با پێکەوە فاتیحایەک لەسەر یەکێتی بخوێنین
Thursday, 27/06/2013, 12:00
لەشاری لەندەن تەماوی ومژاویتر هەڵوێست وڕا وبووچوونەکانی یەکێتی نیشتمانییە. ئێستاشی لەگەڵدابێت هێشتا ئاشکرا نییە چیدەکات، چیدەوێت، نیازی چییە. پێیەکی لەمبەر وپێیەکی لەوبەرە. بەڵام وەکوو دیارە خۆشەویستی بۆ مەسعودبەرزانی زیاتر بەرەو ئەولا ڕایدەکێشێت وپاڵیپێوەدەنێت بێگوێدان وهیچ حیسابکردنێک بۆ کادر وئەندام ولایەنگرانی، بێ هیچ هەست بەپرسینەوە وبەرپرسیارێتی، بێ هیچ بایەخدانێک بە ئایندەی کورد وکوردستان وچارەنووسی نەوەکانمان.
ئەم سیاسەتە تەم وتاریکەی یەکێتی لە حزبە کۆمۆنستەکانی ڕووس وچین سەرچاوەی گرتووە وچاولێکردنیەتی. درۆ وفێڵ نەک تەنها لە لایەنگرانی خۆی بەڵکوو لە هەموو میللەت دەکات. سەرنجێک لە قسە وڕەفتارەکانی بدەن لە بارەی تاڵەبانییەوە ئەم تەم ومژاوییە زیاتر چڕدەکاتەوە، وهەر ڕۆژێ گوێمان لە درۆیەکی نوێ دەبێت ووێنەیەکی هەڵبەستراوی دروستکراوی ساختەمان پیشاندەدەن، هەر ڕۆژێ سیناریۆیەکی نوێیە.
ساختە وتەزویریش یەکێ لە سیما وخەسلەتە گرنگەکانی دەسەڵاتە گەندەڵەکەی کوردستانە، هەردوو حزبی هاوپەیمان دەستێکی باڵایان تێدا هەیە، بۆ بەردەوامی دزی وقۆرخکردنی دەسەڵات. ئەمانە یاری بە میللەت وگاڵتە بە ئیرادەی میللەت دەکەن، سیاسەتی کات کوشتنیان گرتۆتەبەر. ئۆپۆزسیۆنە ساواکەشمان مەندەهٶش وسەرسام چاوی بڕیوەتە ئەم دوولایەنە، چیدەکەن چ بریارێ دەدەن، هەڵبژاردن دەکرێ یان دوادەخرێ،بەرزانی چی دەکات، پارتی چی دەڵێت.
ئۆپۆزسیۆن هیوا وئاواتی گەلی کوردستانە بۆ ڕزگار بوونی لەم کۆمەڵە دزەی دەسەڵاتیان کەوتۆتە دەست. بۆیە ئۆپۆزسیۆن دەبێ بە زووترین کات کاندیدێکی بەهێز هەڵبژێرن، بزە وئومێد پێشکەش بە گەل بکەن وهیواکانی زیندووبکەنەوە، یەکڕیزی خۆیان پتەوتر وبەرفراوانتر بکەن، کە تاکە ڕێگایە بەرەو ڕۆژێکی خۆش وڕووناک.
یەکێتی نێشتمانی بە هۆی ملکەچکردن وشوێنپێهەڵگرتنی پارتی کە دژ بە ئیرادە وخواستی میللەت وگەلی کوردستان وەستاتەوە، هۆیەکان هەرچییەک بن، پارە، دەسەڵات، ترس لە پارتی، کە گەیشتۆتە ئیسقانیان. تەماشای نووسینی بەرپرسێکیان بکە بە ناوی (تەزویر خۆشە) کە بەبۆنەی ئەم تەزویرانەی پارتی لە نەینەوا بە ئەنجامی گەیاندبوو دەکات بەڵام لە ئاخرا دەڵێت ئەمە باسی کابرایەک بوو لە حیزبی شیوعی کووبا.ترسی ئاشکرا کردنی سازشەکانیان وسەرشۆڕییان لە ئاستی پرسە گرنگ وهەسیارەکاندا، ئەگەر یەکێ لەمانە یان هەمووی پێکەوە هۆی ئەم دوودڵێ وناڕووناکی هەڵوێستەکانی بن، ئەگەر یەکێتی ئیرادەیەکی لا پەیدا نەبێت ونەتوانێ بەردێک بگرێتە خانووە بێهێز ولاوازەکەی پارتی کە لە شووشەیە، لەم ترسە ئازادی بکات وهەر وا مل کەچ بمێنێت، ئەوە زەنگی لە ناوچوونی یەکێتی لێدەدات، ئێمەش با فاتیحایەکی لە سەر بخوێنین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست