ئایا كورد دەچێتە ژێر باری داخوازیەكانى ئێران بۆ لێدانى داعش؟
Monday, 16/06/2014, 12:00
1563 بینراوە
پەلامارەكانى داعش بۆ سەر ئێراق و داگیركردنى ناوچەیەكى بەرفراوان شكاندنى شۆ و شكۆمەندی هەیمەنەى ئێرانە لەناوچەكەدا بەكڵۆجێ هەر دوو حكومەتى ئێراق و سوریا سایە و سێبەری ئەجێندای ئێرانن تا لەو ڕێیەوە سترتیژیەتى خۆی پیادە بكات.
هەر لەساڵی 2003وە تا بەئەمڕۆ دەگات بەشێوەیەكى ناڕاستەوخۆ ئێران بۆ یەكلاكردنەوەى حیساباتى خۆی لەئێراقدا شەڕی ئەمریكا دەكات و تا ڕادەیەكیش سەركەوتنى بەدەست هێنا.
ئەوەى ڕوویداوە بەرژەوەندیەكانى ئێران تا هەتایە دەخاتە مەترسیەوە نەخاسمە ئەگەر گروپی داعش بتوانێ دەست بەزۆربەى ناوچەكان تا بەگرتنى بەغدا دەگات، گرتنى پایتەخت ڕاستەخۆ كۆتایی هێنان بەو حوكمە و ئەو حوكمەیە كە لەلایەن ئەو گروپەوە جێ بەجێ دەكرێ و هەر بەرگێك لەخۆی بئاڵێنێ و هەر تۆمەتێكى بۆ ببەخشرێتەوە وەك ئیرهاب و تیرۆر و كودەتاچی و ...هتد، هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێ و مامەڵەى دونیا لە پچڕان و پەیوەندی بەستن بابەتێكە بۆ ئەو قۆناغە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
شتێكى حاشا هەڵنەگرە ئێران هەموو تواناكانى خۆی لەو چوارچێوەیە چڕ دەكاتەوە تا شكست بەو هەوڵە بدات هەرچەندە بۆ ئێران مالیكى ئەو كەسە دەرنەچوو كە ئەوان دەیانویست، بەڵام بردنەوەى حزبەكەى (دەوڵەتى یاسا) لەهەڵبژاردنەكان بووە ئەمری واقیع تا ئێران سەرەڕای هەموو ئەو تێبینیانەى دەرهەق بەسیاسەتى ئەو كابرا هەیبوو، درێژەى پێ بدات و لەو ڕووداوانەى چەند ڕۆژی ڕابردووە بەناچاری ئێران كەوتە خۆ و هەموو هێز و توانا و وزە و ئەوەى لەدەستیبێ بۆ دامركاندنەوەى ئەو پەلامارانە دەیدات چ بە بەشدارای پاسداران بێ یان گرتنەبەری هەموو ڕێ و شوێنێكى ئەوتۆ وەكو كارتى كۆتایی دامركاندنەوەى ئەو گروپە و گەڕانەوەى هەیمەنەى شیعزم بۆ ئێراق، لەناو ئەو كارتانە هاتنى وەفدی ئێرانیە بۆ كوردستان و كۆبوونەوەكانیەتى لەگەڵ پارتى و یەكێتى بەتایبەت یەكێتى وەك نزیكترین هاوپەیمان و بوونى دەیان هاوپەیمانى و پاڵپشتیەكى زۆر لەو كەوتنانەى ئەگەر ئێران ناوەندگیر و دەستبار و پشتیوان نەبوایە چارەنووسی یەكێتى بە ئاقارێكى دیكە دەڕۆیشت، بۆیە ڕوولێنانى ئێران بۆ بەشداری هێزەكانى یەكێتى دژ بەداعش ئەگەر وەڵامدانەوەیان بەنەخێربێ، ئەوە یەكێتى سەبارەت بەئێران دەچێتە لیستى ڕەشەوە و دەتوانێ شكست بەهەموو پەیوەندیەكانى بێنێ و لەو سنوورە كار بۆ لاوازكردن و بێهێزكردنى بدات كە لەڕووى سنووری جوگرافیەوە شان بەشانى یەك و هاوسنوورن، ئەمەش بۆ یەكێتى ئاخر خێر نابێ و ئەگەر ئەو تەكلیفەش قەبوڵ بكات دیسان دووچاری دووڕیانێك دەبێتەوە لەوەی چۆن وەڵامى پارتى بداتەوە لەكاتێكدا پارتى بەهۆی ئەوەى سنوورەكانى زیاتر لەگەڵ توركیا و لەهەر نەبوونى وەڵامێكى پێویست ئەگەر ئێران ڕووی لێ بنێ و ڕەتى بكاتەوە و هەڵوێستەكانى تا بەئەمڕۆ دەگات وەكو سەرۆكایەتى هەرێم و فەرماندەى گشتى هێزە چەكدارەكان تەنها پاراستنى سنووری خاكى كوردستانە و هیچی تر، بەمەیش گرژی و ساردی لەپەیوەندیەكانى نێوان پارتى و یەكێتى دروست دەبێ، ئەوەش كاریگەری لەسەر داهاتووى ئەو هەرێمە دروست دەكات.
ئەوەى دەمێنێتەوە بیڵێین: ئێران هەوڵەكانى خۆی لەگەڵ سەركردایەتى سیاسی كورد بەتایبەت پارتى و یەكێتى چڕ دەكاتەوە بۆ قەناعەت پێهێنانیان تا لەو شەڕەدا شان بەشانى سوپای ئێراق دژ بەو گرووپە بجەنگن و چەند ڕۆژی داهاتوو ئەو هەوڵە یەكلایی دەبێتەوە هەرچەند بۆ كورد ئەگەر وەك تەماشاكەریش بڕوانێتە ڕووداوەكان لەهەر بەلاكەوتنێكدا بەتایبەت ڕووخانى بەغدا و كۆتایهێنان بەحوكمى شیعە، ئەو گروپە ئەوا دەستەوسان دانانیشێ بەتایبەت ئەو ناوچانەى كێشەیان لەسەرە و بەرنامە بۆ پەلاماردانى ئەو شوێنانە دادەڕێژێ كە لەم قۆناغەدا هێزى پێشمەرگەى لێ جێگیركراوە، كەواتە ئەو شەڕەى ئێستا دژ بە مالیكى و شیعە ئەنجام دەدرێ، بۆ دوو ڕۆژیتر بەرەو كوردستان دەپەڕێتەوە.