کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دەربارەی سێدارەی لاوانی كوردو خوێندنی كوردی و بۆردومانی سنورەكانمان نامەیەكم گەیاندە پەرلەمانی ئێران

Sunday, 13/03/2011, 12:00


 تاران
لەئێوارەیەكی درەنگدا "د.ناێر عەلی سودانی" ئەندامی پەرلەمانی ئێران، وەك نوێنەری ئەهوازییەكان سەردانی یەكێك لەهۆڵەكانی ناو تارانی كرد بۆ پێشكەش كردنی باسێك دەربارەی پەرلەمانی ئێران و سیاسەتی بەڕێوەبردنی حكومەتی ئێستەی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەو سیمینارەدا گفتوگۆیەكی كراوە ئەنجامدرا، ئێمە نزیكەی 50 ڕۆژنامەنوسی كوردو عەرەب بووین كەلەكوردستان و عێراقەوە سەردانی ئەو وڵاتەمان كردبوو، ئەوەی جێی تێڕامانی هەموو ئامادەبووان بوو، ئەو داخوازییانەبوو كە وەك ڕۆژنامەنوسێكی كورد پێشكەشی د. ناێرم كردم و ئەویش لای خۆیەوە بەڵێنیدا نامەكەم بگەیەنێتە سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێرانیی!
ئەوەی كە 30 ئەندام پەرلەمانی كورد داوای ناكات تۆ داوای دەكەی؟
ئەوەی گرفتی زۆرێك لەڕۆژنامەنوسانی كورد بوو لەو دیدارەدا، نەزانینی زمانی فارسی و عەرەبی بوو، هەرچەندە د. ناێر بەعەرەبی قسەی دەكرد لەبەر ئەوەی 25 ڕۆژنامەنوسی عەرەبی عێراقی لەگەڵمان بوو، كوردەكانیش هەندێكیان فارسیان دەزانی، بەڵام ئەم كێشەی زمانە وایكرد كە زۆرینەی ڕۆژنامەنوسە عەرەبەكان بەشداری گفتوگۆكە بكەن، بۆیە دەرفەتێكی كەم مایەوە بۆ ئەوەی بەندە وەك نوێنەرایەتی ڕۆژنامەنوسە كوردەكان قسە بكەم.
ئەو دەرفەتەی دروست بوو بۆمان توانیم سودی لێ ببینم بۆ 3 پرسی گەورەی نەتەوەییمان وەكو كورد لەئێراندا، ئەویش بریتی بوو لە 3داخوازی قورس و مەترسیدار، هەڵبەتە قورس بۆ ئێرانییەكان، مەترسیدار بەوەی كەلەتاراندا ئەم داخوازییانە ڕوبەڕووی ئەندامێكی پەرلەمانی ئێران بكەیتەوە.
سەرەتای قسەكانم ڕوبەڕووی د.ناێر عەلی سودانی بەوە دەست پێكرد كە ئێمەی كورد خوای گەورە بەجیاوازی زمان وەك نەتەوەی كورد دروستی كردوین و ئێوەش ئیدیعای دەوڵەتی ئیسلامی دەكەن، بۆیە مافی خۆمانە كە 12 ملیۆن كورد لەم وڵاتەدا دەژین زمانی كوردی بزانین و بخوێنینەوە! بۆیە داواكارم زمانی كوردی لەقوتابخانەكانی كوردستاندا بخەنە پرۆگرامی خوێندن!
د.ناێر ڕەنگی گۆڕاو وتی : ئەوەی كە 30 ئەندام پەرلەمانی كورد لەپەرلەمانی ئێرانی داوای ناكات تۆ لەعێراقەوە دەتەوێ داوای بكەی؟ وتم بەڵێ! وتی بەڵام كوردەكانی ناو پەرلەمان داوای ئەمە ناكەن!! هەرچەندە لەوكاتەدا د.ناێر وەڵامی دایەوەو وتی "لەدەستوری ئێرانیدا لەمادەی 15دا هاتووە كە دەتوانی زمانی تری جگە لەفارسی بەكاربهێنی ڕێگریشمان نەكردووە لەنوسینی كوردی بۆیە دەبینی زۆر كتێبی ئەدەبی و هونەری بەكوردی چاپ دەكرێ، بەڵام خۆت دەزانی بۆ چونە نێو پرۆگرامی خوێندن پێویستمان بەماوەیەكی زۆرو كارێكی زۆرە چونكە ئەوكاتە تۆ دەبێ مامۆستای بیركاری دابین بكەی بەكوردی مادەكە بڵێتەوە، هەمان كات دەبێت مامۆستای بیركارییەكەش فێری زمانی كوردی بكەیت.

داوای ڕاگرتنی سێدارەی كوردەكان و تۆپبارانی ناوچە دێهاتیەكان
پاش تەواو بونی داخوازی یەكەم، زۆر لەئامادەبووان سەرسام بوون بۆیە عەرەبە عێراقیەكان كردیان بەمشتومڕو وتیان كات كەمەو خەڵك زۆرە قسە بكات، بەڵام كوردەكان وتیان ئێمە تەنها یەك كەسمان قسە دەكات بۆیە مافی هەیە لەبری هەموومان قسە بكات، هەرچەندە هاوڕێیەكی تری ڕۆژنامەنوسمان پرسیاری جدی ئاراستەی د. ناێر كرد دەربارەی موسەوی و كەڕوبی!
داخوازی دووەم ئاراستەی د.سودانی كرد، داوام لێكرد پێداچونەوە بەوحوكم و سیاسەتەدا بكەن كە لەئێستادا زۆر لەو لاوە كوردانە بەهۆی هەبوونی بیروڕای سیاسی جیاوازەوە لەسێدارەیان دەدەن! ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ڕووی ئێران لەنێو ڕاپۆرتە جیهانییەكانی مافی مرۆڤدا ناشیرین بكات و كوردەكان بەرامبەر ئەم كارەی ئێران خۆپیشاندانی بەردەوام بكەن! د.ناێر قسەكانی پێبڕیم و وتی: تۆ لەگەڵ ئەوەدای كەسێك بۆمبێك بخاتە گیرفانی و بێت لەناو خەڵكیدا بیتەقێنێتەوە؟ لەوەڵامدا وتم من باس لەوە دەكەم ئێوە كەسانێك لەسێدارە دەدەن كە تەنها بیروڕای جیاوازی سیاسی هەیە! جارێكی تر د. ناێر وتی : ڕاستەكەی سێدارە هەیەو ئەنجاممان داوە، بەڵام خۆی زۆرینەی دادوەرەكان كە ئەو حوكمە دەردەكەن كوردن ئەگەر وایە بۆ ئەو دادوەرانە ئەو حوكمە دەردەكەن؟
لەپێشكەش كردنی داخوازی سێیەمدا د. ناێر تەواو بێدەنگ بوو، وتم ئێمە وەك كورد بەردەوام ئێرانمان بەدۆستی خۆمان زانیوە بەتایبەت لەكاتە سەختەكاندا بەهانامانەوە هاتووەو سنورەكانی بۆ كردوینەتەوە وەك لە كیمیاباران و كۆڕەوداو لەكاتی داڵدەدانی زۆرێك لەشۆڕشە كوردییەكاندا، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا كوردەكانی عێراق ئێران بەدوژمن دەناسێنن، چونكە ئێران بەبیانوی بونی هێزەكانی پەژاك دێهاتەكانمان بۆردومان دەكات و خەڵكی هەژاری كوندنیشنی ئێمە دەبێت بەقوربانی، بۆیە تكام وایە ئەم بۆردومانە ڕابگرن بەیەكجاریی!!
د.ناێر ئەمجارە وەڵامی نەدایەوەو وتی : هەر سێ داخوازییەكەتم بۆ بنوسە بەڵێنت دەدەمێ ئەو داخوازییانەت دەگەیەنمە سەرۆكایەتی پەرلەمانی ئێرانی، بۆیە داخوازییەكانم كرد بەنامەیەكی فەرمی بۆ پەرلەمانی ئێرانی و بەناوی سۆران عومەرەوە وەك ڕۆژنامەنوسێكی كورد پێشكەشم كرد!!
پێكهاتەی پەرلەمانی ئێران
د. ناێر باسی لەوەكرد كە پەرلەمانی ئێران لە (290) ئەندام پێكهاتووە كە نوێنەرایەتی (31) پارێزگا دەكەن، ئەوانیش سەروی 100 ئەندامی فارس و 19 عەرەب و 30 كوردو 90 تورك و 18 بەلوج و 1 یەهودی و 3 نەسرانی كە ئاشوری و ئەرمەنین، لەگەڵ 15 ئەندامی ئیختیاری دەبێتە پێكهاتەی هەموو نەتەوەو ئاینەكانی ناو پەرلەمانی ئێرانی، لەهەموو ئەو ئەندامانەش تەنها 2 ئەندامی سوننی تێدایە باقی ئەندامەكان شیعەن. لەكۆی ئەو هەموو ئەندامە تەنها 9 ئەندامی پەرلەمانی ئێرانی ئافرەتە، ئەم پەرلەمانە 15 لیژنەی تایبەتمەندی هەیە، هەر لیژنەیەكیش لە 19 ئەندام پێكدێت، جگە لەلیژنەی ووزە كە 20 ئەندامی هەیەو د. ناێر بۆخۆی ئەندامی ئەو لیژنەیە.
لەگرنگترین كارەكانی پەرلەمانی ئێران
لەو ڕۆژەدا كە 20/2/2011 بوو، د. ناێر ئاماژەی بەوە كرد كە ئەحمەدی نەژاد لەمڕۆدا لائیحەی بودجەی ساڵی 2011ی پێشكەش بەپەرلەمان كردووە، ناوبراو باسی لەوەكرد كە هەر یاسایەك لەپەرلەمانەوە پەسەند بكرێ پاش ئەوە دەنێردرێتە ئەنجومەنی ێناعەی دەستور، ئەم ئەنجومەنە پێكهاتووە لە 12 كەس، ئەگەر پرۆژە یاساكەیان پەسەند كرد ئەوە ئیمزا دەكرێ و دەبێتە یاسا، بەڵام ئەگەر ناكۆكییان لەسەر بڕگەو مادەیەكی ئەو یاسایە هەبوو ئەوا جارێكی تر دەیگەڕێننەوە بۆ پەرلەمان، ئەگەر پەرلەمان سوربوو لەسەر پرۆژە یاساكەی ئەوا ئەم ناكۆكییە لەسەر یاساكە دەگوازرێتەوە بۆ "مەجمەعی دیاریكردنی بەرژەوەندی سیستەم كە لە 40 كەس پێكدێت، ئەوانیش بریتین لە 12 كەسەكەی ئەنجومەنی ێناعەی دەستورو لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمان و كەسانی خاوەن بڕوانامە لەو بوارەدا، لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران.
ناكۆكییەكان لەسەر هەر پرۆژە یاسایەك لەم مەجمەعە تێناپەڕێت و دەگەنە ئەنجام تێیدا، جگە لەم مەجمەعە، ئێران خاوەنی ئەنجومەنی خوبرەگانە كە ئیشی سەرەكی ئەم ئەنجومەنە دیاریكردنی ئیمامە، ئەمانە پێكهاتوون لە 84 كەسی شارەزای بەتەمەن كە ڕۆژانە ئیشیان ئەوەیە دیراسە لەسەر وتەو هەڵسوكەوت و جموجوڵی ڕابەر، واتە خامنەیی دەكەن، بەڵام جیاوازی دیاریكردنی ڕابەر لەگەڵ سەرۆكدا ئەوەیە، ڕابەر تەمەنی ڕابەرایەتییەكەی دیاریكراو نییە، بەڵكو بەیعەتی پێدەدرێ.
د.ناێر ئاماژەی بەوەكرد كە 32 ساڵە شۆڕشی ئێرانییان ئەنجام داوە، لەبەرامبەردا 32 هەڵبژاردنیان كردووە، ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد ڕۆحی یاساكانی پەرلەمانی ئێرانی بریتییە لە شەریعەت.
لەگرنگترین كارەكانی پەرلەمانی ئێران
د.ناێر دەبارەی گرنگترین كارەكانی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەكرد كە ڕۆژانەو بەبەردەوامی كاری سەرەكی پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەكانی بریتییە لە لێپێچینەوەو بەدواداچون و بانگێشت كردنی وەزیرو وەزارەتەكانیان! بۆ ئەوەی بەربگرین لە گەندەڵی.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە هەر 10 ساڵ جارێك ڕیفراندۆم لەسەر دەستوری وڵاتەكەیان دەكەن.
دەربارەی هەر مەسەلەیەك كە بیانەوێ بیخەنە ئەجێندای كاری پەرلەمان، د. ناێر سودانی وتی ئەگەر 10 ئەندامی پەرلەمان ئیمزا لەسەر هەر مەسەلەیەك بكەن و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەن ئەوا دەچێتە بواری گفتوگۆكان.
بۆ یەكلایی كردنەوەی پرۆژەو بڕیارەكان، كار بە سیستەمی زۆرینە دەكەن كە نیوە+ 1ی كۆی دەنگەكانە، بەڵام پێویستە ژمارەی ئامادەبووانی پەرلەمان بریتی بێت لە سێ بەش+1ی ئەندامانی پەرلەمان تاكو بتوانن بڕیار لەسەر مەسەلەكان بدەن.

ئەم ڕاپۆرتە لە ژمارە 39ی گۆڤاری ستاندەری ئازاری 2011دا بڵاوكراوەتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە