ئه‌گه‌ر چنار سه‌عد ده‌ست له‌کار بکێشیته‌وه؟ با بکرێ به وه‌زیری کاره‌با یان ، وه‌زیری پێشمه‌رگه !
Saturday, 18/04/2009, 12:00
1704 بینراوە
ما‌وه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له نامه‌یه‌کی سێ قۆڵی من و هاوڕییان ناسیح عه‌بدول ره‌حیم و سه‌باح عه‌لی قاره‌ماندا، که تێدا داوامان له خاتوو چناری وه‌زیری سه‌فره و خۆجوانکردن کردبوو، ده‌ست له‌کار بکێشیته‌وه، ئه‌مڕۆش جارێکی تر به‌هۆی دیار نه‌مانی 2 مانگ له‌کاتی یادی بیست و یه‌ک ساڵه‌ی هه‌ڵه‌بجه و کاره‌ساتی ئه‌نفالدا که‌سوکاری شه‌هیدان و پاشماوه‌ی ئه‌نفال و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن سه‌فه‌ری خاتوو چناریان خستۆته ژێر پرسیاره‌وه، سه‌یره پاش ته‌واوبوونی ئه‌و یاده، به ڕۆژێک وه‌زیریش به‌په‌له له نه‌خۆشیه‌که‌ی چاک بۆته‌وه و گه‌ڕایه‌وه خاکی کوردستانی هه‌ولێڕ.،له‌لێدوانێکی په‌له پڕوسکێدا ئێمه به‌نه‌خۆش و سه‌رلێشێواو له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.
من لێره‌وه پێشنیار ده‌که‌م که خاتوو چنار سه‌عد بکرێته وه‌زیری کاره‌با یان وه‌زیری پێشمه‌رگه! چونکه کاره‌کانی وه‌زاره‌تی شه‌هیدانی سه‌ر که‌و‌توانه ته‌واوکرد‌وه .
که به کورتی ده‌ڵێم ئه‌م کارانه‌ی لای خواره‌وه‌ی به سه‌رکه‌وتوویی ته‌واو کردووه
1- ته‌رمی هه‌موو ئه‌نفالکراوه‌کان هاتۆته‌وه زێدی باب و باپیرانیان، له‌گه‌ڵ هه‌ر کاروانێکی ئه‌نفال کراوه‌کانیشدا خۆی له‌پێشه‌وه چاو به‌فرمێسک و تازیه‌بار ده‌بینرا..
2- موچه‌ی که‌سوکاری شه‌هیدانی زیاد کرد که ئه‌مڕۆ موچه‌کانیان 200 جار له ئه‌ندامانی په‌رله‌مان زیاتره، هه‌موویان وه‌ک شا ده‌ژین.
3- کردی به حه‌شرێک نه‌بێته‌وه، وتی من وه‌زیری شه‌هیده‌کانم، نه‌ک جاشه‌کان، ئه‌مڕۆ مووچه‌ی شه‌هیده‌کان له موچه‌ی جاشه‌کان جیاکراونه‌ته‌وه، هه‌ر یه‌که به جیا و له شوێنێکی جیا شه‌هیدانه وه‌رده‌گرن. پاش ئه‌م کاره‌ی نه‌وه‌ستا و به‌رده‌وام بوو له سه‌ر دوژمنایه‌تیی له‌گه‌ڵ جاش و ئه‌نفالچییه‌کاندا، خاڵی چواره‌م بخوێنه‌ره‌وه.
4- هه‌موو جاش و به‌عسی و ئه‌نفال چیانه‌ی ناویان له‌لیستی شه‌هیداندا بوو ، مووچه‌کانیان بڕا و لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵیاندا کرا که پشتیوانیان لێ کردبوون، بۆ نموونه مووچه‌ی ئه‌و جاشه‌ی که‌له‌شه‌وی شه‌هید کردنی مامۆستا ئه‌مینی برامدا به‌شدار بوو ئێستا زیاتر له1 ملیۆن دیناره و وه‌ک پێشمه‌رگه‌ی کۆنی دانه‌بڕاوی گۆڕه‌پانی خه‌بات خانه نشین کراوه، که‌چی مووچه‌ی شه‌هید موحه‌مه‌دی برام که وه‌ک شه‌هیدی سه‌نگه‌رو فه‌رمانده‌ی که‌رت ته‌نیا 220 دیناره..
5/ به‌پێی ڕاپۆرتێکی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان زیاتر له‌سه‌دا په‌نجای پاشماوه‌ی ئه‌نفال کرێ چین.. به‌ڵام له‌سه‌رده‌می ئه‌م وه‌زیره به‌ڕیزه‌دا، نیچیر بارزانی به نامه‌یه‌کی فه‌رمی داوای زه‌وی له شاره‌وانی سلێمانی ده‌کات بۆ ته‌حسین شاوه‌یس و هاوسه‌نگه‌رانی.صاتوو چنار دژی ئه‌مه وه‌ستایه‌وه.
6/ هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئه‌م وه‌زیره‌د حه‌مه‌خانی حاجی دارا گه‌یشته کاروانی سه‌روه‌ر‌ی شه‌هیدانی پارتی، بۆ سوکایه‌تی پێکردنی ئه‌و شه‌هیدانه که به‌ده‌ستی ئه‌و جاشه شه‌هید بوون مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی وه‌زیری شه‌هیدان له یادی بیست ساڵه‌ی کاره‌ساتی ئه‌نفالدا پێشوازی گه‌رمی له خانه‌واده‌که‌ی کرد.. خاتوو چنار ناڕه‌زایی ده‌ربڕیی و ویستی ده‌ست له کار بکێشێته‌وه، به‌ڵام زۆر داوا‌و تکایان لێکرد، ئه‌ویش له‌و کاره په‌شێمان بوویه‌وه.
له‌سه‌رده‌می ئه‌م وه‌زیره‌دا هه‌ڵبه‌ته زۆر کاری له‌وه گه‌وره تر کراون که لێرده‌ا ناتوانین هه‌موویان باس بکه‌ین بۆیه کاری داهاتووی ئه‌م خاتوونه به‌ڕیزه با وه‌زاره‌تی کاره‌با یان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بێت، به‌ڵکو له‌چه‌ند ساڵی داهاتوودا چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کاره‌با بکات و ڕووناکی بۆ خه‌ڵکی دابین بکرێت . یان بکرێت به وه‌زیری پێشمه‌رگه،چونکه ئه‌م وه‌زاره‌ته تازه بۆته یه‌ک و بۆ کاروباری سه‌ربازیی و ڕێگه‌گرتن له هێرشی هه‌موو ڕۆژه‌ی ئێران و تورکیا پێویستمان به که‌سێکی نه‌رم و نیانی وه‌ک خاتوو چنار هه‌یه!
لێروه من به‌زه‌ییم به‌م وه‌زیره دا دێته‌وه ، بۆچی ده‌مانه‌وێت نان بڕاوی بکه‌ین؟
کام وه‌زیره کاری باشتری کردوه، مشه‌خۆری وا هه‌یه وه‌زیره و وه‌زاره‌تیشی دیار نیه بۆ نموونه تائێستا هه‌زار شه‌ڕ و هه‌رامان تووش بوو له‌گه‌ڵ حکومه‌تی به‌غدا له‌سه‌ر گرێبه‌سته نه‌وتیه‌کان و فرۆشتنی نه‌وتی ڕه‌ش به ئێران، ئه‌گه‌ر وه‌زیری نه‌وتمان هه‌بوایه که‌ی حاڵمان به‌و حاڵه ده‌بوو!
له هه‌موو دونیادا کاتێک وه‌زیرێک یان به‌رپرسێک ناتوانێ کاره‌که‌ی به‌چاکی به‌ڕێوه به‌رێت له‌کاره‌که‌ی دوور ده‌خرێته‌وه و یان سزا ده‌درێ، یان کارێکی ئه‌و تۆی بۆ داده‌نرێت که تیایدا شاره‌زابێت..که‌چی له‌و مه‌مله‌که‌ته به‌قوڕ گیراوه‌ی ئێمه‌دا هه‌موو شتی پێچه‌وانه‌یه.
ده‌بێ گۆڕانکاری له‌هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی سه‌ری ڕه‌ش و قه‌ڵاچوالاندا ده‌ست پێ‌بکات که به‌ڕیوه‌یه.. هه‌لبه‌ته ئه‌و که‌سانه‌ی که‌خۆشیان به‌م گه‌نده‌ڵستانه هه‌ڵواسیوه چاوی خۆیان نووقاندوله‌و هه‌موو مه‌رگه‌ساتانه‌ی که‌له‌ماوه‌ی هه‌ژده ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا . له ڕۆژی خۆیدا ده‌که‌ونه به‌ر لێکۆڵینه‌وه‌و میژووی گه‌لان و تاقی کردنه‌وه‌کانی زۆر شتیان پێشانداوین..
چاوه‌ڕی بن..
[email protected]