیخوڕی تورکیا دهبێ.
ئینجا پیلانهکه بهنێوی کۆدهوه دهستپێدهکات ئهو پیلانه نێوی کۆدی چاوکراوهی لێندرا. ئهوهش نیگهرانی هاڵێڤی دهدرکاند، که تا ئهو جێیهی دهلوێت ئهو کردهوهیه نابێ چهت لهو ئۆپڕاسیۆنانه بخات، که ئهو لهنێو خۆی عێراقدا بهڕێوهی دهبرد. لهوێ، کاتسای مۆساد شانبهشانی سهرههڵداوه کوردهکان کاریان دهکرد بۆ پشێوی سازکردن بۆ رژێمی سهدام.
شهش ئاژان (سیخوڕ)ی مۆساد ناردرانه رۆما، ئهوان بریتیبوون لهبات لهڤهیهایهک، ژنێک، دوو تێکینسییهنی سهر بهیاهالۆمین، واتا یهکهی پهیوهندی تهکنیکی مۆساد.
بهم شێوهیه پیلانهکه دهستپێدهکات ئهوان لهخانوویهکی مۆساددا، لهنزیک پانتییون بوون، لهوێوه کارهکانیان دهکرد. تیمهکه چاودێری بهسهر ئاپاڕتمانهکهی ئۆجهلاندا که لهنزیک ڤاتیکان بوو، دامهزراند. ئاژانه ژنهکه ئامۆژگاری کرا ههوڵبدات پهیوهندی بهئۆجهلانهوه ببهستێ. ئهو ئاژانه ئهو رێنوێنه چاک دامهزراوانهی رهچاو دهکرد که پێشتر لهلایهن ئاژانێکی مێییهنی مۆساد را دهکار کرابوون بۆ دهردهستکردنی مۆردێخای ڤانونوو پێوهبوونی ههر لهههمان شاردا زیاتر لهده ساڵ لهمهوبهر، بهڵام پلانی ئهوهی که ههر ههمانشت لهگهڵ ئۆجهلان بکهن، لهبهرئهوهی رێبهری کورد رۆمای بهجێهیشت سهرنهکهوت.
ئینجا تیمی مۆساد دهستیکرد بهشوێن پێههڵگرتنی ئۆجهلان لهههموو بهستێنی میدێتێرانهدا: ئیسپانیا، پۆرتوگال، تونس، مهڕاکیش و سوریا. ئۆجهلان لهو ههموو وڵاتانه بوو بوو- بهڵام ههر که داڵدهیان نهدا بوو، بهجێیهیشتبوون. له2ی شوباتی ساڵی 1999دا، رێبهری کورد دهرکهوت که خهریک بووه بێته ناو هۆڵهندا. حکومهتی هۆڵهندا رێگهی پێنهدا. ئهفسهرێکی ئهمنییهتی هۆڵهندا لهفڕگهی سخیپۆڵهی ئهمستهردام سهرۆکی وێستگهی خۆجێی مۆسادی لههۆڵهندا ئاگادار کرد که ئۆجهلان سواری فڕۆکهیهکی کۆمپانیای کهی ئێڵ ئێم بووهو بهرهو نایرۆبی چووه. مۆسادییهکان شوێنپێگێڕی ئۆجهلان بهرهو پێتهختی کینیا وهڕێکهوتنو سهرلهبهیانی پێنجشهممهی 5ی شوبات گهیشتنه ئهوێ.
کینیاو ئیسڕائیل بهساڵان هاوکارییهکی نزیکی لهیهک تێگهیشتنیان سهبارهت بهکاروباری ههواڵگری پێشخستبوو، بهشێک لهکڕیاری سافاری مۆساد لهئهفهریقیای نێوهندی ئهوه بوو کینیاییهکانی لهچاڵاکی تۆره سیخوڕییهکانی بێگانه لهو وڵاته ئاگادار کرد بوو. لهبری ئهوه، کینیاش بهردهوام بوو لهسهر ئهوهی که پلهیهکی تایبهت بدا بهمۆسادو رێگهی بدا لهنێو شاردا خانووی شاراوهو هێمنی ههبێو دهستبهجێ بگاته دهزگای بچوک، بهڵام کارامهی سیخوڕی کینیا.
نووسهری کتێبهکه، که بهشێکی زانییارییهکانی کتێبهکهی لهزاری سهرکرده عهرهباکانی وهک مهحمود عهباسو یاسر عهرهفاتیشهوه وهرگرتووه، نزیکهی چهند ساڵێک خهریکی ئهو زانیارییه وردانه بووه تا دهستی کهوتوون، دهڵێت تیمی مۆساد زوو ئۆجهلانیان ههڵناو زانیان له خانووبهری باڵیۆزخانهی یۆنانه لهنایڕۆبی. جاروبار کوردان که مۆسادییهکان پێیان وابوو پاسهوانی ئۆجهلانن- لهخانوبهرهکهڕا دههاتنه دهرێو دهچوونهوه. ههموو شهوێ سهرۆکی تیمی مۆساد گوزارشتی دهدا بهتهلئهبیب.
فهرمانی تهلئهبیب وهک ههمیشه بوو: چاوتان بهسهریهوه بێ بهڵام هیچ مهکهن. لهپڕ فهرمانهکه بهتهواوی گۆڕا به بهههموو شێوهکان لهبهردهستدان ئۆجهلان دهبوو لهخانووی باڵیۆزخانهی یۆنان بهێندرێته دهرێو بۆ تورکیا ههڵبفڕیندرێت. فهرمانهکه هی هالێڤی بوو.
گۆردن تۆماس لهبهردهوامی نووسینی ئۆپهراسیۆنی دهستگیرکردنی ئۆجهلاندا، دهڵێت بهختو ئیقبال رووی لهتیمی مۆساد کرد. یهک لهکوردهکان لهباڵیۆزخانه هاته دهرێو با ماشێنهکهی بهرهو باڕێک چوو لهنزیک هۆتێلی نۆرفۆڵک که جێیهکی تهواو بهدهرهوهیه. لهئاکارێکدا، که تاکتیکێکی کلاسیکی مۆساده، یهک ئهندامی تیمهکه هاته نزیک کوردهکه. بهپێستی ئهسمهرو بهکوردییهکی رهوان، ئاژانهکه خۆی وهکو کوردێک ناساند، که لهنایرۆبی کاردهکا. ئهو لهقسهکانی کوردهڕا دهستیپێکرد که ئۆجهلان بێئۆقرهیه. دوایین داخوازی بۆ وهرگرتنی پهنابهری لهئهفهریقیای باشووڕ هیچ وهڵام نهدراوهتهوه. وڵاتانی دیکهی ئهفهریقاش ههر ئاوا بێمهیلبوون که ڤیزای هاتنهناوهوهی وڵات بدهنه رێبهری کورد. تیمی گوێقولاغی کهرهسته تهکنیکییهکانی خۆیان بهکارهێنا بۆ گوێههڵستن لهههموو جۆره پهیوهندیو قسهیهکی که لهنێو خۆی خانوبهرهکهو لهدهرهوهڕا دهکرا. ئهوه ئاشکرا بوو که یۆنانیش دهست لهوه گێڕێتهوه که داڵدهی ئۆجهلان بدات.
ئێستا کاتی هات ئهو ئاژانهی مۆساد که لهباڕهکه چاوی بهکوردهکه کهوتبوو دهست بهکاربوو.
ئهو تهلهفۆنی کرد بۆ کوردهکه لهخانووبهرهی باڵیۆزخانهی یۆنان بو، داوای لێکرد دهستبهجێ چاوی پێبکهوێ. ئهوان جارێکی دیکهش لهباڕهکه یهکتریان دی. ئاژانهکه بهکوردهکهی گوت ئهگهر ئۆجهلان لهخانووبهرهی باڵیۆزخانهی یۆناندا بمێنێتهوه ژیانی لهمهترسییدایه. تهنها هیوای ئهوهیه که بچیتهوه لای هاوکووفه کوردهکان، نهک لهتورکیا، بهڵکو لهباکورێ عێراق، لهو چیا بهربڵاوانهدا، دهتوانێ خۆی بپارێزێو خۆی بۆ رۆژێکی دیکه کۆبکاتهوه. ئهو پلانه لهراستییدا شتێک بوو که ئۆجهلان دهستی پێکرد بوو که بیری لێبکاتهوهو تیمی گوێههڵخهڕی مۆساد لهقسهکانیدا ئهوهیان گوێ لێببوو. ئاژانهکه کوردهکهی پێمل کرد که بچێتهوه باڵیۆزخانهی یۆنانو ههوڵبدات قهناعهت بهئۆجهلان بهێنێت بۆ ئهوهی خۆی بێتهوه دهرێو لهسهر پێشنیارهکه بدوێن.
داواکه به ئاسانی و کوژهرانه- نرایهوه. ئێستا تهنێ دهبوو چاوهڕێ بکرێ که چهندی پێدهچی تا ئۆجهلان بهقلاپهوه نهبێ.
نووسهر لهدرێژهی گێڕانهوهی چۆنییهتی بهڕێوهچوونی دهستگیرکردنهکه، ئهوهمان بۆ دهردهخات که مۆساد ههموو شتێکی لهدهستدێت. مۆساد چۆن ئهو ئاژانه کوردهی دهستکهوتو بهکوردی لهگهڵ پاسهوانهکهی ئۆجهلاندا قسه بکات؟ ئهمانه جێی پرسیارن.
لهدوای ئهمه ئاماژه بهوه دهکات لهسهر بنهمای ئهو پهیامه رادیۆیانهی لهنێوان وهزارهتی کاروباری دهرهوهی یۆنانو باڵیۆزخانهکهیان ئاڵوگۆڕ دهکران. تیمی مۆساد دهیزانی که ههرچهند رۆژێک ماوه خانهخوێیهکانی که ههتا دههات بێمهیلییان بۆ حهوانهوهی زیاتر دهبوو، رێگهی لهدهرگه دهرکهوتنی پێنیشانبدهن. لهپهیامێکدا که تهنێ تایبهتی بوو بۆ سهفیری یۆنان لهکینیا-، سهرۆک وهزیری یۆنان کۆستاس سیمیتیس گوتبووی بهردهوامبوونی مانهوهی ئۆجهلان لهخانووی سهفاڕهتخانهدا دهبێته هۆی تووشبوونو روبهڕو بونهوهی سیاسییو تهنانهت سهربازییانهش- له یۆنان.
چهندین پرسیار درووستبوون ههر که فڕۆکهکه فهزای ههوایی کینیایی بهجێهیشت، پرسیارهکان دهستیان پێکرد: گهلۆ تیمی مۆساد کردهوهی ئاسایی خۆیان کردبوو، دهرزییهکی بێهۆشکهریان لهئۆجهلان دابوو ههر که ئهو لهحهوشهی باڵیۆزخانهی دهرکهوتبوو؟ گهلۆ ئهوان لهسهر جاده رفاندیان ههر بهو شێوهیهی که تیمێکی دیکهی مۆساد بهساڵان پێشتر ئادۆڵف ئایخمهنیان لهبۆینس ئایڕس رفاند بوو؟ گهلۆ کینیا چاوی قوچاند لهکردهوهیهک که گشت قانوونه نێودهوڵهتییهکانی پێشێلدهکرد؟
گهر مۆسادو تواناکانی نهبوایه، گهلێک سهخت بوو دهزگا سیخوڕییهکانی تورکیا بیانتوانیبا ئۆجهلان دهستگیر بکهن، چونکه پێشتریش چهندان ههوڵی شکستخواردویان ئهنجام دابوو. بهڵام وهک تۆماس دهڵێت چهند سهعات دواتر لهزیندانێکی تورکییدا دهردهستکرا. سهرۆک وهزیری شادمان (بوڵهند ئهجهڤید) لهپهردهی تهلهڤزیۆنهوه دهرکهوتوو باسی سهرکهوتنی ههواڵگری..و ئهو عهمهلییته چاوهدێریانه باشهی کرد. لهنایڕۆبی لهماوهی دوازده رۆژاندا بهڕێوه چو بو. ئهو هیچ ئاماژهیهکی بهدهوری مۆساد نهدهکرد. ئهجهوید بهرێساکانهوه نوسا بو لێی لانهدهدان.
بۆ ئهفڕایم هاڵێڤی سهرکهوتنی ئهو ئۆپهراسیۆنه، بهواتای له کیسدانی تۆڕێک لهمهئمورهکانی لهعێراق بو که پشتیان بهپشتیوانی کورد زۆر گهرم بوو. ئهو یهکهم سهرۆکی مۆساد نهبوو ئهو بیره ختوکهی بدا ئهگهر سهرۆک وهزیر بنیامین ناتانیاهۆ دهوری تفهنگچی بهکرێگیراو بدا بهمۆساد له درێژخایهندا ئاکامی چ دهبێ لهسهر ههوڵ و تێکۆشانی بهربڵاوتر بۆ کۆکردنهوهی زانیاری؟
دهنگی سهرکهوتنی ئهو ئۆپهڕاسیۆنه بێئهملاو ئهولا کپکرا لهبهر تێکشکانێک که هاڵێڤی تووشی هات.
ئهمهی سهرهوه، پوختهی نهێنییهکانی دهستگیرکردنی عهبدوڵا ئۆجهلانه، ئهو کۆدانهی لهو دهستگیکردنه بۆ کوردهکان گهلێک سهخت بوو بیانزانێتو نهکرابوونهوه، دوای بڵاوبوونهوهی ئهو کتێبهو وهرگێڕانی لهلایهن کاک شهفیقی حاجی خدرییهوه، کرانهوه.
■ خوێندنهوهی: کهمال چۆمانی.