مه‌لا و په‌یمانی ستراتیجی
Monday, 14/01/2013, 12:00
په‌یمان نامه‌که‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتی به ته‌واوه‌تی یه‌کێتی داوه‌شاندووه و بۆته کوته‌کێک به ده‌ست پارتییه‌وه و زیانی گه‌وره‌ی به میلله‌ته‌که‌مان گه‌یاندووه ..ئه‌م نووسینه هه‌وڵێکه بۆ سووککردنی ئه‌و په‌یمانه....
په‌یمان و په‌یمانی ستراتیجی شتێکی تازه نییه ، له سه‌رده‌می کۆنیشدا له مجۆره په‌یمانانه هه‌بووه ، ڕه‌نگه شیواز و ناوه‌رۆکی جیاواز بووبێت ، به‌ڵام په‌یمان هه‌ر په‌یمانه و ئه‌وه‌ی ژیر بووبێت و پێش مۆرکردنی به جوانی پێیدا جووبێته‌وه و له ناوه‌رۆکه‌که‌ی به باشی تێگه‌یشتبێت ، هه‌رگیز تووشی زیان و نسکۆ نه‌بووه ... ده‌گیڕنه‌وه مه‌لای مه‌شهور خانوویه‌کی گه‌وره‌ی ده‌بێت و ده‌یه‌وێت به نرخێکی هه‌رزان بیفرۆشێت ، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و خانووه ده هه‌زار دیناری ئه‌و کاته‌ی کردووه ، به‌ڵام مه‌لا ته‌نها داوای دوو هه‌زار دیناری لێکردووه . هه‌ر زوو کابرایه‌کی هه‌لپه‌رست به خۆی و دوو هه‌زار دیناره‌که‌وه به‌ده‌م بانگه‌وازه‌که‌ی مه‌لاوه ده‌چێت و ده‌یه‌وێت به زووترین کات ئه‌و خانووه به‌و نرخه هه‌رزانه له ده‌ست مه‌لا بکاته‌وه . مه‌لاش به کابرای کڕیار ده‌ڵێت : ڕاسته من داوای دوو هه‌زار دینارم کردووه ، به‌ڵام ئه‌م فرۆشتنه مه‌رجێکیشی له‌گه‌ڵدایه ، کابراش ده‌ڵێت هه‌رچ مه‌رجێکت هه‌بێت ده‌یخه‌مه سه‌ر سه‌ر و سه‌ر چاوم و فه‌رموو مه‌رجی خۆت بڵێ . مه‌لاش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت له ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌ی ئه‌م خانووه‌دا دره‌ختێکی گه‌وره هه‌یه و من ئه‌م خانووه به‌بێ ئه‌و دره‌خته ده‌فرۆشم و ناتوانم ده‌ستبه‌رداری بم ، ئه‌وه‌ی ئه‌م خانووه بکڕێت ده‌بێت په‌یمانێکی ستراتیجیم بۆ مۆر بکات ، که ئه‌و خانووه‌ی بێ ئه‌و دره‌خته لێ کڕیوم و هه‌رچ کاتێک له په‌یمانه‌که‌ش په‌شیمان بێته‌وه ئه‌وا ده‌بێت بێ به‌رامبه‌ر خانووه‌که‌م بۆ بگه‌ڕێنیته‌وه . کڕیاره‌که به‌و په‌ڕیی خۆشییه‌وه سه‌یرێکی سه‌روکه‌لله‌ی مه‌لا ده‌کات و له دڵی خۆیدا ده‌ڵێت : ئه‌م خانووه ئه‌مڕۆ زیاتر له ده‌هه‌زار دینار ده‌کات و دڵنیام پاش چه‌ند ساڵێکی تر چه‌ندین قات نرخه‌که‌ی به‌رزترده‌بێته‌وه و خۆم و بنه‌ماڵه‌که‌م ده‌بین به خاوه‌نی سه‌روه‌ت و سامانێکی ئێجگار زۆر و زه‌وه‌ند ، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ببم به خاوه‌نی ئه‌م کۆشکه زۆر گه‌وره‌یه له هه‌موو کۆچه و کۆڵانێکی شاردا ناو و ناوبانگم بڵاوده‌بێته‌و و دیاره خاوه‌نی ئه‌م خانووه کابرایه‌کی ده‌به‌نگه و دووربین نییه و ده‌بێت چ سوودێک له دره‌ختێکی تاک و ته‌نیا وه‌ربگرێت ، خانوو ده‌بێت به خانووی خۆم و با ئه‌و هه‌ر له دووره‌وه خاوه‌نی ئه‌و دره‌خته بێ به‌ره بێت . بۆیه هه‌ر له‌وێدا زوو به مه‌رجه‌که‌ی مه‌لا قایلده‌بێت و په‌یمان نامه‌یه‌ک بۆ مه‌لا مۆر ده‌کات . کاتێک مه‌لاش پاره و وێنه‌یه‌ک له په‌یمان نامه‌که‌ی لیێ وه‌رده‌گرێت خانووه‌که‌ی بۆ چۆڵده‌کات . پاش ماوه‌یه‌ک مانگی ئاب دێت و دنیا زۆر گه‌رمده‌بێت و مه‌لا ده‌چێت ته‌ق ته‌ق له‌ده‌رگای ماڵه‌که ده‌دات ، کاتێک خاوه‌ن ماڵ ده‌رگا ده‌کاته‌وه و مه‌لا ده‌بینێ ، ده‌ڵێت فه‌رموو مه‌لا چیت ده‌وێت ؟ . مه‌لاش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ زۆر ڕۆژێکی گه‌رمه و هاتووم سه‌رخه‌وێک له ژێر دره‌خته‌که‌مدا بشکێنم . کابرا به سه‌رسامییه‌وه ده‌ڵێت کوڕه مه‌لا تۆ شێت بوویت یان خوا سه‌ری لێشێواندوویت ، ئه‌ی نازانیت هه‌موو ماڵومنداڵه‌کانم له ناو باخه‌که‌دان . مه‌لاش ده‌ڵێت : ئه‌وه گرفتی خۆته ، چونکه به پێی به‌نده‌کانی په‌یمانه ستراتیجییه‌که‌ی نێوانمان ئه‌و دره‌خته دره‌ختی خۆمه و تۆ بۆت نییه ڕێگام لیێ بگریت . خاوه‌ن ماڵ که په‌یمانه‌که‌ی بیرده‌که‌وێته‌وه لێوی په‌شیمانی خۆی ده‌گه‌زێ و به ناچاری ڕێگای مه‌لا ده‌دات بێته ژووره‌وه . مه‌لاش له ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌که‌دا و له ژێر داره‌که‌دا خۆی ڕووتده‌کاته‌وه و به فالینه‌یه‌کی نیوقۆڵ و ده‌رپێیه‌کی سپی درێژه‌وه تا ده‌مه‌و ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ لێی ده‌خه‌وێت و پرخه پرخی به جارێک ئه‌و خێزانه هه‌راسانده‌کات ... نزیک جه‌ژنی قوربان جارێکی تر مه‌لا به مه‌ڕێکی قه‌ڵه‌وی دووگشۆڕه‌وه سه‌رله‌نوێ له ده‌رگای ماڵه‌که ده‌داته‌وه . خاوه‌ن ماڵ که مه‌لا و مه‌ڕه‌که‌ی ده‌بینێ به‌و په‌ڕیی بێزارییه‌وه به مه‌لا ده‌ڵێت : ها مه‌لا خێره هاتوویته‌وه ؟ . مه‌لاش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: ئه‌وی ڕاستی بێت ده‌مێکه بڕیارم داوه قوربانییه‌ک بۆ ڕۆحی پاکوبێگه‌ردی باوکی ڕه‌حمه‌تیم بکه‌م ، جا وا هاتووم له ژێر داره‌که‌ی خۆمدا ئه‌م مه‌ڕه سه‌ربڕم و به داره‌که‌دا هه‌ڵیواسم و که‌وڵی بکه‌م و دابه‌شی بکه‌م به‌سه‌ر دراوسێکانماندا . خاوه‌ن ماڵ که‌لله‌یی ده‌بێت و ده‌ڵێت ئاخر مه‌لا تۆزێک ویژدانت بێت چۆن له ناو ماڵومنداڵی مندا کاری وا ده‌که‌یت . مه‌لاش گورج له کابرا راده‌په‌ڕێت و ده‌ڵێت کاکه گیان به پێی به‌یاننامه ستراتیجییه‌که‌ی نێوانمان ئه‌و داره داری منه و سه‌ربه‌ستم چۆن چۆنی به‌کارده‌هێنم . کابراش که به‌نده‌کانی به‌یاننامه‌که‌ی بیرده‌که‌وێته‌وه ده‌چێته‌وه ناو قاوغه‌که‌ی خۆی و قوڕوقه‌پی لێده‌کات و به دڵێکی شکاوه‌وه ده‌رگا بۆ مه‌لا ده‌خاته سه‌ر گازی پشت ... پاش جه‌ژن مه‌لا به خۆی و جاشه‌که‌رێکه‌وه سه‌رله‌نوێ له ده‌رگای ماله‌که ده‌داته‌وه ، کاتیک خاوه‌ن ماڵ مه‌لا و جاشه‌که‌ره‌که ده‌بینیت له جێگای خۆی ئه‌وق ده‌بێت و ده‌ڵیت مه‌لا ئه‌مجاره‌یان چیت لێمان ده‌وێت ؟ . مه‌لاش له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت : ئه‌وی ڕاستی بێت سه‌فه‌رێکی کورتم له به‌رده‌مدایه و ده‌مه‌وێت تا سبه‌ینێ ئه‌م جاشه‌که‌ره به داره‌که‌مه‌وه ببه‌ستمه‌وه . جا مه‌لا به پێی به‌نده‌کانی به‌یاننامه ستراتیجییه‌که‌ی نێوانیان به جوانی که‌ره‌که‌ی به داره‌که‌وه ده‌به‌ستێته‌وه ، که‌ری ماندووش کاتێک ئه‌و حه‌وشه فێنک و خۆشه ده‌بینێ یه‌کسه‌ر ده‌ستده‌کات به زه‌ڕین ، خاوه‌ن ماڵ که گوێی له زه‌ڕه زه‌ڕی ناخۆشی جاشه‌که‌ره‌که ده‌بێ له خه‌م و خه‌فه‌ت و بێزاریدا به لادا دێت . به‌ڵام مه‌لا مێش میوانی نابێت . ئنجا دۆست و ناسیاوه دڵسۆزه‌کانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه ده‌که‌ونه بیرکرکردنه‌وه و ڕاوێژکردنێکی ئێجگار زۆر بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی له‌بار بۆ رزگارکردنیان له کاریگه‌ری ئه‌و په‌یمانه نه‌گریسه ، له ئاکامدا به په‌رۆشه‌وه به ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه ده‌ڵێن : ده‌بوو کاتی خۆی باوکتان ئه‌مڕۆژه‌ی له به‌رچاو بووایه و هه‌روا به خێرایی و بێ بیرکردنه‌وه ئه‌و به‌یاننامه ستراتیجییه‌ی بۆ مه‌لا مۆر نه‌کردایه ، جا دڵنیابن تا وێنه‌ی ئه‌و به‌یاننامه نه‌گریسه‌ش له باخه‌ڵی مه‌لادا بمێنێ ، نه که‌ستان ئیسراحه‌ت ده‌که‌ن و نه ده‌شتوانن ده‌رگا به ڕووی گۆڵمه‌زه‌کانی مه‌لادا دابخه‌ن و له‌وانه‌شه یه‌ک به یه‌کتان تووشی ژانه سه‌ر و جه‌ڵته‌ی دڵ و ده‌ماغ بکات و به یه‌کجاریش ماڵتان کاول و وێران بکات ، بۆیه باشترین چاره‌سه‌ریش هه‌ر ئه‌وه‌یه شه‌قێک له‌و په‌یماننامه شوومه هه‌ڵبده‌ن و خانووه‌که بده‌نه‌وه به مه‌لا و زه‌ره‌ریش له نیوه‌ی بگه‌ڕێته‌وه باشتره .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست