یەکێتی لەسەر مێژووی ڕابوردوی وپارتیش لەسەردروستکردنی قەیران دەژین
Monday, 20/01/2014, 12:00
2065 بینراوە
زۆر دەمێکە یەکێتی و پارتی ئیفلاسی سیاسیان کردووەو متمانەی خەڵکی کوردستانیان لەدەست داوە، بەڵام ئەوەی تاکو ئێستا بەردەوامیان پێ دەدات دوو فاکتەرە یەکێتی لەسەر مێژوو و ڕابووردوی دەژیت پارتیش لەبەر ئەوەی ڕابووردویەکی پڕ خیانەت وقێزەونی هەیە هەمیشە لەسەر دروست کردنی قەیران و چەواشە کردنی جەماوەری کوردستان دەژیت.
هەردوحیزبی دەسەڵاتدار لەبەر ئەوەی عەقڵیەتی شاخیان هەیەوخۆیان بە خاوەنی حیزب و شۆڕشی کورد دەزانن نایانەوێت دەست بەرداری کورسی دەسەڵات ببن .ئەگەر سەیری ٢٣ ساڵی دەسەڵاتیان بکەیت ئەو ڕاستیەت بۆ دەر دەکەوێت. لە دوای ڕاپەڕینەوە ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەناو ئەودوو حیزبەدا نە ئەندامێکی سەرکردایەتی یاخود مەکتەبی سیاسی یان وەزیرێك یاخود بەرپرسێکی باڵا نە دەستی لەکار کێشاوەتەوەو نە خانەنشین دەبێت و نە دەردەکرێت و نەلەپۆستەکەی دووردەخرێتەوە ئەوەی هەیەو نیە کە لەکۆڵی جەماوەری کوردستانیان بکاتەوە تەنها مردنەکەیە ئەویش بەهۆی پارەی دزراوی زۆرو دوکتۆرو نەخۆشخانەگرانبەهاکانی ئەوروپاوە ئەویش زۆربەدەگمەن بەرپرسێکی ئەو دوو حیزبە دەمرێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر بە ئاشکراو بوێرانە دەڵێن ئێمە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیمان هەیەو خاوەنی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیسین خاوەنی وەزارەت و ئیدارەو سنورو جوگرافیاین واتە زۆنی سەوز خاوەنی پارەو ئابوری و کۆمپانیان بەمانایەکی ڕوونترلەهەڵبژاردن دەرچووین هەرخۆمان حاکمین دەریش نەچووین دەسەلات تەسلیم بەکەس ناکەین هەرخۆمان حاکمین.
هەرچی پارتیشە نەوەك هەربڕوای بەدۆڕانیش نیە بەڵکو هێزی دووەمیشی قەبوڵ نیە واتە هەردەبێت براوەی ژمارە یەك بێت.
پارتی خۆی چاك ئەو ڕاستیە دەزانێت کە خاوەنی ڕابوردویەکی ڕەش و مێژوویەکی پڕ لە تاوان و خیانەت کاریە بۆیە ئەوەندە کار لەسەر دروست کردنی قەیران و چەواشەکردنی جەماوەری کوردستان دەکات ئەوەندە باسی مێژووەکەی ناکات.
پارتی بە پارەی دزراوی نەوت نەك هەر جەماوەری کوردستان بەڵکو حیزبە کوردیەکانیشی چەواشەو کۆیلە کردووە.
پارتی دەیەوێت لە حیزبێکی لۆکاڵی بێزراوەوە ببێتە هێزێکی ناوچەیی و کار لەسەر سێ پارچەکەی تری کوردستانیش دەکات.
پارتی ستراتیژی نیشتمانی و نەتەوەیی خاك ئەوەندە گرنگ نیە بەلایەوە بەڵکو ئەوەی کە بەلای پارتیەوە گرنگە تەنها یەك شتە پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەکەیەتی. پارتی لەڕێگەی ژێرخانی ئابوری کوردستانەوە بەتایبەتی نەوت و گاز دەیەوێت ببێتە قوتبێکی ئابوری جیهانی و ناوچەیی هاوشێوەی میرنشینەکانی کەنداو ئەویش بەیارمەتی تورکیای هاوپەیمانی ستراتیژی بنەماڵەکەی.
بارزانی دەیەوێت شەڕی مالیکی و دزینی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەتاڵان بردنی بۆ خۆی و تورکیای فاشیست بەخەڵکی کوردستان بکات . پارتی یەکەم جاری نیە شەڕی بەغدا بە خەڵکی کوردستان بکات لەماوەی ڕابووردودا دەیان قەیرانی لەو جۆرەی دروست کردووە هەمووشی بۆ بەرژەوەندی خۆی و حیزب و بنەماڵەکەیەتی.
پارتی دەیەوێت لەڕێگەی سیناریۆیەکی نوێوە جارێکی تر حیزبە کوردیەکان و خەڵکی کوردستان بدات بە گژ حکومەتی مالیکیدا بەبیانووی بڕینی بۆدجەو کێشەی نەوت و گاز کەچی لە واقیعدا وانیەو پێچەوانەکەی ڕاستە ئەوەتا ئەندام پەرلەمانەکانی کورد لە بەغدا کێشەکە دەگێڕنەوە بۆ بۆ حکومەتی هەرێم ئەگەر سەیری لێدوانەکانی ئاڵا تاڵەبانی وبایەزید حسن بکەین بە ئاشکرا ڕێککنەکەوتنەکە دەگێڕنەوە بۆ حکومەتی هەرێم.
پارتی دەیەوێت سیناریۆیەکی نوێ بۆکێشەکانی نێوان خۆی و مالیکی دروست بکات بەم شێوەیەی خوارەوە.
پارتی دەزانێت کەوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرەبەرە نزیك دەبێتەوە و دروست کردنی کارتی زیرەك لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووئەوەندەی تر پارتی نیگەران و تووشی دڵە ڕاوکێ کردووە چونکە پارتی خۆی چاك دەزانێت دەنگە ڕاستیە پاکەکانی خۆی لە ٢٥ کورسی بەولاوە تێپێڕ ناکات.بۆیە پارتی دەیەوێت قەیرانی نەوت و گاز لەم کاتەدا لەگەڵ مالیکیدا تۆخ بکاتەوە دوور نیە ڕێککەوتنی هەردوولاشی لەسەر نەبێت .
لایەنی یەکەم مالیکی بەرگری لە مەرکەزیەتبوون و فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە وچۆکدانەدان بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم دەکاتە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ دەوڵەتی یاسا واتە حیزبەکەی خۆی دەنگی عەرەبی شیعەو بەشێك لەسوننەکانی بۆ خۆی پێ مسۆگەر دەکات.
لایەنی دووەم کە پارتیە .
پێداگری لەسەر ناردنی نەوت بە بێ ئاگادربونی حکومەتی ناوەند دەکات تا کار دەگاتە ئەوەی مالیکی هەڕەشە لە بڕینی بەشە بۆدجەی کوردستان دەکات بەمەش بارزانی دژی ئەو هەڕەشانە دەوەستێتەوەو دواتر پارتی حەز دەکات بۆ ماوەیەکی کورت مالیکی بۆدجەی هەرێم ببڕێت بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان تەنگاو ببن و چاوەڕوانی موچە بکەن و خۆیشی پارەی ئەو نەوتەی کە چەند ساڵە دەیفرۆشێت هەمووی لەلای خۆی کۆکردۆتەوە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا یەك دووملیار دۆلارێکی وەکو خێرو موچە دەدات بە فەرمانبەرانی زۆنی زەردوو هەرکەسێکیش لەزۆنی سەوز دەنگی بداتێ ئەویش موچەی ئەو مانگەی دەداتێ ئەم بۆچونەی من لە خەیاڵەوە سەری هەڵنەداوە ئەوا بەرپرسێکی ئیداری پارتی بە ئاشکرا لە سایتەکاندا ئەو بۆچونەی منی باس کردو ووتی ئەگەر بێت و مالیکیش بۆدجە ببڕێت و نەنێرێت موچەی فەرمانبەران ناوەستێت.
باشە بۆچی هێشتا مالیکی بۆدجەی نەبڕیوە پارە لە بانقەکانی سلێمانی نەماوەو موچەی فەرمانبەران نادرێت ئەی خێرە کاتێك کە بۆدجە ببڕێت و کەچی پارە هەبێت موچەی فەرمانبەران بدرێت.
پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەسەر کێشەو قەیران و دروست کردنی سیناریۆ دەژین خەڵکی کوردستانیان بەتەواوی گەمژەو چەواشە کردووە تەنانەت حیزبە کوردیەکانیشیان کۆیلەو بێ ئیرادە کردووە ئەوەی کە تاکو ئێستا خەڵکی کوردستان هیوای پێ ماوەو گرەوی لەسەر دەکات وەکو سەرکردە بەڕێز نەوشیروان مستەفایەو وەکو حیزبیش بزوتنەوەی گۆڕانە ئەگەر ئەوانیش بەردەوام بێدەنگی هەڵبژێرن و هەڵوێستیان نەبێت لەم دۆخە چەقبەستوەی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی دروستکردنی کابینەی هەشت ئەوا ئەوانیش متمانەی جەماوەری کوردستان و دەگدەری خۆیان لەدەست دەدەن.