پارتی و پارە
Monday, 15/10/2012, 12:00
یەکێک لەو هۆکارە بەهێزانەی لەئەمڕۆدا پارتی وەک حیزبێکی زیاد لەقەبارەی راستەقینەی خۆی نیشاندەدات پارەیە، ئەمە پێناسەی بەشێک لەنوسەرو رۆشنبیر و سیاسەتوانانی کوردە، بەمەش کردویەتی بەخاوەنی چەکدارو ئەندام و هەواداری زیاتر، لەحیزبەکانی تری سەر گۆڕەپانی کوردستان. پارتی بەپێچەوانی زۆربەی لایەن و حیزبەکانی تر هەر لەکۆنەوە خەزێنەیەکی مشت لەپارەو داهاتێ هەبووە، چ بەرێگای ووڵاتان یان ئەو باج وسەرانەی لەناوخۆدا بەدەستی هێناوە.
ئەگەر بمانەوێت کەمێک بگەرێنەوە بۆ ساڵانی رابردووی ئەو حیزبەو سەردەمی مەلا مسەفا، ئەوکات خۆی سەرۆک و هەردوو کورەکانی ئیدریس و مەسعود بارزانی بەرپرس و باڵادەست بوون, لەنێوان ساڵانی حەفتا بۆ حەفتاوپێنج و بەپێی گێرانەوەکانی مێژوو نووس کریس کۆچێرا، شۆرشی کورد لەساڵی 1974و لەنیوان مانگی 4 و 9 خاوەنی هەژدە ملیۆن دیناری عێراقی ئەو کات بووە، کەکردوویەتیە 55 ملیۆن دۆلاری ئەوسەردەمە.
بەڵام هەردوای ئاشبەتاڵ یان ئەوەی پارتییەکان بەنسکۆ ناوی دەبەن, ئەو پارانە کەس نازانێت کەوتە ناو خەزێنەی چ گرووپ یان کەسێکەوە.
لەدوای راپەرینی 1991یش کەپارتی هاتەوە ناوچەی زاخۆ و بادینان، دیسانەوە چانسێکی تری بۆ هاتە پێش, لەوەی گرنگترین خاڵی سنوری و بازرگانی کە (ئیبرهیم خەلیل)ە بگرێتەدەست، بەمەش گەرێکی تری وەدەست خستنی دەهاتێکی زۆری بۆخۆی مسۆگەرکرد. بەتاییبەت دوای هەڵگریسانی شەڕی کوردکوژی لەساڵی 1994،کەداهاتی تەنها خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیل لەرۆژێکدا لەنێوان شەش بۆ هەشت ملیۆن دیناری ئەوکات بووە.
گەڕێکی تری دابارینی پارە بەسەر پارتیدا، دوای ساڵی 2003 و راکێشانی کۆمپانیابیانیەکانە لەدەرهێنانی سامانی ژیر زەوی کوردستان، کەپشکی شێری داهات و شیرینی کۆمپانیەکان و خودی کەسایەتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش بووە پشکی پارتی.
بوونی سنوری دەسەڵات و قەڵەم ڕەوی ئەو حیزبە لەگەڵ سنوری ووڵاتێکی بەهێزو خاوەن ئابوریەکی بەردەوام لەگەشەسەندووی وەک تورکیا کەپردی پەرینەوەی ئاسیاو ئەورپایە دیسانەوە گرەوی بەدەست خستنی زۆرترین داهات و سەرمایە بۆ دەسەڵات و سەرانی ئەو حیزبە فەراهەم دەکات. بەپێچەوانەوەی ئەو داهاتەی لەسنوری باڵادەستی یەکێتی هەیە، زیاتر لەگەڵ ووڵاتێکی پر قەیراناوی وەک ئێرانە، ئەویش بەردەوام ئابورییەکەی لەداتەپین و داکشاندایە.
پارتی و بڕو جۆری زۆریی ئەو سەرچاوانەی بۆتە داهاتی بەردەوامی، وای کردووە زۆرێک لەجومگە سەرەکیەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی بەچین و توێژی جیاوازەوە کۆنترۆڵ بکات، یاخود بەلای خۆیدا ڕابکێشێت. ئەوان خاک و چەکدارو نەتەوەو بازاڕو بازرگان، نووسەرو دەزگای ڕاگەیاندنی گەورە، ناوەندەکانی خوێندن و دام ودەزگای دەوڵەتی، تەنانەت دوژمنەکانی خۆشی لەهەندێک کاتدا بەپارە فریووداوە.
بەشێک لەهەوادارانی پ.د.ک، ئەگەر هەست بکەن یان نا بەهەر هۆکارێکی ماددی یاخود مەعنەوی کەوتوونەتە ناو ئەو داوەی پارتی بەهۆی پارەدارییەوە بۆی داناون و دەستەمۆی کردوون. وەنەبێت تەنها لەناوخۆی کوردستان,بەڵکو لەدەرەوەو ووڵات و ئەورپاو ئەمەریکا،چەندین پەرلەمانتارو سیناتۆر و کەسایەتی لەئاستی بەرزو جێگای گرینگ، بەهۆی سودمەند بوونیان لەخەزێنەی ئەو حیزبە ئیدی بەهەربارێک بێت بوونەتە ستایشکار، بەسەر کارو کردەوەکانی پارتییەوە. بۆیە لەئەنجامدە دەگەین بەوبڕوایەی کەپەیوەندی نێوان پارتی و پارە. زۆر دێرینەو لایەنی هاوبەش و سەروسەودای لەمێژینەیان هەیە، هەمیشە خۆشەویست و هاودەمی یەکتربوون و دەبن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست