تاوانباركردنی ڕاپەڕین بە ئاژاوەگێڕی پاساوی بەربەریەتی پارتیە
Saturday, 19/02/2011, 12:00
كوشتاری خۆپیشاندەرانی سلێمانی بەربەریەتی دەسەڵاتی میلیشیایی لە كوردستان نیشاندا. پارتی دوای كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی ئیستا هەڕەشەی زیاتر دەكا. ئاشكرایە ئەم حزبە بەم وەحشیەتە دەیەوێت ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان لەدژی دەسەڵاتەكەی شكست پێ بێنێ. بیانوی پارتی ئەوەیە كە خەڵك پەلاماری بارەگای فەرمیان داوە و ئەوانیش دیفاعیان لەخۆیان كردوە بەچەك. بێگومان ڕاپەڕین دژی دەسەڵات ئاشكرایە كە گوڵبارانكردنی دەسەڵات نیە و گوێگرتن بۆ بەڵێنەدرۆكانی دەسەڵاتداران نیە بەڵكو بەكارهێنانی زەبروزەنگی شۆڕشگێڕانەیە دژ بەدەسەڵات بۆ كۆتایی هێنان بە سەركوت وچەوسانەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لاوانی شاری هەڵمەت وقوربانی كردیان دژ بە بارەگای پارتی ئەو ڕاپەڕینەیە دژ بە لوتكەی دەسەڵات. ئەمە مافی ڕەوای خەڵكی ڕاپەڕیوە دژ بەدەسەڵاتداران. لە ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان دژ بەم دەسەڵاتەی كارەساتی شەڕی ناوخۆ و بیكاری و سەركوتی سیاسی و گەندەڵی بەهێزی میلیشیایی ڕاگرتوە دەبێت چاوەڕێی چ شتێك بكرێت؟ پاراستنی دەزگا فەرمیەكان وەك دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەیڵێن .ئەمە پوچ وبێمانایە. دەزگای سەركوت كە بارەگای حزبە دەسەڵاتدارەكان و بنكەكانی حكومەتەكەیانە لەكاتی ڕاپەڕیندا جێگای ناڕەزایەتی ونەفرەتە نەك پاراستن.
بەڵام ئەم قسەیەی پارتی ئەمڕۆ لەزمانی پارتیەوە ڕەواجی نیە كە بەخەڵكی ڕاپەڕیوی كوردستان دژ بەدەسەڵات و بارەگای حزب و بنكەكانی حكومەتەكەی بڵێت ئاژاوەگێڕ، چونكە خەڵك لە گوێگرتن و فریوخواردن بەم دەسەڵاتە وپاساوەكانی بونەتەوە و لەدژی ڕاپەڕیون. ئەوەی جێگای هەڵویست گرتنی جەماوەری ڕاپەڕیوە ووتنەوەی ئەم قسانەی دەسەڵاتە لەزمانی ئەو حزبانەی خۆیان بەئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات دادەنێن. بەیاننامەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر ئەم ڕاپەڕینەی شاری سلێمانی كە جەماوەری ڕاپەڕیویان بە ئاژاوەگێڕ داوەتە قەڵەم و ئیدانەی هێرشكردنە سەر بارەگای حزبە دەسەلاتدارەكان دەكەن پاساوهێنانەوەیە بۆ ئەو بەربەریەتەی پارتی دژ بەخۆپیشاندەران كردویەتی. ئەم حیزبانە ئەگەر لەمیسر وتونس بونایە لایەنگری بەتلجیەكانی موبارەك و بن علیان دەكرد لەبەرئەوەی خۆپیشاندەران هێرشیان كردۆتە سەر دەزگا فەرمیەكانی دەسەڵات. ئەم هەڵوێستەی ئۆپۆزسیۆنی گۆڕان وئیسلامیەكان ئەمڕۆ مەجالی بەپارتی داوە دەستدرێژیەكانی زیاتربكات وخەریكی داگیركردنی شاری سلێمانیە بەزێڕەڤانی. ئەم ئۆپۆزسیۆنە مامەڵەچیە بەئازادی و خواستەكانی خەڵكەوە تا دەسەڵات بەشێكی زیاتری لە كورسی و سەروەت بداتێ جیگای نەفرەت و مەحكوم كردنە.
خەڵكی ڕاپەڕیوی كوردستان نابێ بەم شێوەیە ڕێگابدات دەسەڵاتی سەركوتگەرانەی پارتی شكست بە ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەكانی بهێنێ. پێداگری لەسەر مافی خەڵكی كوردستان بۆ خۆپیشاندان وڕاپەڕین تاكە ڕێگای گۆڕینی دەسەڵاتی سەركوت ومیلیشیایی یەكێتی وپارتی یە لەكوردستان. دوای چەندین ساڵ لە مانگرتنی هێمنانە و داواكاری بەرزكردنەوە بۆ پەرلەمان وحكومەت و وەعدی درۆی دەسەڵاتداران ڕێگای تر نەماوە لەگەڵ ئەم حزبانەدا جگە لەڕاپەڕین. بەربەریەتی پارتی لە كوشتاری لاوانی بێ چەكی شاری سلێمانیدا ئەمەی كردۆتە دەرسی یەكەمی ڕاپەڕین لەكوردستان كە تەنیا ڕێگا ڕاپەڕین و خەباتی جەماوەری ڕێكخراوە بۆ كۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە بەربەریە. بارەگای لقی 4 ی پارتی وبارەگا بەربەریە فەرمیەكانی ئەم حزبە میلیشیایانە لەشار وشارۆچكەكانی كوردستاندا و نوینەرایەتیەكانیان لەدەرەوەی ووڵات دەبێ هەڵگیرێن ئەمە داوای دەست بەجێی ڕاپەڕینە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست