کاك نەوشیروان هەڵەی گەورە باجیشی گەورەیە
Friday, 18/02/2011, 12:00
گەر تاڵەبانی بەوە تۆمەت بار بکرێ لەوەی یەکێتی تەسلیم بەپارتی کردۆتەوە، ئەوا هەنووکە دەرکەوت کە کاك نەوشیروان لەبەرنبەردا، هەموو گۆڕان و ئۆپۆزیسێۆنی تەسلیم بە پارتی کردەوە.هەروەك چۆن کۆمەڵەت تەسلیم بەتاڵەبانی کردەوە، ئەوا ئەمڕۆش گۆڕانت پێشکەش بەپارتی کردەوە و ئیفلاسیت ڕاگەیاند
لەماوەی هەفتەیەکدا گۆڕان و قسەکەری ئەم بزووتنەوەیە کاك حەمە توفیق جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمان لەگەڵ ئەو خۆپیشاندەرانە نین و ئەمان هانیان نەداون، نەك هەرئەوەش ، بەڵکە کاك قادری حاجی عەلیش پێش ڕووداوە دڵتەزینەکەی دوێنێ ووتی، هەریەك لەپارتی و یەکێتی پرسیاری ئەوەیان لێکردوین کەئایا ئێمە بەشداری ئەو خۆپیشاندانە ئەکەین وەیان نا، لەوەڵامدا پێمان ووتون گۆڕان بەشداری ناکا. پرسیاری ئێمە لێرەدا لەکوێی سیاسەتدا هەبوە هەرچی نهێنێ و پیلانی خۆت هەیە بیدەیتە دەست بەرانبەرەکەت لەدەسەڵات؟ ئەگەر نا ئەم پەیامەی ووتەبێژو سەرکردەی گۆڕان ئەوە ئەبەخشێ ، کەئەمان گڵۆپی سەوزیان بۆ پارتی داگیرساند تا ئەو کوشتارگەلە بکەن ، کەکردیان.
گۆڕان و خودی کاك نەوشیروان وەك چۆن دەسەڵات پێیان خۆشنیە کەس لەخۆیان پیاو تربێ و داوای برابەشیان لێبکرێ، دیارە کاك نەوشیروانیش بەهەمان هزری شاخ دوور لەتێگەیشتنی سەردەمیانە لەخۆی زیاتر بەکەسی تر ڕەوا نابینێ ببێتە ئۆپۆزیسێۆن، ئەگینا ئەو پەیامەی دواجاری و ئەو لەزگە خراپەی نای بەناوچەوانانی گەنجی شارەکەم ، تەنها ئەوە ئەگەیەنێ و بەرجەستەی قسەکانێتی.
بەبڕوای ئەز ، چەند پارتی تاوانبارە لەکوشتنی ئەو گەنجە خێر لەخۆنەدیوانە، ڕەنگە زیاتر و دووئەوەندەش کاك نەوشیروان بەرپرسیار بێ لەو خوێن ڕشتنەی بەردەرکی لقی ٤. گەنجی شار بەقسەی گۆڕان و بەفاك و فیکی کاك نەوشیروان هاتنە سەرشەقامەکان ، ئەگینا ئەوان زۆربەی زۆریان گەر ئەم بەزمەی گۆڕان نەبوایە ، ڕەنگ بوایە ، یان لەوەو پێش ژیانێکی تریان هەڵئەبژارد وەیان کوردستانیان بەجێ ئەهێشت، وەیان خۆیان نەئەخستە لەپی دەستی ئێوەوە، بەڕاستی دەرکەوت لەدەستێکی (ئەمین)دا نەبوون.
هەموو کورد باش ئەزانێ کەپارتی جگە لەکورد کوشتن ئامادە نەبوەو ئامادەش نیە تەنها فیشەکێك جگە لەکورد بەکەسەوە بنێ، مێژوویان هەروا بوە، جگە لەکورد کوشتن هیچی تریان نەکردوە، ئێ باشە ئەم ڕاستیە کاك نەوشیروان لەهەموو کەس باشتر زانیوە، باشە وەك ئەوەی دەسەڵاتیان دوو ڕۆژ ئاگادارکردۆتەوە لەوەی بەشداری ئەم خۆپیشاندانە ناکا، ئەی نەی ئەتوانی لەم دوو ڕۆژەدا ڕێگەیەك لەم خۆێن ڕشتنەی گەنجی سلێمانی بگرێت؟؟ وەیان نەیان ئەتوانێ گەر بەنهێنیش بوایە ڕێڕەوی ئەو خۆپیشاندانەیان کۆنترۆڵ بکردایەو نەیان هێشایە ئەوەی ڕوودا، ڕووی نەدایە؟
هەروەك چۆن پارتی بەرپرسیارکرا لەشەهید کردنی کاکە سەردەشت لەوەی لەژێر دەسەڵاتی ئەودا ئەو کارە کرا، ئەوا گۆڕان و خودی کاك نەوشیروانیش بەرپرسیارن لەشەهید بوونی ئەو پۆلە گەنجەی شاری سلێمانی قارەمان.
هەروەك چۆن لەوەو پێش هەر نەهامەتیەك و ئاشبەتاڵێک و کورد کوشتنێك بێ باج گوزەری کردبێ، کەئەمەش لەناهۆشیاری گەلەکەمان بوە، ئەوا ئەمجارە ئەو هەڵەیەی کاك نەوشیروان کردی بەرانبەر بەو گەنجانەی کەبەقسەی ئەم فریودران، لێی دەرناچێ و باجەکەشی وەرئەگرێ.
ئەو فیشەکەی مێشکی گەنجانی شارەکەمیان کردە ئامانج و لەخوێن هەڵیان کێشاند، پەیامێکە بۆ هەموو گەنجی کوردستان و کەسی لێبەدەر نیە. سەربەرزی بۆ ئازایەتی وجوامێری گەنجانی سلێمانی و کوردستان، نەفرەت لە پارتی و چەواشەکاران .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست