کوڕی شیرینم زمناکٶ گیان
Sunday, 24/04/2011, 12:00
بەخێر بێیتەوە .. زۆر حەزم دەکرد لە فڕۆکەخانە لە پێشوازیتا بوومایە .. لەگەڵتا بوومایە تا ئەمگەیاندیتە ماڵی خۆتان .. بەخزمەت باوکت بگەشتمایە... حەزم دەکرد هەر من و تۆ لە ئۆتۆمبیلەکەدا بووینایە .. هەرچەندە نازانم ماڵتان لە کوێوەیە بەڵام بۆ ئەوەی نەیەڵم لە پەنجەرەی ئۆتۆمبیلەکەوە سەیری سلێمانی بکەیت ..نەشیەڵم بەسەرادا تێپەڕیت.. نەیەڵم بەباڵای چەکداری هێنراو .. چەکداری ڕوێنراوی سەرشەقامەکان چاو هەڵبێنی ..
ئای زمناکۆ گیان ئەو خەوەی تۆ لێتکەوت چ دەهرێکی گۆڕی... تۆ هەر لەگەڵ بروسکەی ناڕەزاییو هاواری خۆت و هاوڕێکانت بٶ نەمانی گەندەڵی ... دەستی غەدر گەشتە سەرت و تۆیان خڵتانی خوێن کرد ... بویتە سومبلی ئازارەکانی سلێمانی ... سومبلی هەنیسکی دایکان ...من یەکەم شەو بە هەنیسکە هەنیسك لەداخ دیمەنی تۆ لەژێر تۆفانی تەقەدا تا بەیانی لەگەڵ ئازارەکانی تۆدا تلم دا.. ئەوەی ئەوە ڕۆژێ لەناخەوە نەهەژا بە بینینی تۆ کە هاوار دەکەیت .. بە بینینت کە جەلادێك دەستی بە بلوزە سوورەکەتەوە بێت ... بە بینینی لاشەی کەوتووت لەبەر لقی تاوان کە خوێنت لێ دەچۆڕا ... ئەوەی بەمە نەهەژا تەنها جەلادەکان تەنها گەندەڵکاران بوون.
هۆ کوڕە لاوە بلوز سوورەکەی شارەکەم .. هۆ زمناکٶی لە خوێنا گەوزاو ... من و تو لەزۆر شتا لە یەك دەچین.. تۆ کوژراو نەکوژراو ... من زیندوو نە زیندوو... تۆ تنۆك تنٶك خوێن لە سەرت دەتکێ .. من بۆ تۆ و بۆ ڕێژوانەکان و سورکێوەکان و هەمووتان خوین لەناخم .. لەجگەرم تنۆك تنۆك دەتکێ.
بەسەرهاتی ئەم شارە و بەسەرهاتی تۆ و من هاو ئازارن بەڵام تۆ باشتری هەرنەبێت چاوت لێنەبوو پێشمەرگەکانی دوێنێ و جەلادەکانی ئیمڕۆ چییان بە کوڕانی ووڵات و هاوڕیکانت کرد ... چاوت لینەبوو چیان هێز گلاندە گیانی شەتەکی سلیمانی چاوت لێنەبوو چۆن هیزە نیشتمانیەکان چەکی تازەی وەك هەڵمات و دارلاستیكیشیان کردە داهێنانێکی نوێ بۆ گیانی هاوڕیکانت .. چۆن سەرایان داگیرکرد چٶن بەبەرچاوی شیخ مەحمود و پیرەمیردو عەولەسیسەوە قادسیەی بەردەرکی سەرایان دژ بە گەنجانی سلێمانی بەرپارکرد... جارێ چاومەکەرەوە با ئەو هەموو چەکدارەی یەك پاڵ یەك لەسەرا نەبینیت .. با ئەو هەموو چەك و جبەخانەیەی کە ڕوو ناکاتە دوژمنانی کورد نەیبینی کە ڕووی کردۆتە کوڕان و کچانی شار.
منێك هەموو ڕۆژێک دەچوومە بەردەرکی سەرا تا نۆزدەی مانگ رۆژ بوێرم لینەکرد هەمیشەش چاوم بەرامبەر تەلەفزیۆنەکان زەق داچەقاندبوو ئێستا چاوم بەرایی نایەت لەجێ ی باڵای گەنجە حەماسیەکانی شار چاوم لەچەك و دارلاستیکی چەکدارانی پارتی بکوژی ئێوەو خزمەتکارە یەکیەتیەکان بێت لەباتی گوێم لە ووتارەکانی سەرا گوێم لە لاقرتێ ی چەکداران بێت لەجێی شێر ڕێوی ببینم
بە بیرەوەری تۆ نیە جەلادە بەعسیەکان شەلاتیەکیان هێنابوە ئەمشارە ناوی ملازم موحسین بوو ... بکوژێکی وا بوو زۆربەی هاوتەمەنەکانی من لەبیرمان ناچێت ... هێزەکانی دائرەی ئەمن و قوات خاێەی لەشاردا بڵاوە پێدەکرد بۆ ئەوەی سلێمانی چاو ترسێن بکات.. ئەوەی ئەمڕۆ لەسلێمانی دەگوزەرێ هەمان مولازم موحسین و هەمان جەلادە بەڵام ئەمان تۆزێك خراپ ترن چونکە ئەوان داگیر کەربوون ئەمان چین؟ ئەمان بیریان نی یە با مولازم موحسین مولازم موحسین بێت بەڵام سلێمانیش سلێمانییە.
کۆڕی شیرینم زمناکۆ ..... هیوادارم زوو چاکبیتەوە زوو بێیتە ناوشار زوو بچیتەوە هۆلەکانی خوێندن ... زوو بە زوو چاوە گەشەکانت بکەیتەوە و پڕ نووری ئازادی بێت ... گوێت بە ئاوازی شادی گەل پڕ بێت .. جارێ هەندێ پشوو بە تۆ زۆر هیلاکیت لەجەستەی من دەچیت .. تۆزێك پشوو بە ... خۆم بەمزوانە بانگت دەکەم بۆ بەردەرکی سەرا و هەموانیش لەوێ گەرمترین پێشوازیت لیدەکەین و ئەتخەینە سەر مینبەرەکەو لەخوارەوە بەچەپڵەڕیزان هاوار دەکەین زمناکۆ ... زمناکۆ ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست