کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بێزار بوین له‌ دیموکراتیه‌ت بێزو ئه‌که‌ین به‌ دیکتاتۆریه‌ت

Monday, 29/03/2010, 12:00


ئاری قه‌ره‌داغی له‌ کوردستانه‌ به‌ناو نوێکه‌ی بنه‌ماڵه‌ی جه‌لال- برایما، وتارێکی بێ سه‌روبه‌ری ستران عه‌بدوڵا به‌ناوی (ڕاست و ڕه‌وان) بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. نوسه‌ر هاتوه‌ وه‌کو ئه‌وه‌ی دیموکراتیه‌تیان ناخۆش کردبێ، خه‌ڵکی تابینه‌قاقای نوقمی سه‌ربه‌ستی بێ و هێڵنجی پێبێت! ده‌ڵێ: (هه‌موشتێ به‌خوێ و خوێش به‌مانا. گه‌ر خوێی دیموکراسی زۆربوو، ئه‌وا چێشتی پرۆسه‌ سیاسیه‌که‌ سوێر ده‌بێ). به‌زه‌ییم به‌ئه‌قڵی کرچوکاڵی نوسه‌را دێته‌وه. ئه‌وه‌ ئێوه‌ن هه‌ڵناکوتنه‌ سه‌رخه‌ڵک، که‌س بێ سه‌روشوێن ناکه‌ن، ناونازڕێنن، تۆمه‌تی شه‌ره‌ف و ماده‌ی هۆش به‌ر ناخه‌نه‌سه‌ر که‌س. ئافره‌تی کوردی خێرنه‌دیوی که‌سوکار ئه‌نفال کراو ئه‌تک ناکه‌ن!، دار نابڕنه‌ کۆمی مێردی و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌درکاندنی لێناکه‌ن ناڵێن: ورته‌ نه‌که‌ی تۆ ده‌نگت به‌گۆڕان داوه‌!. که‌ی ئێوه‌ بون ڕه‌وف زه‌ڕایه‌نی خاوه‌نی کۆشێ خێزانتان تیرۆر کرد! کێ حه‌دی هه‌یه‌ بڵێ: ئێوه‌ له‌سلێمانیا به‌ده‌ستی هه‌وشاره‌کانی مه‌لا به‌ختیارو به‌رازه‌کانی خێڵی جه‌‌لال گه‌نجی دڵسۆزی گۆڕانتان شه‌هیدکرد! برا کێ ئه‌توانێ ناماقوڵی بکا بێژێ: سۆران و ستارتان تیرۆر کرد، ته‌نها تاوانیان په‌رده‌ هه‌ڵماڵین بو له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی. خۆ شێخ ستار که‌ده‌یوت مام جه‌لال که‌رێ نه‌یه‌توانی!. جه‌لالیان، ئێوه بۆقایل کردنی دوژمنه‌ باوه‌کوشته‌که‌ی دوێنێ و عاشقه‌وماشقه‌که‌ی ئه‌مڕۆ که‌ به‌کۆمێ ئه‌ڕین، لایه‌نگرانی خۆشتان ئه‌به‌خشن به‌دیاری تا هاوسه‌رگیریه‌ لاکۆڵانیه‌که‌ی نێوانتان تێک نه‌چێ!! وه‌کو جوتێ زڕبرای شه‌ریکه‌دز له‌سه‌ر ده‌غیله‌که‌بن تاسامانی کوردستان بماشنه‌وه‌.

ئه‌وهه‌مو تاوانه‌ بێویژدانانه‌ی خستتانه‌ پاڵ به‌ڕێز کاک نه‌وشیروان!، گه‌ر به‌ شه‌کر شکاندنی ئێوه‌ بێت لای ئه‌و سه‌رکرده‌ مێژوییه‌ ته‌نها دو گه‌ڕه‌کی به‌رخانه‌قاو شیوی قازی سلێمانی کوردن!!!. ستران به‌ته‌وس و توانجه‌وه‌ ده‌ڵێ:(گونده‌کانیش به‌لوتکه‌ی شاخه‌به‌فرینه‌کانه‌وه‌ تابۆ قرچه‌ی سه‌حرای جنوب، داوای هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجومه‌نی گوند بکه‌ن). خۆ ئێستا ئه‌وه‌نده‌ ئه‌نجومه‌ن و ڕێکخراوی مافی مرۆڤ،ژنان.... زۆرن هه‌ر گه‌ڕه‌کێ یه‌کێکی به‌رئه‌که‌وێ!که‌چی هه‌موی کارتۆنیه‌، بۆکڵاوله‌سه‌رنانی تاکی کوردی کڵۆڵه‌! عه‌ره‌ب واته‌نی: لامحل لهم فی الإعراب. بۆ ئه‌وانه‌یه‌ ڕه‌ش ناخه‌نه‌سه‌رسپی ته‌نیا موچه‌ی ناشایسته‌ی حه‌رام ده‌خۆن.

شایه‌ری ڕاگه‌یاندن و ده‌روێشی حاڵ گرتوی به‌ئه‌مه‌کی ته‌کیه‌ی تاڵه‌بان، سکی بۆ دارایی گه‌ل ئه‌سوتێ، نوسیویه‌: (دیموکراسی هه‌ڵبژاردن خه‌رجی ڕیکلام و هاتوهاواری لیسته‌کانه‌و توشی فه‌لاکه‌تێکمان ده‌کات نه‌بێته‌وه‌). بۆیه‌ پێشنیار ده‌کات:(واده‌ی هه‌ڵبژاردنی کوردستان به‌شاره‌وانیشه‌وه‌- لێک بدرێ له‌گه‌ڵ عێراق). نوسه‌ر بێئه‌وی هه‌ست بکا درکاندی، ئه‌زانم کوێێ دێشێ، ئه‌وان دۆڕاوی کوڕی مایه‌ پوچن له‌هه‌ڵبژاردنا گه‌ر پاره‌ نه‌به‌خشنه‌وه‌. ده‌مه‌نچه‌ به‌لێشاو نه‌که‌وێته‌ بازاڕه‌وه‌ بۆده‌سته‌مۆکردنی ده‌نگده‌ر. به‌دۆنم زه‌وی دابه‌ش نه‌کرێ تاده‌نگ به ‌رکابه‌رانیان نه‌درێ. پۆست کیلۆی نه‌بێ به‌ده‌فلس! بدرێته‌ که‌سانی هیچ له‌بارانه‌بو نه‌شیاو ته‌نیا بۆئه‌وه‌ی به‌ئایه‌تی نوسراوه‌ی ساخته‌یان بڵین: ئامین!. ئنجا هه‌ڕه‌شه‌وگوڕه‌شه‌ له‌ته‌ک چه‌نده‌ها شێوازی تری به‌ربه‌ریانه‌ له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ. خۆزگه‌ هه‌مو عه‌ره‌بی زانێکی کورد ئه‌و نوسینه‌ی خیری شنگالی ده‌خوێنه‌وه‌ له‌کوردستان پۆستا به‌ناوی: أمی ألمرحومه‌، سوتت للقائمه‌ الکردستانیه‌. دی باش تێئه‌گه‌ی ئه‌م گه‌جه‌روگوجه‌ره‌ دیموکراتانه‌ چۆن گزی و فزی ئه‌که‌ن و مافی ده‌نگده‌ر له‌پێ ده‌که‌ن!.

ستران شینی هه‌ریسه‌که‌ ده‌کا بۆیه‌ ناوکی که‌وتوه‌، ئه‌مه‌ هه‌موی به‌پاره‌ ئه‌کرێ،ئه‌ویش به‌موڵکی گه‌ل نازانن به‌ڵکو هی باوان و دایانیانه‌!. گه‌ر به‌وان بێ هه‌ڵبژاردنی کوردستان و عێراق به‌یه‌که‌وه‌ هه‌ر به بیست ساڵان جارێ بێ‌ تا ڕزگاریان بێ له‌م دێوه‌زمه‌ی پاره‌وموڵک و دیاری و پۆست به‌فیڕۆدانه‌. ده‌زانن ئێستا ڕۆژانی سه‌ختی شۆڕشی نوێ وڕێکخستنی شێرو دێ نیه‌ که‌ دڵسۆزان و خۆنه‌ویستانی وه‌ک ئێمه‌ومانان، به‌گیرفانی خۆمان، به‌قوربانی به‌ژیانمان سه‌رمان به‌رده‌بازی ئه‌وڕێبازه‌ پیرۆزه ‌بو.

به‌ڵێ کاتێ به‌فلسیان ده‌وت فه‌تاح پاشا نه‌ک شه‌ق له‌ملیۆن دۆلارده‌ری ئه‌مڕۆ، پاته‌کۆنیان له‌پێیابو، له‌سه‌رجاده‌ی خۆڵ بون نه‌ک قیر، له‌ئه‌شکه‌وتا ئه‌ژیان نه‌ک ڤیللا، زگوردی بون نه‌ک فره‌ ژن ئه‌وجا شه‌رواڵ پیسیش. ناکه‌س به‌چه‌کانی تاڵه‌بانی و بارزانی عه‌رزه‌یان به‌زۆر خه‌ڵکانی له‌ش فرۆش داوه‌ به‌عه‌رزێ!! که‌واته‌ گه‌لێ بێ بار، بێ هه‌ڵوێست، چاوچنۆک، گه‌ندوگو... ده‌بێژن: ده‌نگێ به‌کۆڵێ سامان ده‌نا قه‌ت نایده‌م بۆتان.

نوسه‌ر ڕامانه‌کێشێ بۆ- نڤام حزب واحد، قائد واحد، شعار واحد، ێیدولوجیه‌ واحده‌-. له‌دوابڕگه‌ی نوسینه‌ بێپێزه‌ سوێره‌که‌یا پێمان ڕاده‌گه‌یه‌نێ:(زۆری دیموکراسی ناهێڵێ چی تر چێژ له‌دیمئکراسی وه‌ربگرین، حزبه‌کان هیلاک و جه‌ماوه‌ر بێزارده‌بن. سیاسه‌تی وڵاتیش وه‌کئه‌وه‌ی له‌سایه‌ی دیکتاتۆریدا بژین ئالوده‌و ته‌نگه‌تاو ده‌بێت). ئه‌ی هاوار ده‌وه‌ره‌ ئا ئه‌م نیانده‌رتاڵانه‌ سواری سه‌رمان بون،

خه‌ریک نه‌بی له‌کراسی به‌ری خۆت بێیته‌ ده‌رێ!. لای- ستران دیموکرات- ئه‌وه‌نده‌ پێکی شه‌رابی حه‌وت ساڵه‌ی دیموکراسی کراوه‌ به‌ قوڕگی هه‌ر تاکێکی گه‌لی کوردا ئه‌وا، هه‌رهه‌مومان فول...فول سه‌رخۆشین، گوناحین ڕێ ی ماڵه‌وه‌مان بزرکردوه!! بوینه‌ - أسحاب ألکهف ته‌نیا به‌سه‌تڵه‌ ئاوی فێنکی دیکتاتۆریه‌ته‌، که‌ی خوڕ کرابه‌سه‌رمانا، هۆشمان دێته‌وه‌ ئه‌بین به‌گوێزی ساغ!!.
ستران تۆ خوێ قه‌ده‌غه‌ بکه‌، تاڵه‌بانی بابیشت دتموکراسی سه‌ربڕێ، بارزانی مامیشت پڕۆسه‌ سیاسیه‌که‌ زینده‌به‌چاڵ بکات... دی هه‌مومان هه‌ناسه‌ی ئۆخه‌ی هه‌ڵه‌کێشین. فه‌لسه‌فه‌ی دیکتاتۆریه‌ت وه‌ک قورئان به‌سه‌روبۆره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌که‌ین بێ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌واوێکی لێ تێبگه‌ین. وه‌ک سه‌ڵیبیش ئه‌یکه‌ینه‌ ملمان بێ ئه‌وه‌ی دێڕێکی ئینجیلمان خوێندبێته‌وه‌. هه‌ بۆیه‌ هاوارئه‌که‌م ، ڕه‌گی ملم به‌قه‌د په‌نجه‌ گه‌وره‌ت هه‌ڵسا، بێزار بوین له‌دیموکراتیه‌ت، بێزو ئه‌که‌ین به‌ دیکتاتۆریه‌ت.
له‌نده‌ن

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە