کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دەسەڵاتی كوردی و دەوڵەتی چەتەكان

Wednesday, 25/02/2015, 12:00


دەسەڵاتی كوردی لە هەموو ناوچە و شارەكانی كوردستان جێ دەستی خوێناوی خۆی داناوە لە سەردیمەنی كۆمەڵایەتی و سیاسی و سایكۆَلۆجی دانیشتوانی جارێك بە كرداری تووند و تیژی و تیرۆر و نواندنی دڵ رەقی و سەركووت كردنی نارەزایەتیەكان جارێكی تر كاتێك سەرهەڵ ئەدات لە بەرامبەر كەم تەرخەمی و گەندەڵی دەسەڵات و بەرپرسانی, دیارە ئەمرۆ گەلی كوردستان خەریكە لەوە دەگەن كە نمایندە سیاسیەكانیشیان لەحكومەت و پەرلەمان و پارتەكان بە گشتی لەوە لاواز و ئەژنۆ شكاو ترن كە بتوانن گۆرانكاری راستەقینە لەژیانی كۆمەڵگا دروست بكەن لەرێگەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پەرلەمانی ئاكتیڤ, دەسەڵاتیش لە ئێستادا هەست بە هێز و كۆنترۆڵی خۆی دەكات لە دوای ماوەیەك لە كەوتنە ژێز فشار و پرسیارەوە لە لایەن باڵەكانی ناو پارتەكانیانەوە و خەڵك و هێزە سیاسی و كۆمەڵاتیە تازەكانەوە لە دوای هەڵبژاردنی پایزی رابردوەوە, بە گشتی ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر خەڵكی كوردستان بە تەنها ماوەتەوە لە بەرامبەر نەگریسی و بێ دەربەستی دەسەڵات لەپشت گوێ خستنی داواكاری و كەمی خزمەت گوزاری شارەكان و نواندنی تووند و تیژی لەدژ گردبوونە وە و خۆپشاندنەكان,ناوچەی شارەزوور نە دوا ناوچەیە پشت گوێ خراوە لە لایەن دەسەڵاتەوە و نە دوا دەڤەریش دەبێت هەڵسان و راپەرین بە خۆیەوە دەبینێت چونكە سەرجەم رەوشەكە پێی ناوەتە قۆناغێكی وەرچەرخان لە كێشمەكێش و نارەزایەتی كە ئاستەمە كۆنترۆڵ بكرێت ئەگەر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە یەكەوە كار بۆ هێور كردنەوەی دۆخەكە بكەن لە دوای كەوتنەوەی قوربانی لە ریزەكانی خۆپشاندەران بەو شێوەی ئێستا بەردەوامە لە ناوچەی (سەید سادق) دەگوزەرێت, نە دەسەڵات دەبوایە بەو شێوەیە وڵامی داخوازیەكانی دانیشتوانی ئەو شارەیە وەها بداتەوە و نە ئۆپۆزسیۆنیش وەها بەو رێگا پراگماتیزمانە رەفتار بكات لەبەرمبەر ملهوری و بە خەڵتان كردنی گردبوونەوەكان لەلایەن ئەو دەزگا سەركووت گەریانە,كوشتنی كاكە بریار لەو خۆپیشاندنانە زەنَگێكی تری ترسناكە لە ئایندەی ئەم كۆمەڵگایە دەبیسرێت كە نیشانەی بێ ئاگا بوونی سەركردەی سیاسی ئەم وڵاتەیە لەمەترسیەكانی دووبارەبوونی قەیرانی سوریا و ناوچە سوونێكانی ناوەراستی عیراق لە كوردستان,لە سایەی حكومەتی یەكێتی و پارتیدا كۆمەڵگا تەنیوە لە كێشە و ئەندێشەی كوشندە بە شۆر بوونەوەی قەیرانە سیاسیەكان و تەنَگەژەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی بنكە فراوان و فراوان بوونی ئاسۆی تووند و تیژی و ناسەقامگیری سیاسی بۆ ناو چین و توێژی كۆمەڵگا و ئالوودە بوونیان بەو دیاردە نامۆیانە كە رۆژانە كاریگەری و هەژموونی نەرێنی نمایش دەكات لە شێوازی نارەزایەتی و خۆ پیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری خۆرسك و كوت و پر وەك كاردانەوەی بۆ هەڵسوو كەوتی نا كوردیانەی دەسەڵات و كەم تەرخەمێكانی لە بەرامبەر گەلەكەی, هەموو هێماكان ئاماژە بۆ هەڵسانی سەرتاسەری دەكات لە دژ دەسەڵاتی كوردی ئەگەر بەو شێوە بەرخوود بكات و تا دێت جەماوەری كوردستان شۆرشگێر و تووند رەوتر دەبێت لە داواكاری و داخوازیەكانی سەرباری پاشگەز بوونەی نمایندەكانی لە هەستی بەرانَگاری و بە تەنها مانەوەی خەڵكی لە گۆرەپانەكاندا بۆ دەربرینی تورەیی و بێزاری لە هەردوو بەرەی دەسەڵات و بە ناو ئۆپۆزسیۆن كە بەر لەچوونە ناو حكومەتەوە دروشمەكانی كاڵ بووەتەوە, لەكۆتایدا كۆمەڵگا لەبرەوی ئەوەدایە ئەو كۆنتراكتە سیاسی_كۆمەڵاتیەی كە لەگەڵ دەسەڵاتدا مۆری كردوە بە پێدانی پارچەیەك لەئازادیەكەی بۆ فەراهەم كردنی رەواایی بۆ ئەو دەسەڵاتە لەبەرامبەر ئاسایش و خزمەت گوزاری بۆ كۆمەڵگا, لەگرەوی ئەوەدایە ئەو دەسەڵاتە بسێنێتەوە و بیداتەوە بە خۆی تاوەكو پرۆسەیەكی تر لەئاشتی كۆمەڵاتی و هەڵبژاردنی سیاسی.

شرۆڤە كاری سیاسی
م , محمد گەرمیانی
سلێمانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە