کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ژن راستینه‌ی خۆی ونکردووه‌

Saturday, 01/03/2014, 12:00





پرۆسه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌ بردن و نوێنه‌رایه‌تیکردن له‌ باشوری کوردستاندا به‌ته‌واوی پرۆسه‌یه‌کی پیاوانه‌یه‌، پیاوانه‌ی به‌و واتایه‌ی سه‌رجه‌م کایه‌کانی سیاسه‌ت و نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی حزبه‌کان له‌ لایه‌ن ڕه‌گه‌زی نێره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت.
ده‌س به‌سه‌رداگرتنی پله‌و پایه‌کان له‌ لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ که‌ هیچ ڕۆڵ و کاریگه‌ریه‌کی بۆ ژن نه‌هێشتۆته‌وه‌، ئه‌و ژنانه‌ش به‌ شیوه‌ی تاک به‌دی ده‌کرێ له‌ هه‌ندێ پێگه‌دا ته‌نها به‌ڕواڵه‌ت ژنن له‌ دنیابینی و هزرو ڕاماندا خاوه‌نی هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی جیاواز نین که‌ ببێته‌ هۆکاری چاره‌سه‌رکردنی ئاریشه‌ و نه‌هامه‌تیه‌کانی خۆیان، واتا ڕۆژانه‌ کاره‌ساتی دڵته‌زێن به‌دی ده‌کرێت له‌ هه‌رێمی کوردستاندا، به‌شێوه‌یه‌ک ژن له‌ هه‌یبه‌تی خۆی دورخراوه‌ته‌وه‌ و هیچ به‌هایه‌کی مرۆڤانه‌شی بۆ دانانرێت.
له‌ لایه‌ک ئه‌و ئاوه‌زو لۆژیکه‌ی گرێدراوی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریه‌ به‌ ئاره‌زوی خۆی مامه‌ڵه‌ به‌ که‌سێتی ژنه‌وه‌ ده‌کات و وه‌ک کاڵایه‌ک هه‌ڵسوکه‌وتی له‌ گه‌ڵ ده‌کات، له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی بێ په‌روه‌رده‌یی و خود ونکردن و چاولێکه‌ری به‌شێک له‌ ژنان ده‌که‌ونه‌ ته‌ڵه‌ی سیسته‌می سه‌قه‌تی داسه‌پێنراوه‌وه‌، دواجاریش به‌ بیانوی پاراستنی ئابڕو له‌ لایه‌ن که‌سوکارێکی ناهوشیاره‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی مه‌رگه‌سات و تراژیدیای دڵته‌زێن ده‌بنه‌وه‌، ئه‌و ڕووداوانه‌ هه‌میشه‌ له‌ دوباره‌بونه‌وه‌دان بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێکی په‌یوه‌ندیدار به‌ شێوه‌یکی ڕیشه‌یی به‌ دوای ڕێگه‌ چاره‌یه‌کی گونجاودا بگڕێت، جێی خۆیه‌تی ته‌واوی پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگا بکه‌ونه‌ خۆ بۆ ئه‌وه‌ی ژن له‌و نه‌هامه‌تییه‌ دوو سه‌ره‌ییه‌ ده‌رباز بکه‌ن.
ژن کوشتن به‌ته‌واوی بووه‌ به‌ دیارده‌ و خه‌رێکه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگاوه‌ به‌ حاڵه‌تێکی ئاسایی ده‌بینرێت، کاره‌ساته‌که‌ له‌وه‌دایه‌ به‌ شێک له‌ پیاوان هۆکاری له‌ خشته‌ بردن و مامه‌ڵه‌ پێکردن و سوککردنی ژنانن، هه‌روه‌ها بۆ ئاره‌زو تێرکردنی خۆیان سڵ له‌ هیچ کارێکی نامرۆڤانه‌ ناکه‌نه‌وه‌ له‌ ڕوی به‌ها و مۆراڵیه‌وه‌ ژن له‌ناو ده‌به‌ن، به‌شێکی تریش به‌ ناوی پاراستنی ئابڕو و شه‌ره‌فه‌وه‌ له‌ روی رۆحی و جه‌سته‌ییه‌وه‌ کۆتایی به‌ژن ده‌هێنن.
کۆمه‌ڵگای کوردی به‌گشتی به‌شی هه‌ره‌ زێده‌ی له‌ ژن و گه‌نج پێکهاتووه‌، به‌ڵام ئه‌و دوو توێژه‌ که‌ داینه‌مۆی به‌ره‌و پێشبردنی کۆمه‌ڵگان به‌ شێوه‌یکی به‌رچاو بێکاریگه‌ری و بێ هه‌ڵوێست و په‌راوێز خراو و فرامۆشکراون.
ئاماژه‌م به‌وه‌کرد پرۆسه‌ی سیاسی پرۆسه‌یه‌کی پیاوانه‌یه‌ له‌ناو ئه‌و پرۆسه‌ پیاوه‌نه‌یه‌ش رۆڵی گه‌نج به‌ بنه‌ما نه‌گیراوه‌، هاوکات ژن زیاتر په‌راوێز خراوه‌ و به‌شداری نیه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌زگا سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاسایشی و سه‌ربازیه‌کاندا، بێگومان هه‌ر ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ ژن به‌و ئاسته‌ بگات که‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ زیاتر به‌ره‌و هه‌ڵدێر مل بنات، بڕوام وایه‌ هه‌نگاوی یه‌که‌م پێویسته‌ ژنان چیتر ئامرازی ده‌ستی پیاو نه‌بن و خاون له‌ خودی خۆیان ده‌رکه‌ون، پێویسته‌ ئه‌و ژنانه‌ی خاوه‌نی ناسنامه‌ی ئازادی خۆیانن پێشه‌نگایه‌تی ژنان بکه‌ن و خۆیان کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌ گشتی و ژنان به‌ تایبه‌تی چاره‌سه‌ر بکه‌ن، پێویسته‌ ژن له‌ خۆی بپرسێت له‌ کاتێکدا خاوه‌نی زۆرترین ده‌نگن بۆچی خاوه‌نی که‌مترین نوێنه‌رایه‌تین.
ئایا ژنان ئه‌گه‌ر له‌ پرۆسه‌کانی ده‌نگاندا ده‌نگ به‌ هاوڕه‌گه‌زی خۆیان بده‌ن زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌نیاندا نییه‌؟ ئایا پێویست نیه‌ ئیتر ژن دوور له‌ ئینتمای حزبی بچنه‌ لای یه‌کتر و به‌ دوای میکانیزمێکدا بگه‌ڕین که‌ ڕاستینه‌ی خۆیان بدۆزنه‌وه‌؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە