مەسعود بارزانى و جەلال تالەبانى وشەرعییەتى شۆڕشگێڕى
Thursday, 28/07/2011, 12:00
ناوە ناوە لێرەو لەوێ,ئەم دووانە , كە هۆكارو سەرچاوەى هەموو نەهامەتییەكانى ئێمەن، باس لە شەرعییەتى شۆڕشگێڕى دەكەن ،بە جۆرێك شۆڕشگێڕبونیان كردۆتە بەهانەو پاسەوانى هەموو گەندەلى وناعەدالەتى وخواروخێچى وعەیب وعاروخیانەتەكانیان. پێیان وایە ,كە مادامەكێ ئەوان شۆڕشیان كردووە ,كەواتا هەلگرى هەقیقەتى ڕەهان ومووقەدەسن و نابێ كەس قسە لە قسەیان بكات ,بەلام بێئاگان لەوەى كە سەرەڕاى هەمووهەڕەشەكانییان ,بەلام هێشتا ئێمەى گەنجانى دوواى ڕاپەڕین ,كە لە دەستەمۆكردن نەهاتووین ,بێباك لە مەرگ ومیلیشیاكانییان دەچین بەگژ قوللەى قافدا .ئەوەتا ڕۆحمان وەك مزڕاح لەسەر لەپى دەستمان داناوە بۆبەگژاچونەوەى گەندەلییەكانیان حازروئامادەین..ئاخر ئێمەى مندالانى بزێوى ناو چیڕۆكەكەى ئەندەرسن ئەو ڕاستییە باش دەزانیین ،كە ئەم دووانە لەناو جلى ئەفسوناویدا نیین.دەمانەوێ خەلكیش ئەوە بزانێ. چونكە گوناهى ئەو خەلكە تەنها ئەوەیە بڕوایان بە قودسیەتى ئەوان هێناوە. بەلام لە بەرامبەردا كارى ئێمە ئەوەیە قودسیەتى ئەوان (كە لە ڕاستیدا موقەدەس نین) بۆ خەلكىى (هەلبەت خەلكى ساددە) بخەینە ژێر پرسیارەوە ،واتا كارى ئێمە ئەوەیە حەللاج ئاسا نەكەین لە حەق لادەین، تا لە نەهامەتى ڕزگارمان بێت .نەهامەتى ئێمە لەگەل ئەم دووانەدا لەوەوە سەرچاوەى گرتوە، كە نە گوێ لەكەس دەگرن ڕەعیەتەكانییان نەبێ.نە دیاریشە بە خۆیاندا بچنەوە. پێشدەچێ بڕیاریان دابێ ،كە هەر ئاوەها لێخوڕن ،بەلام نازانن یان نایانەوێ تێبگەن ،كە لە بەختى ڕەشى خۆیان نەوەیەك پێگەیشتووە ، دەزانێ وتێگەیشتووە، كە حوكومڕانى ئەم دووانە حوكمێكى قەڕەقووشیەو.گەنجان قبولیان نییە و شتێكیتریان گەرەكە ,نەوەیەك ،كە لە زمانى ئەوان (واتا زمانى چیا)تێناگات .وەكچۆن ئەوانیش لە كێشەوخواست و زمانى ئێمە تێناگەن .دەرەقەتى خوێندنەوەى جیهانبینى ئێمە و ڕۆژگارى ئێمە نایەن و تێیناگەن , بەمەش پەیوەندى ئێمە بەو دووانەوە وەك دەلێن(ئاش لە خەیالێك و ئاشەوان لە خەیالێكیتر)ە.(ئەوانى پیر وئێمەى گەنج) ئەوان دەیانەوێ ڕابردووى خۆیان بە ئێمە،كە بەشێك نەبووین لێى بفرۆشنەوە ,بەلام لەوە پەستن ,كە چیتر وەها كالایەكى كۆن لە بازاڕى ئێمەیەكى مۆدێڕن وگەنج ڕەواجى نییە وچیتر كالاكەیان بۆ ساغ ناكرێتەوە ,واتا لەوە زیاتر ناتووانن بەناوى شۆڕشەوە خەلك بخەلەتێنن وفێلمان لێبكەن ,شۆڕشێك، كە بیست سالە كۆتاى پێهاتووەو بیست سالە لە بەرهەمەكەى دەخۆن وبەشى كەسیشى لێنادەن خۆیان وكوڕو برا وبرازاو كورەزاكانیان هەمووى بوون بە بازرگان .ئیترلەوە زیاتر چیان دەوێ و منەتى چیمان بەسەردا دەكەن . نالىش گوتەنى قسە بێ پەردەوكینایەت خۆشە .بۆیە من زۆر بە ڕاشكاوى پێیان دەلێم : ئەوەى ئێوە كردتان و ناوتان ناوە شۆرش خواهەلناگرێ شۆرش نەبوو بازرگانى بوو.بۆیە قەت لە خەیالى ئەوە دا مەبن خۆتان بە غاندى وماندێلا بەراوردكەن ،چونكە كورت دێنن!!!ئەوان شۆڕشیان كردوو ئێوەش بازرگانى ...چیتریش كاسمان مەكەن بە شەرعیەتى شۆڕشگێڕى..ئەگەر سوریشن لەسەر ئەوەى، كە هەر دەبێ ڕێز لە ڕابردووتان بگرین .ئەوا دەبێ ڕابردوومان بۆ پێناسە بكەنەوە .چونكە ئێمە ڕابردوو بە هەموو شموولیاتەوە وەردەگرین .جا ئێوە كام ڕابردووتان دەوێ ؟دیارە ڕابردووى ئێوە پریەتى لە كوشت وبڕو دیل كوشتن و قەتل وعام .پڕیەتى لە خیانەتى گەورەو بچوك و شەڕە ناوخۆییەكان ,,بۆیە شەرعیەتى شۆڕشگێرى و ڕابردووپەرستى بۆخۆتان هەلگرن .عەیبە چیتر باسى مەكەن ... بەكورتى ئێمە(واتا گەنجەكان) وەك فریدریك تیسۆ گوتى: ژیان و رەفاهیەتمان دەوێ نەك چەمكە كۆنەكانى ڕابردوو، ئێمە دەمانەوێ وەك مرۆڤ بژین ئیتر بۆ تێناگەن ؟؟؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست