بۆچی بەرهەم ساڵح دەستی هێرۆی ماچكرد ؟
Saturday, 16/07/2011, 12:00
كاتێ ناوی د.بەرهەم ساڵحم بیست پێیان وتم كە ئەو كەسێكی تەكنۆكراتەو ئەگەر رۆژێك سەرۆكی حكومەت بێت ئیتر هەرێمی كوردستان راستەوخۆ وەك وڵاتانی پێشكەوتووی رۆژئاوا حكومەتێكی ئەلكترۆنی دەبێت، بەڵام هەندێ رەفتاری لەو دوایەی كە لە د.بەرهەم ساڵحم بینی وەك موجامەلەكردن و دەستماچكردنی بەرپرسان و و كوتلەگەری و چوونە نێو دیوەخانەی هەندێ لە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تا نزای مانەوەی بۆ لە سەرۆكی حكومەت بكەن، چونكە خەڵك لە ئەدای ئەو وەك سەرۆكی حكومەت رازی نییەو داوای دەست لەكاركێشانەوەی لێ دەكەن، ئەگەر ئەمە پێناسەو بەرهەمی تەكنۆكرات بێت و چیتر بوار بەو كەسە بدرێت كە سەرۆكی حكومەت بێت، ئەوا تەكنۆكراتەكەی بەرهەم ساڵح ئەو دیموكراسییەی كە لە هەرێمی كوردستان بنیات نراوە دەیگەڕێنێتەوە خاڵی واسیتەو موجامەلەكردن و پیاهەڵدان و پارانەوە لەپێناو بەجێنەهێشتنی كورسی دەسەڵات، لە كاتێك كە خەڵك ئێستا باوەری بەو جۆرە رەفتارانە نەماوە.
د.بەرهەم ساڵح لەوكاتەی بوو بەسەرۆكوەزیرانی كوردستان خۆی وا پیشاندا كە ئەو پێویستی بە هیچ كەسێك نییە بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی و هیچ كەس لای ئەو وەك رەقەمێكی سیاسی ناخوێندرێتەوە، بەتایبەت بەرپرسە باڵاكانی نێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمەش وایكرد بەرهەم ساڵح بكەوێتە ململانێ لەگەڵ هەریەك لە كاك كۆسرەت و هێرۆخان و مەلابەختیار، بەو هۆیەشەوە چەند بەڕێوەبەرێك لەپۆستە باڵاكانی وەك پۆلیس و كارگێری و سەربازی، لەسلێمانی لەسەر كار لادران.
ئەو هەنگاوەی بەرهەم ساڵح وادەزانرا بۆ باشتركردنی بارودۆخی سلێمانییە، بەڵام دواتر زانرا كە بەرهەم دەیەوێت لە دژی هێرۆخان لە سلێمانی پێگەی خۆی بەهێز بكات و ئەمەش سەرەتای كارەكانی بوو كە بە كوتلەگەری دەستی پێكرد.
تا كار گەیشتە ئەو رادەیەی بەرهەم وردە وردە لەو نمایشە سیاسییەی كە بەناوی تەكنۆكرات پێشكەشی كرد دەركەوت كە ئەو كەسەی وەها پێی هەڵگوتراوە ئەو تەكنۆكراتە نییە كە خۆی وا بەجاماوەر ناساندووە، چونكە ئەو ماسكەی كە پۆشیبوی لادراو ئیتر خەڵك زانی كە ئەو بەهەشتە ئەلیكترۆنیەی بۆ پیاهەڵگۆتن بە بەرهەم وێناكرابوو جگە لە خەیاڵێك هیچی تری لێ شین نەبوو.
دوای ئەوەی خەڵك لە مەیدانی سەرای ئازادی دژی بەرهەم ساڵح خۆپیشاندانیان كرد و لەئەدای ئەو وەك سەرۆكی حكومەت رازای نەبوون، لەو كاتە بەرهەم ساڵح بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی تێكەوتووە كەوتە موجامەلەی هێرۆخان و پارتی و یەكێتی، چونكە ئەوكات بۆی دەركەوت كە ئەو لە هونەری بەڕێوەبەردنی حكومەت لاوازەو ناتوانێت لە ئاستی بەرپرسیاریەتی بێت. موجامەلەی بەرهەم ساڵح بەوە نەوەستا تا لەو هەفتەیە لە دیدارێكی لەگەڵ هێرۆخان، بەرهەم ساڵح دەستی هێرۆی خانی ماچكرد ئەو دەستماچكردنەی بەرهەم ساڵح ئەوە پیشاندەدات كە ئەوەندە لەپۆستەكەی دەترسێت یان دەبێت خۆی دەستلەكاربكێشێتەوە چونكە ئیتر میللەت قبوڵی نییە ئەو سەرۆكی حكومەت بێت یان دەستی كەسانێك ماچبكات كە پێشتر لای ئەو جێگەی خوێندنەوە نەبوون، بۆیە بەرهەم لەهەموو ئەو قسانەی كە بەڵێنی بە خەڵك دابوو وەك حكومەتی ئەلكترۆنی، سیستەمی تەكنۆكراتی لە جیاتی كار بۆ ئەمە بكات دەستی هێرۆخانی ماچكردو كەوتە موجامەلەی هەموو لایەكەوە بۆ مانەوەی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت.
ئەم دەست ماچكردنەی بەرهەم لە خۆڕانییە هەرچۆنێك دەزانێت كە جەماوەر قبوڵی نییە، وەهاش دەزانێت كە هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنیش بەهەموو شێوەیەك قبوڵیان نییە كە سەرۆكی حكومەت بێت، ترسی بەرهەمش لەوەدایە كە تاو ئەو سەرۆكی حكومەت بێت پرۆسەی ئاشتەوای لە نێو حزبەكاندا سەرناگرێت، چونكە هیچ حزبێكی ئۆپۆزسیۆن قبوڵی نییە لە ژێر دەسەڵاتی بەرهەم ساڵح بەشداری لە كابینەی حكومەت بكات.
لەلایەكی دیكەوە ئەگەر سەیری ئەو پرۆژانە بكەین كە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە بۆ جەماوەر دەخرێنەڕوو لە ئاستی پێویست نین و هیچ هەنگاوێك نەچووەتە پێشەوە، بەڵكو بگرە بەو بودجە زۆرەی كە لەبەردەستیەتی پڕۆژەكان وەك پێویست نین و كەسیش نازانێ بەرهەم بەنیازی چییە. بۆیە لایەنی ئۆپۆزسیۆن ناحەقیان نییە كە دەڵێن پێویستە كەسێكی دیكە پۆستی سەرۆكی حكومەتی پێبدرێت.
ئەمدەست ماچكردنەی بەرهەم ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە ئەو ئێستا دەزانێت كە خەڵك شارەزای قسەكانی بووەو بۆ رزگاربوون و بیانو هێنانەوە بۆ جەماوەر گوتی: "كردار شەرتە"، بەڵام دەست ماچككردنیش كردارێكی دیكەی بەرهەم ساڵح بوو كە بەكردار سازشی بۆ هێرۆخان كرد و بیری چوو كە ئەو لەسەرتا بەچ نیەتێكەوە پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت و ئێستاش بە كڕۆنۆشەوە دەستی كەسێك ماچ دەكات بۆ ئەوەی لە پۆستی حكومەتەكەی بمێنێتەوە. ئێستا خەڵكی هەرێمی كوردستان باش دەزانن كە رەفتاری بەرهەم ساڵح پێچەوانەی ئەو بەڵێنانە بوو كە سەرەتا خۆی بە هاونیشتمانیەكی دڵسۆز بە جەماوەر ناساند، بەڵام لە ئێستادا ئەو بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی نیشتمانی كەوتووەتە بەر پاڕانەوە تا هەموو لایەك شەفاعەتی مانەوەی لە سەرۆكی حكومەت بۆ بكەن.
دەبوو بەرهەم ساڵح بە كارو بەرنامەی جوانەوە خەڵك لە ئەدای رازیبكات نەوەك هەمان سیناریۆی سلێمانی دووبارەبكاتەوە كاتێ ئەو سەرۆكی حكومەتی ئیدارەی سلێمانی بوو یەكەم هەنگاوێك لەرووی ئابوورییەوە زیانی بە هاووڵاتیانی سلێمانی گەیاندو ئەوكاتیش خەڵك ویستیان ماڵی بسوتێنن، چونكە بۆ بەرژەوەندی بازرگانی تایبەتی خۆی برێكی زۆری دۆلاری لە بازار كڕیەوە تا هەلاوسانی ئابووری دروست بێت و بەنرخێكی گرانەوە دۆلاری ئەمریكی لە بازار فرۆشتیەوە ئەمەش وایكرد كە سلێمانی تووشی قەیرانی ئابووری بێت.
بەرهەم ساڵح كە ئێستا خاڵیە لە پرۆژەی خزمەتگوزاری خەڵك بۆیە كەوتووەتە بەر پیاهەڵگۆتن و منیش نەدەبوو سەرەتا بڕوابكەم بەو كەسەی گوتی كە بەرهەم تەكنۆكراتە..! بەڵێ ئێستا بۆم دەركەوت كە ئەو خەڵكەی دەڵێ بەرهەم ئیدارەی حكومەتی پێناكرێت راستە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست