باندە مافیایە حزبیەكەى سنورى شەقڵاوەو هیران سەدان دۆنم زەوى تر داگیر دەكەن
Tuesday, 13/08/2013, 12:00
1219 بینراوە
بەربرسانى حكومەت و وەزارەتى كشتوكاڵ لەڕاگەیاندنەكانەوە بەوە خەڵك چەواشە دەكەن كەچیتر ڕێگە نادەین زەوى كشتوكاڵى و ڕەزو پاوانى سروشتى بكرێتە شوێنى نیشتەجێ بوون و تەلبەند بكرێت لەولاشەوە بەرپرسەكانى خۆیان تازە بەتازە كەوتوونەتە تەخت كردنى زەوى كشتوكاڵى و تەلبەند كردنى قەراغ ڕێگە گشتیەكان ، بابەرپەرسانى حكومەت لە قائیمقام و مودیر ناحیەو سەرۆك شاروانیەكانى شەقڵاوەو هیران و لێپسراوى لق و ناوچە بپرسن ئەرێ زەحمەت نەبێت ئەم باندە مافیایە چەند ساڵە خەریكى چین و بۆ ئاوا لەئاستیان بێ دەنگیتان هەڵبژاردووە و لێرەو لەوێ بەناوى هەڕەشەى دەنگ نەدان لەهەڵبژاردنى گشتى بەپارتى و بارزانى كار ئاسانیان بۆ دەكەن ؟ .
لەهەموو سنورى قەزاى شەقڵاوە و ناحیەیى هیران تاكە شوێنێك كەخەڵكى فەقیرو گەشتیار لێیى دادەنیشتن و پشوویان دەدا بەتایبەت لەبەهارو نەورۆز مەزارو مەرقەدى شێخ محەمەدى بەرگرى بوو كەكەوتۆتە نێوان ناحیەیى هیران و گوندى كاموسەك بەداخەوە ماوەى مانگێكە چەندین مەكائین و شوفڵ و حەفارە لەم نێوانەدا كەوتوونەتە تەخت كردنى زەوى و ڕەزو باغەكانى سنورى ئەو مەزارە كە زەوى گشتین یا وەك خۆمان دانیشتووانى ناوچەكە دەڵێین زەوى مەرعەن و پاوانى گشتى ئەو ناوچەیەن و تێكڕایى خەڵك ڕووى تێ دەكردو لێیى دەحەسایەوە كەچى ئەوان كەوتوونەتە تەلبەندكردن و داگیركردنى ، ئەم بەئاشكرا زەوى داگیركردنە لەتێكرایى سنوورەكە دەنگى داوەتەوەو بەئاشكرا ئەو نووسینگەیەیى كڕین و فرۆشتن بەو زەویە گشتیانەوە دەكات (نووسینگەى شەخسیان لەهیران) ئى بەرپرسانى حكومى سنورەكەیە و ئەوان پاڵپشت و هاوكاریانن تائێستا سەدان پارچە زەویان داگیركردووە ناڕەزایى زۆر تووندى خەڵكى ناوچەكەى لێ كەوتۆتەوە تەنانەت شوێنى لەوڕاندنى مەڕو ماڵاتیش نەماوە بەڵام لەبەر ئەوەى ئەم باندە بەرپرسى گەورەى حزبى و حكومى سنورى شەقڵاوەو هیران و خۆشناوەتیان لەپشتە كەس ناتوانێت پێیان بڵێ لەپشتى چاوتان بڕۆیە ، ئەمانیش بەبەرنامەو پیلان و ئاگادارى قائیمقام و مودیر ناحیەو سەرۆكى شارەوانیەكان بەشێكیان بۆ خۆیان داگیركردووە ئەوى تر دەفرۆشن تاببێتە گەڕەكێك و خەڵك نەڵێن هەر ئى بەرپرسەكانە ، بەداگیركردنى ئەو زەویە گشتیانە مەترێك زەوى لەم سنورە نامێنێتەوە هاوڵاتیەكى گەشتیار لێیى بمێنێتەوە و پشوویەك بدات ، لەشەقڵاوە تا دەگاتە كۆتایى هیران هەمووى داگیركراوەو تەلبەند كراوە بستێك زەوى نەماوە بۆ خەڵك و گەشتیاران لێیى دابنیشن ، دەبێ ئێستا بەرپرسە زمان درێژە بێ پیلانەكانى حكومەت و وەزارەتى كشتوكاڵ چى بڵێن لەم بارەوە ؟ نوسینگەیەكى كڕین و فرۆشتنى زەوى و باغ ڕۆڵى وەزارەتى كشتوكاڵ ببینێت ئاخر پێمان ناڵێن كامەیە وەزارەتى كشتوكاڵ و پیلان ؟ .