کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامه‌یه‌کی کراوه‌ له‌ د. که‌مال میراوده‌لی یه‌وه..ده‌رباره‌ی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان و ده‌وری ئۆپۆزیسیۆن

Tuesday, 23/02/2010, 12:00


بۆ به‌رێز سه‌رۆک و ئه‌ندامانی لێستی گۆڕان
بۆ به‌رێز سه‌رۆک و ئه‌ندامانی لیستی یه‌کگرتوو-و کۆمه‌ڵی ئیسلامی
بۆ به‌رێزان تێکرای ئه‌ندامانی دلسۆزو گه‌لپه‌روه‌ری په‌رله‌مانی کوردستان




پێشه‌کی پیرۆزبایی و ده‌سخۆشی له‌ هه‌موو په‌رله‌مانتارانی لیستی گۆڕان ده‌که‌م که‌ به به‌کارهێنانی ‌ تاقه‌شێوه‌یه‌کی ناچاریی بۆ داواکردنی ماف و ئیمتیازی یاسایی په‌رله‌مانیی خۆیان، به‌ هاوارو مێزکوتان، ئه‌مڕۆ رێگه‌یان نه‌دا بودجه‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌ماندا سه‌رپێیانه‌ باس بکرێ یان تێپه‌ڕێندرێ. له‌ به‌ر گرنگی ئه‌و بابه‌ته‌ هیوادارم رێم بده‌ن هاوبه‌شی چه‌ند بیرو بۆچوونێکی خۆمتان ده‌رباره‌ی بودجه‌ بکه‌م و له‌ پێشه‌وه‌ داوای لێبوردن ده‌که‌م که‌ نامه‌که‌ که‌مێک درێژه‌ی کێشا.



وه‌ک به‌رێزتان ئاگادارن زۆر ئه‌جندا و کاری گرنگی په‌رله‌مانی عێراق مابوو، به‌لام له‌ به‌ر گوشاری هه‌لبژاردن دواخران و یه‌کلاییکردنه‌وه‌یان بۆ دوای هه‌لبژاردن هه‌ڵگیرا. مه‌سه‌له‌ی بوجه‌ی هه‌رێمی کوردستانیش گرنگترین و هه‌ستیارترین پرسێک و بابه‌تێکه‌ که‌ پێوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ به‌رێوه‌بردنی هه‌رێم بۆ چوارساڵی داهاتوو-و پێشکه‌وتنی ئابووریی و کۆمه‌لایه‌تی کوردستان وچاره‌سه‌ری گرفته‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌کان و ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌. پێویسته‌ ماوه‌یه‌کی باش بۆ لێکۆڵینه‌وه‌و پێداچوونه‌وه‌و هه‌موارکردن و دیباتکردنی دابنرێ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وا باشتره‌ بریاردانی دوایی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ بخرێته‌ دوای هه‌لبژاردنه‌وه‌. ئه‌وه‌ ئه‌رکێکی گرنگه‌ ئۆپۆزیسیۆن هه‌موو شێوازێکی به‌رهه‌ڵستی یاسایی و جه‌ماوه‌ریی بۆ وه‌ستاندنی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و بوجه‌یه‌ به‌ شێوه‌ی ئێستای به‌کاربێنێ.



ئه‌و بوجه‌یه‌ی ئێستا پڕیه‌تی له‌ ناته‌واوی و ناهه‌قی و ناعه‌داله‌تی و جیاوازیگه‌ریی ناوچه‌یی و حیزبیی. بۆ نموونه‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا که‌ ناوچه‌ی دهۆک و زاخۆ وه‌ک گه‌رمیان و ناوچه‌کانی شاره‌زورو بیتوێن و پشده‌رو سۆران، تووشی ئه‌نفال و وێرانی نه‌بووه‌و له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا که‌ له‌و چه‌ند ساله‌ی دواییدا بوجه‌و پرۆژه‌یه‌کی زۆری بۆ مه‌به‌ستی قۆرخکردنی حیزبیی بۆ ته‌رخان کراوه‌ و له‌چاو ناوچه‌ی وه‌ک کفری و که‌لارو چه‌مچه‌مال و هه‌له‌بجه‌و سه‌یدسادق و ده‌ربه‌ندیخان و قه‌لادزێ، ته‌نیا بۆ نموونه‌ ' سه‌دی سه‌د زیاتر ئاوه‌دان و پێشکه‌وتوو-و رازاوه‌یه‌، که‌چی ئێستا به‌ پێی ئه‌و زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ن، له‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ (2010)ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا، بودجه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ (55) پرۆژه‌ له‌ قه‌زای‌ زاخۆ و ته‌نها (6) پرۆژه‌ له‌ قه‌زای‌ رانیه‌ و (9) پرۆژه‌ش بۆ قه‌زای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌رخانكراوه‌. هه‌روه‌ها هه‌ولێر (157) پرۆژه‌ی‌ بۆ دانراوه‌، بۆ شاری‌ سلێمانیش (182) پرۆژه‌ی‌ بۆ دانراوه‌، به‌ڵام بۆ شاری‌ دهۆك (306) پرۆژه‌ی‌ بۆ دانراوه‌. [سایتی سبه‌ی، 4/2/10]. هه‌روه‌ها به‌ پێی ڵیدوانێکی ئه‌ندامێکی ‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان 75%ی‌ بودجه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ هێشتا به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان نه‌یانبینیون. [سایتی سبه‌ی 16/2/10



دیاره‌ ئه‌و ژمارانه‌ نه‌ک ته‌نیا ناهه‌قی و جیاوازی ناوچه‌یی بۆ مه‌به‌ستی حیزبیی ده‌رده‌خه‌ن به‌لکو له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تا زانستییه‌ ئابوورییه‌کانی دانانی بوجه‌و ئه‌و ئامانجه‌ ئابووری و کۆمه‌لایه‌تی و سیاسییه‌ ستراتیجییانه‌ی ده‌بێ ئه‌نجامیان بدا، دژه‌کار ده‌وه‌ستێ. من به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ که‌ سه‌رۆک وه‌زیرا ن و وه‌زیره‌کان و په‌رله‌مانتارانی فراکسیۆنی زه‌ردو سه‌وزیش ئاوا به‌ ئاسانی ئه‌و بودجه‌ پر له‌ جیاوازیگه‌ریی و بۆشایی و ناروونییه‌ قبول بکه‌ن.



ئێستا به‌ داخه‌وه‌ ده‌سه‌لات ده‌یه‌وێ سه‌رقاڵبوون به‌ کامپینی هه‌لبژاردنه‌وه‌ بۆ تێپه‌راندنی بوجه‌یه‌کی ناعه‌قلانی و نادروست و پڕ بۆشایی و و ناهه‌قیی و ناعه‌داله‌تیی و جیاوازیگه‌ریی تێپه‌ڕێنێ. ئه‌مه‌ش په‌ره‌دۆکسێکی سه‌یره‌، چونکه‌ جه‌وهه‌ری کامپین و پرۆسه‌و ئامانجی یه‌که‌می هه‌لبژاردن و حوکم له‌ هه‌ر سیستمێکی پارله‌مانیدا پرسی ئابوورییه‌ که‌ بودجه‌ هێزو میکانیزمه‌که‌یه‌تی. واته‌ ئێستا ده‌بوو له‌م هه‌لبژاردنه‌دا پرسی بودجه‌ له‌ پێش هه‌موو بابه‌ته‌ گه‌رمه‌کانه‌وه‌ بوایه‌ چونکه‌ پلان و خه‌رجی بودجه‌یه‌ که‌ ره‌وشی ژیانی خه‌لک بۆ چه‌ندسالی داهاتوو-و ئاسۆی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵ و ناوچه‌ جیاجیاکانی ولات ده‌نوێنێ.



سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌کی کۆمیدی-کاره‌ساتییه‌ ده‌سه‌لاتێک به‌ خۆی بڵێ حکومه‌ت دوای18 ساڵ بانکێکی مه‌رکه‌زی جێی متمانه‌ی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی نه‌بێ، سیاسه‌ت و ستراکتوری دارایی نه‌بێ، سیستم و سیاسه‌تێک و پلانێکی ستراتیجی ئابووریی دریژخایه‌نی نه‌بێ، نه‌زانێ یان نه‌یه‌وێ ئاشکرای بکات بوجه‌که‌ی چه‌نده‌، چه‌ندی له‌ عیراقه‌وه‌ بۆ دێ.[ له‌ کاتێکدا وه‌ک سیاسه‌ت پارتی و یه‌کێتی وه‌رگرتنی %17ی بوجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێم وه‌ک ده‌سکه‌وتێکی گه‌وره‌ بۆ هه‌رێم باس ده‌که‌ن، که‌ دێته‌ سه‌ر حیساب ده‌لێن ته‌نیا %12 و که‌متریشه‌.- راپۆرتی کۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیری دارایی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی دارایی وكاروباری ئابووری په‌رله‌مانی كوردستان، سایتی په‌یامنێر 2/2/10] ، ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران چه‌نده‌و بۆچی به‌ قسه‌ی وه‌زیری دارایی "بودجه‌ی به‌كارخستن به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی پار 2 ملیار دینار زیادی كردووه‌". [هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌] هۆکاری ئه‌و زیاده‌یه‌ چییه‌؟ داهاتی نه‌وت به‌ کۆنتراکت و فرۆشتنه‌وه‌ چه‌نده‌و بۆ نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر بوجه‌، ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌و پۆلیس و هێزی چه‌کدار چه‌نده‌و له‌ کوێوه‌و چۆن بوجه‌که‌یان دابین ده‌کرێ، بوجه‌ی پارێزگاکان که‌ ئه‌ویش له‌ به‌غداوه‌ دێ چه‌نده‌و چۆن له‌ بوجه‌ی گشتیدا جێی کراوه‌ته‌وه‌؟ جگه‌ له‌مه‌ش ته‌نانه‌ت به‌ قسه‌ی به‌رێز وه‌زیری دارایی هێشتا ئه‌ژماری دوایی بوجه‌ی هه‌رێم روون نییه‌ و ده‌ڵێ تریلیۆنێک دیناری له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ لێ که‌مکراوه‌ته‌وه‌؟ ئایا ئه‌مه‌ دروسته‌؟ گه‌ر راست بێ چۆن کار ده‌کاته‌ سه‌رته‌رخانه‌کانی بوجه‌که‌ بۆ پرۆژه‌و بۆ ناوچه‌ جیاکان؟



جگه‌ له‌م ورده‌کارییه‌ حیسابییانه‌ وه‌ک فراکسیۆنی گۆڕان له‌ یاداشتی 9/2/10 یاندا بۆ سه‌رۆکی په‌رله‌مان جه‌ختیان له‌سه‌رکردوه‌ به‌بێ به‌رچاوخستنی کۆمه‌لی دۆکیومێنتێک "وه‌ك خسته‌ڕوی‌ حسابی‌ خیتامی‌ ساڵی‌ 2008 و 2009 یان لانی‌ كه‌م ساڵی‌ 2008 و نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ 2009، لیستی‌ پرۆژه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ بودجه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان و خه‌رجییه‌کانیان، بینینی راپۆرته‌كانی‌ هه‌ردو دیوانی‌ چاودێریی‌ دارایی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌'، هتد"و کۆنتراکته‌کانی نه‌وت و کۆنتراکته‌ بازرگانییه‌کان، بریاره‌کانی وه‌به‌رهێنان و ئه‌و زه‌وییانه‌ی بۆیان ته‌رخانکراون، تۆماری بابه‌تی بازرگانی هێنراو له‌ ده‌ره‌وه‌و خه‌رجی هاورده‌کردن، داهاتی ناوخۆی باج و گومرک، لیسته‌ی ژماره‌و چالاکی و داهات و خه‌رجی کۆمپانیا ئه‌هلیی و بیانییه‌کان هتد ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و خه‌ڵک ناتوانن له‌ سروشت و راستیی بودجه‌ بگه‌ن و شاردنه‌وه‌و نه‌دانی ئه‌و به‌لگه‌نامانه‌ له‌ هه‌ر سیستمێکی په‌رله‌مانیدا به‌ فرۆد، واته‌ ساخته‌کاری دارایی داده‌ندرێ و به‌ توندی سزای یاسایی بۆ به‌کار دێ.



به‌لام پرسی هه‌ره‌ گرنگ له‌ بودجه‌دا ته‌نیا ژماره‌ نییه‌ به‌لکو ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ سیاسی و ئابووریی و کۆمه‌لایه‌تییه‌ و ستراتیجییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌شه‌ که‌ له‌ به‌ر رۆشنایی ئه‌واندا سیاسه‌تی ئابووری و بودجه‌ دیاری ده‌کرێ، بۆ هه‌ر سیاسه‌ت و نه‌خشه‌و کارێکی پرۆژه‌یه‌کی حکومه‌ت یان هی تر، پێویست ده‌کا پێنج پێوانه‌ی هه‌لسه‌نگاندن به‌کاربهێنین: 1، زانست 2، دیمۆکراسی 3. یاسا 4. دادپه‌روه‌ریی و ده‌رفه‌تی یه‌کسان 5. به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بالا. گه‌ر به‌ خێرایی هه‌ر یه‌کی له‌مانه‌ بۆ بودجه‌ به‌ کاربێنین ده‌بینین:



ناتوانین بودجه‌یه‌کی زانستی به‌رهه‌م بێنین که‌ ژماره‌و داتا و ئاماری وردو باوه‌رپێکراومان له‌ به‌رده‌ستدا نه‌بن. به‌ تایبه‌تی بودجه‌ خۆی کاری ژماره‌و کۆکرنه‌وه‌و لێده‌رکردن و دابه‌شکردنه‌. ئه‌م ژمارانه‌ بۆ پرسی روونکاری و لێپێچینه‌وه‌ش گرنگی گه‌وهه‌رییان هه‌یه‌. جگه‌ له‌مه‌ش له‌م 18 ساڵه‌ی رابردوودا ده‌بوو ده‌یان لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی و ئه‌کادیمیمان ته‌نانه‌ت چه‌ند دکتۆرایه‌کیشمان له‌ سه‌ر بودجه‌و سیاسه‌تی ئابووری هه‌رێم هه‌بایه‌. دیاره‌ که‌ بوجه‌یه‌ک که‌ وه‌ک ده‌وتڕی %70 ی زیاتری بۆ مووچه‌و به‌کارخستنی که‌رتی حکومه‌ت و حیزب به‌کار دێ، فڕی به‌ سه‌ زانست و هه‌لومه‌رجی زانستی پێشخستنی ئابووری ولاته‌وه‌ نییه‌و بۆته‌ هۆی به‌ هه‌ده‌ردانی سه‌رمایه‌ی نیشتیمانی و کوشتنی تواناو وزه‌و کارامه‌یی و خولیای کارو پێشکه‌وتن به‌ ده‌سپێشخه‌ریی و زانابوون و سه‌رکه‌وتنی تاکه‌که‌سیی، و په‌کخستنی مو‌نافه‌سه‌ی بازارو کارو کاسبیی وگه‌شه‌سه‌ندنی که‌رتی تایبه‌تی و به‌رهه‌می کشتوکاڵی و پیشه‌سازیی و هێزی کاری ته‌کنیکی کارامه‌ی ناوخۆیی.



دیمۆکراتی بوونی بودجه‌ له‌وه‌دایه‌ نه‌ک هه‌ر که‌سانی پرۆفێشنال وئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌لکو کۆمه‌لانی خه‌لکی کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کی زانستی ورده‌کارییه‌کانی بودجه‌و پرینسیپ و ئامانجه‌کانیان بۆ روون بکرابایه‌وه‌و سه‌رنج و راو داواکارییه‌کانیان حیسابییان بۆ بکرابایه‌. بۆ نموونه‌: له‌ به‌ریتانیا دانان و پێشکه‌شکردنی بوجه‌ شه‌ش مانگ ده‌خایه‌نێ و به‌ دوو هه‌نگاو ته‌واو ده‌بێ. هه‌نگاوی یه‌که‌م پێی ده‌وترێ راپۆرتی یان راگه‌یاندنی پێش بودجه‌.



pre-budget report or statement
"راپۆرتی پێش بودجه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زیری دارایی یه‌وه‌ له‌ پایز یان زستان پێشکه‌ش ده‌کرێ و بودجه‌ی ته‌واویش له‌ به‌هاردا پێشکه‌ش ده‌کرێ. ئامانجی راپۆرتی پێش-بودجه‌ بریتییه‌ له‌ راپۆرتدان ده‌رباره‌ی ئه‌و ئاکامانه‌ی له‌ بودجه‌ی پێشووه‌وه‌ به‌دیهاتوون ، تازه‌ترین زانیاری ده‌رباره‌ی باری ئابووری و ره‌وشی دارایی پێشکه‌ش ده‌کاو سیاسه‌تی بودجه‌ی حکومه‌ت که‌ له‌ به‌هاردا پێشکه‌ش ده‌کرێ دیاری ده‌کا." ئامانجی پێشکه‌شکردنی ئه‌و زانیارییه‌ پێشوه‌خته‌ش له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی یه‌وه‌ به‌م چه‌شنه‌ باس کراوه‌: " بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ده‌سپێشخه‌ری بۆ ئاخاوتنێكی [موناقه‌شه‌یه‌کی] نه‌ته‌وه‌یی درباره‌ی پرسه‌ ئابوورییه‌ گرنگه‌کان، و باج و خه‌رجییه‌کان به‌ر له‌ بودجه‌ی به‌هار، وه‌رگرتنی بیرورای گه‌ل و کاسبکاران (بیزنیس) له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی ولات و هه‌موو که‌رته‌کانی ئابووری بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌ت له‌ بریاداندا سوودیان لێوه‌ربگرێ." بروانه‌: فلیتنیوز،
http://www.fleetnews.co.uk/FNE/story/Background-What-is-the-Pre-Budget- Report/51691

بۆ کۆمه‌لگا و ئه‌زموونی ئێمه‌ به‌کارهێنانی پێوانه‌و پرۆسه‌ی دیمۆکراسی بۆ دانان و دیباتی بودجه‌ یه‌کجار گرنگه‌. دوو کۆڵه‌که‌ی ریفۆرمی سیستمی حکومه‌ت له‌ هه‌رێمدا به‌ باوه‌ری من پێویسته‌ بریتی بن له‌: 1. ره‌چاوکردنی نانێوه‌ندکردنی بریارو نه‌خشه‌دانان ، که‌ ئه‌مه‌یان بنه‌مایه‌کی سیاسه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌، له‌گه‌ڵ 2. به‌کارهێنانی دیمۆکراسی کۆمه‌لگایی. نانێوه‌ندیکردن بریتییه‌ له‌ گوازتنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتی بریاری ئابووری و پرۆژه‌ی ئاوه‌دانی و پێشخستنی په‌روه‌رده‌و باشترکردنی ئاستی ژیان بۆ خه‌لکی ناوچه‌ جیاکان خۆیان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بریاره‌کان له‌ سه‌ره‌وه‌و له‌ سێنته‌ر [ له‌ هه‌ولێر] ده‌رچن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وا باشتره‌ هه‌ر پارێزگایه‌ به‌ پێی رووبه‌ری جوگرافی و ژماره‌ی دانیشتوان و ئاستی پێویست، به‌ ره‌چاوکردنی فاکته‌ری مێژوویی و ئه‌نفالکردن، بوجه‌ی خۆی بۆ ته‌رخان بکرێ و له‌ پارێزگاشه‌وه‌ بودجه‌ بۆ قه‌زاکان و ناحییه‌کان به‌ پێی ژماره‌ی دانیشتوانی و ته‌بیعه‌تی پرۆژه‌کانیان دابنرێ، ته‌نیا پرۆژه‌ ستراتیجییه‌کان که‌ گرنگی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن سه‌نته‌ره‌وه‌ بریار بدرێن. لێره‌وه‌ بنه‌مای دووه‌م دێته‌ پێشێ. مه‌به‌ست له‌ دیمۆکراسی کۆمه‌ڵگایی به‌کارهێنانی دیمۆکراسی راسته‌وخۆیه‌ واته‌ به‌شداریکردنی راسته‌وخۆی خه‌ڵک، دانیشتوانی گوند، گه‌ره‌کی شار، گه‌نجان، ژنان، جوتیاران، کرێکاران، خوێندکاران له‌ بریاری پرۆژه‌کان و چێبه‌جێکردن و چاودێریکردنیاندا به‌ به‌کارهێنانی ته‌کنیک و میکانیزمی پێشخشتنی کۆمه‌ڵگایی وه‌ک هوشیارکردنه‌وه‌، زانیاری پێدان، راهێنان و تواناسازی و دایه‌لۆگ و راوێژو راخوازیی. له‌ کامپینی سه‌رۆکایه‌تیمدا پار پێشنیازی ئه‌وه‌م کرد که‌ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک له‌ 500،000 دۆلار زیاتری تێبچێ بۆ هه‌ر ناوچه‌یه‌ک ده‌بێ به‌ یاسا: خه‌لكی ئه‌و ناووچه‌یه‌ ئاگادار بکرێن و پرسیان پێبکرێ چ پرۆژه‌یه‌کیان ده‌وێ 2. به‌شدار بن له‌ جێبه‌جێکردنیدا واته‌ له‌ بریاردانی پرۆسه‌ی تێنده‌رو هه‌لبژاردن و دیاریکردنی ئه‌و کۆمپانیا ناوخۆیی یان بیانییانه‌ی پرۆژه‌که‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ن و 3. چاودێریکردنی پرۆسه‌ی جێبه‌چێکردنه‌که‌ تا ته‌واو بوونی و مافی یاسایی موحاسه‌به‌ی به‌لێنده‌ره‌کان و فه‌رمانبه‌ران له‌ کاتی گه‌نده‌ڵی و که‌مته‌رخه‌مییدا. ته‌نیا ئه‌مه‌ ده‌توانێ ده‌سه‌لاتی دیمۆکراتی له‌ خه‌ڵک نزیکبکاته‌وه‌و زانیاری و هوشیاری و شاره‌زایی ئابووریی بلاوبکاته‌وه‌ و خه‌ڵك بکاته‌ خاوه‌نی بودجه‌و پرۆژه‌کانی خۆیان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ک منه‌تی گه‌نده‌لان و ده‌سه‌ڵاتدارانی حیزبیی بۆ کۆیله‌کردن و سه‌ودای سیاسیی به‌کار بێن
له‌ رووی دادپه‌روه‌ری وبه‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ دانانی بودجه‌ی پێویست بۆ ژیاندنه‌وه‌ی که‌رتی کشتو کال و به‌رهه‌می ناوخۆو ئازادکردنی بازارو بازرگانی له‌ ئیحتیکاری حیزبیی و دامه‌زراندنی ده‌رچوانی زانکۆکان و په‌یمانگاگان و فه‌راهه‌مکردنی کارو راهێنان بۆ گه‌نجانی بێکار له‌ پێویستییه‌ هه‌نووکییه‌کانی کۆمه‌له‌که‌مانن.
تێپه‌ڕکردنی به په‌له‌و زۆره‌ملێی پرۆژه‌ی بودجه‌ بێ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی ته‌واو نه‌ک ته‌نیا به‌ ئۆپزیسیۆن به‌لکو کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی و کۆمه‌لانی خه‌لک بدرێ که‌ تێێ بگه‌ن لێ بکۆلنه‌وه‌و سه‌رنج و پێشنیاز بۆ هه‌موارکردنی پێشکه‌ش بکه‌ن، ده‌بێته‌ ناهه‌قییه‌کی گه‌وره‌ که‌ هه‌م له‌ گه‌ڵ پرینسیپه‌کانی دیمۆکراسی و ده‌وری په‌رله‌مان و مافی ئۆپۆزیسیۆن ته‌با ناوه‌ستێ هه‌م له‌ مه‌ودای نزیک و دوورا ئه‌نجامی خراپی بۆ پێوه‌ندی حکومات و ئۆپۆزیسیۆن و به‌ریوه‌بردنی حکومه‌ت و ولاتی لێ ده‌بێته‌وه‌.

جارێکی تر ده‌ستتان ده‌گوشم بۆ شێلگیربوونتان له‌ سه‌ر دروستکردنی ئۆپۆزیسیۆنیكی کاریگه‌ر له‌ په‌رله‌ماندا که‌ به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌لانی مافزه‌وتکراوی کوردستان ده‌نوێنێ و ده‌]ارێزێ و تکا له‌ هه‌موو خوشک و برایانی په‌رله‌مان له‌ هه‌موو لیسته‌کان ده‌که‌م که‌ رێگا نه‌ده‌ن بودجه‌ به‌و ناته‌واوی و ناعه‌داله‌تییه‌ی شیوه‌ی ئێستایه‌وه‌ تێپه‌ڕێندرێ.

براتان
د. که‌مال میراوده‌لی
له‌نده‌ن 22/2/2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە