(ئاگاداربە لیژنەكە هات) با یاساكان نغرۆ نەكات
Monday, 21/05/2012, 12:00
چەند سەرنجێك لەسەر لێژنەى چاودێرى قایمقامیەتى هەولێر
ماوەیەكە قەزاى ناوەندى هەولێر بوێرانە هەستاوە بەكار و پیشە سەرەكیەكانى خۆى و چاودێرى پاك و خاوێنى چێشتخانەكان و نۆرینگە پزیشكیەكان و میوانخانە و بەدواداچوون بۆ خواردنى ماوە بەسەرچوو دەكات..لەو پێناوەدا توانیوویەتى زۆر لە كەم و كوڕیەكان دەربێخی و ئیجرائاتیان لەبەرامبەردا وەربگرێت و خەڵكى لێ ئاگادار بكاتەوە. ئەوەى كە تیشكى زیاترى خراوەتە سەر مەسەلەى تەندروستى و سەلامەتى خەڵكیە بۆیە لە لایەن سەندیكاى پزیشكان و نوێنەرانى سەندیكاكانى دەرمانسازان و كارمەندانى پزیشكى و بازرگانى و شارەوانى هەماهەنگى دەكرێن. لەگەڵ هەموو ئەو ماندووبون و هەوڵانەى كە لەلایەن جێگرى قایمقامى قەزاى ناوەندى هەولێرەوە بۆ جێ بەجێكردنى ئاماجە سەرەكیەكانى لە لادانى زیادەرۆیى و مەترسى خۆراك و كەل و پەلى پیس و ماوەبەسەرچوو دەدرێت بەڵام چەند سەرنجێك لەسەر كارەكانیان هەیە كە بە پێویست دەزانرێت كارى سەربكەن بۆ باشتركردن و بەرەوپێشبردنى هەنگاوەكانیان لەوانە
1/ پێویستە بەشێوەیەكى فەرمى و لەرێگەى دەزگاكانى ڕاگەیاندن هەموو ڕێنمایى و یاسا و بڕیارەكانى قایمقامیەت و تەندروستى و شارەوانى بۆ هەموو كارە بازرگانیەكان بڵاوبكەنەوە و ئاگاداریان بكەنەوە بەر لەوەى دەست بكەن بە كارە مەیدانیەكانتان سەبارەت بە وەرگرتنى ئیجرائات.چونكە زۆرینەى سزادراوەكان پێشتر بە هۆى كەمتەرخەمى لیژنەكانى چاودێرى تەندروستى و بازرگانى لە كەمو كوڕیەكان بە باشى ئاگادار نەكراونەتەوە.بۆیە پێویستە بەر لە سزادان..زیاتر لە جارێك ئاگادار بكرێنەوە..
2/ بۆ ئەوەى كارەكانیان زیاتر زانستى و جێگەى رەزامەندى هەموو خەڵك بێت پێویستە بۆ چاودێریكردن و پشكنینى هەر بابەتێك ئامێرى ووردبینتان هەبێت كە دەسكەوتنى ئەو ئامێرانە كارێكى ئاسانە لە ووڵاتانى دراوسێ.چونكە ناكرێت لێژنەى لێپێچینەوە بە هەرەمەكى و تەنها بە مەزەندە و پێشبینى كاربكات.بۆ لێكۆلینەوە لە كۆن و نوێ و خراپ و باشى گۆشت و خواردەمەنى و شیرەمەنى پێویستە ئامێر بەكاربێت ، چونكە لە رووى زانستیەوە تەنها بە سەیركردن ناتوانرێت بەڵگەى كەموكوڕیەكان دەربێخرێت بۆ خەڵك و خاوەنى چێشتخانەكان..تاوەكو ئیستاش لەو سەروەبەینەدا چەند چێشتخانەیەك زیان بە ناوبانگ و كارەكانیان گەیشتووە لە بەرامبەر ئیجرائاتێك كە تەنیا مەزەندەى خراپى لێكراوە.كە ئەوەش ناهەقیەكە بەرامبەر خاوەن كارەكان.
3/ داواكاریەكانتان لە هەموو خاوەن كارە بازرگانیان بە نوسراو لەلابێت و لەگەڵ بەسەر كردنەوەیان دابەشى بكەن.
4/ ماوەى شوێن و كاتى كارەكانتان پێویستى بە فراوان بوونە و خەڵك پێى وایە كە ئێوە دەسەڵاتتان تەنها بەسەر شوێنە بازرگانى و گەشتوگوزاریە بچوك و بێ پاڵپشتەكانە.بۆیە پێویستە هەموو چێشتخانە گەورەكان و مۆڵ و سوپەرماركێتەكانیش بوێرانە بەسەر بكەنەوە.
5/ بە مەرج نازانرێت كە كارەكانتان بە بەردەوام لەبەرچاوى كامێراكانى ڕاگەیاندن ئەنجام بدەن.بۆ ئەوەى كارەكان بە پروپاگەندەى ڕاگەیاندن و خۆدەرخستن هەژمار نەكرێت.دەكرێت لە بەرنامەیەك تەنها ڕێنمایى و ئیجرائاتەكان بڵاوبكەنەوە.
6/ لە رووى ئیتیكى رۆژنامەنوسیەوە پێویستە ڕێگا بە پێشكەشكارى بەرنامەكە نەدرێت لەكاتى لێكۆلینەوەكانتان ڕا و قسەى تایبەتى خۆى هەبێت و ببێتە هاوشانى ئەندامانى لێژنەكە و قسەكانى كاربكاتە سەر بڕیارەكانى لێژنەكە..بەهەمان شێوە بۆ پۆلیس كە كارى بڕیاردان نیەو بەڵكو ئەو لایەنى جێبەجێكارى یاسا و قانونە.
7/ پێویستە بەر لە هەر مەسەلەیەك لێكۆڵینەوە لە تابڵۆى بەر دەرگاى چێشتخانە و شوێنە بازرگانیەكان بكرێت.چونكە ئێستا بە شێوەیەكى زۆر ناشارستانیانە و بەربڵاو هەموو تابلۆكانى پایتەختى هەرێمى كوردستان بوونەتە توركى و عەرەبى و ئینگلیزى.كە بەر لە هەر مەسەلەیەكى دیكە پێویستى بە بەدواداچوونە.
8/ پێویستە كە نوێنەرانى سەندیكا پزیشكى و بازرگانى و شارەوانیەكان گۆڕانكاریان تێدا بكرێت و بە درێژایى كار تەنها یەك كەس نەبێت. بۆ ئەوەى كارە خزمەتگوزاریەكانتان پەل نەكێشێت بۆ مەسەلەى بەرتیل و گەندەڵى.
9/پێویستە كە ئەو چاودێرانەى هەماهەنگى قایمقامیەت دەكەن لە پزیشك و یاریدەدەرەكانى پسپۆریەكى تەواویان لە كارەكانیان هەبێت و كارەكانیان لەسەر بنەماى زانستى بێت.
10/ پێویستە هەماهەنگى تەواو لە نێوان ئەو لێژنەیە و كۆنترۆلى جۆرى و چاودێرى خۆراك و تەندروستى هەبێت و لە كارەكانى یەكترئاگاداربن..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست