شۆڕش تا گەندەڵی تا تیرۆر ..
Saturday, 22/05/2010, 12:00
كاتێك سەرنجی شۆڕشی هەرنەتەوەیەك دەدەین دەبینین هەمیشە بێ دەرامەتى و نەبوونى لەگەڵ قوربانى و خەبات كردندابەردەوامى پێ بەخشیووە و لە هەر ساتێكدا ڕووبەڕووی شكست و نوشستى هاتووە و سەرلەنوێ سەری هەڵداوەتەوە و بەردەوام لەنێو خەڵكدا كار و ڕێكخستنە ئیداری و سیاسی و ئابوریەكانى چالاكتر كردووە تاوەكو شۆڕشی راستەقینەى خەڵك كاربكات، هەرچەندە ئەم تێكەڵاوبوونەش بە كۆمەڵانى خەڵك نەیكردۆتە ئەوەى كە وەك پیرۆزییەكى حەتمى سەیری هیچ شۆڕشێك لە هیچ سەردەمێكدا بكرێت، چونكە شۆڕشی راستەقینە پێویستى بە پیرۆز كردن نیە لەبەر ئەوەى دەبێت بەردەوام بێت و لە هەر سەردەمێكدا باشتر خۆی پۆشتە بكات بە ئامانجى گرنگتر و بە پێز تر تا لەبەر دەم گرفتەگەورەكانى هەرسەردەمێكى رانەبردوو دا ئاسانتر بتوانێت خۆی بهێڵێتەوە و خۆشەویستى و بیروباوەڕی جەماوەری خۆی مسۆگەرتر بكات.
كاتێك هەر شۆڕشێك دەگاتە ئەو بڕیارەى كە شۆڕشێكى نوێ خواز بێت و وێنەى ئەوانەى هاوسەردەم و پێش سەردەمى خۆی كارنەكات، ئەوكات دەبێت گومانمان لەوە نەبێت كە رەوشتى نوێ خوازى ناكاتە دروستكردنى دەسەڵاتێكى كۆنەخواز یان دەسەڵاتێك كە سەرلەبەری دۆستان و لایەنگرانى شۆڕشەكە لێی نارازى و توڕەبن یان دەسەڵاتێك كە بێ گوێدانە هیچ ئەرك و پێشهاتێكى سیاسی تەنانەت بێ گوێدانە هیچ بنەمایەكى ئازادی بیرورای تاكەكەسی، لە كەسانى نوخبە و چالاكى ناو جەماوەر و میللەتەكەى خۆی بكوژێت ئیتر بەهەر بیان و مەبەستێك بێت و تەنها نمونەكانى شەهید (بەكر عەلی پشدەریی) و (عبدللە قێری) و (كۆساری)..... بەسن بۆ سەلماندى ئەم حەقیقەتە.
دواى ئەوەى كە لەزمانى ئەوانەى پێش خۆمانەوە گوێمان لێ بوو كە كورد خاوەنى شۆڕشە و شۆڕشی ئەم دواییەى بەناوى شۆڕشی نوێ وە كراوە و شۆڕشی نوێش هەڵگری ئامانج و هیواى خەڵكى كورد بووە بەگشتى. ئەكرێ بپرسین، ئایا شۆڕشی نوێ بەڕاستى شۆڕشی نوێ بوو وە جودا لە شۆڕشەكانى تر كاری كرد؟ ئایا شۆڕشی نوێ لە ئێستادا هیچ لە بنەماو پرەنسیپەكانى شۆڕشی نوێ خوازانەى تێدایە؟ ئایا نوێخوازى ئەوەیە كە بەدرێژایی شۆڕش هیچكام لە سكرتێرەكانى ئەو حیزبە گەورانەى كە هەڵسوڕێنەرى شۆڕشبوون لە هیچ پرۆسەیەكى نوێخوازیدا بەدیل و بەرامبەریان نەبێت و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی هەر گەنجەكانى 20 30 ساڵی پێش ئێستەبن؟ وەڵامى ئەم پرسیارانە لەلای هەموومان ئاشكران و شۆڕشی نوێ ی كورد هیچ كات نەیتوانیوە كە بەڕاستى شۆرشی نوێ بێت و هی خەڵكى كورد بەگشتى بێت بەڵگەش بۆ ئەم راستیە تەنها شەڕی ناوخۆی نێوان حیزبەكان لە سەرەتای شۆڕشەوە تا هەنوكە بەسە.
شۆڕشی نوێ ئەو شۆڕشە كۆنە بوو یان ئەو شۆڕشە پڕ لە كێشمەكێشمی دەسەڵات و خۆ خۆریە بوو كە هەر لەسەرەتای دروست بوونیەوە تا هەنوكەش پڕە لە ڕوداوى خوێناوى وەها كە هیچ مانایەك لەبەردەم پێناسە و حەقیقەتى شۆڕشدا بۆخۆی ناهێڵێتەوە... ئەگەر بمانەوێت سەیری نمونە گەلێك بكەین لە مێژو و رابردووى شۆڕشى كوردى دا لە هەمبەر ئەم خاسیەتە ناكۆك و نالەبارەى ناو كۆتاین دیاردەى شۆڕشی كورد كە ناوى شۆڕشی نوێ یە، ئەوكات بێگومان دەبینین كە لە هەرسات و وەختێكى خەبات و شۆڕشدا، خوێنى ڕژاوى شەهیدێك شاهیدە.
هەرچەندە شۆڕشەكانى كورد هێندەى شۆڕشانى هەندێك لە میللەتانى دی دونیا نەهامەتى نەدیوە و بەڵكو زیاتر شۆڕشگێڕان سودمەند بوون و خودى میللەتی چەوساوە بووەتە قوربانى، ئەمەش وەك ئەنفالكردنى خەڵك و كیمیاوى باران كردنى هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە ئاشكرایە و زۆڕیك لە دەنگە دەنگەكانى ئێستاش باس لەوە دەكەن كە ئەو نوشستیە بێ وێنە و سامناكانەى خودى میللەتیش، هۆكاری سەرەكی ڕوودانیان لە ئەستۆی خودى شۆڕش دابووە. بەدەر لە هەموو ئەم كارەساتانە، پیاوە دلێر و عادیل و بەهێزەكانى شۆڕش كە هەم بەردەوامیان بە هێزى عەسكەری شۆڕش داوە و هەم بەردەوامیان بە بیرو باوەڕی خەڵك داوە بۆ شۆڕش و پلان و ستراتیجیەتى شۆڕش. كوان؟ هەڵبەتە ژمارەیەكى زۆریان شەهیدى شاخن و هەندێكیان شەهیدى شەڕی خۆكوژین و ئەوانەشی كە ئێستا ماونەتەوە یان بازرگان یان لە هەندەرانن یان بێ دەنگن و لە پلەیەكى كارتۆنی حیزبێكدا دەستەمۆ كراوە و موچەخۆرە یان لەسەر یەكێك لە كورسیەكانى پەرلەمان و وەك نوێنەری لیستێك (حیزبێك) هەڵسوكەوت دەكەن نەك نوێنەری خەڵك.
كەواتە شۆڕش بەرلەوەى ببێتە دەسەڵات بەسەر خەڵكەوە تەنها ناوى شۆڕش بووە و لە ململانێ ناوخۆییەكاندا زۆر ناعەقڵانى و نا شۆڕشنیزمى هەڵسوكەوتى كردووە بەجۆرێك كە ئیمكان نیە هیچ پێوەرێك لە ئیرادەیەكى وەك شۆڕشدا جێگەى بكاتەوە.
وێڕاى ئەم هەموو بەرچاو ڕوونى و ناعەدالەتیەش كەچی دەبینین وەك چۆن لە رابردوودا هەریەك لە حیزبەكان و شۆڕشگێڕەكان خاوەنى جەماوەری خۆیان بوون، ئێستاش هەروا و خەڵكى كورد تاهەنوكەش خۆی بە بەشێك لە حیزب و لە دەسەڵات دەزانێت كە لەهەمانكاتدا دەسەڵات لەدەرەوەى ویست و ئارای خەڵك كار و چاڵاكى حكومەتێك كە وەكو كۆمپانیا پارە بۆ دەسەڵات پەیدا دەكات، ئاراستەدەكات. بە بڕواى من بیرو باوەڕ و قەناعەتى بەوجۆرەى خەڵكى كورد بۆ حیزبەكان و دەسەڵاتە حەتمیەكانیان لە سەرەتاوە تا هەنوكەش چگە لە ناحاڵی بوون و تێ نەگەیشتن لە دەسەڵات و حیزبەكانمان هیچی تر نیە، چونكە میللەتێك دواى حیزب و حكومەتێك ناكەوێت گەر بزانێت كە لەسەرو بەرژەوەندى گشتى یەوە ئاڕاستەیەكى تری هەیە كە تا ئێستاش تەم و مژاویی یە و تەنها بریتی یە لە بلۆك كردنى سامان و دەست مایەى خەیاڵی لەدەرەوەى دید و تێگەیشتنى میللەتدا. بۆیە راشكاوانە پێ لەوە دەنێم كە شێرپەنجەى كورد نەخوێندەواری یان كورتى ئاستى تێگەیشتنە و ئەوانەشی كە ئەتوانن لەسەرو هەموانەوە تێ بگەن ئەوا سود و بەرژەوەندى خۆیان لەسەروو بەرژەوەندیە گەورەكانى میللەتێكەوە دانا وە و ئەمەش راستیەكى حاشا هەڵنەگرە و ژمارەى ماشێن و ڤێلا و پارك و باخ و سۆپەرماركێتە گەورەكان و بانك و كۆمپانیا زەبەلاحەكانى سەرانى شۆڕش دیارن و تەنها وەڵامى پرسیاری ئەوەى كە گەنج بۆ سەری خۆی هەڵدەگرێت بەرەو هەندەران، ئەم هاوكێشەیە هاوسەنگ دەكات.
كاتێك شۆڕش لەوێ ڕا گەیشتە ناو شارەكان و پەرەی سەند و دواى راپەڕینی خودى خەڵكى و میللەت ، شۆڕش بووە دەسەڵاتى ناوچەكان و وەك حكومەت و پەرلەمان و دادگا و یاسا، كەوتە نواندنى خۆی و یەكەمین دەستكەوتى ئەم سەردەمەشی فیفتى بە فیفتى بوو. دەستكەوتەكانى تریشی بریتى بوو لە نمونەى فیفتى بە فیفتینەكە و جگە لە فەسادى ئیداری و دروستكردنى گرانیەكى گەورە لە بازاڕاكاندا و خستنەگەڕی سیستەمى ڕۆتینات و گەندەڵی ، شەڕی ناوخۆی خوێناوى لەسەر دەستى شۆڕش وەك دیاریەكى پڕ بەها و وەفاداریی پێشكەشی جەماوەر و میللەت كرا و زەرەر و زیانەكانیشی خودى میللەت جارێكى دی ملی بۆدا و قوربانیەكانیشی وەك ناعەدالەتى و زوڵم دەكرێت لە ئاست ئەنفال و كیمیابارانەكاندا تەماشا بكرێت.
شەڕی ناوخۆ ئەو گورزە چاوەڕوان نەكراوە بوو كە شۆڕش لە پێگەی سیاسی و نەتەوەیی گەلی كوردی دا و بەمەش لە گرنگى كۆڕەوەكە و مێژووى خەباتى خۆی كەم كردەوە و جگە لەوەش كەیسی كورد بوون و دەووڵەتى سەربەخۆ و ئازادى كوردبوونى لەلای چاودێرانى سیاسی و میللەتانى دونیا خستە بەردەم گومان و پرسیارێكى زۆرەوە. كە هەتا هەنوكەش هۆكارەكانى هیچ كام لەو شەڕە ناوخۆییانەى نێوان حیزبە ئیسلامیەكان و یەكێتى و پارتی و پەكەكە و ... هتد ، بۆ خەڵكى لێ كوژرا و خاوەن قوربانى نەخراوەتە ڕوو، وەتەنها وەك كەرەستەیەكى خاو سەیری میللەتى كورد كراوە كە لەهەر سات و وەختێكدا گونجاوە بۆ سەنگەر و ڕەبیەكانى شەڕكردن، ئیدى لە پێناوى هەر ئامانج و مەهامێكدا بووبێت.
ئەم ئامادەگیە بێ چەند و چوون و گێلانەیەی خەڵك بۆ شەڕكردنى حیزبەكان ، تەنها بەرەنجامى نەخوێندەواری و گێلێتى یە ، كە لە ئێستاشدا دڵنیام هەریەكە لە حیزبەكان بە هەزاران چەك لەشانى لەم جۆرەیان لە گەنجینە و جبەخانەكانى شەڕ و پارێزگاری بەرژەوەندیە تایبەتیەكانیاندا هەڵ چنیوە و لە ئامادەگیدان بۆ هەر خۆ فیدا كردنێك بۆ سەرۆك و سكرتێر و بەڕێز و گەورەكانیان.
دوا بەدواى ئەم هەموو دیاری و دەستكەوتانەى شۆڕش ، شایەنى خۆیەتى كە ووشەى شۆڕشی لێ وەر بگرینە وە و وەك دەسەڵات ناوی لێ بنێین، چونكە تەنها ئامانجێك كە بە ڕوخساریەوە دیار بێت ، مانەوەى سەر كورسیەكانیانە و شۆڕش لە هیچ سەردەمێكدا ڕانەوەستاوە و ملی بۆ هیچ پۆست و كورسیەك نەداوە و لە سیستەمى هیچ شۆڕشێكدا قسەی وەك فیفتی فیفتینگ نیە، ئەمە مەنهەج و یاسای شۆڕشە، (بەردەوامى لە خەباتكردن خەباتكردن بەبەردەوامى). نەك دواى ئەوەى لە هەڵبژاردندا بەڕێكەوت دەنگەكان یەكسان بن! وە دواى ئەوەش لەسەر هۆكاری نادیار و تەم و مژاوى جەنگى خوێناوى ناوخۆ و پاشان دەبڵ ئیدارە لە هەرێمێكى خنجیلەدا! وە پاشان بوونە هاوپەیمانى ئەمەریكایەكى زەبەلاح بەبێ ئەوەى هیچ نوسراوێك و هیچ ڕێكەوتن نامەیەكى ئەمەریكی كوردى فەرمى و دانپێدانرا و ئاشكرا و نوسراو هەبێت. وە پاشان بۆ یەكەمین جار لە سەرتاسەری دونیادا یەك گرتنەوەى دوو ئیدارەى جیاواز و دوژمنى یەكتر و یەكتر كوشتە بە بێ هەڵبژاردنەوە و وەرگرتنى ئاڕا و دەنگى خەڵك و میللەت،كە تەنها داهێنراوێكى كوردییە و هیچی تر!!! بێ گومان شۆڕش دەست ناخاتە خوێنى هیچ جیهەتێك و هیچ لایەنێكەوە بەڵكو داواى دەست هەڵگرتن لەخوێن ڕشتن و خوێن مژین دەكات و بۆ ئەم مەبەستەش كاتێك ناچار دەبێت پەنابەرێتە بەر ڕێكخستنى
چەكدارى و دامەزراوەى چەكدار تاكۆتاى بەو ناعەدالەتییە بهێنێت، گریمان شۆڕشی ئێمەش واى كرد، بەڵام ئێستا دەسەڵات بەدەر نیە لە شۆڕشگێڕانى دوێنێ و هەر ئەوانن سەرۆك و وەزیر و بەرپرسن. ئەى كوا عەدالەتى كۆمەڵایەتى و ئازادى را دەربڕین ؟ كوا دیموكراسی راستەقینە؟ كوا ئامانج و ستراتیژێك كە تا دوێنێ بوو میللەت لەسەریان ئەنفال و دەربەدەر كرا و دەریایەك شەهیدی بۆ درا؟ بۆیە راشكاوانە ئەگەینە ئەو حەقیقەتەى كە دەسەڵاتى ئێستا كە بەرهەمى خەباتى سەختى شۆڕشە، هیچ لەو دەسەڵاتانەى پێشو جیاواز نیە كە شۆڕش لە دژیان كرا، تەنها ئەوە نەبێت ئەم دەسەڵاتە بۆی نالوێت و بۆی ناكرێت كە لە حامیەكەی جاران و لە ئەمنە سورەكانى ئێستا بەئاشكرا گەنجى یاخی و داهێنەر و خەڵكى هۆشیار و نارازى گوللەباران بكات.
پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە كە سەرەرای ئەم هەموو فەسادكردن و ئیهانەكردنەى خەڵك لەلایەن دەسەڵاتەوە ، كەچی خەڵك كەم تا زۆر دۆستى حیزب و دەسەڵاتن؟
دواى ئەوەى كە بیستمان كچانى سلێمانى لە ناو خوێندنگا ئامادەییەكانەوە تا بەردەم مەترسی كوشتنیان لەلایەنكەس و كاریانەوە بران ، بەهۆی دەست درێژی كردنە سەریان لەلایەن .. ، لە لایەن كێوە؟ لەدواى ئەوەى لە هەولێر و دهۆك و كەركوك و سلێمانی و سەرجەم ناوچەكانى دى هەواڵی بیناو ڤێلا بەرزەكانمان پرسی و بۆمان دەركەوت كە بازرگانەكان ئێستا كێن و ئەم ئاپۆڕای ملیۆننەر و ملیادلێرانە چۆن لەماوەى دە ساڵدا بوونەتە سەرمایە دارێكى وەها كە لە ژێر هیچ گورزێكى ئابووریدا زەرەر ناهێنن، كەچی هێشتا خەڵكى بەگشتى لەوە تێ نەگەیشتوون كە كۆتایی بەم شتە زەبەلاح و دەوڵەمەند و خوێن مژانە بهێنن و بە هەر سیستەمێك هەیە بەربەرەكانێیان بكەن و بەربەست لەبەردەم ئەم دەسەڵاتە مافیایی و فریودەرەدا دابنێن، بەڵكو هێشتا دۆستى نزیكى سەركردەكان و حیزب و بەرپرسانن و پێیان وایە بەختەوەری و خۆشگوزەرانى و خزمەتگوزاری و زامن كردنى ئایندە لەسەر دەستى ئەم كۆنە شۆڕشگێڕانەدا دابین دەكرێن و سیاسەتى دەوڵەت و حكومەتێكى پتەوى كوردى و كەركوك و ناوچە بە عارەب كراوەكانى دی و تەنانەت كاریان بۆ هەرێمەكانى دی كوردستان لەسەر بنەماى هەڵسوڕانى ئەم دەسەڵاتە بەڕێوە ئەچێت ؟ !!
بۆیە لێرەوە ئەو راستیە ئەبینین كە دەسەڵاتى كوردى بە پێچەوانەى هەموو دەسەڵاتە جیاوازەكانى دوونیاوە لەبری ئەوەى سیاسەت لەگەڵ دەرەوەى خۆی پیادە بكات ، سیاسەت لەگەڵ میللەت و خەڵك و جەماوەریی خۆیدا دەكات و بەهەرهۆیەك بێت دەیەوێت خەڵكى و جەماوەرەكەى و میللەتەكەى سەر لە مێژو وە حەقیقەت و ناسنامە و ئامانج و ستراتیژ و بەرژەوەندیەكانیان دەرنەكەن و هیچ شتێكى دوێنێ و ئەمڕۆ و ئایندەیان ئاشكرا نەبێت و تاكە مافێكى میللەت و جەماوەرەكەیان ئەوەیە كە تەنها ئەتوانێت دواى بكەوێت و خۆی لەسەر بدات بە كوشت و كوێرانە وەك كاریزما سەیری بكات. ئەوەى جێگەى سەرسامییە ئەوەیە كە دەسەڵات ئەمەى بۆ چۆتە سەر و خەڵكیش بە گشتى دواى كەوتوون و دەسەڵاتیش هەر جارەو لە ڕێگەى زمانى بەرپرسێكەوە ئیهانەى میللەت و دواكەوتوان و ئەندامان و جەماوەری خۆی دەكات و ئەوانیش پێكڕا تا بێت بێدەنگ ترن، ئەمەیە ئەو هاوكێشە هەزەلیەی كە بەرهەمى شۆڕشی نوێ و شۆڕشەكانى دی كوردستانە، بە دەریایەك شەهید و كەم ئەندام و ماڵ وێرانیەوە كە سەرلەبەری ئەو دەستكەوتانەى كە شۆڕشە كوردیەكان بەگشتى و شۆڕشی نوێ! بەتایبەتى وە دەستى خستوون بریتین لە ناعەدالەتى كۆمەڵایەتى و تاڵانكردنى سامانى نەتەوەیی و هەڵكێشانى تەواوى دام و دەزگا حكومى و حیزبیەكان و بازاڕ و خێزان و پەرستگاكان و خوێندنگاكان و پڕۆگرامەكانى دەسەڵات بە سەرجەم كایەكانەوە لە گەندەڵی و ڕۆتینات و ئیدامەدان بە پەرلەمان و حكومەتێكى گەندەڵ و نائاگا لە حاڵی میللەت و پڕ لە ئەندام پەڕلەمانى نەخوێندەوار و رابردوو پیس و وەزیری بازرگان و تاڵانچی.
لێرەوە لەو شۆڕشەى دوێنێ تێدەگەین كە ناوى شۆڕشی نوێ یە و دەستكەوتەكانى تا ئەمڕۆی بریتی یە لە گەندەڵی و تیرۆركردنى عەقڵ و هۆشیاری خەڵك و میللەت و جەماوەری خۆی، كە بەردەوامى خۆی لە سەر بنەماى سیاسەت كردن لەگەڵ خەڵك و میللەت و جەماوەری خۆی و گەندەڵی تا دیق پێ كردنى هاوڵاتیان لە لایەك و لەلاكەی تریشەوە تیرۆر كردنى عەقڵی زۆرینەى میللەت لەژێر ناوى حكومەتى كوردستانى و وەزعی ناسك و ناهەموار و وەعد و وعود و ئەندام ئەندامێنە و لەناو بردن و دورخستنەوە و بێ سەروشوێنكردنى هەر كەسێك كە هی خۆیان نەبێت و حەقیقەتى ئەوان باس بكات و بە میللەتیان بناسێنێت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست