شەرەف و ئابڕو لەكوێدایە؟؟
Saturday, 26/04/2014, 12:00
نەگبەتى كوردە یان خۆمان نەزان و بەدحاڵین و لەماناو مەفهومى دیموكراسى و كاندید و ژیانى نوێ تێ ناگەین. بەداخەوە بۆ عەقڵیەت و بیركردنەوەى بەشێكى زۆرى مرۆڤەكانى ئەم رۆژگارە، بەتایبەت لەم سەروەختى بانگەشەى هەڵبژاردنەدا،ئەوەى خوا پێى ناخۆش بوو،ئەوەى دوژمن نەیتوانى بۆى نەكرا،بەیەكتریمان كرد. قسەى ناراست، جنێو ،تۆمەت، تەشهیر، بونە شتێكى زۆر ساناو ئاسایى .
دەمى هەركاممان دەكەیتەوە دەمان دوێنیت، لەسەر پرسى ئافرەت و ژنان، هەموو خۆمان بە داكۆكیكارى سەرسەخت و یەكەم پاڵپشتى ژنان دەزانین، رەخنە لەحكومەت و دەسەڵات دەگرین كە بۆچى ژنانى پەراوێز خستوە، پۆست و پلەیان ناداتێ یان رێگا خۆشناكات و ئاسانكارى ناكات، تا ژنانیش بێنە مەیدان و لەبەڕێوەبردنى وڵاتدا پشكیان هەبێت. لەدەزگا هەستیار و خزمەتگوزاریەكاندا بەرپرسیارێتیان پێبدرێت.
بەڵام بەداخەوە هەزاران جار بەداخەوە بۆ عەقڵیەتى پیاو سالاى ، بۆ عەقڵیەتى حزبە گرگن و بچوكەكان، كە تا ئێستاش بەچاوى سوك وكەم و بێ بایەخ لەژنان دەڕوانن، پێیان ئەستەم و قورسە كە دەبینن ئەوا كاروانێكى پڕ لەئایدۆلۆجیا و زانست و مەعریفەى ژنان بەڕێوەیە و، رۆژانە ژمارەیان زیاد دەكات. پەل و پۆ دەهاون بۆ هەمووبەشەكانى ژیان و دێنە ناو كایەى سیاسیەوە، ئەمەش بۆ ئەوان زەنگێكى مەترسیدارە وئاكامێكى ناخۆشە بەگوێ یاندا دەدات،كە ئیدى سەردەمى دەسەڵاتى تاك رەوى و نێرینە، بەرەو كاڵ بوونەوە دەچێت، ئەمڕۆ یان سبەى ئەبێت سەرزلەكانى وڵات سمێڵ بابڕەكان،ئەو راستیە قبوڵ بكەن و مل بۆ ئەوە بدەن.
لەبرى ئەوەى بەشێكى زۆرى پیاوان، پێى بەپێى رۆژگار وسەردەم هەنگاو هەڵبَینن و ئەوراستیە قبوڵ بكەن، كە ئیدى ژنان،ژنانى ساڵانى بەرێ نى یە،عەقل و هۆش وبیر و هزرى كراوەتەوە،دەتوانێت وسەلمێنراوە كەبۆى دەكرێت پۆست و پلەى باڵا وەربگریت و بەوپەڕى سەركەوتویشەوە بەڕێوبەى بەرێت. كەچى زۆر ناشەریفانە و دوور لەهەموو عورف و عادات و بەهاو قیمەتێكى مرۆڤایەتى، كەناتوانێت روبەروى بێتەوە،دێت بەچەكى شەرەف و تۆمەتى ئەخلاقى و بڵاوكردنەوەى وێنەو تۆمەت و شتى نەشیاو شەڕى دەكات، ئەخوازێت لەو رێگەیەوە ئەو كەسە لەكەدار بكات..
ئەو كارە لاى من بەگەورەترین خیانەت و ناپاكى و بێ ئابڕوى دەزانم، كەتاكو ئێستاش كۆمەڵگاو دەوروبەرمان بەو پێوانەیە كەسەكان هەڵدەسەنگێنن، شەرەف و ئابڕو و ناموسى ژن وخانەوادەكەى تەنها وتەنها لەناو گەڵیاندا دەبیننەوە، ئەوە گەورەترین پیوانەیە بۆ رێزو گەورەیى كەسەكان.
ئەوەى ئەو كارە دەكات و دەخوازێت بەو چەكە شەڕ لەدژى رەگەزى مێینە بكات(سەر بەهەر گروپ و لایەن و حزبێك بێت) لاى من كەسێكە داماڵراوە لەهەمو ئاكار و شتێك، لەمرۆڤایەتى ، قیمەتى ئەوەى نى یە بەماناى وشە پێى بڵێى مرۆڤ،چونكە لاى ئەو قیاس و رەوشت و بەهاى خانوادەى لە ناوگەڵى مێینەكانى دا دەبینێتەوە، پارێزى ئەوان پاك بێت ئیدى سەربەرزن، لاى من ئەمە پیشەى كۆمەڵێك كەسە كە بۆخۆیان خائین و داوێن پیس و هەرچى وپەرچین، بۆ ئەوان ئاساییە گەر بەنوێژى نیوەڕۆ دەیان خانوادەى وەكو كاوە گەرمیانى وسەرەدەشت عوسمان، سەرگەردان بكەن، زۆر بەسەربەرزى دەزانن كە قوتى رۆژانەى میللەتێك بدزن، بەفەخرو شانازى دەزانن كە جاشایەتى و كلكە لەقێ بۆ هەموو دوژمنێك بكەن،بە گەورەیى دەزانن كە لەدەزگا ئەمنیەكانى سلێمانى وئاكرێ دایك و خۆشكى زیندانیان لاقە بكەن .سنگ دەردەپەڕێنن پۆزمان بەسەردالێدەدەن كاتێك پاسەوانى دەیان داوێن پیس وبەرپرسى سەرەسەرى دەكەن.
ئەگەر پیاوەتى وشەهامەت و بەهاو رەوشتى كەسەكان وابێت،ئەوا من حاشا و حاشا لەپیاو بوونى خۆم دەكەم .پەشیمانم كەلەسەر ناسنامەكەم نووسراوە نێر.
چەتۆ بینایى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست