ئەى تاڵەبانى و بارزانى كەى سەروەت و سامانەكەیان ئاشكرا ئەكەن؟
Wednesday, 08/04/2009, 12:00
ئەو هەڵمەتە چاكسازى و بەرەو پێشچوونانەى كە لە نێو حكومەتەكەى مالیكیەوە ڕوو دەدەن و ئێمە ڕۆژانە گوێمان لێى دەبێت و دەیبینین لەلایەكەوە جێگەى دڵخۆشیە ,لەلایەكیترەوە مایەى خەم پەژارەیە,جێگەى دڵخۆشیە لەبەر ئەوەى كە ئێمەش وەك بەشێك لە عێراق ئەو هەڵمەتە چاك سازییە پریشكیشى بەر ئێمە دەكەوێت و قازانجەكەشى ئێمە بەشدارین تێیایدا,لە لایەكەى تریەوە جێگەى نیگەرانى و خەم و پەژارەیە لەبەر ئەوەى ئەوان لە ماوەیەكى كەمتر لە پێنج ساڵ پێى گەشتن ئێمەى كورد نەماتوانى لەماوەى هەژدەساڵ پێى بگەین,مایەى داخە ئێمە ئیدیعاى ئەوەمان دەكرد ئەوان بێن لە ئێمەوە ئەزموون وەربگرن كەچى ئێستا ئەوان نەك هەر داوامان لێناكەن بەڵكو ئیجباریشمان دەكەن كە ئەزموونەكەى ئەوان چاولێبكەین .
ساڵى ڕابردوو لە ژمارە 387 دا ڕۆژنامەى هاووڵاتى ڕیپۆرتاژێكى مایكڵ ڕۆبنى نوسەر لە پەیمانگاى ئینتەر پرایزى ئەمەریكى وەرگێرایە سەر زمانى كوردى و بڵاوى كردەوە كە تیایدا باس لەوە دەكات كە مەسعود بەرزانى خاوەنى 2ملیار دۆلاو تاڵەبانیش خاونى 400 ملیۆن دۆلارە ,هەروەها چەندین مەسەلەى ترى وەك دەستبەسەراگرنتى داهاتى كوردستان پاوەنكردنى پۆست پلەو پایە لە لایەن خێزانى ئەم دوو بنەماڵەیەوە و چەند مەسەلەیەكیتر ,ئەوەبوو لەبەرامبەردا مەسعود بەرزانى سەرۆكى هەرێم هەوڵى ئەوەى دا لە دەرەوەى هەرێم داواى یاساى لەسەر مایكڵ ڕۆبن تۆمار بكات بەڵام بەهۆى ئەو جیاوازیە زۆرەى كە لە نێوان میكانیزمى كاركردنى دادگاكانى هەرێم و دادگاكانى ئەمەریكا هەیە و دڵنیابوونى بەرزانى لەوەى كە ناتوانێت دۆسیەكە بباتەوە,دڵنیابوونیشى لەوە كە نەك هەر ناتوانێت دۆسیەكە بیباتە بەڵكو دەبێت ناچاریش بێت تەواوى سەروەت و سامانەكەى كەشف بكات لەبەردەم دادگاو دادورە ئەمەریكادا,ئەبوو بەرزانى بە بێدەنگیەكى گوماناوییەوە باس و خواستى نەما لەم دۆسیەیەدا لە كاتێكدا ئەوەى مایكڵ ڕۆبن و هاوڵاتى لەسەر بەرزانیان بڵاو كردووەتەوە پێنج هێندەى ئەو بڕە پارەیە كە لەبارەى تاڵەبانیەوە بڵاو كراوەتەوە,بەڵام تاڵەبانى لەسەر ئاستى ناوخۆى هەرێم كارى كردوو هەستا بە تۆماركردنى داوایەكى یاساى لەسەر ڕۆژنامەى هاووڵاتى لەبەرامبەر ئەمەشدا دادگا وەك پیشەى هەمیشەیی ڕۆژنامەى هاووڵاتى لە ڕیزى دۆڕاودا حیسابكرد و تاڵەبانیشى لە ڕیزى براوەدا دانا,بەڵام دەكرێت ئێستا لە دادوەرو دادگا بپرسین ئەگەر هاتوو لەكاتى ناچار كردنى تاڵەبانى بە كەشف كردنى سەروەت و سامانەكەى ئەگەر دەركەت تاڵەبانى خاوەنى ئەو بڕە پارەیە ئەوكات چى دەڵێیت؟ بەختیار عەلى لە ڕۆمانى شارى مۆسیقارە سپیەكاندا زۆر بە جوانى ئیشارەت بەوە دەكات كە حاكمەكانى ئەم وڵاتە چۆن چۆنى بینایان دزارە و بەچاوى خۆیان شتەكان نابینن بەڵكو بە چاوى بەرژەوەندەیەكانى بەرپرسان و ئەوانەى فرمانیان پێدەكەن مەسەلەكان دەبین و بە بێئەوەى هەڵسەنگاندنێكى واقیعانەى بۆ بكەن بەڵكو بە بەرژەوەندەى بەرپرسان حوكمەكە دەر دەكەن.بەخیتار على دەڵێت "ئەمانە چ جۆرە حاكمكێن هەموومان دەبینن دەكوژرێین چاوەڕێن سەرووى خۆیانە فرمانیان پێ بكەن تا باوەڕ بە چاوى خۆیان بكەن ,مەعاشە چڵكنەكەى خۆیان لە عەدالەت بەلاوە گرنگتر..." بەڕاستى كتومت بەختیار بەباشى پێكاویەتى و بەدۆڕاندانى ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامە سەربەخۆكان لە لایەن دادگاو دەدوەرەكانى كوردستان لە بەرامبەر بەرپرسان و سیاسیەكان گەواى ڕاستى و دروستى بۆچوونەكەى بەختیا على دەسەلمێنێت و واقیعى ئەمڕۆى دادگاكان و ئەو دەستێوەردانانەى كە لە كارووبارى دادگاكاندا دەبینرێت و دەبێسترێت بۆخۆى سەلمَنەرى ئەو ڕاستتیەیە كە ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆكان دۆڕاوى ڕاستیەكان نین بەڵكو دۆڕاوى دەستى دادگایەكى تاسەر ئێسقان حیزبین.
هەڵەبجەى شەهید
[email protected] تێبینى/
ئەم وتارە لە ژمارە 440 ڕۆژنامەى رۆژنامە بڵاو بووەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست