کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بیرەوەریەکانم زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیى 1943ــ 1977 (بــەشـى ده‌یه‌م)

Tuesday, 25/09/2012, 12:00


ووتووێژى نێوان بزاڤى كوردو بەعس سەرنەكەوت

درێژەكێشانى وتووێژى سێ مانگەى نێوان دەستەڵاتى بەعسو پێشمەرگەكانى كوردستان سەرنەكەوت، ڕێك نەكەوتنى بووە هۆى فاكتەرێك بۆ بەعسیەكانو سودێكى گەورەیان لەم دەرفەتە وەرگرت، لە ماوەى ئەو سێ مانگەى گفتوگۆدا بەعسیەكان توانیان تەواو جێى پێى خۆیان قایم بكەنو ئەمجارە زۆر بە ناپاكى كەوتنە پڕوپاگەندە بەزمان درێژىو هەڵوێستى بێ ڕێزەوە هەڕەشەى بەردەوامیان دەكردو داواكارىومەرجەكانى گەلى كوردیان ڕەت دەكردەوە، دوژمن نیازى هێڕشوكوشتو بڕیان هەبوو، لە دوایدا دەستەڵاتداریەكەى بەعس فەرمانێكى توندى بڵاوكردەوە كە تیایدا داواى لە پێشمەرگەكانى كوردكردكە دەبێ لە ماوەى چلو هەشت كاتژمێردا چەكەكانیان بدەنەوە دەستەڵاتدارانى بەعس لە نزیكترین ئەو بنكانەى دەستیان پێڕادەگات، بەڵام لەبەرپەرچ دانەوەى ئەواندا چەكدارانى (سلێمان بەگ) لەوكاتە تەنگەدا زیاتر لە حەفتا چەكدار بڕیاریان دا بڕۆنە دەرەوە، بێگومان ڕۆیشتنە دەرەوەى چەكدارەكانى سلێمان بەگ سەرشۆڕیەكى گەورە بوو بۆ دەسەڵاتى ڕژێمى بەعسو بەرپەرچ دانەوەیەكى كوشندەى كاریگەریش بوو.

بەعسیە ناپاكەكان ئەو سێ مانگەى كە درێژەیان بە گفتوگۆدا لە ماوەى مانگى (3/1963) تا مانگى (6/1963) تەنها بۆ مەرامى تایبەتى خۆى بووە وەك مناوەرەیەكى سیاسى بۆ ئەوەى لەو ماوەیەدا بتوانێ زیاتر خۆى ڕێك بخاتو ئامادە بێت بۆ جەنگ، بەعس واى دەزانى بە هەڕەشە چەك بە چەكدارانى كورد دادەنێ! بێگومان ئەو خۆ ئامادەكردنەى حكومەتى بەعس بێ بەرامبەر نەبوو، هێزى پێشمەرگەش بۆ ڕووبەڕوو بونەوەى دوژمن سازو ئامادە بوو، چەند ڕۆژێك پێش ئەوەى ئێمە بچینە بەرەكانى پێشەوەى بەرەى جەنگ (مقدم عزیز ئاكرەیى) هاتە لاى باوكم شەوێك لەلاى مایەوەو دوایى بەگوندەكاندا گەڕاو هێزى پێشمەرگەى ئاگاداركردن كە بڕۆنە بەرەكانى شەڕو ئێمەش بڕۆینە سپیلك.

ئێمە و شەڕى سپیلك
لەسەر ڕاسپاردەى باوكم لە ڕۆژى (1/7/1963) لەدەرگەڵە دەركەوتین ژمارەى چەكدارەكانمان دەگەیشتە پەنجاوحەوت چەكدار، بەڕێگاى دۆڵى ئاكۆیاندا ڕۆیشتین باوكیشم لەگەڵمان هات تا سەروچاوەى ئاوى(مێر)، ئەو ڕۆژەى لە دەرگەڵە دەركەوتین بۆ شەو لە گوندى (گەرەوان) ماینەوە بۆ بەیانى ڕۆیشتینە گوندى (ئاكۆیان) بۆ نیوەڕۆ لەسەر كانیاوى (گۆرانگى) لەگەڵ پێشمەرگەكانى (ملازم تاهیر) نانى نیوەڕۆمان خوارد، بۆ ئێوارە ڕۆیشتینە گەڵى (كەڕەك) كاتێك نزیك كەوتینەوە لە لۆغان من لەگەڵ دووسێ چەكدارو (خدرى عوڵا بەگ) لاماندایە بنكەى شیوعیەكان لەگەلى (گەرەنالى) لەوێ چاومان بە برادەران كەوت لەوچاوپێكەوتنەمان هەندێ شتم بە (ڕەئیس كمال) ڕاگەیاند شتەكان زۆر گرنگ بوونو پێویست بوو كە بیزاننو ئاگادار بن، پێم گوتن: (باوكم ڕۆیشتە گەلى كەڕەك و وەرن سەرى لێ بدەنو پەیوەندى لەگەڵ بەتین بكەن بۆ ئێوە سود بەخش دەبێت، وادیارە لەونزیكانە بە نیازە بڕواتە لاى مەلامستەفا لە ڕێگاى ئەوەوە، بەڵكو هەندێ داواو خواستى ئێوەش بە بارزانى ڕابگەیەنێ خراب نابێت). لە دواى ئەو چاوپێكەوتنە بە درەنگەوە ڕۆیشتینە گەلى كەڕەك كە گەیشتینەوە چەكدارەكانمان دنیا تاریك داهاتبوو، شەو لەناو گەلى كەڕەك لە بنكەى پێشمەرگەكانى لەشكرى دۆڵى ئاكۆیان ماینەوە، ئەوەى جێگاى ڕەزامەندیمان بوو پێشمەرگەكانى (ملازم تاهیر) پێشوازیەكى گەرمیان لێ كردین. هەر لەناو گەلى نانەواخانەى لێ بوو نانى بۆ پێشمەرگەكان دەكرد. بۆ ڕۆژى دوایى (ڕەئیس كمال)و دەستەیەك لەهاوڕێیان (ملازم كریمو حاجى مەلا)و ئەوانى تر هاتن بۆ لاى باوكم، سلێمان بەگ پێشوازیەكى گەرمى لێ كردنو زۆر ڕێزى گرتنو بەڕویەكى گەشەوە لەگەڵیان كەوتە دوانو بەڵێنى پێدان لە گەڕانەوەیدا لابداتە بنكەكەیان لەگەلى گەنەڕالى، ئەوان ئەو ڕۆژە تا ئێوارە لەلاى سلێمان بەگ مانەوە، لەكاتێكا (ڕەئیس كمالو ملازم كریم) لەگەڵ باوكم سەرگەرمى قسەكردن بوون (عزەت و حاجى مەلا)ش دوو بە دوو بەیەكەوە لە شوێنێك قسەیان دەكرد، ئەوەى بۆم ڕوون بوەوە لە دواى ئەو بەیەك گەیشتنەى عزەتو حاجى مەلا هەستم كرد عزەت وەك خۆى نەمابوو بە ئاشكرا ئاڵوگۆڕى پێوە دیاربوو، وادیار بوو ئەو شتانەى ڕۆژى پێشووم بۆ ڕەئیس كمال باس كردبوو هەمووى بۆ عزەت گێڕابوەوەو شتەكانیش لەبەرژەوەندىو مەرامى عزەت دا نەبوون، بۆیە دیار بوو پەست ببوو. لە دواى گەڕانەوەى ئەوان ئێمەش بەڕێ كەوتین بۆ سەروچاوەى ئاوى (مێگر) ئێوارەیەكى درەنگ گەیشتینە ناو (گەلى مێگر) كەلەو سەروچاوەیە ئاو بۆ ڕواندز دەڕوات، لە مێگر دوو شەوو ڕۆژ ماینەوە، ئەوەى جێگاى یادەوەریە لەوێ چاوم كەوت بە (ئەحمەد تۆفیق) ناوبراو یەكێك بوو لە سەركردەكانى (حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران)و لەگەڵ كۆمەڵێك چەكدارى خۆى پاسەوانى ئاوى مێگر بوون، كاك (ئەحمەد تۆفیق) پیاوێكى ڕۆشنبیرى پێگەیشتووو وشیار بوو لە ڕووى سیاسیەوە، زۆریش زانا بوو دەربارەى خەباتو تێكۆشانى گەلى كورد، ئەو ماویەى لەوێ ماینەوە لە زۆر ڕوەوە لەگەڵ یەكتر دواین، دیاربوو ئاگادارى زۆر بەسەرهاتى مێژوویى كورد بوو.

پێش ئەوەى مێگر بەجێ بهێڵینو بڕۆین بۆ سپیلك باوكم گەڕایەوە دەرگەڵەو خواحافیزیشمان لە (ئەحمەد تۆفیق)كردو لە مێگر دەركەوتین بە گۆڕەپانى (بانە زیووك)دا تێپەڕین بەبەردەمى سەنگەرەكانى سوپادا لە(مل تۆكر) بۆ سەر ئاوى بێخاڵ، ماوەیەكیش بۆ پشوودان لەوێ ماینەوە، ئینجا بەناو(گەلى على بەگ)دا بەرەو سرێشمە ڕۆیشتین، ئەوكاتە گەلى على بەگ لە ژێر كۆنترۆڵى پێشمەرگەدا بوو بەئارەزوى خۆمان لەناو گەلى دەڕۆیشتین. وەك دواتر زانیمان لە گەڕانەوەیدا باوكم لاى دابووە بنكەى شیوعیەكان لە ناو گەلى گەرەنالى بەپێى ئەو بەڵینەى پێى دابوون نیوەڕۆ لاى ئەوان مابوەوە ئەوجا ڕۆیشتبوو، هەروەها بەڵێنى پێدا بوون كە دەڕواتە لاى (مەلامستەفا) داواكاریەكانى ئەوانیان پێ ڕادەگەیەنێ بەڵكو یارمەتیان بدات. ئێمە دوو میوانمان لابوون كە بریتى بوون لە (ووسو سەبزەچى)و عومەر ناوێك كە لەگەڵ ووسو دابوو، بێگومان ووسو دۆستێكى نزیكى ئێمە بوو لەكاتى ڕۆیشتنمان بۆ سپیلك ئەوانیش لەگەڵمان هاتن زۆر هەوڵمان دا كە بەبێ چەك نەیێن كەچى ووسو سور بوو لەسەر هاتنى بۆ سپیلك ناوبراو گوتى: (هەرنەبێ بریندارو جەنازە دەگوازینەوە یان ئاو بۆ پێشمەرگەكان دەبەین).

لەوكاتەى لەناو گەلى دەستە دەستە بە ئارەزوى خۆمان دەڕۆیشتینە ڕێ لە ناوەندى گەلى فڕۆكەیەكى بارهەڵگرى گەورە بەرەو فرۆكەخانەى دیانا دەڕۆیشت زۆر لەسەرخۆ چەكدارەكانمان هەركەسەى لەڕاستى خۆى تەقەیان لێ كردو گوێمان لە عزەت بوو دەیگوت: (بەشەڕەفم لێمداو تۆزى لێ دەرچوو واللە پێى كەوت)، چەكدارەكان تێكڕا هاواریان دەكردو دەیانگوت: (ئاگادار بن فڕۆكە لێى درا ئێستا دەكەوێ)، عزەت گوتى: (باوەڕ ناكەن بەچاوى خۆم دیت تۆزى لێ دەرچوو، دەبینن ئەگەر وانەبوو هەرچى دەڵێن بڵێن)، لێمان كردە گاڵتەو پێكەنین تا گەیشتینە كۆمەڵێك پێشمەرگە لە نزیك تاڤگەى گەلى هەر بەپێكەنین ڕۆیشتین.

ڕێكەوتى (7/7/1963) ئێوارە لە بنكەى پێشمەرگەكانى (علیكۆ) لە دواوى ئاوى سرێشمە ماینەوە ئەوەى جێگاى ڕەزامەندیمان بوو پێشمەرگەكانى علیكۆ خزمەتێكى زۆریان كردین، شەویش لەلاى ئەوان ماینەوە لە ناو دۆڵایەك لەسەر ئاوێكى سازگارو لە ژێر چنارى گەورە خەوتین. بەیانى ڕێكەوتى (8/7/1963) لەگەڵ ڕۆژهەڵات بە پێش سەنگەرەكانى سوپادا ڕۆیشتین زۆریش دەترساین نەوەك تەقەمان لێ بكرێت كەمێك لەوان دووركەوتینەوەو زۆرى نەخایاند لە نزیك گوندى سرێشمە چوینە بنكەى هێزى (عەقید كافى) دیاربوو بنكەكەیان لەناو هەندێ خڕە بەردى گەورە گەورە دانابوو، لەگەڵ عزەت چوینە لاى عقیدكافى ماوەیەكى تەواوى لەلا دانیشتینو(عومەرى ئەحمەد شابازى)لەلا بوو، لەو دیدارەدا لە زۆر شت دواینو كۆمەڵێك باسو گیروگرفت كەوتنە بەرباسو لێ دوان بە شێوەیەكى تایبەتى ئەو لیوایەى لە خلیفان ئابڵوقە درابوو، ئەوەى دڵخۆشى كردم هەڵوێستى عقیدكافى بوو، ناوبراو بەڕاستى ئەفسەرێكى زاناى لێوەشاوەى بەدەستوبرد بوو، تا بڵێى پیاوێكى هەست بەرزو دڵسۆز بوو، لەكاتى قسەكردنمان لەگەڵ ئەو فەرماندەیە گوتى: (ئەو لیوایەى لە خلیفان ئابڵوقە دراوە لە گشت لایەكەوە ڕێگاكانى لێ گیراون بڕیار وایە ڕێگا نەدەین ئیمدادیان بگاتێ تا خۆیان دەدەنە دەست، بۆئەو مەبەستە داوامان كردوە پێشمەرگەیەكى زۆر لێرە كۆبكەینەوە بۆ لێدانیان یان گرتنیان)، ئینجا گوتى: (ئێوە بڕۆنە لاى مقدم عزیز ئەو لە سپیلكە لە نزیك گۆڕى خدرئاغایە). لەوێ بەڕێ كەوتین بەرەو گوندى (دەربەندۆك) لە ڕێگاى ڕۆیشتین عزەت خۆى پێ ڕانەگیراو گوتى: (كاكە تۆ ئەوەندە پشتگیرى لە شیوعیان مەكە، بە دوور مەزانە كە ئەوانە پێیان ناخۆش بێت تۆ بەو شێوەیە لەلاى ئەوان پشتیگیرى لە شیوعیەكان دەكەیت، لەوەڵامدا پێم گوت: (ئازیز كافى باش دەزانێ من شیوعیم ناوبراو بەخۆشى مرۆڤێكى دیموكرات خوازە، هەركاتێ دەستیان لە شیوعیەكان وەشاند با لە پێش هەمویان من بە بەربكەوم). وادیار بوو لە وەڵامى من ڕازى نەبوو گوتى: (كەیفى خۆتە من بۆتۆمە). كاتێك گەیشتینە گوندى دەربەندۆك لەوێ پشووێكى باشمانداو نیوەڕۆ لەوێ ماینەوە، لەدواى نیوەڕۆش ڕۆیشتینە گوندى (لێڕە میر) گوندى ناوبراو بە بۆمبى ئاگرینى فڕۆكەكان سوتێندرابوو خەڵكەكەشى لەوێ نەمابوون چووبونە قەدپاڵى چیا هەندێكیشیان ڕۆیشتبونە باوەشى حكومەت. گوند بەگشتى چۆل بوو ئەوەى بەرچاو دەكەوت تەنها كاولكارىو وێران كارى بوو، شەو لەو گوندە كاولكراوەدا ماینەوە لەژێر دارە گەورەكانى گۆڕستان، شەوێكى كشوماتو بێدەنگ بوو، بەیانى زوو چوومە سەرئاوى كانیاوى مزگەوتى گوند لە دامێنى گوندەكە دیار بوو مزگەوتەكە مابوو نەسوتابوو ئەویش هۆى ئەوە بوو كە دوور بوو لە گوندو ئاگرى پێ نەگەیشتبوو. بەیانى ڕۆژى (9/7/1963) لە گەروەكە ئاودیو بووین، گەیشتینە گوندى (كەلەكین) لەوێوە ڕۆیشتینە سەرئاوى سپیلك بە دیوى لاى خەلیفانەوە، لەسەر ئەو ئاوە ماینەوە تا ئێوارە درەنگ، ئێوارە ڕۆیشتینە سەربەرزایى سپیلك، شەو لەوێ ماینەوەو بەیانى(10/7/1963) مقدم عزیز هاتەلامان زیاتر لەیەك كاتژمێر لەگەڵمان دانیشت ناوبراو گوتى: (ئێوە بڕۆنە گوندى بەنۆك، گوندەكە نزیك سپیلكەو پەنایەو نادیارە)، بڕیار بوو لەسەر داواى مقدم عزیز كۆبونەوەى سەركردەكانى گشت پێشمەرگەكانى سپیلك بێنە ئەو گوندە. ئێمە ڕۆیشتینە (بەنۆك) لەوێ دامەزراین بۆ ئێوارە (مقدم عزیز) هاتە لامان لە گوندى ناوبراو داواى لە منو عزەت كرد لەگەڵى بڕۆینە ماڵى (حسێنى خدرئاغا)ى سەرچیا بۆ نان خواردن، ماڵى ناوبراو لەپشتى كەلەكین بوو عزیزگوتى: (بەڵێنم پێداوە بڕۆینە لاىو ئێوەش لەگەڵم بێن، جا ئامادە بن بابڕۆین، لەدواى نان خواردن دەتوانن ئێوە بگەڕێنەوە) من زۆر هەوڵمدا نەچم، بەڵام مقدم زۆر كێشەى كردو وازى لێ نەهێنام تا لەگەڵ خۆیان بردم، بەسەركەوتین بۆ ماڵى حسێن ئاغا، پێشوازیەكى زۆر گەرمى لێ كردین، ئەو ماوەیەى لەوێ ماینەوە زۆر لەگەڵ خاڵ عزیز قسەو باسمان كرد، لەودانیشتنەماندا حسێن ئاغا باسى ئەو بەیەك گەیشتنەى مەلامستەفاو سلێمان بەگى بۆ مقدم عزیزگێڕایەوە كە لەگوندى سرێشمە یەكتریان بینى بوو، ناوبراو گوتى: (كاتێك لەماڵى ئێمە بەڕێكەوتین بڕۆینە سرێشمە لەگەڵ سلێمان بەگو عزەت بۆ دیدەنى مەلامستەفا لە ڕێگا بیرم لەوە دەكردەوە كە دەبێ من ناوبژیكەربم لەگەڵیان دابنیشم كەچى كاتێك ئەوان بەیەك گەیشتن منیان بەبیر نەماو تەنها وەك گوێ ڕاگرێك گوێم لەوان گرتبوو كە چۆن بەئارەزوەوە دەدوان!).

شەو بەدرەنگەوە ئێمە گەڕاینەوە لاى پێشمەرگەكان لە بەنۆك، بەڵام عزیز لەوێ مایەوەو گوتى: (بەیانى دێمەوە لاتان لەوێ كۆبونەوەكە دەكەین وەك بڕیارە). ئێمە لەبەنۆكو دەوربەرى گوند خۆمان قایم كرد لەپاراستنى تۆپو فرۆكەكان بۆ ئەو مەبەستە توانیمان شوێنى سەنگەرەكانى ڕووبەڕووى تۆپەكانو سوپاى دەشتى هەریر باش ڕێك بخەین بۆ ئەوەى دووربین لە زیان.

ڕۆژى دیاریكراو دواى نیوەڕۆ نوێنەرەكان لە گوندى بەنۆك ئامادەبوونو كۆبونەوەكە لەژێردارە گەورەكانى پشتى گۆڕستانى پشتى گوند بەسترا، ئەوانەى ئامادەى كۆبونەوەكە بوون (مقدم عزیز) سەرپەرشتى كۆبونەوەكەى دەكردو (مراد ئاغاى بیرى، ملازم تاهیر عەلى، ئەحمدمستى لە جیاتى حاجى بێرۆخى هاتبوو، مستەفا نێروەیى، ڕەئیس عورەفا ئەسعەد، ئەحمد سەعید سپیندارى، زرار سلێمان بەگ، عزەت سلێمان بەگ) ئامادە بوون ، لەسەرەتاوە مقدم عزیز بەخێرهاتنى میوانەكانى كردو لەڕێگاى ئەوانەوە سڵاوى لە پێشمەرگەكان كردو لەدواییدا دەستى كرد بە قسەكردنو گوتى: (ئەوە دەبینن لیوا لە خلیفان ئابڵوقە دراوە لەگشت لایەكەوەو هەموو ڕێگاكانى لێ گیراوە، دەبێ هەوڵبدەین كە خۆیان بدەنە دەست، بۆ ئەو مەبەستە ئێوە هەریەكەى لە شوێنەكانى خۆتان دەبێ سازو ئامادە بن پێویستە بیرلەوە بكەنەوە كە هێڕشتان دەكرێتە سەرو لێتان دەدرێت، لەبەرئەوە دەبێ زیاد لەپێویست وشیار بنو هەردەم نۆبەتدارى ناو سەنگەرەكان بن، ئەگەر بتوانن لە ڕێگاى خەڵكى ناوچەو گوندەكانەوە پەیوەندى بە هێزى سوپاو جاشەكانەوە بكەن بۆ ئەوەى ئەگەر نیازى هێڕشیان هەبێت بەڵكو بتوانن زوو ئاگادارمان بكەنو یارمەتى دەرمان بن، چونكە ئێمە پێویستیمان بە هاوكارى هەموو كوردێك هەیە، ئەگەر ڕێ پیشاندەر بێت یان ئەگەر بتوانێ گوللەیەك ئاراستەى دوژمن بكات)، لە دواییدا گوتى: (ئەوەى بیرو ڕایەكى پەسندو سوود بەخشى هەبێت بۆ بەهێزكردنى هێزەكانمان با بفەرموێت قسە بكات)، ناوبراو دەیزانى من دەدوێم هەرزوو ڕووى كردە منو گوتى: (خاڵ زرار بفەرموو دەزانم تۆ قسەت هەیە، ئەوەبوو كەوتمە قسەكردنو گوتم: (بەڵێ خاڵ عزیز ئێوە دەفەرمون ئێمە هاوپەیمانى لەگەڵ هەموو هۆزێكو كەسانێك دەبەستین ئەوەى بیەوێت یارمەتیمان بدات بۆ ڕووبەڕوو بونەوەى دوژمن ئامادەین پەیوەندى لەگەڵ بەتین بكەین بۆ سوودى خەباتەكەمانو بەرژەوەندى گەلەكەمان بەومەرجەى لەگەڵ داواكاریەكانمان بگونجێن، باشە ئەگەر وایە بۆچى كۆمەڵێك شیوعى بەدەسەڵاتو دوژمنى سەرسەختى ئەو ڕژێمەن وا خراونەتە ناو گەلى گەرەنالى، وەك دەست بەستراو و بەند بێبەش كراون لە ڕووبەڕووبونى دوژمنو ڕێگایان لێ گیراوە)، مقدم عزیز گوتى: (ئەوەى ڕاستى بێت زۆریان لێ پەست بووم لە كاتێكا بیستم بڵاویان كردۆتەوە گوایا ئەوان گەلى على بەگیان گرتوە بەتەنیا بۆیە ڕێگام نەداون بێنە بەرەى ڕووبەڕووبونەوەى دوژمن، ڕاستە ئەوانیش بەشدار بوون لە گرتنى گەلى على بەگ، بەڵام ئەوەندە نەبوو، ئەوەندەى ئەوان گۆتبویانو بڵاویان كردبۆوە). عزەت وەڵامى دایەوەو گوتى: (خاڵ عزیز من لەو باوەڕەم وانەبێت ئەوەى ئەو قسانەى بە ئێوە ڕاگەیاندوە، ئەوان ئەمەیان بڵاوكردبێتەوە، بەڵكو بەزارى ئەوان بڵاوكراوەتەوە دوریش نیە كە بە هەڵە بۆ ئێوە گەڕابێتەوە، پێویستە ئێوە لەو ڕوەوە ئاگاداربن خەڵكى دڵ ڕەشو پڕوپوچ هەن نایانەوێ یەك گرتن لەناوماندا هەبێت). دووبارە بەدەنگ هاتمەوەو گوتم: (خاڵ عزیز ئەگەر دەتانەوێ بەڕاستى سەركەوتووبین دەبێ پەیوەندى لەگەڵ نەیارانى دوژمن بەتین بكەینو باوەش بۆ كۆمەڵو كۆمەڵگا بكەینەوە، بەتایبەتى لەگەڵ بەرهەڵستكارانى ڕژێم، خۆشتان ئەوە دەزانن كە شیوعیەكان دژوارترین بەرهەڵستكارى ئەو ڕژێمەن. پاڵپشتى بەهێزى بنەڕەتى هەمیشەین بۆ یارمەتیدانى كوردو شۆڕشو داواكاریەكانمان)، ئەوەى هەستم كرد لەكاتى قسەكانم مقدم عزیز گرژ ببوو دەیویست وەڵامم بداتەوە، بەڵام پێش ئەوەى بەدەنگ بێت (ئەحمد مستى بارزانى) بەدەنگ هاتو گوتى: (خاڵ عزیز قسەكانى كاك زرار لە جێى خۆیەتىو ڕاستە، ئێمە لەوكاتە ناسكەدا پێویستیمان بە یارمەتىو هاوكارى تاكە كەسێكیش هەیە كەچى هاوكارى لەژێر دەستماندایەو پاڵى دەدەینو لەخۆمانى بەدوور دەخەینەوە كەى ئەوە ڕاستە؟. بەڵكو زیانێكى گەورەیەو مەترسى بەدواوەیە، لەبەر ئەوە بەڕاست دەزانم هەرئێستا بنێرن بە دوایاندا بۆ ئەوەى بێنە بەرەى ڕووبەڕووى دوژمنو بەشداربن لەو شەڕەى ئێمە دەیكەین)، لە دواى ئەو داوایەى ئەحمد مستێو قسەكانى ئێمە مقدم عزیز بە ناچارى بە ملازم تاهیرى گوت: (نامەیان بۆ بنوسە با چەكدارەكان بنێرن بۆ بەرەى سپیلك بابێنە لاى (زرارو عزەت)، هەرئەوكاتە ملازم تاهیر نامەى بۆ نوسین كە بێن بۆ بەرەى سپیلك. كۆبونەوەكە كۆتایى هات هەریەكەى گەڕایەوە لاى پێشمەرگەكانى، دواى بڵاوە پێكردنى بەشداربوانى كۆبونەوەكە زۆرى پێ نەچوو عقیدكافى پەیدا بوو، شەویش لاى ئێمە مایەوە، بەیانى ڕێكەوتى (12/7/1963) لەگەڵ ئاسۆى بەیانى دوو فڕۆكەى دوژمن لە جۆرى (فیوورى) گەیشتنە سەر بەنۆكو ئیتر بە بۆمباى ئاگر پڕژێنو شەستیر گوندەكەیان بۆمبا باران كرد ئەو دوو فرۆكەیە هێشتا نەڕۆیشتبوون فرۆكەیەكى ترى بۆمبا هەڵگر لە جۆرى (لویوشین) گەیشتە سەرگوند ئەویش ئەوەى پێى بوو فڕێیدایە سەر گەنمو نیسكەكانى دەوروبەرى گوند، بەڵام چالاكانە خەڵكەكە ئاگرەكەیان كوژاندەوەو نەیان هێشت دانەوێڵەكەیان بسوتێ، عقید كافىو ئەوانەى لەگەڵى بوون هەرئەوەندەیان بۆ كرا بەپەلە بڕۆن.

لەگەڵ عزەت دوو بە دوو دانیشتین كەوتینە دوان دەربارەى هاتنى چەكدارەكانى شیوعى بۆلاى ئێمە، گوتمان (مادام عزیز ئێمەى دیار كردكە شیوعیەكان بێنن، پێویستە ئێمەش بە پێى توانا یارمەتیان بدەین بۆئەوەى بەلانى كەم ناوەكانیان بخرێتە لیستى پبَشمەرگە، بۆ ئەوەى ئازوقەیان پێ بدرێت، و ئەگەر هاتوو چەكیشمان بەدەست كەوت لەویش یارمەتیان دەدەین، ئەوەشمان خستە بەرچاو ئەگەر بوو بە شەڕ دەتوانین چەك لە پێشمەرگە بێ توانایەكانى خۆمان وەرگرینو بیدەین بەوان بۆ ئەوەى شەڕى پێ بكەن تا دیاربنو جێى خۆیان قایم بكەنو ببنە جێگاى باوەڕى هەموو لایەك، بەم شێوەیە چاوەڕێى ئەوان بووین كە بێنو بگەنە لامان. ئەو ماوەیەى لە گوندى بەنۆك بووین ڕۆژانە دەڕۆیشتینە ژێر دارەكانى گۆڕستانى دامێنى گوند لەبەرئەوەى ڕووبەڕوو بوو لەگەڵ ڕێگاى گشتى ئەوەى بە سپیلك تێپەڕ دەبوو، بەشەویش هەموومان نۆبەتدار بووین لەگردەكان، بەڵام ئەوەى ڕاستى بێت بۆ خواردنو خۆراك زۆر هیلاك بووین، ئەوەى هەبوو تەنها نانو چا بوو خۆراكمان نەبوو ناوە ناوەش كوشتەیان پێ دەداین، ئەویش هەریەكەى پارچەك گۆشتمان بە بەردەكەوت یان نا! لەكۆبونەوەى بەنۆك هەندێك تەوجیهاتمان پێدرا لە ڕووى ئاشنا بوون لەگەڵ كاروكردارى پێشمەرگایەتىو هەندێ شتى تر كە نەمان دەزانىو لامان ڕوون نەبوو كە زۆر باش بوو زانیمان، وەك باسكراوە بەنۆك گوندێكى پەنایەو لەناو كەندێكدایە هەتا بەسەرى هەڵ نەبىو نەگەیە ناوى دیار نیە، كانیاوێكى كەم ئاوى هەیە لە دەورى ئەو كانیاوە چەند بنە هەنجیرێك هەن ئەویش لەبەر بێ ئاوى هەڵ نەكەوتوون، دانیشتوانى ئەو گوندە نەزاننو ژیانیشیان ژیان نیە بەڵكو دەردەسەریە. ڕۆژى سێیەمى دواى كۆبونەوەى بەنۆك فڕۆكەیەكى هەلیكۆپتەریش كاتى نیوەڕۆ گەیشتە سەر سەنگەرەكانى ئێمەو دەسوڕایەوەو بۆ دەست نیشان كردنى ئەو شوێنانەى مەبەستى بوو، ئەوكات ئێمە لە ژێر سێبەرى دارەكانى گۆڕستان دانیشتبووین لە هەموو لایەكەوە تەقەى لێ كراو فڕۆكەكە سەرى لێ شێواو نەی دەزانى بۆكام لابڕوات!! هەرئەوەندەى بۆ كرا بگەڕێتەوە هەریر لەوێ نیشتەوە، بەڵام چى! لە سەربازگەى هریر ئێمە كەوتینە ژێر ئاگربارانى تۆپەكانى دوژمن هەرئەوەندەمان بۆ كرا ڕابكەینە شوێنە پەنایەكانو خۆمان پەنا بدەین، ئەو نۆبەتدارانەى كەلەسەر گردەكان بوون لە تۆز دیارنەبوون وامان دانا كە كەسیان نەمابن، لەبەرئەوان خۆم پێ ڕانەگیراو تۆپ باران هەربەردەوام بوو من ڕۆیشتم هەرچەندە پێشمەرگەكان هەوڵیاندا نەڕۆم لەگەڵ ئەوەشدا هەر ڕۆیشتم بۆ لایان بەخۆشم نازانم كە چۆن گەیشتمە ئەوێ ! كە چوومە لایانو بینیم هەموویان سەلامتنو ماوون زۆر خۆشحاڵ بووم كە ئەو قارەمانانە(تاهیرحەمەدو ئەحمد قادروكەژە حسێنو ڕەسول ئەحمد گەڵاڵى) كە دانیشتوى ڕەژیكەریان بوون زۆر مەردانە سەنگەرەكانیان جێ نەهێشتبوو ئەگەرچى هەموو دەقیقەیەك مردن چاوەڕوانیان بوو بە جۆرێك لەو شوێنە دەرباز بووینو خۆمان ئاودیووكرد بەدەردەسەرى لەبەرئەوەى شوێنەكە ڕووبەڕووى دەشتى هەریر بوو، ببوە ئامانجى تۆپەكان بەپەلە هەوڵماندا خۆمان بگەیەنینە پەنایەك كە گوللە تۆپ نەیگرێتەوەو ئەوكاتەش تۆپەكان بێ وەستان دەهاوێژران.

هاتنى چەكدارەكانى شیوعى بۆ سپیلك
دواى ئەوەى نامەیان بۆ نوسین كۆمەڵێك چەكدارى شیوعى گەیشتنە بەنۆك، ئێمە لەسەر كانیاوى گوند بووین پێیان ڕاگەیاندین كە چەكدارەكانى شیوعى گەیشتنە گوند، بێگومان پێشوازیەكى گەرممان لێ كردن هەرئەوكاتە ئەو تاكە(گیسك)ەى هەمان بوو بۆمان سەربڕین، ئەوشەوە لەلاى ئێمە مانەوە گوایا لەسەر ڕاسپاردەى ڕەئیس كمال دەبێ لەلاى ئێمە بن ئێمەش وامان دانابوو، بەڵام كاتێك لەگەڵ حاجى جرجیس كەوتمە دوان ناوبراو ڕایگەیاندو گوتى: لە ڕێگا دەهاتین كێشە بوو لە نێوان حسێن خەبازو ملازم مهدى دیار بوو زۆر بەتوندى لەگەڵ یەكتر دەدوانو نێوانیان تێك چوو لەسەر ئەوەى حسێن خەبازو حاجى حسن ئاغا ناڕازى بوون بەوەى بێن بۆلاى ئێوە ئەوان دەیان گوت (ئەگەر بڕۆینە لاى زرارو عزەت ماناى وایە لە ژێر دەسەڵاتى زراردا دەبینو ناوبراو فەرمانڕەوامان بێت ئەوەش بۆ ئێمە ناگونجێت)، برادەرم حاجى زیاتر لەسەرى ڕۆیشتو دەڵێت: (ملازم مەهدىو مام ئەلیاس هەوڵێكی زۆریان دا بۆ ئەوەى لە سەر ڕاسپاردەى ڕەئیس كەمال لاى ئێوە بین هەر ڕازى نەبوون) كەچى ڕەئیس كمال پێى گوتن (دەڕۆنە لاى هێزى مام سلێمان بەگ). بە حاجى برادەرم گوت: (كاكەى ئەزیزم با ئەوە باش بزانن كەلەسەر داواى من بووە ئەوانیان هێناوەتە ئێرە ئەوجا با بە ئارەزووى ئێوە بێت گرنگ نیە لاى ئێمە دەبن یان لە هەر شوێنێكى تربن گرنگ ئەوەیە كە ئێوەیان هێناوە بۆ بەرەى ڕووبەڕووبونەوەى دوژمن، ئەوەى لەسەر ئێوە پێویستە ئەوەیە خۆتان بە دیاربخەنو جێگاى خۆتان قایم بكەن، ئەگەر چى من گەش بین نیم ئەوەى گوتم لە تواناى ئەواندا بێت سەرپەرشتى ئێوەیان پێ بكرێت!).

لەوباسە گەڕاین دەستمان كرد بەقسەى ترو سەربردەكانى ڕابردوو هەندێ شتى گرنگ ئەوەى لە داهاتوو لێى بدوێینو بخرێتە بەرچاو ئەگەر بەسەلامەتى بگەڕێینەوە، لە قسەكردنماندا بۆم ڕوون بوەوەو بەدیاریش كەوت كە ئەوان بەتێكڕا ناڕازى بوون لە هەڵوێستو كردارى هەندێك پیاوى دوور لەڕاستىو ئێستا خۆیان كردوە بەدەمڕاست. بەپێى توانا هەرچى لەدەستمان هات بۆمان كردنو ڕێزێكى زۆرمان گرتن بە هاتنیان خۆشحاڵ بووین بە نیازێكى پاكەوە دەمانویست یارمەتیان بدەین، بەڵام بەیانى ڕۆژى دوایى پێش نیوەڕۆ نامەیەكى مقدم عزیزم پێ گەیشت نوسى بووى: (برایانى بەرێز زرارو عزەت، ئەوشوعیە چەكدارانەى لەسەرداواو خواستى ئێوە هاتبونە سپیلك لەسەر داواى خۆیان بیان نێرن بۆلاى ڕەئیس عوڕەفا ئەسعەد لە دامێنى چیاى بەنى هەریر لە پشتى گولەك). دواى خوێندنەوەى نامەى مقدم عزیز پێم ڕاگەیاندن بفەرمون لەسەر خواستى خۆتان بڕۆنە لاى ئەسعەد خۆشناو لە دامێنى چیاى بەنى هەریر ئەو شوێنە حسێن خەبازو حاجى حسن ئاغا داوایان كردوە، بەو شێوەیە ئەوان ڕۆیشتن، ئێمە پێمان خۆش نەبوو بڕۆن لەبەر ئەوەى دەمانزانى ئەوان ئەوەندە زاناو شارەزا نەبوونو وەك چەكدارەكانى ئێمە شەڕیان نەدیبوو، بەڵام دیار بوو بەرپرسەكانیان بەڕاستیان نەزانى لەلاى ئێمە بن ! ئەو شوێنەى ئێمەى لێ بووین ببوە ئامانجى تۆپو فڕۆكەكانى جەنگى، بێ وەستان ئاگرى تۆپو هێڕشى فڕۆكەكان لەسەرمان بوو وەك لەسەرەوە دیاركراوە، ئەوشەوەى عقید كافى لامان بوو، بەیانى زۆر زوو فرۆكەكان هاتن ئەوەندە نەوى دەسوڕانەوە هەرئەوەندە بوو خۆیان لەدارەكان نەدەداو بەس، ئەو شەوە لەگەڵ عقیدكافى تا درەنگى شەو دانیشتین لە زۆر ڕوەوە قسەوباسمان كرد ئەوەى ڕاستى بێت ئەو پیاوە زۆر وشیارو پێ گەیشتوو بوو، بەتایبەتى لەڕووى سیاسىو عەسكەریەوە، لەكاتى قسەكردن پێم گۆت: شەوان لەنزیك ماڵى حسێن ئاغاوە (قەندیلە)ى پەیوەندى كاردەكات لەگەڵ سەربازگەى دەشتى هەریر بە ئاشكرا دیارە. كافى لەوەڵامدا گوتى: (دەتوانم بڵێم ئەو پیاوانەى لەگەڵ منن زۆر لێیان بەباوەڕ نیم كە بەپاكى لەگەڵ مندا بن، لەوانەیە زۆربەیان پەیوەندیان بە حكومەتەوە هەبێت !) ئەوەى جێگاى نیگەرانیمان بوو ئەوە بوو كەبەیانى بەپەلە عقید كافى گەڕایەوە بۆ دیوى گوندەكانى ئەو دیوو(لێڕەمیرو دەربەندۆكو سرێشمە).

خۆراِگرى هێزەكەى ئێمە لە بەنۆك ورەو توانایەكى زۆرى دەویست، ئەویش لەبەرئەوەى دوژمن بەهەموو هەوڵێكیەوە دەیویست ئەوشوێنە ستراتیجیە بەجێ بهێڵین، بۆیە بە بەردەوامى ببوینە نیشانى تۆپو فرۆكەكانى دوژمن، لەگەڵ ئەو هەموو ئاگربارانەشدا دوژمن نەیتوانى وورەى پێشمەرگەكانمان داببەزێنێتو بە هیچ شێوەیەك شوێنى خۆمان جێ نەهێشت تا ئەو كاتەى هەموو هێزى پێشمەرگەى كوردستان لە ناوچەكە كشایەوە.
هێڕشى گشتى سوپاو جاشەكان: كاتێك هێڕشى دوژمن بەجاشو سەربازەوە لە هەموو لایەكەوە دەستى پێ كرد، هێڕش هێنەران لەلاى گوندى (ئامۆكان) بەسەركەوتنە سەر بەرزاییەكان، لە ئەنجامى شەڕێكى زۆر دژواردا پێشمەرگەكانى مرادئاغاى بیرێ بەناچارى لە ژێرئاگرى تۆپو فرۆكەكانو هێڕشى بەردەوامى سەربازو جاش شوێنەكانیان بەجێ هێشت، هەر بەهەمان شێوەش پێشمەرگەكانى مستەفا نێروەیى شوێنەكانیان بەجێ هێشتوكشانەوە بەرزایەكانى لاى (بێخمە) سوپاو جاش هاتنە شوێنى ئەوان، لەوێوە ڕووى چەكەكانیان كردە سەنگەرەكانى ئێمەو لە دەشتى هەریریشەوە لولەى تۆپەكان لە ئێمە كرا لەبەر تۆزى بۆمباو گوللە تۆپ كەس كەسى نەدەدى، دواى گەردەلولەكە دیاربوو لە بەنى هەریریش شەڕێكى دژوار بوو لە دەوربەرى نیوەڕۆ پێشمەرگەكانى ئەوێش لە سەنگەرەكانیان هەستانو ئاواى دیوى ئالانەو خلیفانیان كردن، ئەوجا لەگشت لایەكەوە ڕوو لە ئێمەو ئەحمەد سعید سپیندارى كرا، ئەوان لەخوار ئێمە بوون بەڕادیۆ گوێبیستى لاسلكى سەربازگەى ئامۆكان بووین دەیگوت: (هەموو هێزى یاخى بوەكان لە شوێنەكانیان كشاونەتەوەو شوێنەكانیان جێ هێشتوەو چوونەتە بەرزایەكانى سەرچیا، تەنیا شەڕكەرەكانى سلێمان بەگى دەرگەڵەیى خائین لە شوێنى خۆیان پێیان چەقاندوە، ئەوەندەى بۆتان دەكرێت بە تۆپو فرۆكە لێیان بدەن)، بەكشانەوەى هێزى پێشمەرگە هەموو زەبرو گرانایى كەوتە سەر ئێمە بە ڕاستى زۆر شپڕەزەیان كردین لەگەڵ ئەوەشدا جێگاى خۆمان بەجێ نەهێشت، لە دواى نیوەڕۆ ئەحمد سعیدیش ناچاركرا بكشێتەوەو بریندارەكانى دەرباز بكاتو ئێمەش هاوكارى بووین تا دەرباز بوون، لە دواى دەرچونى ئەوان چەند جارێك هەوڵیان دا لێمان نزیك بكەونەوە، بەڵام هەموو هێڕشەكانمان بەرپەرچ دەدایەوەو بەرەو دواوە دەگەڕانەوە بۆ بنارى سپیلك، هەرجارەى دەگەڕانەوە دواوە ئاگرى تۆپو هێڕشى فڕۆكەكان زیاتر دەبوو لەسەرمان تا درەنگى ئێوارە لەژێر ئەو زەبرو زەنگەدا بووین لە دواى كاتژمێر پێنجى ئێوارە ئەوجا ڕاسپاردەى مقدم عزیزو سعید میرخان بارزانى، خۆى گەیاندە لامانو نامەى مقدم عزیزى هێنابوو كە بكشێینەوە گوندى (لێڕە میرى)، ئێمەش لەسەر داواى مقدم عزیز لەدواى كاتژمێر پێنجى ئێوارە دەستمان بە كشانەوە كرد، لە ئەنجامى هێڕِشى بەردەوامى فڕۆكەكان ئاگر بەرببوە پوشو دارستانى ناوچەكە، دوكەڵى ئاگر قەدپاڵى چیایەكانى تاریك كردبوو، بە شێوەیەكى ڕێك وپێك پێشمەرگەكانمان لە شوێنەكانیان هەستانو بەرەو بەرزاییەكان سەركەوتن، لە ژێرئاگرى چوار فڕۆكەى جەنگى كە زۆر بەچڕى لێیان دەداینو تۆپەكانى دەشتى هەریریش بێ وەستان تۆپبارانیان دەكردین، لەوكاتو ساتە ناهەموارەى لەناو دوكەڵ ڕۆیشتندا بووین لە دوورەوە دیار بوو یەكێك بەپەلە بەرەو ڕووى ئێمە دەهات كاتێك نزیك كەوتەوە دیار بوو(سەعیدى رەزاق)یە پێیەوە دیاربوو كە زۆر پەشۆكاو بوو، یەكسەر گوتى: (خدر حسێن بریندارەو دەمانەوێ بیبەین بۆ خەلانو لەهاوڕێیانمان دابڕاوین، بەڵكو هاوكاریمان بكەن تا بەسەرى دەخەینە سەرگەروەكە لەوێ بەولاوە خۆمان دەیگەینینە لێڕەمیر)، یەكسەر ئەوانەى لەگەڵم بوون ڕۆیشتن كاتێك گەیشتنە لاى خدر، دیتمان عومەرى عەوڵاى سێمانى لەلابوو، سەیرى خدرم كرد ئەگەرچى هیلاكیش بوو بەڵام وورەى بەرز بوو دەیگوت: (هەڵم مەگرن خۆم بدەنە بن شانم وردە وردە خۆم دەتوانم بڕۆم)، پێم گوت: (ئێمە یەك لەشكر پێشمەرگەین چۆن دەبێ تۆ بەو برینداریە بەخۆت بڕۆى عەیب نیە؟) لەوێیەوە هاوكاریمان كردن تا بەسەرمان خستە سەر گەروەكە، لە ڕێگا سعید رزاق بۆى گێڕامەوە كە چۆن گوللە تۆپ بەناو سەنگەرەكەیان كەوتبوو گوتى: (هەموومان لەناو یەك سەنگەردا بووین گوللە تۆپێك بە ناومان كەوت حەوت پێشمەرگەمان برینداربوونو حاجى جرجیسو هەمزەش شەهید بوون، لاشەكانیان لەوێ بەجێ ماون)، حاجى جرجیس خۆشەویسترین هاوڕێم بوو، دیاربوو بریندارەكانى تر برینەكەیان سوك بووە، بە خۆیان ڕۆیشتبون، (خدر)مان بەسەر گەروەكە خست لەوێ منو دووسێ چەكدار گەڕاینەوە بە دواى ئەو چەكدارانەى لەگەڵ عزەت مابوون لەسەركانیاوەكەى دیوى لاى كەلەكین چاوەڕوانمان دەكردن، بەردێكى زۆر گەورە لە پشتى كانیاوەكە بوو دیتمان لە بن بەردەگەورەكە مریشكێك بە جوجەڵەوە بەسترابوەوە كاتێك ئاگرى لێ نزیك كەوتەوە زۆرى نەمابوو بیان گاتێ مریشكەكە خۆى ڕاتەكاند بەسەربەردە گەورەكە بكەوێت نەیدەتوانى لەبەرئەوبەنەى پێیەوە بەسترابوەوە بەنەكەش كورت بوو، بەپەلە چووم بەنەكەم پساندو مریشكەكە بەڕەڵا بوو لەگەڵ بەرەڵا بوونى بەسەربەردەكە كەوت جوجەڵەكانیشى بەدوادا سەركەوتن، بەوردى سەیرم كردن ڕۆیشتنە شوێنێك لەناوەڕاستى بەردەكە دوور لە ئاگر، لەوكاتەش برادەرەكانمان گەیشتنە لامان دنیا تاریك داهاتبوو بەرەو (لێڕەمیر) كەوتینە ڕێ، بە درەنگەوە گەیشتینە گوند هەر زوو پرسیم (خدر) لە كوێیە؟ گوتیان بەڕێ كرا بۆ گوندى خەلان، بە ئێمەشیان گوت بڕۆنە گوندى (كانى كۆڕك) عقید (كافىو مقدم عزیز) لەوێ چاوەڕوانى ئێوە دەكەن. لە دواى پشوەیەك سەرەو ژێر ڕۆیشتینە خوارەوە بەرەو (كانى كۆرك) بەو شەوە تاریكە ئەو لەشكرە كەوتبوە ڕێ كاتێك لە گوند نزیك كەوتینەوە دیمان كۆمەڵ كۆمەڵ چەكدارەكانى (حاجى بێرۆخى) ئاگریان كردبۆوە لە دەورى دانیشتبون، بەو شێوەیە چەكدارەكانى ئێمە لە شوێنێك وەستان كە چووینە لاى عقید (كافىو مقدم عزیز) دیار بوو (حاجى بێرۆخىو مستەفا نێروەیىو مرادئاغا)و چەندى تریش لەوێ بوون، لە دواى گەیشتنى منو عزەتو خدرى عوڵا بەگ ئەوانەى پێویست بوون بانگ كران، بەپرسەكانى پێشمەرگە گشتیان ئامادە بوون لەسەرەتادا (عقید كافى) دواوگوتى: (ئەوەى جێگاى پەرۆشىو نیگەرانیە ئێوە ئەوها بەئاسانى شوێنەكانتان بەجێ هێشت، خۆ هەمووتان دەزانن شوێنى پێشمەرگەكانى مام سلێمان بەگ لە هى هەمووتان سەختترو مەترسیدارتر بوو، كەچى هەرئەوان بەتەنیا مابونەوە، لە هەموو لایەكیش لێیان دەدرا تا ڕاسپێردراومان نەنارد لە شوێنى خۆیان نەجوڵانو سەنگەرەكەى خۆیان جێ نەهێشت، كە ئێوە شوێنەكانتان جێ هێشت دوژمن ڕووى لەوان كرد، ئەگەر پێمان نەگوتبان بكشێنەوە ئێستاش هەرلەوێ دەبوون، بەلامەوە زۆر سەیرە لە كاتێكدا پێشمەرگەكانى دەوروبەرى سرێشمەو خلیفان هەموویان لە شوێنەكانى خۆیاننو ئاگادارنین كە ئێوە ڕێگاتان بۆ دوژمن چۆل كردوەو ژیانى ئەوانیشتان خستۆتە مەترسى، وەك بڵێى ئێوە گوێ ڕایەڵى فەرمانەكان نین!) عقید كافى زۆر بەتووندى دابەزیە سەر فەرماندەكانو واى نیشاندا كەوا فەرمانەكان بەپێى پێویست جێبەجێ ناكرێن، دەبێ بزانین هۆى چیە؟ لە قسەكانى (كافى)دا وا دیاربوو كە ناكۆكى هەبێت لە نێوان ئەوو (عزیز) وا پێ دەچوو هۆیەكەشى هەرئەوە بوبێت كە ئەوها بە ئاسانى (سپیلك) بەردراو كشاینەوە، لەبەرئەوە (كافى) ئەوەندە پەست ببوو فەرمانى دا كە دەبێ هەر ئێستا بگەڕێنەوە سەر بەرزایەكانى زنجیرە چیاى (بێخمە) تا (سرێشمە). عزەت دواو گوتى: (ئەوەى جێگاى نیگەرانیە بە جێ هێشتنى سپیلك بوو بەو شێوەیە بەڕاستى كارێكى ناتەرزو شەرمەزارى بوو بەو شێوەیە ڕێگا بدرێت بە دوژمن ئەگەر(سپیلك)یشمان بەجێ هێشت نابوایە بەرزایەكانى سەرچیا بەجێ بهێڵین). منیش لە قسەكانم گوتم: (ئەوەى دیارە هەست بەساردیەك دەكرێت هەرئەو ساردیەش بووە هۆى ئەو پەشێوىو ناڕێكیە ئەوەش سەركردەكان بەرپرسیارن نەك ئەو پێشمەرگانەى لەژێر فەرمانى ئەواندانە، گومانى تێدانیە شكانى ئەو لەشكرە بەم شێوەیە دەنگێكى ناسازى دەبێتو ئەنجامیشى مەترسیدارە). ئینجا (حاجى بێرۆخى) گوتى: (بفەرموو كاك كافى ئەوەى پێویستە با بیكەین تا زووەو خەڵك بڵاوەى نەكردووە، ئەگەر ئەو چەكدارانە بڵاوە بكەن كۆكردنەوەیان بۆ جارێكى تر زەحمەتە، دەبێ ئەوەش بزانین مەلامستەفا بەوشكستە لێمان زویر دەبێت). دیسان (كافى) داواى كرد بەپەلە بگەڕێنەوە شوێنەكانتان بۆ سەر زنجیرە بەرزایەكانى سەرچیا، ئەگەر هەر نەبێت بتوانین (گەلى على بەگ) بپارێزینو لەدەستى نەدەین، خۆئەگەر بتوانین ڕێگا لە سوپا بگرینو چەند ڕۆژى تر نەگاتە خلیفان ئەوە زۆر باشە) عقیدكافى هەر لە بێخمەوە تا سرێشمە هەریەكەى شوێنى بۆ دیاركردینو پێى ڕاگەیاندین نابێ كەس بێ پرس شوێنى خۆى جێ بهێڵێ ، بەپێى ڕاسپاردە هەرئەوكاتە دەستمان بەگەڕانەوە كردو هەریەكەمان بەرەو ئەو شوێنە دەچووین كە بۆمان دیاركرابوو لەسەر ئەو بەرزاییەى بەسەر هەردوو دیودا دەیڕوانى، (حاجى بێرۆخىو مستەفا نێروەیى) داندرابوون بۆسەر بەرزاییەكانى بێخمە، ئێمەش بۆ پشتى (كەلەكین)و(مراد ئاغا)ش لە ئێمە بەولاوە لە پشتى (خلیفان) داندرا، ئەو لەشكرە دابەشى سەرئەو زنجیرە چیایە كرا لەوسەر بۆ ئەو سەر.

لەبەر ڕۆشنایى ئەو بڕیارە لە (كانى كۆرك) بەڕێ كەوتین لەوێوە بە هەورازێكى سەخت سەركەوتین، شەو درەنگ بوو بەناو بێستانێكدا ڕۆیشتین، بەڵام لە تینوەتیان تەواو هیلاك ببووین، بەو شەوە تاریكە بەناو بیستان كەوتن هەندێ تەرۆزى و كاڕكە گندۆرەیان بەدەست كەوتن، لەوێ ماوەیەك حەساینەوە، ئینجا ڕۆیشتین بۆ سەر گەروەكەو چووینە ئەو شوێنەى بۆمان دیاركرابوو، كاتێك سەیرمان كرد كۆمەڵە ماڵێك لەگەڵ ماڵى (حسێن ئاغا) لە دیوى لاى (خەلانێ بیاوێ) لەبن كێلە شاخێك خۆیان پەنا دابوو لە ترسى تۆپو فڕۆكە ئەوان وایان دەزانى ئێمە ڕۆیشتوینو ناگەڕێینەوە كەچى دیتیان ئێمە لەسەر گەروەكەین. پێش دەركەوتنى ئاسۆى بەیانى من لەنزیك نۆبەتدار دانیشتبووم هەرئەوەندەم زانى نۆبەتدارى پێشەوە (فتاح فقێ حسن) گوتى: (كوڕە تۆ كێى؟) هەر لەگەڵ دەنگدانى نۆبەتدار من گەیشتمە لاى، دوو پیاوى بەچەكمان دیت هەر زوو پێمان گوتن: (دەستتان هەڵبڕن ئەگینا كوژران؟) زوو دەستیان بەرزكردنەوەو گوتیان ئێمە پیاوى (حسێن ئاغا)ین . دوایى چەكەكانمان لێ وەرگرتن، بەدیاركەوت كەوا پاش ئەوەى ئێمە ڕۆیشتینە (كانى كۆركێ) حسێن ئاغا ئەو دوو پیاوەى ناردبونە لاى ئامیر لیواو ئاگادارى كردبوون كە پێشمەرگە لەوێ ڕۆیشتوونو ئەوێ چۆل كراوە، نەیانزانى بوو ئێمە گەڕاوینەتەوە، لێم پرسین (بۆچى چونەتە خلیفان؟) یەكێكیان هەر زوو گوتى: (كاغەزى حسێن ئاغا)مان بۆ ئامیرلیوا برد، دیسان پرسیم: (كاغەزەكەتان لەوێ دابەكێ ؟) گوتیان: (دامانە دەستى ئامیرلیوا خۆى). پرسیم: (كاغەزى ئامیرت بۆ حسێن ئاغا هێناوەتەوە؟) گوتیان: (نەخێر ئەوان چاوەڕێن حسێن ئاغا بە خۆى بڕواتە لاى ئامیرلیوا بەو نیازەى بڕواتە ئاڵانە، عومەرئاغاى براى لەوێیە بیهێنێتەوە). لەدواى ئەوەى بۆمان دەركەوت پیاوى (حسێن ئاغا)ن بەڕێم كردن بۆ لاى خۆى، ناوبراو گوتبوى: (ڕاستە پیاوى منن) ئەوكاتە تفەنگەكانیان دابونەوە دەستى (حسێن ئاغا).

ئەوەى شایانى باسە هەرئەو بەیانیەى گەڕاینەوە سەربەرزایەكان سەیرمان كرد هێشتا هێزەكانى دوژمن بەسەرنەكەوتبونە سپیلك، لەگەڵ هەڵاتنى خۆر تانكەكان خەریك بوون لە پێچەكان بەسەردەكەوتن، بەڵام زۆر بەترس دەڕۆیشتن، نزیك كاتژمێر یازدە ئەوجا بەسەركەوتنە سەربەرزاییەكەى نزیك قەبرى (خدرئاغا) كە دیتیان كەسیان لە پێش نەماوە دەستیان كرد بەتەقەو سەربازەكانیش سەركەوتن، لە دواییدا ڕوویانكردە ئەو شوێنەى ئێمەى لێ بووین گردى (بەنۆك)، بەڵام پێش ئەوەى بەرەو گردەكە بڕۆن ئەو گردە كەوتە بەرهێڕشى فڕۆكەو تۆپ بارانێكى سەخت، تا تەواو دڵنیا بوون لەوەى كە كەس نەماوە ئەو كاتە تانكەكان بەرەو گردەكە كەوتنە ڕێو جاشو سەربازیش زۆر بەترسەوەو بەپارێز بەرەو ئەو سەنگەرانەى ئێمەى تێدا بووین سەردەكەوتن، وایان دەزانى ئێمە هەرلەوێینو نەڕۆیشتیوین، ئێمە ڕۆژى پێشوو ئێوارەیەكى زۆر درەنگ ئەوێمان جێ هێشتبوو، بێگومان ئەوچەند ڕۆژەى لەوێ بووین چەند جارێك هێڕشى ئەوانمان بەرەو دواوە گێڕابوەوەو بەشكاوى سەرەوژێر ڕاو دەندرانو ترسێكى باشمان دابونێ، هەر لەبەرئەوەش ئەوەندە بەترس بۆگردى (بەنۆك) دەڕۆیشتن، لەوكاتەى خەریك بوون بەسەرگردى بەنۆك بكەون ناردم بە دواى (حسێن ئاغا) زۆرى پێ نەچوو ناوبراو هات بینى سوپاو جاش وا بەرەو (كەلەكین) دەڕۆن، (حسێن ئاغا) گوتى: (گەڕانەوەى ئێوە بۆ ئێرە هەموو كارەكانى منى تێكدا، ئەگەر ئێوە نەگەڕابانەوە ئێرە گوندى (كەلەكین)یش ئەمڕۆ نەدەسوتێندرا). پێم گوت: (حسێن ئاغا چەند چەكدارت لایە با بێن لەگەڵ ئێمە هەرئێستا دەڕۆینو ناهێڵین بگەنە گوندو دەیانگێڕینەوە). ئەو پیاوانەى لەگەڵی بوون گوتیان: (ئەوەیە هەڵوێستى ڕاست دەبا بچین شەڕێكى مەردانەیان لەگەڵ بكەین)، دیاربوو (حسێن ئاغا) قسەى ئەوانى پەسەند نەكرد، واپێ دەچوو پەیوەندى پێوە كردبن، ناوبراو لەوێ وەستا تا سوپاو جاش گەیشتنە ناو(كەلەكین)و سوتاندیان خۆىو پیاوەكانى باش سەیریان دەكرد كە چۆن كەلەكین دەسوتێندرا، ئەوجا بە دڵتەنگى گەڕانەوە ئەو شوێنەى ماڵەكانیان لێ بوون.

ئێوارەى هەمان ڕۆژ (خدرى عوڵا بەگ) لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەكى تر دابەزیبونە ناو ئەو ماڵانەى كە لەترسى تۆپو فڕۆكە خۆیان پەنا دابووە بن كێلە شاخەكان لە دیوى (خەلانى بیاوێ) بێگومان ماڵەكان ناسراویان لەگەڵدا بوون، كاتێ زانیبویان ئێمەین لە پشتى ماڵەكانى ئەوانین (ش.م.د) یەكێك بوو لە باوەڕ پێكراوەكانى ئاغاكان بە نەهێنى هاتە لاموگوتى: (بەڕاست نازانم ئێوە لێرە بن با بارزانیەكان بنێرنە شوێنى ئێوە لەبەر ئەوەى نیازى سورچیەكان باش نیە، دوور نیە ڕێگا خۆشكەرو هاوكار بن بۆ یارمەتیدانى هێزەكانى حكومەت بۆ لێدانى پێشمەرگە، لەبەرئەوە پێم خۆش نیە ئێوە بكەونە بەرلێدانى ئەوان، بۆیە ئێوە لێرە بڕۆن بۆ شوێنێكى ترو زۆریش ئاگادارو ووریاى خۆتان بن!) دیاربوو ئەو پیاوە هەستى بەمەترسى دەكرد بۆیە نەیدەویست ئێمە لەوێ بین. دوابەدواى ئەو قسانەى ئەو پیاوە دڵسۆزو پاكە،(خدر)ئەوكات چووبوە ناوماڵەكانو چاوى كەوتبوو بە كوڕى پورم (حمد مستەفا) ناوبراویش ڕای سپاردبوو كە بە زرار بڵێ لێرە بڕۆنو دوور بكەونەوە لەوشوێنەى ئێستاى لێن لەبەر ئەوەى سورچیەكان نیازیان باش نیە بەرامبەر ئەو هێزە. لەگەڵ گەیشتنى ئەو دەنگوباسە بەپەلە دوو پێشمەرگەم بەڕێ كردن (حسن حاجى حمدامینو مینەى عوڵا قوتوى)ماویلى بۆ لاى (حاجى بێرۆخىو مستەفا نێروەیى) ئاگادارم كردن كەوا ئەو دەنگوباسە هەیە لەسەر سورچیەكانو هەڵوێستى چەوتیان. هەروەها دوو پێشمەرگەشم (خدرو تاهیرى حەمەدى) ناردنە لاى (مرادئاغاى بیرێ) بۆ ئەوەى ئەوانیش ئاگادارى ئەو نیازە خراپەى سورچیەكان بن، وە نامەیەكیشم بۆ (مقدم عزیز) بەڕێ كردو ئەو دەنگو باسەم تێدا نوسیبوو.

بۆ جارى دووەم (ش . م . د) بە نەهێنى هاتەوە لامو پێى گوتم كە لەگەڵ (حسێن ئاغا) چۆتە (خلیفان) بۆلاى ئامیر لیواو دەڵێت: (ئاغا هەوڵى ئەوە دەدا بڕواتە ئاڵانە بۆلاى عومەرى براى بەڵكو بتوانێ ڕازى بكات بگەڕێتەوەو واز لە یاخى بووەكان بێنێ)، بەڵام ئامیر لیوا پێى گوتبوو: (كارت بە عومەر ئاغا نەبێت، ئەو كارى خۆى باش دەزانێ!) ئەو ڕووداوو دەنگو باسانەى لە سەرەوە نوسراون دەربارەى (حسێن ئاغا)و پیاوەكانىو ئەوانەى گرتنمانو ئاگاداركردنەوەى هاوسەنگەرەكانمان لە نیازى سورچیەكانو چونى (حسێن ئاغا) بۆ لاى ئامیر لیوا (خدرى عوڵا بەگ)ى بە (عزەت)ى ڕاگەیاندبوو بۆئەوەى بەڵكو (عقیدكافىو مقدم عزیز) ئاگادار بكەنەوە، بەڵام (عزەت) گوتبوى: (عومەر ئاغا) پارتیەو بەرپرسى ناوچەى حریرە چۆن دەگەڕێتەوە باوەشى حكومەت؟)، (خدر)یش پێى گوتبوو: (كاك عزەت ئێمە ئەو زانیاریانەمان لە سەرچاوەیەكى باوەڕپێكراوەوە بۆ هاتووەو لەسەرمان پێویستە ئاگادارتان بكەینەوە، جا خودا بكات وابێتو كارى خراپ ڕوو نەدا).

چۆل كردنو كشانەوەى هێزى پێشمەرگە لە سپیلك
لە ڕێكەوتى (15/8/1963) ئاڵۆزى پەیدا بوو واهەست دەكرا كەوا(گەلى) كەوتۆتە دەست حكومەت، هەرئەوەندە زاندرا شەوى(16/8) پێشمەرگەكان بە گشتى لە بەرزایەكانى سەرچیا دابەزینە خوار بۆسەر پردى (خەلانێ بیاوێ) ئەوەى بەلامەوە سەیر بوو كەس بە كەس ڕانەدەگەیشت! ئەو هەموو لەشكرە كەس گوێڕایەڵى فەرمان نەبوو! هەمووى كەوتبونە ڕێ بە كڕو بێدەنگى واتدەزانى كەس لە ڕێگادا نیە! پێش دەركەوتنى ئاسۆى بەیانى لە پردى (خەلان) پەڕینەوەو دەربازى بەرى ئەوبەر بووین، لە پشتى گوند كەمێك خەوتینو لەگەڵ گزنگى هەتاو بەرەو بەرزایەكانى (پیرى خەل) كەوتینەڕێ، هەورازى پیرى خەلمان كەوتە پێشو پێیدا سەركەوتین بۆ سەر بەنى (بالەكیان) لەوێوە بەباشى دەبیندرا ئەو هەموو لەشكرە چۆن دەستە دەستە بە دواى یەكدا بەسەردەكەوتنە سەرەوە، وات دەزانى كەس لە ڕێگادا نیە ئەوەندە بەبێ دەنگى دەڕۆیشتن، ڕۆژێكى زۆرگران بوو بە شێكى ئەو بارگرانیەش لەسەرشانى من بوو، لەگەڵ ئەو بارە نالەبارەشدا كە بەسەرمان هاتبوو.

كەندو دۆڵى (پیرى خەل)مان بە جێ هێشت، تا سەركەوتین زۆر هیلاك بووینو ئەو كەندو هەورازە زۆر تینوى كردینو پەكمان كەتبوو، پێیان گوتبوین پێش بەسەر بكەون ئاوێك هەیە زۆرمان هەوڵداو بە دوایدا گەڕاین نەمان دۆزیەوە لەبەر ئەوەى شارەزا نەبووین، ئەگەرچى زۆریش لە ناو لێڕەوارى قەدپاڵى چیا بە دواى ئاوەكەدا گەڕاینو نەمان دۆزیەوەو تینوێتیش شپرەزەترى كردین، بەڵام بەناچارى بەپەلە كەوتینەوە ڕێو بەرەو گوندى (هاودیان) شۆڕ بوینەوە بۆئەوەى زوو بگەینە ئاو، لەودیویش بەناو كەندو دۆڵەكاندا پێچاوپێچ سەرەو ژێر دابەزینە خوار. ڕۆژى (17/8) گەیشتینە (هاودیان) لەوێ پشوێكى درێژمان كێشاو تا نزیك ڕۆژئاوا لەوێ ماینەوە، لە(هاودیان) چاومان كەوت بە(كەكۆ شێروانىو فرنسۆ هریرى) ئەوەى جێگاى خۆشحاڵیمان بوو (فرنسۆ) یارمەتیەكى باشى داین بە دابین كردنى خواردنى نیوەڕۆ بۆ لەشكر، ناوبراو ئەوكاتە لەگەڵ چەكدارەكانى (كەكۆ)دا بوو، ئەو ڕۆژەمان لەناو باخچەكانى (هاودیان) بەسەربردو تێر حەساینەوە، ئێوارە بەدرەنگەوە لە(هاودیان) دەركەوتینو ڕۆیشتینە سەر ڕووبار لە ڕاستى گوندى (دێلزیان) پەڕینەوەو لەوێش بەو شەوە بەرەو روِناكایى شارۆچكەى (دیانا) هەنگاومان دەنا، بەناو سەنگەرەكانى سوپادا تێپەرین، ئەگەرچى پێشمەرگەكان زۆریش بوون، بەڵام زۆر بەڕێكىو بێدەنگى دەڕۆیشتن، شەوێكى زۆر بێ هەست بوو، كاتێك گەیشتینە سەروچاوەى ئاوى (دیانا) بەسەر ئاوى جۆگەلەى پشتى (دیانا)دا تێپەڕین، پێشەنگى لەشكر ئێمە بووین، كە گەیشتینە ناو گۆڕستانى نێوان (دیاناو گوان) لە سەنگەرەكانى دەوروبەرى دیانا هەستیان بە شتێك كردو كردیان بەتەقە لەسەرتادا چەند گوللەیەكى ڕوناك كەرەوەیان هاویشتنو ئەو ناوەیان كردە ڕۆژ هەر ئەوەندەمان بۆكرا هەركەسەى لە شوێنى خۆمان درێژ بووین تا ماوەیەكو دواى ڕۆیشتین، هەستمان دەكرد لەناو گوندى (گوان) خەڵك ئاڵۆز ببون بەو تەقەیەى سوپا كردبووى چونكە خەڵكەكە زانیبویان ئێمە (سپیلك)مان جێ هێشتوە، لە دوایدا زانیان ئێمەینو تێپەڕ دەبین ئەوجا هاتنە پێشوازیمان، كەمێك لەناو گوند ماینەوە تا لەشكر تەواو تێپەڕى ئەوجا ئێمەش لە گوند دەركەوتین بەرەو (جندیانو خلكان) ڕۆیشتین. (عزەت) لە كەندە(كەورین) لایدابووە لاى سەپانەكان لەوێ پاڵى دابوەوە، منیش ڕۆیشتمە سەر پردى (خلكان) كە بنكەى چەكدارەكانى (وەهاب ئاغا)ى لێ بوو كە ئەوكات بەرگرى میللى بوو، بەو نیازەى بەڵكو شتێك پەیدا بكەین بۆ چێشت، پێش ئاسۆى بەیانى زۆربەمان گەیشتینە سەر پردى (خلكان) بێگومان پێشمەرگەكان تەواو هیلاك ببون پێم گوتن: (لێرە بحەسێنەوە تا ئەوانى تریش دەگەنە جێ، من دەچم بەڵكو خواردنێكتان بۆ پەیدا بكەم)، چووم بۆلاى (وەهاب ئاغا)و پرسیارم كرد، گوتیان وا لەناو ئەشكەوتى سەرپردێیە، كە چووم بینیم ناوبراو تازە لە خەو هەستاوە،بە چاوى بەخەوەوە گوتى: (ئەوەچى بوو بۆچى ئەوها بە ئاسانى سپیلكتان بەجێ هێشت؟) گوتم : (كاك وەهاب سەلامەت بیت، ئێمە لە ژێر زەبرى تۆپو هێرشى فرۆكەكان كشاینەوە، بەڵام سەیر ئەوەیە ئەو هەموو لەشكرەى كە لێرە بوو ئەوان بۆ هەڵاتوون هەریەكەى بۆلایەك پەرتو بڵاوبوونەوە!؟ دەربارەى سپیلك جێ هێشتن دەتوانى لە عقید كافىو مقدم عزیز بپرسى با ئەوان وەڵامت بدەنەوە). وەهاب ئاغا گوتى: (باسى هەڵاتنى لەشكرى ئێرە مەكە، هەر ئێوە لە سپیلك بەڕێ كەوتن لێرە كەس بەكەس ڕانەدەگەیشت، هەركەسەو لە بابى خۆى كەوىو زوو بڕوات بە ماوەیەكى زۆر كورت ئێرە چۆل كراو ئێمەیان بەجێ هێشت، تەنها من ماوم منیش دووسێ خزمۆكەم لاماون ئەوانیش بەنیازن بكشێنەوە بەرسرین). پێم گوت: (كاكە ئێمە برسین نانمان دەوێ ئەگەر نیە پێویستە بۆمان بكڕیت چارنیە ئێمە زۆرین لێرەش دەمێنین تا كاغەزى مقدم عزیزمان بۆ دێت). وەهاب ئاغا گوتى: (زرارە ئەفەندى بدۆزنەوە ئەو بەرپرسى ئازوقەو فڕنیە). خۆم ڕۆیشتم بۆلاى فڕنیەكە لە پشتى (بێشوك) لە ناو دۆڵایەكدا بوو، كە گەیشتمە ئەوێ سەیرم كرد دوو سێ پێشمەرگەى لێ بوون ئەویش خەریكى پێچانەوەى كەلو پەلەكانیان بوون بە نیازبوون باربكەنو بڕۆن، هێزەكانى پێشوو لەوێ بوون هیچیان نەمابوون، بە تایبەتى چەكدارەكانى هۆزەكان بەڵام مامۆستا (زرار حاجى) بەرپرسى ئازووقە لەوێ مابوو، لەگەڵ ناوبراو بەیەك گەیشتینو سەیرم كرد مامۆستا ئاڵۆز نەبوو وەك ئەوانەى لە ئەشكەوت دیمانن، لەگەڵ ئەو جوامێرە كەوتمە قسەكردنو داوام لێكرد نانمان بۆ بكەن بۆ پێشمەرگەكان، دیاربوو نانیان زۆر هەبوو ئەویش لەبەر ئەوە بوو خەڵكێكى زۆر ڕۆیشتبوونو ئەوانیش بە نیاز بوون بڕۆن، نانەكە مابوەوەو دەیانویست لەگەڵ خۆیان بیبەن بۆ(بەرسرین)، بەڵام مامۆستا زرار ئەو نانەى هەموودا بە ئێمەو دوو گیسكیش لەوێ مابوون ئەوانیشى پێداینو منیش ناردم چەند پێشمەرگەیەك هاتن ئەو نانانەى كە هەبوونو لەگەڵ دوو گیسكەكە بەڕێم كردنە سەروچاوەى ئاوى (جندیان) بۆ ئەوى لەوێ خواردنى نیوەڕۆمان بۆ ئامادە بكرێت، لەدوایدا لەگەڵ (مامۆستا زرارحاجى) دوو بەدوو كەوتینە دوانو باسى ئەو شكەستەمان كردكە چۆن پێشمەرگەكان پەرتو بڵاوەیان لێكرد، بەتایبەتى باسى ئەو هەڵات هەڵاتەى (سپیلكو ڕواندز)مان كرد كە چۆن ئەو هەموو چەكدارانە بەبێ شەڕ شوێنەكانیان بەجێ هێشتو بەرەى ڕووبەڕوویان بۆ دوژمن چۆل كرد بەبێ ئەوەى بزاندرێ بۆچ یان لەبەرچى؟! ئەو گلەییانەمان لە بزاڤى كورد لە دڵسۆزیەوە بوو ئەو یارمەتىو هاوكاریەى مامۆستا زۆر جێگاى خۆشحاڵیمان بوو، وە بەڵێنیشى دا هەندێ نانى تریشمان بۆ بكەن پێش ئەوەى بڕۆن، لەوێ گەڕامەوە لاى پێشمەرگەكان لە سەر پردى(خلكان) سەیرم كرد گشتیان لەسەر پردەكە خەوتوون، منیش یەكە یەكە هەڵمستاندنو پێم گوتن: (بڕۆنە سەروچاوەى ئاوى جوندیان بە نەهێنى لەبەر حامیە)، چونكە حامیە زۆر نزیك بوو ئەگەر ئێمەیان بتدیبا تەقەیان لێ دەكردین.

نیوەڕۆى ڕۆژى (18/8) كە لەسەر ئاوى (جندیان) بووین نامەیەكمان لە (مقدم عزیز)ەوە پێ گەیشتو نووسى بووى: (تكایە ئێوە بەپەلە بڕۆنە سەركوڕەك پێش ئەوەى دوژمن بەسەر بكەوێتە ئەوێ)، بۆ زانین دەبوایە بە پشتى (حامیە)دا تێ بپەڕینو بڕۆینە دۆڵى (ئاكۆیان)و بەشەویش بڕۆین تا لە بەرامبەر(حامیە) دەرباز دەبین، ئێوارە پێش ئەوەى تاریك دابێت خۆمان ئامادەكردو لەگەڵ تاریكیدا (جندیان)مان بەجێ هێشت بە بنارى (هەندرێن)دا كەوتینە ڕێ بەرەو(دۆڵى ئاكۆیان) شەو لە بەرامبەر (ڕواندز) گەیشتینە هەندێ چەكدار بەرەو (جندیان) دەڕۆیشتن، گوتیان ئەمانە ڕۆژنامەنووسنو داواى تۆ دەكەن، كە چوومە لایان دیار بوو دوو ڕۆژنامە نوسى بیانى بوون، شەو تاریك بوو(سید عزیز شەمزینى)یان لەگەڵدا بوو، ناوبراو منى بەوان ناساندو منیش بە خێرهاتنم لێ كردنو كەمێك دواین لەگەڵ دكتۆر (عزیز شەمزینى)، ئەوەى هەستم كرد ناوبراو لەو وەزعە تەواو بە گلەیى بوو دەیگوت: (بە هیچ ناگەین لەبەرئەوەى مرۆڤى بەتواناو لێ هاتوو ڕێگاى نادرێت دەست بەكار بێت بۆ ڕاپەڕاندنى ئیشو كارەكان ئەوەش جێى مەترسیە!!) لەوێ ئەوانەمان بەڕێ كردن بەرەو (جندیان) ڕۆیشتنو ئێمەش بەرەو دۆڵ ئاكۆ، شەو درەنگ گەیشتینە نزیك گوندۆكەى (لۆغان)، پێشمەرگەكان ڕۆیشتنە (ئاكۆیان)و منیش دوو پێشمەرگەم لەگەڵ خۆم بردنو چوومە گەلى(گەرەنالى) بۆ دیتنى هاوڕێیان، كە گەیشتینە لایان دیار بوو زۆر شپرەزە بوونو خەریكى گوستنەوەى كەلو پەلەكانیان بوون بەبێ باربەر هەربەشانى خۆیان شتەكەیان دەگواستەوە، بێگومان كارێكى زۆر سەخت بوو لەوێ لەگەڵ (ڕەئیس كمال)و ئەوانى تر قسەم كرد پێم گوتن: (هەرچۆنێك بێت ئەشیایەكان بگەیننە زارگەلى سەران، وا ئێمە دەڕۆینە سەركۆڕەك هەوڵدەدەم پێشمەرگەكان بەسەر بخەمە كۆڕەكو زوو دەگەڕێمەوەو باربەرتان بۆ پەیدا دەكەم بتان گەیەنێتە دەرگەڵەو لەوێ بمێنەوە).

لەوێ ئەوانمان جێ هێشتو شەو درەنگ گەیشتینەوە پێشمەرگەكانمان لەناو گۆڕستانى خوار گوندى ئاكۆیان(مقدم عزیز)یش گەیشتبوە ئەوێ، ناوبراو پەلەى لە ئێمە دەكرد زوو بڕۆینە سەركوڕەك، بەو تاریكە شەوە كەوتینە ڕێ بە ناو گەلى ئاكۆیاندا سەركەوتین بەرەو گوندى (فەقیان) بە ناو چۆمى ئاكۆیاندا، خۆشى لەوە دابوو هاژەو هوشى گەلىو شۆڕە شۆڕى ئاوى ناو گەلى ئەوەندە خۆشو دڵگیر بوو هەر ئارەزووت دەكرد گوێت لێ بێت، ئەو شەوە تاریكە بەناو ئەوچۆمەدا دەڕۆیشتینو كاتێك گەیشتینە ئاشێك لە دەرگاى ئاشەكە پیاوێك وەستابوو هاتە بەرایمانو گوتى: (شێخ لەتیف دەڵێ با نەچن بۆ كوڕەك، گەروى بێجانیش گیراوە ئێوە پێ ڕاناگەن خۆڕایە خۆتان ماندوو دەكەن)، پێم گوت: (ئێمە دەڕۆین لەكوێ گەیشتینە دوژمن لەوێ بە گژیدا دەچینو شەڕى لەگەڵدا دەكەین بە شێخ لەتیف بڵێ با خەبەر بداتە مقدم عزیز وا لە ئاكۆیانە با ئاگادار بێت)، ئێمە ڕۆیشتینو لە خوار گوندى فەقیان گەیشتینە (عومەرى خدرئاغا) پێش تاریكو ڕۆنى بەیانى بوو دەڕۆیشتە ئاكۆیان بۆ دیدەنى (مقدم عزیز) لەو بەیەك گەیشتنە لەگەڵ عمرئاغا ئەو دەیزانى ئێمە دەڕۆینە كوڕەك هەر زوو گوتى: (ئێوە بگەڕێنەوە، دەوروبەرى كۆڕەك لە دەستى ئێمەدایە، وا ئێمە لەوێینو پێویست بە ئێوە ناكات)، منیش گوتم: (كەوا بێت وا ئێستا تۆ دەڕۆیتە لاى مقدم عزیز پێى بڵێ ئەوان ڕۆیشتنە فەقیان لەوێ چاوەڕوانى خەبەر دەكەن كە بڕۆن بۆ كۆڕەك یان نا؟ عزەتیش وا لە دواوە دێت لە ڕێگادا دەیبینى، لەگەڵ ئەویش قسە بكەو بزانە چى دەڵێت؟) ناوبراو ڕۆیشتە خوار بۆ ئاكۆیان ئێمەش سەركەوتین بۆ فەقیان لەوێ چاوەڕانى خەبەر بووین، میوانى (حاجى حسێن ئاغا) بووین كە دەكاتە خاڵى من، میوانداریەكى بەپەلەى بۆ كردینو بزنێكى سەربڕىو نانى ئەو چل پێشمەرگەیەیان ئامادە كرد، بێگومان لە فەقیان پێشمەرگەكان پەرتو بڵاوى ناو باخچەكان ببوونو لەژێر سێبەرى دارەكان پشوێكى باشیان دابوو، زۆرى پێ نەچوو نامەى مقدم عزیز گەیشت، نووسى بووى ئێوە بگەڕێنەوە دەرگەڵە وادیارە هێزى عومەرئاغا لەوێ ماوەتەوە، ئێمە لەوێ ماینەوە تا دواى نیوەڕۆ، لەوماوەیەدا (منو عزەتو خدر) لە تەنیشت خانوو گوێزێكى گەورە هەبوو لە ژێرى نوستین تا خواردن ئامادەكرا بوو، هەرلەو ڕۆژە چاوم كەوت بە(حسێن خەباز) ئەویش لە سپیلك گەڕابوەوە لە ماڵى باوكى بوو، لە كاتى قسەكردنمان ناوبراو گوتى: (هەندێ شتم هەیە پێت دەڵێم با جارێ وابێت بۆكاتێكى هەڵ كەوتوو). لە پێش نان خواردن لەگەڵ عزەت چووین چاومان بە (عوڵا بەگ)و منداڵەكانى كەوتو چەند دەقیقەیەك لایان ماینەوە. دواى نیوەڕۆ لە(فەقیان) دەركەوتین بەشى زۆرى پێشمەرگەكان بە سەركەوتبونە سەرگەروى (بن مێردێ) ئێمەش لە خوار گەروەكە بەسەردەكەوتین هەر ئەوەندەمان زانى دوو فڕۆكەى (مێك) گەیشتنە سەر (فەقیان)و یەكسەر گوندەكەیان دایە بەر ێارۆخو لەو خانوەیان دا كە ئێمەى لێ بووین كە هى ماڵى خاڵم بوو ئاگریان تێ بەردا، لەگەڵ هێرشى فرۆكەكان لە گوند بوو بەهاتو هاوارو خانوەكەش ئاگرى تێبەربوو ویستمان بگەڕێینەوەو یارمەتیان بدەین بۆ كوژاندنەوەى ئاگر، بەڵام لە گوند بانگیان كردینو گوتیان پێویست ناكات مەگەڕێنەوە خۆمان دەتوانین ئاگرەكە بكوژێنینەوە، هەرئەوكاتەش لە (خلیفان) دەست كرا بە تۆپ باران كردنى دەروبەرى (فەقیانو بن مێرد) بەتۆپى دوور هاوێژو قوڕس، بۆ ماوەیەكى تەواو كەس نەیدەتوانى لە شوێنى خۆى بجوڵێتەوەو تەنها گوێ بیستى دەنگى گریان دەبووین وادیار بوو فڕۆكەكان زانیان بە خەڵك گەیاندبوو، دوایى زاندرا كچێكى پانزدە ساڵى كوژراوە كە خوشكى (عبدالواحید) بوو لە ڕواندز ڕایان كردبوو ئەو ڕۆژە گەیشتبونە (فەقیان)، وە هەروەها زانیمان ئەو ڕایەخانەى ئێمەى لەسەر نوستبوین لە ژێر دارگوێزەكەى تەنیشتى خانوو هەمووى بە شێستیر لەت لەت كردبوو، ئەوەى شایانى باسە فڕۆكەكان ئەوەندە بێ ویژدان لە گوندى (فەقیان) یان دا كە كەس بە هیچ ڕانەگەیشت!

لە دواى ڕۆیشتنى فڕۆكەكانو وەستانى تۆپ بارانەكە ئێمە ئاودیوى بن مێردە بووینو كە بینیمان خەڵكى (بن مێرد)یش لە ترسى فڕۆكەكان هەموویان لە گوند دەرچووبوونو لەناو ڕەزەكان بڵاو ببوون، لەكاتى تێپەڕ بوونمان هەندێك لە پیاوانى گوند هاتنە بەرایمان بۆ ئەوەى لابدەینە لایان، بەڵام ئێمە بەپەلە بووین بەرێزەوە بە جێمان هێشتن، لەگەڵ تاریكیدا گەیشتینە (زارگەلى سەران) ئەوەى جێگاى سەرسوڕمان بوو ئەوبوو كە خەڵكێكى ئەوەندە زۆر لە دواوەى (گەرەوان) كۆببووە جێگا نەبوو لەبەر ئەو هێزانەى لە (سپیلك) گەڕابونەوە، تەواوى بنكەكانى (دۆڵى ئاكۆیان)یش كەلو پەلەكانیان گواستبووە ئەوێ، هەریەكەى لە شوێنێك كەوتبون بەكەلو پەلەكانیانەوە نەیان دەتوانى لەوێ بەولاوە بڕۆن، لەبەرئەوەى خاوەن باربەرەكانى گوندەكان بە پارەش باربەریان پێ نەدەدان وایان دەزانى لەگەڵ كشانەوەى پێشمەرگە لە (سپیلكو بەنى هریر) دەسەڵاتى پێشمەرگە نەما! ئەوەى ڕاستى بێت كاتێ ئەمەم بیست دەمار توندى گرتمى، بە تایبەتى كە دیتم ناو ئەو گەڵیە پڕە لە ڕاكردوەكانو هەمووشیان دەست لە ئەژنۆ وەستاونو بەشەویش ڕێگا چۆل نەدەبوو، چونكە دەڕۆیشتن بۆ(سەران) ئەو دیمەنانە هانیدام بەو شەوە كۆمەڵێك پێشمەرگەى خۆم بردنو ڕۆیشتمە گوندى (سەران) بەبێ پرسى لێپرسراوان، بەو شەوە تاریكەو بەو گەلیە تەنگو وشكەى (سەران)دا سەركەوتین لە كۆتایى گەلى لە سەر كانیاوەكەى (كانى كەوان) چاوم بە (مام ێدیق عەوڵا ئاغا) كەوت ناوبراو یەكێك بوو لە بەرپرسانى شیوعى لەگەڵ چەند هاوڕێیەكى لەلاى هەندێ كەلو پەل دانیشتبوون، ماوەیەكى كورت لەلایان دانیشتینو بە(مام ێدیق)م گوت: (لێرە مەڕۆن لە دواى ماوەیەكى تر وڵاختان بۆ دەنێرم بارەكانتان بار بكەنو بڕۆنە گەلى دەرگەڵە)، لە(كانى كەوان) بەڕێ كەوتین بەرەو (سەران) پێش ببێتە ڕۆژ گەیشتینە ناو گۆڕستانى خوار گوند لەوێ پێشمەرگەكانم دابەشى ئەو ڕێگایانە كردن كەلە گوند دەردەچوون بۆ ئەوەى هەر وەڵاخێك دەربچێت بیگرنو بیگێڕنەوە خاوەنەكەشى بێنن بۆ مزگەوت، خۆشم لەگەڵ كۆمەلێك لە پێشمەرگەكان لە ناو گوند لە مزگەوت دابەزین، ناردم بە دواى موختار گوتیان ناوى (كریم)ە زۆرى پێ نەچوو ناوبراو هاتو پێم گوت: (خەڵكى گوند ئەوانەى خاوەن باربەرن ئاگادار بكەن كە كەس لە گوند دەرنەكەوێتو بێنە مزگەوت) دوایى ڕۆیشتمە ماڵى (مەلا شێخ ئەحمەد) ناوبراویش پێش شكانى (سپیلك) یەكێك بوو لە فەرماندەكانى هێزى پێشمەرگەى (دۆڵى ئاكۆیان) داوام لێكرد بەڵكو هەندێ باربەرمان بۆ پەیدا بكات بۆ ئەوەى بیانێرین كەلو پەلى بنكەكان لە دواوەى (گەرەوان) بگوازینەوە بۆ گەلى (دەرگەڵە) ناوبراو زۆر بە نابەدڵى گوتى (كەس بە قسەى من ناچێتو ناتوانم بەكەس بڵێم !) ئەو كاتە پێم گوت: (ئێوە ناتوانن پێیان بڵێن ئێمە دەتوانین باربەر پەیدا بكەین، ئەوەى لە دەستى پێشمەرگەش هەڵبێت دەزانین حەقى چیە)! گوندى (سەران) هەرچى تێدا نەبێت سەد باربەرى تێدایە من دەزانم چۆن دەیان نێرم ئەوەى بڵێت ناچم بزانە چۆن دەچێت، ڕۆیشتمەوە مزگەوت دیاربوو خەڵك كۆببونەوەو كەوتمە قسە لەگەڵیانو پێم ڕاگەیاندن ئەوەى خاوەن باربەرە بەبێ لاملى بڕوات بارێك بهێنێو بگەڕێتەوە، ئەوەى بێ كێشە بڕوات با بارەكەى لە (دەرگەڵە) بێخێتو بگەڕێتەوە، ئەوەى لاملیش بكات دەبێ بار باربكاتو بچێتە (گەڵاڵەو زینەبێش) ئینجا بە كەیفى خۆتان بن, ئەوەى باربەریش بشارێتەوە ئەوا باربەرەكەى دەكەوێتە ژێر دەستى پێشمەرگەو تا بە ئارەزوى خۆمان نەیدەینەوە هەر لامان دەمێنێ، دیاربوو هەندێكیان بە نیاز بون بڵێن ناچین، بەڵام بەتوندى پێم گۆتن: (كەیفى خۆتانە لە دواییدا مەڵێن زرار غەدرى لێكردین، نامەوێ كەس لە دەستى من ئەزیەت بخوات بۆیە هیوادارین ناچارمان نەكەن بە شێوەیەكى تر لەگەڵتان بجوڵێینەوە).
خەڵكەكە، كە بینیان بەم توندیە لەگەڵیان دوام زانیان چارەیان نەما زۆرى پێ نەچوو هەركەسەى باربەرى خۆى بردو چوون بۆ باركردنى بارەكان، بەو شێوەیە دەست كرا بە گواستنەوەى كەلوپەلى بنكەكان لەگەڵى (سەرانە)وە بۆ (دەرگەڵەوگەڵاڵە)و شوێنە دیاركراوەكان، كاتێك بینیمان چەند كەسێكیان هێنان هێستریان شاردبۆوە، لەوانەى كە هێنابونیان كوڕى (شێخ مەلا ئەحمەد)ى فەرماندەشیان لەگەڵدا بوو!! بەبێ دواكەوتن بەڕێمان كردن بۆ باركردنى بنكەى (مراد ئاغاى بیرى) بۆ (زینە بێشە). بێگومان ئەو ڕۆژە تا ئێوارە لەوێ ماینەوە تا گشت كەلوپەلى بنكەكان گوازرانەوە بۆ ئەودیوى (دەرگەڵە)، ئێوارەى ئەو ڕۆژە لە سەر كانیاوى (كانى كۆڵان)چاوم كەوت بە (ملازم جمال) بەرپرسى ئازوقەى پێشمەرگە ناوبراو گوتى: (ئازیز تۆ نەباى بارێك بە پارەش بار نەدەكراو یەك باریش نەدەگوازرایەوە، چونكە وەڵاخیان پێ نەدەداین، وایان دەزانى پێشمەرگە تازە نامێنێ، بەڵام دەستو بردى ئێوە بە ڕاستى كارێكى بەجێ بوو كە ئەنجام درا)، ئەوەى دیار بوو (مقدم عزیز) تەواو پەڕو باڵى شكا بوون نەمدەزانى ئەو پیاوە چالاكە بۆچى دەستى ئەوها شل كردوە, ئەو هۆیەمان هەر نەزانى!.

چالاكیەكانى ئێمە لە دواى گەڕانەوەمان لە سپیلك
كە لە سپیلك گەڕاینەوە دیاربوو بنكەى شیوعیەكانى لە(لۆغان) بوو گواسترابوەوە ناو گەلى سەروى (دەرگەڵە) لە شوێنى ئاشى (قادرى وەسمان) لە ژێر گوێزە گەورەكان دانرابوو، ئەو ڕۆژەى كە گەڕامەوە ڕۆژى دوایى بۆ بەیانى ڕۆیشتمە لایانو لەگەڵیان دوام لە دواییدا داوام لە ئەفسەرە عەرەبەكانو(مامۆستا جاسم) كرد بۆ نانى ئێوارە بێنە ماڵى ئێمە، ئێوارە كە هاتن دیاربوو (ڕەئیس سەعید سلمان)یان لەگەڵ نەبوو وابەدیار دەكەوت كە دڵى ڕەنجابێت بۆیە نەهاتبوو، ناردم بە دوایدا هەر نەهات.
شیوعیەكان لە(دەرگەڵە)مانەوەو لە دواى چەند ڕۆژێك پشودانو حەسانەوە كۆمەڵێك چەكدارى ئەوانیشمان لەگەڵ خۆمان بردنو ڕۆیشتینە(دۆلە منجەل) وەك لە سەرەوە باس كراوە پێش كشانەوەمان لە سپیلك دۆلەمنجەل هێزێكى زۆرى چەكدارى تێدا كۆكرابوەوە، بەڵام لەگەڵ كشانەوەى هێزەكانى پێشمەرگە لە سپیلكو بەنى هەریر ئەوانیش بڵاوەیان لێكرد بوو، هەندێك لە چەكدارەكانى بنكەى (وەهاب ئاغا)ش كشانبونەوە (بەرسیرین)و ئەو ناوە چۆل كرابوو، ئێمە لە سەرەتاوە ڕۆیشتینە گوندى(ماویلیان) ئەو شیوعیانەى لەگەڵ خۆمان بردبوون بۆ ئەوەمان بوو بەڵكو ناویان بخرێتە لیستى پێشمەرگە بۆ ئازوقە. چەند ڕۆژێك لە(دۆڵە منجەل) لە گوندى (ماویلیان)و دەوروبەرى ئەو گوندە بە شێوەى پارتیزانى هەر شەوێك لە شوێنێك دەبوین بە ڕۆژیش دەهاتینەوە سەركانیاوەكەى (كانى گوێزێ) لە تەنیشت مزگەوتى گوند، بەیانیەك لەگەڵ (خدرى عوڵا بەگ)ىو چەند پێشمەرگەیەكى تر بە درەنگەوە لە دەوریە گەڕاینەوە سەركانیاوەكە دیار بوو یەكێكى نەناسراو دانیشتبوو كە لێم پرسى لە كوێ وە هاتووى؟ پیاوەكە گوتى: (جاشمو پەتكم پساندوەو هاتومە لاى ئێوە) بێگومان بە خێرهاتنێكى زۆر گەرممان لێكردو ڕێزمان گرت، دوایى بەڕێمان كرد بۆ (دەرگەڵە)، لە دواى ماوەیەك بنكەمان بردە گوندى (میراجیان) لەوێ شەوان دەڕۆیشتینە پێشەوە نزیك ئاوى جندیانو بێشوك ڕووبەڕووى سەرباگەى ڕواندز نۆبەتمان دەگرتو بەڕۆژیش دەكشاینەوە ناو چۆمى (دەنگارە)و باخچەكانى (جنێراوە)، لەوێ ماینەوەو جێگیر بووین، بەم شێوەیە بە بەردەوامى شەوان دەردەچووین بۆ بنارى (هەندرێن)و نزیك دەكەوتینەوە لە سەربازگەى (ڕواندز) شەوان چاودێرى هێزەكانى حكومەتمان دەكرد نەوەك لە ناكاو بێن لێمان بدەن.
ئەوەى شایانى باسە ئەوەیە ڕۆژێك نزیك كاتژمێر دەى بەیانى بوو لە ژێر دارەكانى گۆرستانى گوندى (جنێراوە) دانیشتبوین دیاربوو كە مەلایەكو دوو كەسى تر لە میراجیان بەرەو لاى ئێمەوە دەهاتن كە نزیك كەوتنەوە زانیمان مەلاى زێوە (مەلا محمدو حسێن گوڵان) دانیشتوى بەرزێوە بوون لەگەڵ (حیدەرە ڕەش)ى دانیشتوى میراجیان كە سەپانى سلێمان بەگى باوكم بوو، هاتن دانیشتن، بەخێرهاتنێكى گەرممان لێكردن لە دواییدا مەلا كەوتە قسەكردنو گوتى: (ئێمە بۆ داواكاریەك هاتووین ئەویش ئەوەیە كە ئێوە ئەو ناوە بەجێ بهێڵنو بگەڕێنەوە گەرووى زینى دەرگەڵە لەبەر ئەوەى نەوەك حكومەت هێڕش بێنێو ئەو گوندانە تێك بداتو بیان سوتێنێ، ئینجا بۆئەوەى گوندەكان تێك نەدرێنو نەسوتێندرێن دۆلە منجەل جێ بهێڵن لەبەرئەوەى پێتان ناپارێزرێت بۆیە باشتر وایە بكشێنەوە زینى دەرگەڵە). ئەوەى ڕاستى بێت زۆر پەست بوومو پێم گوت: (ئەو داوایەى ئێوە زۆر بە ناپەسندو شەرمەزارى دەزانم لە جیاتى ئەوەى ئێوە یارمەتیمان بدەنو لە خواردن پەكمان نەخەنو پێویستیەكانمان بۆ دابین بكەن دەتانەوێت لە سەر خاكى خۆشمان دەرمان بكەن ! ئەوە بە ڕاستتانە؟! نەخێر ئێوە بە خێر بێنو بەخێر بچن ئێمە ئێرە بەجێ ناهێڵین ئەگەر هەمووشمان بكوژرێین، گوندەكانیش وێران دەكرێن گــونـدى خـۆمـانـن زیان بـە سلێمان بەگى باوكم دەگات نەك بـە ئێـوە، گوندەكانى باوكم دەسوتێنرێن نەوەك هى ئێوە، كە بینیان بە توندى لەگەڵیان دوام زیاتر لە سەرى نەڕۆیشتنو هەڵسانوگەڕانەوە.
هاتنى شیوعیەكان بۆ دەرگەڵە: نیشتەجێ بوونى شوعیەكان لە(دەرگەڵە) كارێكى بەجێ بوو لە دوو ڕوەوە، یەكەمیان (لە دەرگەڵە بە ئازادىو ئارەزوى خۆیان دەجوڵانەوە بۆ هەرشوێنێك بچوبان وەك پێشان لە ئاكۆیان ڕێگایان لێ نەدەگیرا) دووەمیان (بەو هاوكاریەى لەگەڵ هێزى سلێمان بەگ بۆ لێدانى دوژمن توانیان جێگاى خۆیان بكەنەوەو ببن بە هێزێكى چالاكو دەست وەشێنى ناودارى بزاڤى شۆڕشى ئەیلول). ئەوەى ڕاستى بێت ئێمە زۆر ئەزیەتمان چێشت زیاتر لە مانگێك بەئاڵۆزىو ناڕێكى لە(دۆلە منجەل) ڕامان بوارد، هەر شەوێك دەبوایە لە شوێنێك بین، ئەو ناوە لە دواى سپیلك چۆل كرابوو هەر ئێمەى لێ بووین، هەموو كاتێك چاوەڕوان دەكرا حكومەت هێڕش بێنێت، ئەگەرچى لە ڕووى خۆراكەوە زۆر پەرێشان بووین، بەڵام نۆبەتدارى وورە بەرز بووین، بەدیار كەوت تازە ئەوێ بەجێ نایەڵینو پارێزەرینو لەوناوە جێگیر بووین وەك هێزێكى بەرگرى پتەو، ئەوكاتە هێزى چەكدارى (باڵەك) بەسەرپەرشتى (ئەبابكرى كریم)و هەندێ لە چەكدارەكانى (وەهاب ئاغا)ش گەڕانەوە گوندى (زێوە) لەوبەرى ڕووبارو ڕێگاى گشتى، بەڵام ئەوندەى بڵێى لە بارەى خواردنو وەزعمان خراپ بوو، ماوەیەكى زۆر لەسەر شانى خەڵكەكە دەژیاین بە شێوەیەكى نالەبار، بەڵام دوایى نانەكە دابین كرا كە بۆمان بێت، ڕۆژانە لەسەر ئاوى(دەنگارە) كۆدەبوینەوەو بە شەویش دەرۆیشتینە پێشەوە بۆ ئەو شوێنانەى مەترسیمان لێ دەكرد نەوەك سوپاو جاش هێڕش بێنن بۆمان.
ئێمە بووینە هێزێكى پتەوى بە تواناى ڕووبەڕووى دوژمن لە سەخترین شوێن لە سەر ڕێگاى حاجى ئۆمەران، لە سەرەتاى پایزى (1963)دا دەست كرا بە چالاكیەكان هاوكار لەگەڵ هێزەكانى ئەوبەرى روِوبار چەكدارەكانى (ئەبابەكرى كریم و وەهاب ئاغا) یەكێك لەو چالاكیانە ئەوەبوو توانیمان چەند مێگەلە مەڕێكى جاشەكان لە دەوربەرى (ئیس قەڵا)ى پاشاى گەورەو گەروى(سۆرە پەلۆكێ) ڕاپێچ بكەنو بەرەو سەرەوە بەڕێ بكرێت بۆ(گەڵاڵە)، هەروەها ناوەناوەش دەست لە سەنگەرەكانى پێشەوەى سەنگەرەكانى دەوروبەرى ڕواندز دەوەشێندرا، شەوێك لە پۆلیسەكانى كاولۆك درا دوو پۆلیس بە دیل گیران ئەوانى تریش ڕایان كردە حامیە، هەربەو شێوەیە لە نزیك(ئیس قەڵا) لە سەنگەرێكى جاشەكانى (زراری) مانداو سەنگەرەكەمان تێكداو جاشەكانیش هەڵاتنو دەربازبون، لە سەرەتاى زستانى ئەو ساڵەدا شەوێك لە ڕواندز دراو دائیرەى بەرید گیراو، ماڵى قائمقام كەوتە بەرهێڕش لە ئەنجامى ئەو هێڕشەدا (قاسم) شەهیدكراو (حسێن خەباز)یش بریندار بوو. لە سەرەتاى (1963) دا(حمدئاغا)ى مێرگەسۆرى لە خۆشناوەتى گەڕابوەوە بۆ باڵەكایەتى، لە كاتێكدا گەیشتە (دەرگەڵە) پێشوازیەكى گەرمیان لێكرا بە تایبەتى لەلایەن ئێمەوەو چووینە(بنكارۆخ) بۆ پێشوازیان، بێگومان لە شكرى (حمدئاغا) بەشێكى شیوعیەكان بوون لەگەڵى هاتبون، كە گەیشتنە دەرگەڵە ئەوانیش لەگەڵ بنكەى شیوعیەكانى دەرگەڵە یەكتریان گرتەوەو لەگەڵ ئەواندا جێگیر بون، (حمدئاغا) چەند ڕۆژێك لاى (سلێمان بەگ)مایەوە، لە دواییدا بە نیازى (سەرى بەردى) بەرێ كەوت لەوكاتەشدا بوو جاشەكان هێڕشیان كردە (ناوڕۆینو سەرى حسن بەگ)و بەسەركەوتنە (گۆشینە)و لەوێ مانەوە، بێگومان بڕیارێك دەرچوو بۆ ئەوەى هێزەكان بەڕێ بكرێن بۆ لێدانیان، لە كاتێكا(حمد ئاغا) دەگاتە گوندى(سمیلان)ى خوار (ڕوستێ) فرۆكەكانى دوژمن لە گوندى ناوبراو دەدەنو (محیەدین مێرگەسۆرى) بریندار دەبێ، بەپێى بڕیارى فەرماندە (عقید كافى) فاخیرى حمدئاغا هەندێك چەكدارى شیوعى ئامادەكردن بۆ ئەوەى بڕۆنە (ڕوست)بۆ ڕووبەڕووبونەوەى جاشەكان كە بەسەركەوتبونە(گۆشینەو حەسەن بەگ) لەبەر ئەوەى نەشارەزا بوون داوایان كرد من لەگەڵیان برۆم، دیار بوو رەِئیس كمالو فاخیریش ئامادەبون بە شدارى ئەو گەشتە بكەن، ڕازى بووم لەگەڵیان بڕۆم لەبەر ئەوەى پێشمەرگەكان نوێ بوونو خەڵكیش نەیدەناسین، ئەو ڕۆژەى لە دەرگەڵە دەركەوتین بۆ نیوەڕۆ گەیشتینە گوندى (ئۆمەراوە) خەڵكى گوندەكە بە تێكرایى پێشوازیەكى گەرمیان لێكردین، لەوێ ئەوانم بە خەڵكى گوند ناساند، دواى نیوەرۆ لە (ئۆمەراوە) دەركەوتین بە ناو (گەڵاڵە)دا سەركەوتینە كوێستانى (مەزرێ) ئەوكاتە بەشى زۆر خەڵكى(گەڵاڵە) لە كوێستانى ناوبراو بوون، لەوكاتەى ئێمە گەیشتینە ئەوێ ئەگەرچى (گەڵاڵیەكان)بە شێوەیەكى گشتى شیوعیان خۆش نەدەویستن ئەوجاش پێشوازیەكى زۆر گەرمیان لێكردین لەگەڵ ڕێزێكى زۆرو میوانداریەكى (باڵەكایەتى)، بێگومان میوانداریەتى باڵەكایەتى دەنگى داوەتەوە لەكوردستان ناوبانگى بەربڵاوە، زۆر بەڕێكى چەكدارەكان دابەشى سەر ماڵەكان كران، (فاخیرو ڕەئیس كمالو منیر) لە ماڵى(حمدە ڕەشى) برا گەورەى عوڵا (خاڵۆ) داندران، لەدواى دابەش كردنى چەكدارەكانو خۆشم ڕۆیشتمە ماڵى زاواى خاڵۆ(ماڵى خوشكى) بۆ نان خوارن، ئەوەى جێگاى دڵخۆشیم بوو براو برازایەكانى خاڵۆ، زیاد لە پێویست خزمەتیان كردین بە تایبەتى (عوسمان)ى براى تا ڕۆژى دوایش بە ئێمەوە ماندوو بوو، جێگاى ڕەزامەندى ئەوە بوو بەیانى كە ڕۆیشتین هەموو پێشمەرگەكان نانى ڕێگاشیان بۆ ڕاپێچرابوو لەگەڵ خۆیان بیبەن بەگشتى پێشمەرگەكان تابڵێى لەو میوانداریە ڕازى بوون بە تایبەتى لەو ڕێزەى كە لێیان نابوون. بەیانى بەو كوێستانە خۆشەدا ڕۆیشتین بەرەو گوندى (ڕوستێ) كە گەیشتینە ئەوێ بەشى زۆرى ئەو خەڵكە داڕژابونە ناو چۆمى خوار گوند لە ترسى بۆردومانى فرۆكەكان، كەمێك لەوێ ماینەوە دوایى ڕۆیشتینە(سمیلان) لەوێ پێیان گوتین (حمدئاغا) چۆتە (مامە خەتیبیان) ئێمەش ڕۆیشتینە ئەوێو چاومان بە(حمدئاغا) كەوت ناوبراو سەربردەكەى بۆ گێڕاینەوە كە چۆن فڕۆكە لێى داون لە (سمیلان) ماوەیەكى تەواو لەگەڵى دانیشتین دوایى (منو فاخیر) ڕۆیشتینە لاى (محیەدین) دیار بوو هیلاك بوو، هەوڵدرا زوو بەڕێ بكرێتەوە (دەرگەڵە) لەبەر ئەوەى دكتۆر لەوێ هەبوو، ئەوە بوو ڕۆژى دوایى بەڕێ كرا بۆ دەرگەڵەو ئێمەش ڕۆیشتینە گوندى (بێشە) لەگەڵ (حمدئاغا) لەپێشەوە دەرۆیشتین پێش ئەوەى بگەینە (بێشێ) ئاگادار كراین كەوا جاش لەناو گوندن, زۆر بە ووریایەوە چوینە ناو گوند دیار بوو جاشەكان ڕۆیشتبوون، دوو ڕۆژیش لەوێ ماینەوە لەدواییدا لەگەڵ (عقید كافى)دا گەڕامەوەو ناوبراوەمان گەیاندەوە(گەڵاڵە)و ئێمەش گەڕاینەوە بنكەكەمان لە(میراجیان).

ئەو شیوعیانەى لەگەڵ (حمدئاغا) لە خۆشناوەتى هاتبون بۆ (دەرگەڵە) هەندێكیان لە(زینە بێش) مانەوە لەگەڵ (فاخیر) دەستەیەكیش لەوان هاتنە(میراجیان) بۆ لاى ئێمە، ئەوانەى لە(زینە بێش) بوون لەگەڵ جاشەكان ڕووبەڕووى لێك دانێك ببون لە ئەنجامى شەڕێكى دژواردا لە(ناوڕۆین) نەجمەدین مامۆ كە كادیرێكى حزبى شیوعى بوو بریندار ببوو یەكێكیش شەهید بوو، لە دواى ماوەیەك هەرئەوان لە سەنگەرەكانى سەرى (حەسەن بەگ)یان داو سەنگەرەكەیان تێكداو كۆمەلێك جاش كوژران، زیانى پێشمەرگەش بریندار بونى (ملازم عبدالرحمان) بوو كە چەندین گوللەى پێكەوتبوو، بەڵام خۆشبەختانە لە مردن ڕزگارى بوو، ئەو زەبروزەنگو لێكدانو بە گژیەكدا چوونەى نێوان كوردو حكومەت بە شێوەیەكى گشتى لە بارزان و لاى ئێمە واتە دەڤەرى باڵەكایەتى جەرەیانى هەبوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ كە سەرۆك هۆزەكان بەگشتى كەوتبوونەژێر فەرمانى ڕژێم و دژى شۆڕش بوونو چەكى خۆفرۆشیان هەڵگرتبوو بە پشتیوانى سوپا ڕوویان كردبووە بارزان، ئەوەى بۆیان كراو لەدەستیان هات كردیان، لە ئەنجامى ئەو شەڕە دژوارانەى لە بارزان كران بە ئاسن و ئاگر لێیاندرا (مەلامستەفا) ناچار بوو لە (بارزان) بكشێتەوە بەرەو باڵەكایەتى بێت، تا (مەلامستەفا) لەوێوە گەیشتە باڵەكایەتى (عبدالسلام) بەعسیەكانى لادانو دەسەڵاتى گرتە دەست لە دواى ماوەیەك داواى ووتوێژیان كرد لەگەڵ (مەلامستەفا)، ئەوكاتەى (مەلامستەفا) گەیشتە(باڵەكایەتى) حكومەت دەستى كرد بە ناردنى نوێنەر بۆ شەڕ ڕاگرتن، ئەوكاتە زۆر بەتوندى لە بەرەكانى ڕواندز دەست لە هێزەكانى حكومەت دەوەشێندرا. لە سەرەتاوە لە ڕێگاى ڕواندزەوە یەكێك بە ناوى (ئەسكەندەر) بەڕێ كرا هاتەلاى ئێمەو بەڕێمان كرد بۆلاى فەرماندەكانى باڵەكایەتىو بەرپرسەكان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە