دەمانچە بۆ كوشتنە !
Saturday, 03/03/2012, 12:00
ھەندێ كردار و پەرچە كرداری شاز و ناشاز لە جیھاندا ڕێی لێناگیرێت وە لە داھاتووشدا كارەساتە دڵتەزێنەكان دووبارەو ھەزار بارە دەبنەوە بێكۆتای. لەگەڵ ئەوەی گیانی مرۆڤەكان ھەموویان یەكسانن ، بەڵام ھەندێ كارەسات ھەن دژوار ترن لە ھەندێكی تر. ئەوەی كە ڕوویدا لە نیوان مامۆستایە بەڕەگەز ئەمریكیەكەو خۆینداكارە كوردەكە، ئاوێنە نیە بۆ كۆمەڵگای كوردی ، بەڵكو رەنگدانەوەیە بۆ پەروەردەی نەوەیەك لەژێر سایەی دەسەڵاتێك كە كۆلێك تیئوری شاخی ھێناوەو لە ناو شار و دەزگا مەدەنیەكاندا پەیرەویان دەكات، ئێمە وەك وتمان كارەساتەكان ڕێان لێناگیرێ ، ھەرچۆن لە وڵاتانی جیھانی بەناو پێشكەوتووشدا لەم جۆرە ڕووداوانە زۆرن ، لەگەڵ ئەم ھەموو دەزگا و پێك ھاتە وشیار كەرەوانەشدا، بەڵام جیاوازی لە نیوان پاڵنەرەكەی لە كوردستاندا و ئەو وڵاتەپێشكەوتوانەدا ئەوەیە كە زیاتر لای ئەوان - بۆ تەنیای و دابڕانی تاك لە كۆمەڵگە ، یان یاری كوشتن و بڕینی سەر پلەی ستەیشنە و یاخود باری ئەقڵی كەسەكە بە ئاڵۆزبوونێكدا تێدەپەڕێت. پێچەوانەی ئەوەی لە زۆربەی وڵاتە دیكتاتۆریەكاندا ڕوو دەدا، عودەی ئاسا سیستەمێك دەست لەپشتی كۆمەڵێك لاو دەادا و پەرەوەردەی دەكات بۆ كوشتن لە پێناو بەرژەوندی تاك و حیزبی خۆیاندا.
گرنگ نیە كوژراو مامۆستایە یانیش كارمەندێكی ئاسای ، چوونكە مامۆستا بەدیدی من ھیچی لە كارمەندێكی ژوری ئەرشیفی فەرمانگەكان زیاتر نییە ، دیارە لە كوردستان دەبێ چەندین كەس ڕۆژانە لە لایەن فرعەونەكان و فەرخە فرعەونەكان و دارودەستەی فرعەونەكان بچەوسێندرێنەوە و كەسێش زاتی ئەوە نەكات ئاھێك دەربڕێت. بەڵام مامۆستا ئەمریكیەكە بوو بەو بەردەی گۆمەكەی شڵەقاند.
ئێمە نابینە دادوەر و ئۆباڵ بخەینە گەردنی مامۆستا یاخود خۆێندكارەكە، بێگوومان ئەمە خۆێنی ئەمریكیەكەو ھەرزان نیە لەشێوەی خۆێنی كوردیكی داماو ، وڵاتی خاوەن قوربانی ، خۆی تا ئەوكاتەی پاك و پیس لێك نەكاتەوە دەست بەرداری یەخەی حكومەتی ھەرێم نابێ ، بەڵام ئەوەی من خوازیارم بیلێم یاخود بپرسم ، كاتێ دەسەڵات دارانی ھەرێم بانگھێشەی مودێرنیزمە و پێشكەوتینی كوردستان دەكەن ، بەخشینەوەی دەمانچە و چەك بەسەر كادیرانی باڵغ و نەباڵغدا مانای چی!،
ئەیا لە جیاتی میدالیا بۆ ھەڵواسین بۆ پێشی ترومبێلەكانەوە ، یان وەك ئێر فرێشنە بۆ بۆن خۆش كردن دەی بەخشن؟ بێ گوومان دەمانچە بۆ جوانی نیە و بۆ كوشتنە، بەمەبەستی كوشتن بەخشراون ، جار و بارەش جگە لە نەیارانی خۆیان ، خەڵكانی بێتاوانیش بەردەكەون ، وای دانێین مامۆستاكەش بێتاوان نەبوە، بەڵام بۆ دەبێ تاوانی گەیشتبێتە ئاستێك بەكوشتن تەمبێ بكرێ، و(میللەتێك باجەكەی بدا) بێگوومان لەڕوودانی ئەم جۆرە كارەساتانە سیستەمی پەروەردە و خۆێندن بەرپرسیارنیە، ھەرچۆن ھیچ وانەیەك لە سیستەمدا نیە فێری پیاوكوشتنیان بكات پێچەوانەكەشی ڕاستە، كۆمەڵگەی كوردیش لەم كردارانە و لە بكەرەكەو پاڵنەرەكەشیان بێبەرین، لە سیستەمەش بێبەرین كە لە ھەوڵی زۆر كردنی عودەی و قوسە ئاسای سیستەمەی پێشوی عێراقدان لە كوردستان، بۆیە پێویستە بپرسین كاتێ سنورەكانمان تۆپ باران دەكرێن ، چەك ھیچ دەورێكی نیە بۆ پارێزگاری كردن لە كورد ، و ھەرێمەكەمان بە گووڵ وەڵامی دوژمنانمان دەداتەوە و ەھەردەم داوای چارەسەری ئاشتی دەكەن ، كەواتە دەمانچە و چەك لە ناو خاكی كوردستان لە پای چی ؟ ئەگەر بۆ خوود كوژی نەبێت، بۆیە داوا دەكەم گەلی كورد تێكرا یەك دەنگ بن داوای داماڵینی چەك كەن لە كوردستان، با پاكی كۆمڵگەی كوردی دەركەوێ و بۆ جیھانی بسەلمێنن كۆمەڵگە نیە ئەوەی ئارەزووی خۆێن ڕشتنیەتی ، بەڵكو تاوانی لەم جۆرە بخەنە گەردەنی سیستەمێك كە خۆیان ڕێگایان دەدەن بەبەر چاوی ئەوانەوە ڕۆژانە ھەڵدەستن بە كوشتنی دەنگی ئازاد، داواشم لە دەسەڵات: لە جیاتی دەمانچە بەخشین تۆوی گوڵ ببەخشنە سەر منداڵ و مێرمنداڵەكانمان وەك خۆتان چۆن بەگوول وەڵامی ئەو وڵاتانە دەدەنەوە كە بۆردوومانی وڵاتەكەمان دەكەن ، با لاوەكانیشمان فێری زمانی گوڵ بكەین و لە كاتی ئاڵۆزیەكانیادا یەكتری گووڵ باران بكەن ، نەك فیشەك باران.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست