ئێمە پێویستمان بەم جۆرە کەسانە هەیە، تا ببنە سیمبوڵی لە خۆبوردەیی
Saturday, 01/02/2014, 12:00
مامۆستا زەینەب عومەر وەك کارێکی مەزن و شایستە بە باس کردن و پێزانین هەستاوە بە دروست کردنی پەرتووکخانەیەك لەو خوێندنگایەی کەوەك پیشەی مامۆستا وانەی هونەر و زانست ئەلێتەوە.
کاتێ سەیری چەند مروڤێکی وەك (سەردەشت عوسمان، سۆرانی مامە حەمە،شێخ ستار و کاوە گەرمیانی)ی و گەنجان و لاوی ووڵات ئەکەی کە بەرەنگاری ئەو ڕژێمە بنەماڵەییە خۆسەپێنەی بارزانی و تاڵەبانی بونەتەوەو دژیان خۆپیشاندان و ڕاپەڕین ئەنجام ئەدەن و خەون لە بەرپرسە چاوچنۆکەکانیان ئەبڕن و نایەڵن هەروا بەسانایی گاڵتە بە دواڕۆژی نەتەوەکەمان بکەن، ئەوەندەی تر گڕو تینمان لا جۆش ئەدەن و تەزووی خەباتمان بەهێزتر ئەکەن. ئەم جۆرە مرۆڤانە بەتەواوی شایەنی ئەوەن نەك هەر پشتیان پێبەستین و خۆمانیان بۆ بەخت بکەین، بەڵکە پێوستە شوێن هەنگاوەکانیان بکەوین و لەکوێ ئەوان ڕستەکەیان تەواو کرد، لەوێوە خاڵ دابنێن و دەست بکەین بەنووسینی دێڕی دواتر.
مامۆستایەکی بەڕێزی وەك (زەینەب عومەر) کە تەنها ٢ ساڵێکە دامەزراوە. هەموو تواناو خولیاکانی خۆی بۆ خوێندکارەکانی خستۆتە کار و ئەوەی لە خزمەتی ئەواندابێ درێخی نەکردوەو بەو موچە کەمەی وەرئەگرێ، هەستاوە بەدروست کردنی پەرتووکخانەو دوای تەواوبوونی وانەکانی، خەریکی چەندین چالاکی هونەری و ووشیارکردنەوەی خوێندکارەکانێتی.. ئەم مامۆستا مەزنە پێوستە هەموان پشتگیری لێبکەین و کارەکانی گەلێ بەبەرزی بنرخێنین. بەڕاستی نمونەی وەك ئەم مامۆستایە جارێکی تر هەست بەزیاتر خۆشەویستی نەتەوەو خاکی کوردستان ئەکەین و هەست ئەکەین هێشتا تروسکایی ماوەو ئەم گەلە وەجاخ کوێر نیە.
خۆزگە نمونەی ئەم جۆرە کەسانە بکرێنە داهێنان و پشیگیریان بکرێ، نەوەك وەك ئەو لیستی بەناو ٧٠٠ داهێنانەرانەی کە هیچیان داهێنانیان نەکردبوو، تەنها وەك کەسانی سەر بەو دوو حزبە کاندید کرابوون بۆ وەرگرتنی چەند سەفتەیەك لەپارەی دزراوی ئەم گەلە. خۆزگە ئەم جۆرە کەسانە خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە وەرگرن ، نەوەك کەسانی وەك عیماد ئەحمەد کە جگە لەوەی پیاوی ئێران و پارتیە، بەڵکە کەسێکی بێمۆڕاڵ و شەڕواڵ پیس و گەندەڵ و دزە. بۆیە پیشنیارێك ئەکەم بۆ بەڕێزان لە کوردستانپۆستی خۆشەویست کەوا گەر هیچ جۆرە خەڵاتێك هەیانە پیشکەشی ئەم مامۆستا خاوەن هەڵوێستە نیشتمانیەی بکەن.
ئەز دڵنیام ئەگەر چی ئەو مامۆستایە ئەو کارەی کردوە بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی خەڵات و پاداشت و پێزانین بێ، لێ ئەوە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی تاك بەتاکمانە کەوا بەو کارە بزانین و داوابکەین نمونەیان زۆرتر بێ. بۆیە لەکۆتاییدا تەنها ئەوەدنە ئەڵێم کە کورد و کوردستان تەنها مرۆڤی گەندەڵ و خراپی تیانیە، بەڵکە مرۆڤی مەزن و ژیر و خاوەن مۆڕاڵی زۆری تیایە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست