کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


ھەڵەی ئەمجارە زۆر قەبەیە

Saturday, 04/05/2013, 12:00





وەک دەزانین ھەفتەی ڕابردوو وەفدێکی باڵای حکومەتی ھەرێم (نەک کورد) بەسەردانێکی چاوەڕوان کراو تەشریفیان بردە بەغدای پایتەختی عێراقی عەرەبان و، دوای چەند کۆبونەوەیەکی کەم چەندان بریاری مێژوویی دران و پاش خوێندنەوی بریارەکانیش لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە، میدیاکانی یەکێتی و پارتی و سێبەرەکانیان پیایدا ھەڵیان داو بە دەستکەوتی نەوتەوەییان ناوبرد، بێئاگا لەوەی کە ئەمە لەدەستدانی نەتەوەییە نەک دەستکەوتی نەتەوەیی.
لەساڵی رابردووەوە کورد لەبەغدا دەخوێنێ و بەغداش جنێومان ئاراستە دەکات، ھەرەشەی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و کشانەوەی یەکجارەکی دەکرێ لەبەغدا کەچی بە بەڵێنێکی سەرزارەکی بۆ پێدانی بڕێک پارە بە سەرانی پارتی و یەکێتی بۆ خەرجیی کۆمپانیا فرەزانە نەوتیەکانیان یەکسەر ئەو ڕیسەی ھەبوو کرایەوە خوری، ھەرچیی قسەی سەرۆکی ھەرێم و ھەرچی ڕەخنەی سیاسیە قسەزلەکانمانە وەلا نرا، ھەرچی گوژم خواردنەوەی ھاوڵاتیانی وڵاتە بێ باوکەکەمە کشێنرایەوە، ھەرچی ھەرەشەو گوڕەشەی سەرکردە حزبیە سەربازیەکانمانە سڕدرایەوە.
ئەوەی ئێمە دیتمان پاشەکشەیەکی مێژوویی و ھەڵەیەکی قەبە و زەبەلاح بوو کە بازرگانە بەناو سیاسیەکانی پارتی و یەکێتی بەناوی کورد و حکومەتەوە کردیان، ماددەی ١٤٠ و جیابوونەوە و سەربەخۆبوون ھەموو کرانە قوربانی پێی پیرۆزی پارەی کۆمپانیا نەوتیەکان و یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی ئەو عێراقەی ھەردەم بە ھەڕەشەو مەترسیەوە ناوی دەھێنرا.
لەھەمووی سەمەرە و ترسناکتر ئەو تەنازولەیە کە حکومەتی ھەرێمەکەمان کردیان لەم ساتەدا کەسوننە ڕاپەڕیوە بەرامبەر شیعە، سوننە چەکی ھەڵگرتووە و وەزیر و پەرلەمانتارەکانیان کشاونەتەوە، کورد لایەنی یەکلاکەرەوەی ھاوکێشەکەیە و گەر بیویستایە بەیەک ھەڵوێست کە کشانەوەیە، حکومەتی ئێرانیی لەعێراق کەناوی حکومەتی مالیکیە ھەڵدەوەشاندەوە، ئەمما دەبینین پێچەوانەکەی کرد و جارێکی دیکە بووەوە دایک بۆ کاک نوری. باشە لەمەودوا چاوەڕێی چی لەکاردانەوەی سوننەکان دەکرێ لەحاڵەتی گەڕانەوەیان بۆ حوکم؟ ئەوان ھیلیکۆپتەر ھاتووەتە سەریان و بەدەیانی لێ کوشتوون ئێستا تۆ دەبیتە دۆستی دوژمنەکەیان، ئەی تۆ ناکەیتە دوژمنیان؟
لەکۆتاییدا مخانبێکی قوڵ ھەڵدەکێشم و ھیچ داھاتوویەکی روون بۆ وڵاتە بێ ھەڵوێستەکەم نابینم، بۆیە: الفاتحە.



[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە